رووداو: بۆچی شۆڕشی سووریا ئەوەندە درێژەی کێشا؟

عەلی قەرەداغی: بە باوەڕی من لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە: سووریا لەسەر سنووری دەوڵەتی جولەکەیەو ئەو سنوورە لە1973وە تائێستا یەک تەقەی تێدا نەکراوەو بۆ جولەکەکان سنوورێکی ئارامە، جولەکەش رۆڵی گەورەیان هەیە لەهەموو دنیا، بەتایبەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و نایانەوێ رژێمی ئەسەد بڕووخێ، چونکە دەڵێن ئەوەی ئێستا دەیناسین باشترە لەوەی دێ و نایناسین. ئەوە چەندین ساڵە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ رژێمی ئەسەد نەبووە.

دووەم: دەوڵەتانی زلهێز لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر مەسەلەی سووریا بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەتایبەتی رووسیا و چین. هەروەها دەوڵەتانی دەوروپشتی سووریا. ئێستا جگە لە تورکیا و ئوردن کە لەگەڵ رووخانی رژێمی ئەسەدن. لوبنان کە ئێستا لەلایەن حیزبوڵڵاوە بەڕێوەدەچێ پشتگیرییەکی زۆر ئاشکرا لە رژێمی سووریا دەکات. لە عێراقیش، مالیکی بەئاشکرا پشتگیری لەو رژێمە دەکات. هەروەها ئێران کە سووریا بۆ ئەو شتێکی زۆر چارەنووسسازە پشتگیری دەکات.

سێیەم: نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەناوخۆ و لەدەرەوەی سووریاش. ئەمانە سێ هۆکاری سەرەکین کە تائێستا رژێمەکەی بەشار ئەسەد ماوە. بەڵام ئەو رژێمە دەبێ بڕووخێ و هیچ گومانێکیش لەوەدا نییە کە دەڕووخێ.

رووداو: ئێوە چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان لە سووریای دوای ئەسەد چۆن دەبینن؟

عەلی قەرەداغی: بڕوامان وایە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان هاتووەتە پێشەوە و لەم فرسەتەدا دەبێ کورد زۆر ژیرانە مامەڵە بکەن و هاوسەنگی بپارێزن. بەشێوەیەک نە زۆر بڕۆن و بۆیان نەکرێ و دواتر شکست بێنن، نە زێدەڕۆیی لە مافی خۆشیان بکەن. حیزبە کوردستانییەکانی سووریا دەبێ هەماهەنگییەکی تەواویان هەبێ لەسەر مافی رەوای گەلی کورد و لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتیمانی سووری و سوپای ئازاد. چارەنووس و داهاتووی کوردانی سووریا هەر لەچوارچێوەی سووریا دەبێ و دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە سووریا شتێکی وا ئاسان نییە. چونکە لە هەرێمی کوردستان هەر لەسەدەمی جەنابی شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە تاوەکو جەنابی شێخ مەحموود حەفید و تاوەکو سەردەمی جەنابی بارزانی نەمر و تائێستا هەلومەرجی نێودەوڵەتی دروستنەبووە کورد بگاتە مافی خۆی. پێویستە سیاسییەکانی کوردی سووریا سوود لە ئەزموونی ئەم هەرێمە وەربگرن.

رووداو: چۆن دەڕواننە هاوکاری سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان و ئیمزاکردنی رێککەوتنی هەولێر لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد و PYD؟

عەلی قەرەداغی: ئەمە یەکەم، ئەرکێکی ئیسلامی و دووەم ئەرکێکی نەتەوەییە لەسەر شانمان و هەرکاتێک کە گەل لاوازبوو ئەوا مەترسی ئینشقاقی لێدەکەوێتەوە و کێشە دروستدەبن. بەڵام ئەگەر حکومەتێک هەبێ هاوکارییان بکات ئەوە شتێکی زۆر باشە، ئەوەی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردوویانە بەرامبەر کوردی سووریا کارێکی زۆر چاک بووەو ئەرکی ئیسلامی و مرۆیی و نەتەوەییان بەجێگەیاندووە. چونکە زەرەری ئەوان زەرەرە بۆ ئێمەش، هەرێمی کوردستانیش ئەزموونێکی زۆری هەیە لەهەموو بوارێکدا، دەبێ کوردی سووریا سوودی لێوەربگرن.

رووداو: ماوەیەک لەمەوبەر کەسایەتییەکی باڵای شیعە بەناوی جەلالەدین سەغیر، باسی ئیمام مەهدی کرد و گوتی یەکەم کاری ئیمام پاش دەرکەوتنەوەی شەڕکردن دەبێ لەگەڵ کورد، بۆچوونی ئێوە لەوبارەوە چییە؟

عەلی قەرەداغی: دوو هەڵوێستمان هەیە لەو بابەتە. یەکەم هەڵوێستی هەموو موسڵمانانی جیهانە جگە لەبرایانی شیعە لەگەڵ رێزمان. زیاتر لە 90%ی موسڵمانانی جیهان سوننەن و پێیانوایە ئەو مەسەلەیە ئەسڵی نییە کە حەزرەتی ئیمام مەهدی دێت و کورد دەکوژێ. ئەوە ئێمە وەک ئەهلی سوننە ئیعتیرافی پێناکەین. دووەم: ئیمام مەهدی ئەگەر ئیمامێکی گەورە و مەعسومە و پیاوێکی وا موبارەک و بەڕاست سەر بە ئالی بەیتە بۆچی کورد دەکوژێ. کورد یەکێکە لەو گەلە موسڵمانانەی کە ئێستا خەڵک دەستی بۆ رادەکێشێ و دەڵێن گەلێکە خاوەنی خزمەتە بۆ جیهانی ئیسلامی و لە رێگەی سەلاحەدینی ئەیوبی و هەزاران زانای موسڵمانەوە خزمەتی کردووە. ئایا ئیمام مەهدی کەسی دیکە ناکوژێت جگە لەکورد. ئێستا ژمارەی دانیشتوانی سەر زەوی گەیشتوونەتە نزیکەی حەوت ملیار و لەو ژمارەیە ملیارێک و 500 هەزاری موسڵمانن، واتە پێنج ملیار و پێنج سەت هەزار خەڵک هەن لەم دنیایە کە موسڵمان نین، بۆچی ئیمام مەهدی شەڕی ئەوان ناکات و دێت کورد دەکوژێ؟

رووداو: بۆچی ئێوە بەرامبەر ئەو قسانەی بێدەنگ بوون و هیچ بەیاننامەیەکتان دەرنەکرد؟

عەلی قەرەداغی: من ئەوە بەجدی دەڵێم، ئەوە شایەنی ئەوە نەبوو بەیاننامەی بۆ دەربکەن. ئێمە لەو بڕوایەدا نین کە برایانی شیعە رایان وابێ و ئەمە بۆچوونێکە رای جیاوازی لەنێوان سوننە و شیعە لەسەر هەیە و لەهیچ کتێبێکیشدا نەمبینیوە کە ئیمام مەهدی دەگەڕێتەوە و هیچ کەسێکی دیکەی بەدەست ناکەوێ شەڕیان لەگەڵ بکات جگە لە کورد. ئەوەندە بەس نییە کە سەدام لەکوردی کوشت و ئەویش دێتەوە کورد دەکوژێ؟ مەحاڵە ئیمام مەهدی بێت خۆی وەکو سەدام لێبکات و کورد بکوژێ.

رووداو: بەرنامەت هەیە سەردانی بەغدا بکەی؟

عەلی قەرەداغی: ویستمان سەردانێکی بەغدا بکەین و لەگەڵ جەنابی مام جەلال هەماهەنگیشمان کرد کە سەردانی بکەین لەبەغدا و هەروەها سەردانی نوری مالیکیش بکەین و باسی دۆخی عێراق و سوننەو کورد و شیعە بکەین. بەڵام ئەو کاتەی ئێمە لە مشاوەرەدا بووین بۆ ئەو سەردانە، جەنابی مام جەلال بەمالیکی گوتبوو، بەڵام ئەو گوتبووی ئێستا ئێمە سەرقاڵی کۆنگرەی عەرەبین و دەرفەت نییە و دوای ئەوەش ئێمە ئەو بابەتەمان باس نەکردەوە.

رووداو: ئامۆژگاری ئێوە چییە بۆ ئیسلامییەکانی کوردستان؟

عەلی قەرەداخی: من ئەگەر ئامۆژگاریم هەبێ ئەوە بۆ هەموو گەلی کوردە و پێویستە کورد لەم رۆژگارەدا پڕۆژەی نەتەوەیی موعتەدیلی هەبێ کە هەموو حیزبە کوردستانییەکان لەسەری رێکبکەون و هێڵی سوور دیاریبکەن و ئەم بابەتەم لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود و مام جەلایش باسکردووە. چەند ئۆپۆزیسیۆنیش هەبێ پێویستە لەسەر ئەم پڕۆژە نەتەوەییە ، پێویستە هەموو لایەنەکان رێکبکەون و دەبێ هاوکارییەکی راستەقینە لەنێوان هەموو لایەنێکدا هەبێ، بەداخەوە ئەوە ئێستا نییە. سەبارەت بە ئیسلامییەکانیش پێویستە لایەنەکان کێبرکێ لەسەر پڕۆژەی خزمەتگوزاری بکەن نەک لەسەر مەسەلەی ئایین، چونکە گەلی کورد گەلێکی موسڵمانە.

رووداو: ئێستا تارق هاشمی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە قەتەرە، ئێوە هاوکاریتان کرد بۆ ئەوەی بچێتە قەتەر، ئایا ئەو هاوکارییە لەسەر داوای خۆی بوو؟

عەلی قەرەداخی: لە هەرێمی کوردستان مام جەلال و کاک مەسعود هاوکاری هاشمییان کرد، هەرچەندە رەنگە لەهەندێ رووەوە لەگەڵ بەغدا زەرەریان کردبێ و منیش وەک ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی ئاینی ئیسلامی کە پەیوەندیم هەیە لەگەڵ تارق هاشمی، لەڕووی مەعنەوییەوە هاوکاریم کرد. 

رووداو: ماوەیەکە شەڕی نێوان PKK و حکومەتی تورکیا زۆر تووند بووە، رای ئێوە لەوبارەوە چییە؟

عەلی قەرەداخی: من کە لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی تورکیا و لەوانە رەجەب تەیب ئەردۆغان دانیشتنم هەبووە، داوام کردووە ئەو کێشەیە بە دیالۆگ چارەسەربکرێ و داوا لەهەردوو تەرەفیش دەکەم کە ئەو کێشەیە بە دانوستاندن چارەسەر بکەن. دەبێ PKK و حکومەتی تورکیا پێکەوە دابنیشن و پڕۆژەی خۆیان دابڕێژن و گەلی کورد مافی خۆی وەربگرێ. کاتی خۆی سەرۆکی PKK عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش قبوڵیکرد کە داوای سەربەخۆیی نەکات، بەڵام گەلی کورد مافی سیاسی خۆی وەربگرێ. بۆیە جگە لە گفتوگۆ و دیالۆگ هیچ رێگەیەکی دیکە لەبەردەم چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا نییە.

رووداو: پێتوایە ئەردۆغان چەند راست دەکات کە باسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکات بە رێگەی ئاشتیانە؟

عەلی قەرەداغی: هەر سەرۆکێک کە دۆستی گەلەکەی بێ حەزدەکات کێشە نەمێنێ و ئەردۆغان دۆستی تورک و کوردەو ئەمە قسەی ئەردۆغانە. بەڵام ئەو دەڵێ ئەو گرووپانەی تیرۆریستن ئەوە شتێکی دیکەیە و دیارە مەبەستی PKKیە. لەسیاسەتیش وەک دیگۆڵ دەڵێ نە برادەری بەردەوام و نە دوژمنی بەردەوام هەیە، بەڵکو بەرژەوەندی بەردەوام هەیە.ئێمە بەتەماین پێش ئەوەی بگەینە سیاسەت، پڕۆژەیەکی گشتی لە تورکیا پێشکەش بکەین بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەنێوان گەلی تورک و گەلی کورد.

رووداو: ساڵی رابردوو یوسف قەرەزاوی، سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلامی لە ئیستەنبوڵەوە PKKی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناوبرد، بۆچی هەوڵت نەداوە تێگەیشتنێکی دروستی لەوبارەوە لەلا دروستبکەی؟

عەلی قەرەداغی: مرۆڤ حەق بڵێ، هەوڵێکی زۆرمانداوە کە جەنابی قەرەزاوی لەکێشەی کورد تێبگات و جارێکیش گوتی هەموو گەلانی جیهان دەوڵەتیان هەیە، گەلی کوردیش وەک یەکێک لەو گەلانە مافی ئەوەی هەیە دەوڵەتێکی هەبێ و پیاوێکی واقعییە. من گوتەبێژی قەرەزاوی نیم، بەڵام وابزانم ئەو کاتەی قەرەزاوی ئەو قسەیەی کرد 17 سەربازی تورک پێکەوە کوژرابوون و ئەو گوتی ئەم کارەساتە کارێکی تیرۆریستییە کە PKK کردوویەتی. من وا نازانم قسەکەی ئەو بەگشتی بۆ هەموو کورد بووبێ و لەگەڵ ئەوەش ئەو خاوەنی بڕیاری خۆیەتی. سەرباری ئەوە جەنابی قەرەزاوی هەڵوێستێکی زۆر موشەڕەفی هەیە بەرامبەر بە کورد و زۆرجاریش کە سەردانی کوردستان دەکەم دەڵێ سڵاوی من بگەیێنە بە سەرکردەکانی کورد. منیش سڵاوەکە دەگەیێنم و سەرکردایەتی کوردیش سڵاوی بۆ دەنێرن. جارێک مامۆستا قەرەزاوی لەجەزائیر نەخۆش بوو، ئەوکات من لای مام جەلال بووم و مام جەلالیش بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ کرد و کاک مەسعودیش هەموو جار سڵاوی بۆ دەنێرێ.

رووداو: هەوڵت نەداوە قەرەزاوی سەردانی کوردستان بکات؟

عەلی قەرەداغی: بەڵێ، ئەویش ئامادەیە و بڕیاربوو بۆ مەسەلەی تارق هاشمی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و سوپاسی جەنابی کاک مەسعود و مام جەلال بکات لەسەر ئەو هەڵوێستانەی بەرامبەر بە هاشمی گرتیانە بەر. بەڵام کۆنگرەی عەرەبی لەعێراق هاتەپێشەوە و ئەو سەردانەش رێکنەکەوت.

رووداو: دوای ئەوەی رێکخراوی خاچی سووری ئیماراتی یارمەتی خۆیان دەدەنە دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ دابەشکردنی بەسەر بێ دایک و باوکاندا کە پێشتر دەدرایە رابیتەی ئیسلامی کوردستان کە بەرێزتان سەرۆکایەتی ئەو رابیتەیە دەکەن، ئێستا ئێوە چۆن هاوکاری پێشکەشی کوردستان دەکەن؟

عەلی قەرەداغی: رێزمان هەیە بۆ دەزگای بارزانی و خوا عالیمە دەمانەوێ ئەو خێرە بگاتە خەڵک. لەو رۆژەوە کە دەزگای خێرخوازی بارزانی پێنج هەزار هەتیوی لەئێمە بڕی و ئێستا نازانم کە ماوە یان نا، تائێستا ناوی شەش هەزار هەتیوی دیکە بۆ ئێمە هاتووەو هاوکارییان دەکەین.