ڕیبەرانی سیاسی، بەتایبەت کاتێک دەکەونە قۆناغێکی لە چەشنی عەبدوڵلا ئۆجەلان لە تورکیا، بەواتایەک رەنگە بگوترێ نەتوانن بەئاسایی هاندەری جوڵانەوە و بزوتنەوەی لایەنگرانیان بن بەڵام دیارە دەتوانن درێژە بە ژیانی سیاسی و ڕێبەرایەتی خۆیان بدەن و کاریگەرێتیشیان ببێ. ڕنگە لێکدانەوەی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردەکان لە تورکیا بە تێپەڕ کردنی قۆناغی زۆر ئاستەم لە مێژووی سەردەم و لە دۆای شەڕی جیهانی، ئەو ڕاستەقینە دەربخات کە هەوڵدان بۆ پاکتاوی ڕەگەزی ناتوانێ چ ئاکامێکی ئەرێنی بۆ دەسەڵاتدارانی ناوچە بەدوادا بێنێ. کەوا بوو درەنگ و زووی هەیە سەلماندنی ئەو ڕاستییە بەڵان حاشا هەڵنەگرە. بڵاو بوونەوەی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان بە بۆنەی نەورۆزی ٢٧١٣ی کوردی دەکرێ بە گشتی وەک هێمایەک چاوی لێبکرێ بۆ ئاشتی خۆازی کوردەکان کە لەوە پێشیش وێنەی لە مێژووی کورد دا بووە.

ماوەیەکە کە هەوڵدان بۆ وتووێژی دو لایەنەی دەوڵەتی ئەردۆغان و ئۆجەلان ڕێبەری پ.ک.ک باسی لێدەکرا و چاوەڕوانی وە هەبوو کە هەوڵەکان بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگات. دیارە بە هۆی هاوسەنگ نەبوونی دولایەنی ناوبراو، جاوەروانی دەرئەنجامەکان پێویستی بە ئیڕادەیەکی زۆرتری دەوڵەتی تورکیا هەیە. بۆ بەدواداچوونی لێکدانەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان، چاوخشاندنێکی کورتی پەیامەکە پێویستە.

لەو پەیامەدا ئۆجەلان چەن خاڵی گرینگ دەخاتەڕو و دەڵێ: "ئەمڕۆ ڕۆژی بانگەشەکردنە بۆ تورکیایەکی نوێ، ئەمڕۆ دونیایەکی نوێ و داهاتوویەکی نوێ ڕادەگەێنین"(1). نوێ بوونەکە لەو بابەتەوە یە کە" لە سەردەمی شەڕی چەکەوە، دەرگا بەڕووی سیاسەتی دیموکراتیدا دەکرێتەوە دەڵێم ئیدی سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات، چەک نا بەڵکو سیاسەت دەکەوێتە کار. دووبارە دەمەوێ بڵێم کاتی ئەوە هاتووە کە هێزە چەکدارەکانمان لە سنورەکان بکشێنەوە". وا دەردەکەوێ کە ئۆجەلان بە پێچەوانەی سیاسەتی سەردەم کە درێژەی سیاسەت لە شەڕدا دەبینێ، پێی وایە بە دانانی چەک، سیاسەت لە چەشنی دیموکراتیدا دەستپێدەکات. ڕەنگە ئەوە وەک ئاڕمانگەڕایی بێتە بەرچاو، تاڕادەیەکێش وایە بەڵام پێموایە لێرەدا جیاوازییەک دەگەڵ تەجرەبەی پێشو هەیە کە ئەویش کاریگەرێتی کەشوهەوای جیهانییە، ڕاستەقینەیەکی کە زۆریەک لە دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخۆازانی ناوچە نایانهەوێ بیسەلمێنن. 

خاڵی گرینگی دیکەی پەیامەکە، ئیشاڕە دانی ئۆجەلان بەو ڕاستییەیە کە" ئاشکرایە دروسکردنی یەک ڕەگەز و یەک دەسەڵاتدار لە جوگرافیایەکدا و، ئینکاری کردنی ئەسڵی ئێمە و باپیرانمان ئامانجی مودێرنیزم (ی ئاتاتۆڕکی) بوو ئەمەش هەڵوێستێکی نا ئینسانییە" و دیارە چ دەرئەنجامێکی ئەوتۆی لە ئاکامدا نەبۆ و ئەوڕۆ سەر شەقامی ئامەد و شارەکانی تری تۆرکیا باش نیشانی دەدا کە سیاسەتی یەک ڕەگەزی کردن هەرەسی هێناوە. بۆیە دەڵێ" ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەدوای سیستەمێکی تازەگەری و دیموکراتیدا دەگەڕێ کە لەگەڵ مێژووەکەیدا هاوتا بێت و ئەو ئەنادۆڵ و مێزۆپۆتامیادا بنیاتبنرێتەوە" وادیارە دۆابەدۆای ئەوە چاوەڕوانی دەکرێ کە " لەدژی ئەوانەی دەیانەوێت ئێمە پەرتەوازە ببین و شەڕ بکەین، ئێمە یەک دەگرین، هەروەها دژی ئەوانەی خوازیارن ئێمە جیا ببینەوە، ئێمە دەبینە یەک". خاڵی بەرچاو لێرەدا ئاماژەدانی ئۆجەلانە بە دوو باڵی کولتووری کاریگەری ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی بۆ بنیاتنانی دیمۆکڕاسی نوێ ناوچە کە" ڕاستی نامەکانی حەزرەتی موسا و حەزرەتی عیسا و حەزرەتی موحەممەد، ئەمڕۆ بە مزگێنی نوێوە دەچنەوە نێو ژیان، مرۆڤایەتی دەیەوێت ئەو شتانەی لەدەستی داوە دووبارە بەدەستی بهێنێتەوە.ناتوانین ئینکاری لە ڕۆڵی ڕۆژئاوا بکەین بۆ ئەو هەموو نوێگەرییەی لەبواری شارستانییەتدا بەدییان هێناوە".

پێشوازی زۆربەی وڵاتان لەو پەیامە تۆپ دەخاتە خانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ درێژەی ئەو ڕەوتە. دیارە ڕێگای بەردەم تا گەیشتن بە دەرئەنجامی خۆازراو درێژتر لەوەیە کە جاوەڕوان دەکرێ، بەڵام ئاشکرایە کە هەوڵەکان دولایەنە بۆتەوە و دەوڵەتی ئێستای تورکیا بە هۆی ئەوەیکە هەوڵدەدا بۆ پەیوەست بوون بە یەکێەتی ئەوڕوپا باشترین لایەنە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی رەوتی ئاشتی لە تورکیا. نایشارمەوە کە ئاڵوگۆڕەکانی تورکیا، بەر لەویش هەریمی کوردستان لە عێڕاق و دۆاتر لە سوریا، دەوری بەرچاوی لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە دەبێ. دەبێ چاوەڕوان بین بۆ ئەنجامەکان و دەرئەنجامەکانی.

(١)وتەکانی نێوان دو" " لە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەرگیراوە.