رۆژئاوای کوردستان هەرێمێکی دەوڵەمەندە و بۆ وێنە نەوت و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی، ساڵانە داهاتێکی چەند میلیارد دۆلاری بۆ دابین دەکەن.

کەناڵی ئەلعەرەبییە، رۆژی حەوتی ئەم مانگە، راپۆرتێکی لەسەر سەروەت و سامانی رۆژئاوای کوردستان بڵاو کردەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە رۆژئاوای کوردستان بە تەنیایی زیاتر لە نیوە بودجەی گشتی سووریا دابین دەکات و نەوتەکەی، زیاتر لە نیوەی سەرچاوە نەوتییەکانی سەرجەم سووریایە.

دەقی راپۆرتەکە:

هەرێمی کوردیی سووریا بە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەو شوێنەی کە سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق و تورکیا دەگەن و بە یەک و بە درێژایی سنووری سووریا و تورکیا دەگوترێت. شارە گرینگەکانی ئەم هەرێمە بریتیین لە قامیشلو، حەسەکە، دێرک، عاموودێ، سەرێکانی، گرێ سپی، کۆبانی و عەفرین.

رووبەری ئەم هەرێمە ٢٤ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە لەگەڵ رووبەری وڵاتی لوبنان یەکسانە. ژمارەی دانیشتوانی سێ و نیو میلیۆن کەسە و زۆرینەیان کوردن، لەگەڵ دوو کەمینە سەرەکیی عەرەب و ئاشووری.

ئەم هەرێمە، ناوچەیەکی یەکجار دەوڵەمەندە و سامانێکی زۆری هەیە. لە ئێستادا رۆژانە دەتوانێ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بێنێت و هەروەها رێژەیەکی بەرواردنەکراوی سەرچاوەی گازی سروشتی هەیە. رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەم هەرێمە لە نیوەی کۆی گشتیی ئەو رادەیەی تا پێش سەرهەڵدانەکان لە سووریا بەرهەم دەهات، زیاتر بووە.

کشت و کاڵ: کۆی رووبەری زەوییە کشت و کاڵییەکانی ئەم هەرێمە ١٨ هەزار کیلۆمەتری چوار گۆشەیە.

گەنم: لەو هەرێمە ساڵانە ۱.۴ میلیۆن تۆن گەنم بەرهەم دێت کە دەکاتە ۳۷% کۆی بەرهەمی گەنمی هەموو سووریا.

لۆکە: ساڵانە ۲۷۳ هەزار تۆن کە دەکاتە ۳۹%ی کۆی بەرهەمی لۆکەی سووریا.

هەروەها ۱۵ میلیۆن داری زەیتوون لەم ناوچەیە هەیە کە دەبێتە ۲۳%ی کۆی دار زەیتوونەکانی سەرانسەری سووریا.

بە گشتی ئەم ناوچەیە بە تەنێ دەتوانێ ۴۵%ی کۆی بەرهەمی کشت و کاڵی سەرانسەری سووریا دابین بکات.

هەرێمەکە هەروەها رێژەیەکی فراوانی سامانی ئاوی هەیە کە بریتییە لە دە بەنداوی گەورە کە بە هەموویانەوە دەتوانن ۳۰۰ میلیۆن مەتری چوارگۆشە ئاو گل بدەنەوە. هەروەها هەشت رووبار بە رووباری دیجلەش لە ناویاندا، لەم ناوچەیە هەیە...

کۆی بەرهەمی ئاویی ئەم هەرێمە ۵۵% گشت بەرهەمی ئاویی وڵاتی سووریایە.

بە گوێرەی نرخی ئێستای نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، ئەم ناوچەیە دەتوانێ ساڵانە ۹.۵ ملیار دۆلار لە فرۆشتنی نەوت داهاتی هەبێت. هەروەها لە زەیتون ۷۵۰ میلیۆن دۆلار، لە گەنم ۳۷۲ میلیۆن دۆلار و لە لۆکەش ۲۳۰ میلیۆن دۆلار.

بە گشتی کۆی داهاتی ساڵانەی ئەم هەرێمە زیاتر لە ۱۰.۸ ملیار دۆلار دەبێت، کە لە نیوەی کۆی بودجەی سووریا لە ساڵی ۲۰۱۳ زیاتر دەکات.

هەروەها بە هۆی ئەوەی شارە کوردییەکان لە شەڕی ناوخۆیی بەدوور بوون، لە داهاتوودا وەبەرهێنان لەم ناوچەیە لەباتی ئەوەی لە ئاوەدانکردنەوەدا خەرج بکرێت، زیاتر سەفی گەشەپێدانی ناوچەکە دەبێت.