بۆ ئه‌وه‌ی باڵاپۆشی لای كه‌سه‌ نزیكانت خۆشه‌ویست بكه‌یت و هه‌ردوو لا ئه‌ركتان جێبه‌جێ‌ بكه‌ن و ره‌زامه‌ندی خوایی به‌ده‌ست بهێنن، ده‌كرێ‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌ یارمه‌تیده‌ر بن تا كیژان و خانمان به‌ ئه‌ركی ئاینی خۆیان هه‌ڵسن، ئه‌ویش به‌ یارمه‌تی و له‌ ڕێگه‌ی دایك و باوك، یان به‌ ته‌نیایی، یا تێكڕای خێزانه‌كه‌ هه‌موویان، به‌بێ ئه‌وه‌ی زۆری لێ بكه‌یت، یان رووبه‌ڕووی لێدان و توندوتیژی بكه‌یته‌وه‌، یان لێدان به‌كاربهێنی، یاخود به‌هۆی فشار خستنه‌سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكی نه‌خوازراو به‌كاربهێنیت، ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه‌ بكه‌: له‌ سه‌ره‌تادا له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ مه‌كه‌ گه‌وره‌ بێت، پاشان فرمانی به‌سه‌ردا بكه‌ی بۆ باڵاپۆشی، چونكه‌ چاوه‌ڕوانیكردنت تا گه‌وره‌بوونی، قه‌ناعه‌تكردنی سه‌خت و دژوار ده‌بێت و هه‌ستی ناسك ده‌بێت.

گرنگی باڵاپۆشی بۆ ده‌ربخه‌، له‌پێش چاوی گه‌وره‌ی بكه‌ و پێی بڵی ئه‌وه‌ شكۆییه‌، ئه‌وه‌ نوورانیت ده‌كا و جل و به‌رگی باڵاپۆش نیشانه‌ی پاكی و جوان په‌روه‌رده‌كردنی كچانی باشه‌. پێی رابگه‌یه‌نه‌ كه‌ ئه‌وه‌ فرمانی خوای گه‌وره‌یه‌ و فێری بكه‌ كه‌ ئه‌و ئیشه‌ ته‌نها له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره‌یه‌ و بۆ خه‌ڵكی نییه‌. خوای گه‌وره‌ له‌ هه‌موو كات و ساتێكدا ده‌تبینێ.. فێری بكه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ ئافره‌تی داپۆشراوی خۆش ده‌وێت و رازی ده‌بێت لێی، ئایه‌تی خوای گه‌وره‌ ی بۆ بخوێنه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حه‌دیسانه‌ باسی رازی بوون ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر ئه‌و كرداره‌. نمونه‌ی باڵاپۆشی بخه‌ به‌رده‌ستی باڵاپۆشی سه‌ركه‌وتوو، سه‌ره‌تا له‌ خێزانه‌كانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ "صلی الله علیه‌ و سلم" ده‌ست پێبكه‌، پاش ئه‌وان ئافره‌تانی چاكه‌كار له‌ نه‌وه‌ی رابردوو و پاشان ئه‌وانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوون. به‌روارد بكه‌ له‌نێوان كه‌سانی رابردوو و ئه‌مڕۆدا، ئه‌وانه‌ی ملكه‌چی فرمانی خوای گه‌وره‌ بوون و ئه‌وانه‌ی كه‌ باڵاپۆشی ناكه‌ن سه‌ره‌نجامیان كه‌وتن و تیاچوونه‌.

هه‌ڵسوكه‌وتی ئافره‌تی باشی بۆ بگێڕه‌وه‌، كه‌ كرده‌وه‌ی چاكه‌ و پابه‌ندبوون پێوه‌ی پاداشتی هه‌یه‌، چۆن ئافره‌تی چاك به‌رده‌وام هۆكارێكه‌ بۆ خێر و راستی بۆ كچانی هاوشێوه‌ی خۆی. سوور به‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رپرسیارێتی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ری و پێی رابگه‌یه‌نه‌ كه‌ ئافره‌تی باش و باڵاپوش هۆكاری خێر و چاكه‌خوازییه‌. كچه‌كه‌ت له‌لای ئافره‌تانی پێشه‌نگ و رێكوپێك دابنێ، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی باڵاپۆشن و له‌ دانیشتنه‌كانیاندا باسی باڵاپۆشی ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت گه‌ر باسی چیرۆكی تێدا بێت، له‌ رووی گه‌وره‌یی و گرنگییه‌وه‌.

بینێره‌ بۆ مزگه‌وت، یان ئه‌و كۆڕو كۆبوونه‌وانه‌ی كه‌ باس له‌ زانست و گه‌وره‌یی ئیسلام ده‌كه‌ن، كاتێ دڵی چووه‌ سه‌ری، ئه‌وا ئه‌وكات رایبهێنه‌ له‌سه‌ر خۆشویستنی بۆی. 10- پاشان دیاریی بۆ بكڕه‌ و جارجار له‌ رووی ماددییه‌وه‌ شتێكی بده‌رێ و هانی بده‌ و ده‌ستخۆشی لێ بكه‌ له‌سه‌ر كردنی باڵاپۆشی و خۆداپۆشین. فێریشی بكه‌ كه‌ پاداشتی گه‌وره‌ی لای خوای گه‌وره‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش به‌هه‌شتی به‌رز و و فراوانه‌.