دۆعا و نوێژ ژیانی منی نەجات داوە. ئەگەر ئەوان نەبونابە دەمێک بو شێت ببوم. من لە تەجرەبەکانی ژیانی گشتی و تایبەتی خۆم دا دژواری و قۆرتی ئێجگار سەخت و ئەستەمم ھەبوە کە لە گەڵ بێ ھیوایی و ناھومێدی روبەرویان کردومەوە. ئەگەر توانیومە بەسەر ئەم ناھومێدیانەدا زاڵ ببم بە خاتری دۆعا و نوێژەکانم بوە. دۆعا و نوێژ (وەکو راستەقینە) بە بەشێک لە ژیانی خۆم ناژمێرم. تەنیا ھەربە خاتری ئاتاجی و نیازی رووحی، ئەوانم بە کار بردوە چونکە ئەغڵەب خۆم لە وەزع و حاڵێک دا ئەدیەوە کە بێ دۆعا و نوێژ نەمدەتوانی شادەمان بم.

 ھەرچی زەمان دەھات رادەبرد باوەڕی من بە خودا زیادی دەکرد و نیازی من بە دۆعا و نوێژ زیاتر دەبو و رەنگ و رواڵەتی ھیچ خۆلەبەر نەگر و لەشکان نەھاتوی بە خۆیەوە دەگرت. بە بێ وان ژیان لە بۆم سارد و بێ نێوەرۆک بوو.

ئەو دەمەی لە ئەفریقای باشووڕی بوم کاتی دۆعا خوێنی مەسیحیەکان لە مەڕاسمەکەیان دا بەشداریم دەکرد بەڵام ئەو مەڕاسم و دۆعایە سوکنایی نەدەھێنام. نەمدەتوانی رەگەڵیان کەوم. ئەوان لە بەرامبەر خودادا دەگریان بەڵام من نەمدەتوانی وابم. لەم مەوردەدا سەخت ناتەوان بوم. وردە وردە لە خودا و دۆعا سارد بومەوە و ھێندەم گۆی نەدەدانێ و تاماوە و بەینێک لەم بارەیەوە ھیچ چەشنە کەم وکوڕییەکم لە ژیانی خۆم دا ھەست پێ نەدەکرد. بەڵام وەخت و کاتێک بە سەردا ھات کە ھەستم دەکرد ھەر بەو ئەندازەیەی کە خواردەمەنی بۆ بەدەن لازمە دۆعا و نوێژیش بۆ رووح پێویستی ھەیە. لەراستی دا ئەوەندی کە دۆعا و نوێژ بۆ رووح لازمە خواردەمەنی بۆ بەدەن پێویستی نیە. چونکە ئەغلەب لازمە و چاک وایە بە خاتری سڵامەتی زیاتر ھەندێک برسیەتی بکێشین و لە غەزا خواردن خودداری بکەین بەڵام لەمەورد دۆعا و نوێژدا وەھا خوددارییەک ناکرێت وجودی ھەبێت.

ئیحتیمالەن ناتوانرێت گیرۆدەی نەخۆشی و قەومینی زیادەڕەوی لە دۆعادا ببی. سێ کەس لە مەزنترین راھێنەرانی جیھان-بودا،مەسیح و محمد-گەواھی و شایەدی گمان تێدا نەماویان بەجێ ھێشتوە کە لە رێگای دۆعا و نوێژەوە بە روناکایی گەیشتوون و بە بێ ئەوە نەیانتوانیوە بژین.

بۆ ملوێنھا کەس ھندو،مسوڵمان و مەسیحی تەنیا مایەی سەبوری و ئارامی و سوکنایی ژیان دۆعا و نوێژە. مومکینە ئێوە بەوان بێژن درۆزن یاخۆ فریوەدەر بەڵام من دەڵێم کە تەنانەت ئەم(درۆ)یەش بۆ من کە لایەنگر و ھەوارداری زۆر سوری راستەقینە و راستیم کێشایی و لوتفێکی تایبەتی ھەیە. چونکە ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن(درۆ) بۆ تەناف و رێسمانی ئەسڵی و پاڵپشت و دەستاوێزێک بوە کە بە ئەوە بۆم نەکراوە تەنانەت ھەناسە و چاولێک نانێک بژیم. من لەگەڵ ھەمو ئەو روداو و ناھومێدی یانەی کە لە ئاسۆی سیاسی دا لەگەڵی روبەڕوم قەت دڵ راحەتی و ئارامی خۆمم لە دەست نەداوە. لە راستی دا گەلێکم دیون کە ئاواتی تەناھیو ئارامی ممنیان ھەبوە.ئەم دور لە پەرێشانی و ئارامی یەلە دۆعا و نوێژی من ڕا بەدەست ھاتوە. من ئەھلی زانست نیم بەڵام لەو پەڕی بێ دەماری  و خۆبەکەم زانی دا ئیدیعا دەکەم کە پیاوی دۆعا و نوێژم.

شکڵ و نەوعی زاھیری دۆعا و عیبادەت بۆ من بێ فەرقە. لەم مەوردەدا ھەرکەس رێگا و یاسایەکی لە بۆ خۆی ھەیە. بەڵام بڕێک رێگا دیار و مەعلومن و زۆر چاکتر و خاترجەمتر ئەبێت کە ئینسان لەم رێگا ناسراو و ئامادەکراوانەوە بڕوا کە راھێنەرانی کەو ناراپتەو کوتاویانە و تەخت و خۆشیان کردوە.

من لە ئەزمونەکانی شەخسی خۆمەوە قسە دەکەم و بڕوام وایە کە ھەمو کەس دەتوانێ بکۆشێ و تێ بگا کە لە رێگای کردنی نوێژ و دۆعای رۆژانەوە شتێکی تازە بە ژیانی زیاد بوە.

ئەو سەری مەبەستی ئادەمی دەرکی وجودی خوداوەندە. بەم قەرارە تەواوی ھەلسوڕانە رامیاری و کۆمەڵایەتی و مەزھەبییەکانی ھەرکەس دەبێ لە رێگای مەبەستی دوایی دیداری خودادا بێ. بەم جۆرە خزمەتی بێ پسانەوە و دایمی بە تەواوی ئەفڕادی بەشەر ئەبێتە بەشی ئەسڵی و بنەڕەتی ھەوڵ و ئەرکی شەخسی. تەنیا رێگە بۆ دۆزینەوەی خوداوەند ئەوەیەکە وجودی ئەو لە مەخلوقەکەی داببینین و لە گەڵی ببینە یەک. ئەم مەبەستەش تەنیا لە رێگای خزمەت بە خەڵکەوە وەدی دێت و ئەویش ناگونجێ مەگەر لە رێگای خزمەت لە وڵاتی خۆت دا. من تنۆکێکم لە دەریایەکی بێ بن و بڕوکە و تۆسقاڵێکی وردم لە گشتێک و ناتوانم وجودی بەرزی خودا جیا لە کۆمەڵی کۆمەڵگای بەشەری وەبینم بەڵام ھاونیشتمانانم نزیکترین جیرانمن و ئەوان وەھا رۆژرەش و بەلەنگاز و نەدار بوگن کە دەبێ تەواوی ھێز و تەوانی خۆم بۆ خزمەت بەوان خڕکەمەوە. ئەگەر بمتوانیایە خۆم رازی کەم و خۆم بھێنایەتە سەر ئەو باوەڕەکە لە رێگای تەرکە دنیایی و گۆشەگیرییەوە لە یەکێک لە ئەشکەوتەکانی ھیمالایادا دەتوانم خودا وەدۆزەم دەسبەجێ و بێ سێ ودو لێکردن ئەم کارەم دەکرد. بەڵام دەزانم کە ناتوانم جیا لە کۆمەڵگای بەشەری بیدۆزمەوە.