له‌م بڕگه‌یه‌دا به کورتیی جه‌خت له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێکی تایبه‌ت ده‌که‌مه‌وه:
۱ـ ههرگیزو له هیچ قۆناغێکی ژیانی زانستیدا، مامۆستا ناصر سوبحانی بیرۆکه‌ی ڕه‌دکردنه‌وه‌ی حوجییه‌تی فه‌رمووده و ئیکتیفا به قورئانی له‌لا په‌سه‌ند نه‌بووه، به‌ڵکو به چه‌ندین ئایه‌تی قورئانی پیرۆز ده‌یسه‌لماند که سوننه‌تی صه‌حیحیش حوججهیهو بۆ هه‌ندیك بواری ئه‌حکام کارپێکردنی واجیبه. ڕاسته له سه‌رێکه‌وه هه‌مان بۆچوونی پێشه‌وا ئه‌بو حه‌نیفه‌و هه‌ندێك له زانایانی موحه‌ققیقی هه‌بوو، که بۆ بواری عه‌قیده‌و عبادات که‌متر په‌نای بۆ ڕیوایاتی ئاحاد ده‌برد، له سه‌رێکی تریشه‌وه مه‌رجی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو بۆ دروستیی و نادروستیی ڕیوایات، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به ڕه‌هایی نه‌بوو، وه‌ك له بڕگه‌ی چواره‌مدا به ژماره‌و نمونه‌و به‌لگه‌ی ڕوون ده‌یسه‌لمێنین.
۲ـ به پێچه‌وانه‌وه، ساڵی ١۹٨۱ ده‌نگۆیه‌ك په‌یدا بوو بوو، که گوایه هه‌ندێ که‌س له گه‌نجانی ئیسلامیی پاش شۆڕشی ئێران، بیرۆکه‌ی ئیکتیفا به قورئانیان بۆ دروست بووه، ده‌نگۆکه ئه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ بوو، که له خۆڕاو به بێ به‌ڵگه به ناوی کاك ئه‌حمه‌دی موفتیزاده‌وه – به‌ڕه‌حمه‌ت بێت – ئه‌و باسه ده‌وروژێنن، گوایه پشتیان به‌وه ده‌به‌ست که کاك ئەحمەد له وتاره‌کانیدا که‌متر به‌ڵگه به فه‌رموده ده‌هێنێته‌وه، هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی وتاره‌کانی کاك ئه‌حمه‌د، پاش قورئانی پیرۆز، هه‌ڵقوڵاوی ڕۆح و جه‌وهه‌ری فه‌رمووده بوون. له‌به‌ر ئه‌وه چه‌ند برایه‌ك پێشنیاریان کرد که کاك ناصر له‌و باره‌یه‌وه تێبینییه‌ك بدات به کاك ئه‌حمه‌د، تا خه‌ڵکی نه‌شاره‌زا ئیستیغلالی ناوی به‌ڕێزی نه‌که‌ن. بۆیه کاك ناصر هاوڕێ له‌گه‌ڵ کاك مه‌نسوری برای، سه‌ردانی کاك ئه‌حمه‌دی کرد‌و به ئه‌ده‌بێکه‌وه پێی وت: کاك ئه‌حمه‌د، پێم باشه جه‌نابت ته‌حقیق و موتاله‌عه‌ی زیاتر له‌سه‌ر سوننه‌ت و فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ر ـ ص ـ بکه‌یت، کاك ئه‌حمه‌دیش سوپاسی گه‌رمی کاك ناصری کردبوو له‌سه‌ر سه‌رنجه‌که‌ی و وتبووی: "بان چاو، کاك ناصر، ان شاءالله".
٣ـ لێره‌دا پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم که مامۆستا ناصر که‌سایه‌تییه‌کی زانستیی کلاسیکی نه‌بوو، به واتا‌و ده‌سته‌واژه ئیسلامییه‌که موقه‌للید نه‌بوو، بگره به پێی ته‌عریف و پێناس و مه‌رجه‌کانی زانایانی زانستی ئوصول، که‌سێکی موجته‌هید بوو، نه‌ك به ته‌نها موجته‌هیدی ناو مه‌زهه‌بی شافیعی، یان مه‌زهه‌به موعته‌به‌ره‌کانی تر، به‌ڵکو موجته‌هیدی ده‌ره‌وه‌ی مه‌زهه‌به‌کان بوو. واته له‌سه‌ر بۆچوونه فیقهییه‌کانی هه‌موو مه‌زهه‌به‌کان، ئیزافه‌و قسه‌و بۆچوونی نوێی هه‌بوو. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌ماو ڕێسا گشتییه‌کانی زانسته بنه‌ڕه‌تییه‌کانی اصول الفقهو علوم القرآنو علوم الحدیث، پێشنیار‌و سه‌رنجی نوێی هه‌بوو. له‌مانه‌ش گرنگ و سه‌یرتر ئه‌وه‌یه، هه‌رکه‌س گوێی له وانه‌کانی شه‌رح و ڕاڤه‌ی کتێبی شذور الذهب گرتبێت – که ٨٩ وانه‌یه‌و له چوار هه‌زار لاپه‌ڕه‌ی (A4) دا نووسراوه‌ته‌و چه‌ند به‌رگ کتێب ده‌رده‌چێت – تێبینی ده‌کات که له چه‌ندین شوێندا ڕه‌خنه له ابنهشام ده‌گرێت، بگره هه‌ڵه‌ی ڕاست ده‌کاته‌وه، له کاتێکدا ابنهشام به مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی و پێشه‌نگی هه‌زاران زانای زمانزانی عه‌ره‌ب داده‌نرێت. بۆیه له‌به‌ر هه‌مان هۆو له هه‌مان سۆنگه‌وه، له سه‌ر زانستی فه‌رمووده ناسییش قسه‌ی هه‌بووه، وه‌ك له‌سه‌ر زانسته شه‌رعی یه‌کانی تریش قسه‌و سه‌رنج و تێبینی خۆی هه‌بووه.
٤ـ دوا خاڵی ئه‌م بڕگه‌یه ئه‌وه‌یه که بڵێم: به پێی ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه، مامۆستا ناصر سوبحانی زانایه‌کی ڕیفۆرمخوازو یه‌کێك له پیشه‌نگانی ڕه‌وتی ئیسلاحی فکری ئیسلامیی بوو، سه‌ره‌ڕای ڕێزی زۆری له کلتورو تراثی ئیسلامیی، به‌ڵام دژی چه‌قبه‌ستوویی و ده‌مارگیریی مه‌زهه‌بیی بوو. له‌گه‌ڵ پێداچوونه‌وه‌ی بنه‌ما فیقهییه‌کان و داڕشتنه‌وه‌ی هه‌ندێك له ڕێسا شه‌رعییه‌کان بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دانان مه‌رجی بۆ ئیجتیهادو موجته‌هید قبوڵ بوو، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ داخستنی ده‌رگای ئیجتیهاد نه‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ڕێزه‌وه ده‌یڕوانییه زانایانی پێشین و هه‌وڵ و زهحمهتیانی ده‌نرخاند، به‌ڵام سه‌رنج و ڕه‌خنه‌و زیادو کهمکردنیشی له‌سه‌ر زۆر شتیان هه‌بوو. من پێم وایه ناسینی ئه‌و پیاوه گوێلێگرتنی وانه‌کانی ده‌وێت، له‌به‌ر گرفتی زمان و شێوه‌زارو خراپیی جۆری تۆماری ده‌نگه‌کانیش، گوێلێگرتنیشی حه‌وسه‌ڵه‌و تاقه‌تی ده‌وێت، بۆیه زۆرجار پارچه گرته ده‌نگییه‌کانی که له یوتیوب‌و فه‌یسبووك داده‌به‌زێنرێن، یان هه‌ڵبژارده‌ی قسه‌کانی، که له‌لایه‌ن هه‌ندێك که‌سانی دڵسۆزه‌وه بڵاو ده‌کرێنه‌وه، حه‌قی ته‌واوی ناده‌ن و مه‌به‌سته‌کانی وه‌کو خۆی ناگه‌یه‌نن، بۆیه نابێت زانایان و زانستخوازان و تازه ئاشنایان له‌وێوه بیناسن. که ئه‌مه ده‌ڵێین ئه‌بێ ئاگامان له‌وه‌ش بێت که مامۆستا ناصر نزیکه‌ی ٩٧٧ کاتژمێر وانه‌و بابه‌تی تۆمارکراوی ده‌نگیی هه‌ن، که زۆر که‌میان سوودیان لێ وه‌رگیراوه، هه‌زاران لاپه‌ڕه‌ی نووسراویشی هه‌ن، که زۆر که‌میان چاپکراون، که ئه‌گه‌ر به ڕێژه‌یی وه‌ری بگرین، ده‌توانم بڵێم: حه‌فتا له سه‌دی بیر‌و به‌رهه‌مه‌کانی، نه‌خراوه‌ته به‌رده‌ستی خوێنه‌ران. که ئه‌م خاڵه بۆ خۆی به‌ڵگه‌یه‌کی تره که نابێت به په‌له‌کردن و بێ به‌دواداچوونی ورد‌و وردبوونه‌وه، به ناوی ئه‌و زانایه‌وه قسه بکرێت.
#ناسر_سوبحانی

بۆچوونه‌کان