ئەنقەرە- وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتگیریی وڵاتەکەی لە بەرهەڵستکارانی سووریای بە بنەمایەکی سیاسی و ئەخلاقی ناوبرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی ئانادۆڵ، ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توکیا ڕۆژی هەینی 22ی مارچ/2ی خاکەلێوە، لە بینای سەرەکی وەزارەت لە ئەنقەرە، لەگەڵ غەسان هیتو، سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی ڕاگەیێندراوی بەرهەڵستکارانی سووریا دیدار و گفتوگۆی کرد.

داوود ئۆغڵۆ بۆ هەواڵنێران وتی:" تورکیا لەگەڵ وڵاتی سووریای دۆست و برا، سنووری هاوبەشی هەیە و بنەمای برایەتی دوو نەتەوە، ناچارمان دەکات پشتگیریی بەرهەڵستکاران و داواکارییەکانیان بکەین."

زیادی کرد :" پێکهێنانی‌ دەوڵەتی گواستنەوە و هەڵبژاردنی بەڕێز هیتو وەکوو سەرۆک وەزیران، هەنگاوێکی ئەساسی و کاریگەرە و ئێمە وێڕای پشتگیریی ئەم هەنگاوەی بەرهەڵستکارانی سووریا، هیوادارین هەموو جیهان بەتایبەت کۆمکاری عەرەب، بە پشتیوانی لە بەڕێزیان، بەستێن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا لەبار بکات."

غەسان هیتو لەم دیدارەدا ڕایگەیاند کە بەرهەڵستکارانی سووریا هەرگیز یارمەتی و پشتگیرییەکانی تورکیا لەبیرناکەن.

لەلایەکی دیکەوە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا وێڕای پیرۆزبایی لە غەسان هیتو، ڕایگەیاند بەمزوانە لەگەڵی دیدار دەکات.