بە راستی مامۆستایان بە درێژایی مێژووی کورد لەگەڵ ئەم هەموو کەم و کورتیە ماڵیانەی کە بۆتە چەقە بە داوێن و بەرۆکیانەوە، کە چی لەبەر ئەوە کە دەوڵەمەندی لایەنی فیکری و زانستی بوون و نێوانێکی خۆش و راسته‌وخۆیان لەگەڵ خەڵکدا لە ڕێگای مزگەوتەکان و شایی و شینەکاندا هەبووە، توانیویانە کێشە کۆمەڵایەتیەکان (گرفتەکانی ناوماڵ و کێشە قەومی و عەشیرەییەکان) چارەسەربکەن و لە لایێکی تریشەوە به‌هۆی ئەوە کە لە حوجرەکاندا سەرقاڵی ڕاهێنان و پەروەردەی فەقێ و مەلا گەنجەکانن، پێگە و پلەیەکی بەرز و تایبەتیان بۆ خۆ مسۆگەر کردووە.
لەم بارەیەوە ووتووێژێکمان ڕێکخستووە لەگەڵ مامۆستای بەرێز مامۆستا هاشم حەکیمی و لە خزمەتیانا لەمەڕ خاڵە بەهێز و لاوازەکانی پێگەی ئەم کۆمەڵە زەحمەتکێشە و هەروەها تێرڕەنگی یان سپات نوواندن و کاڵ بوونەوەی ئەم پێگەیە لە چاوساڵانی ڕابردوو بە ڕەچاوکردنی ئەو گۆڕانکاریانەی بە ڕووی دونیادا هاتووە و ناوچەی ئیمەشی لێ بێ بەش نەبووە – خواپشتیوان بێ- چەند پرسیارێک بۆ شیکردنەوەی مەبەست ئاراستەی مامۆستا هاشم حەکیمی دەکەین.
ـ تکایە مامۆستا خۆت بناسێنە و هەندێ لە ڕابردووی خوێندنی خۆتمان بۆ باس بکە.
ــ بسم الله الرحمن الرحیم الحمدلله رب العالمین و صلی الله علی محمد و علی آلە و أصحابە و أتباعە أجمعین. لە خزمەت ئێوە و خوێنەرانی بەرێز، سڵاو و ڕێزم هەیە و لە کانگای دڵەوە بەخێرهاتنتان پێ دەڵێم. من هاشم حەکیمی لە دایکبووی ساڵی 1350 کۆچی هەتاوی لە دێی «شرکان»ی سەربە «نوسود»م. سەرەتای خوێندنی فەقێیەتیم بەهاندانی بنەماڵەکەم بوو بەتاییبەت ڕێنوێنییەکانی مامی خوالێخۆشبووم مامۆستا سەید عبدالکریمی حەکیمی –کە خۆشی لە مەلا بەناوبانگەکاني وانه‌وێژەکانی حوجرە بوو- زۆر لە سەر من کاریگەر بوو، جا هەر ئەوە بوو کە لە ساڵی 1363ی کۆچی هەتاوی بوومە فەقێ و ماوەی حەوت ساڵ لە ناوچەکانی پاوە و پیرانشار و بانە و مەریوان و سنە درێژەم بەخوێندن دا تا لە مانگی ڕەزبەری ساڵی 1370ی کۆچی هەتاوی لەمزگەوتی حەبیبوڵڵـاغا لە خزمەت مامۆستای بلیمەتي خوالێخۆشبوو (سید نجم الدین طه) ئیجازه‌نامەی مەلایەتیم وەرگرت.
ـ مامۆستا ئەتوانی ناوی چەند مامۆستایێ ببەی کە له‌ خزمه‌تیاندا خوێندووته‌؟
ــ بەڵێ. لە خزمەت زۆرێک لە مامۆستایان خوێندوومە، بەڵام لەهەموویان زیاتر ئەمانەن: مامۆستا ئه‌حمه‌د به‌هرامی-مامۆستا عومه‌ر حه‌سه‌ن زادە لە پاوە، مامۆستا عبدالکریم ئيمامی-مامۆستا ئه‌‌حمه‌د شافێعی لە بانە، مامۆستا مۆحه‌ممه‌د یوسف ڕه‌هنمون لە مەریوان، مامۆستا عه‌بدوڵڵا ئێرانی و مامۆستا سه‌ید نه‌جمه‌دین تاها لە سنە- خواخێریان بنووسێ- هەڵبەتە ئەبێ دان بنێم بەوه‌دا کە سەرەتای خوێندنم، کەسێ کە هەناسەیێ تری بە چارەنووسی من دا و پێگەی بە پێزی لەسەر دروست بوونی کەسایەتی من دیارە، برای بەڕێزو خوشەویست مامۆستای شەهید (مۆحه‌ممه‌د کوهی) بوو که به ڕاست لە خواترس و زانا بوو، کە چی زۆر بەداخەوە لە دواڕۆژەکانی خوێندنی دا بەهۆی بۆردومانی هەوایی شاری پاوە بە دەست رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 1368ی کۆچی هەتاوی‌دا ماڵئاوایی یەکجاری لێمان کرد و دڵی هەڤاڵانی سڕ کرد.
ـ هەروەک ئاماژەت پێ کرد بەڕێزت حەوت ساڵی رەبەقت خوێندووە، تکایە فەرموو چۆنیەتی خوێندنی خۆتمان بۆباس بکەو ئەمەش شی بکەوە کە یەک فەقێ تا تەواو ئەبێ چلۆن ئەخوێنێ؟
ــ بە شێوەیەکی گشتی پێکهاتەی خوێندنی زانستە دینیەکان بە دوو شێوازی سوننەتی و نوێ یە.
شێوازی سوننەتی هەمان سیستەمی حوجرەیی‌یە کە بەرماوی سەدساڵ لەمەو بەرە کە لە قەراغ مزگەوتەکانی شار و لادێی کوردستان وەتاغێک هەبوو کە چەند فەقێ لەوێدا وانه‌ی ئایینی یان دەخوێند. لەم شێوازەدا هەر فەقێ‌یەک رۆژانە عادەت وابوو کە دوو ماددەی دەرسی ئەخوێند. تایبەتمەندی ئەم شێوازە ئەوەبوو کە ئەو فەقێ‌یانەی پلەی زانستییان دانەمەزراو نەگەیشتنە پایەی موستەعیدی، لە وانه‌ ووتنەوە بەو فەقـێیانەی کە تازە ئەهاتنە ناو حوجرەو پێیان ئەوترا «سوختە»، یارمەتی مامۆستایان ئەدا.
بەڵام لە شێوازی نوێ دا بەچەند مامۆستا قوتابخانەیەکی ئایینی بەڕێوەدەبەن کە لەوێدا هاوکات چەند ماددەی دەرسی ئەوترێتەوە.
ـ ئەوسەرچاوانەی بۆ خوێندنی زانستە دینی‌یەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرێ، چلۆن هەڵئەبژێردرێن، ئایا بەرنامەو پرۆگرامی فێرکردن و پەروەردە ئەکرێ بگۆڕدرێ یا نە؟
ــ ماده دەرسییەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە گۆڕدراوە. پەروەردە لە سیستەمی کۆندا کە لەگەڵ کەمی سەرچاوەکان و سنورداربوونی پەیوەندی زانایان لەگەڵ مەڵبەندە زانستیيەکان لەناوچەکانی تر ڕووبەڕوو بوو، ماددەکانی پەروەردەو فێرکردن بەکەمی ئەگۆڕدرا، وە کۆمەڵە کتێبانێک کە لەکۆنەوە زانایانی ئەو سەردەم رەزامەندییان لەسەر نیشانداوە، لەنێو فەقێ و مەلایان دا پیرۆزیەکی‌یان پێ درابوو و خوێندنیان شێوازێکی داسەپانی پێوەبوو. گرفتی سەرچاوەکان ئەوە بوو کە دانەرەکانیان، هەر بەخاتری ئەوەکە سوک و هاسان لەبەرکرێن، هەوڵیان دابوو زۆرترین قەواعید و تەعریفاتی عیلمی لە چوارچێوه‌یه‌کی زۆر بچووک دا چڕکەنەوە کە ئەمەش قورسایی دەهاویشتە سەر فەقێی بەستەزمان لە لێ حاڵیبوون دا.
بەڵام سیستەمی نوێ بەجێی ئەوەی پاڵ بداتە سەرفێربوونی کتێب و لەبەرکردنی ده‌ق (مەتن)، زۆرتر لەسەر فێربوونی خودی زانست و بنەماکانی ئەڕوا و وانه‌وێژەکان بەهەڵسەنگاندنی تواناو بڕستی فەقێیه‌کان و جۆراوجۆری سەرچاوە زانستیەکان لە هەڵبژاردنی ماددەی دەرسی دا دەستیان ئاوەڵاترە. هەروەها پێشوازی لە کتێبانێک باوە کە لێکدانەوەو نموونه‌و وێنەی پتریان تێدایە و بەدانی تەمرین و ڕاهێنان، چالاکی زۆرتریان بۆ فەقێ ڕەچاو کردووە.
هەڵبەتە وانەکانی «اصول الفقە، علوم القرآن، علوم الحدیث، عقیدە» (که‌لام)، زۆرتر ڕوويان تێدەکرێ.
ـ لەناو خەڵکدا بەگشتی زاراوەی «مەلای دوازدە عیلم» باوە، دەکرێ ئەو دوازدە عیلمە ناوبەری؟
ــ لەڕاستی دا زاراوەی دوازدە عیلم لای من ڕوون نیە، چوونکە ئەو زانستانەی لە حوجرەکاندا باون بەتایبەت لە کۆندا لە مه‌ زۆرتربوون، بۆ وێنە ئەم عیلمانە:
«صرف، نحو، بلاغە، منطق، حدیث، تفسیر، علوم الحدیث، اصول الفقه، عقیدە (کلام)، آداب مناظرە، تاریخ الاسلام، اخلاق، ریاضیات، فلکیات (نجوم) و فلسفە (حیکمەت).»
سێ زانستەکەی دوایی ئێستا ناخوێندرێن و هەندێ قوتابخانە ئایینیەکان هەوڵییان داوە زمانی ئینگلیزی و زمانی دایکی (زبانی زگماكى) و کامپیوتێر بخوێنن.
ـ بەڕێز مامۆستا گیان، باوە کە فەقێیایه‌تی پێشتر دەساڵی دەخایاند، بەڵام ئەمڕۆ ئەوەندە ناخایێنێ، هۆی ئەمە چییە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە ماددە دەرسییەکان گۆڕاون؟
ــ گەرچی بە شێوازی کۆن فەقێکان کاتێکی زۆریان بە لەبەرکردنی مەتنەکان دەگیردرا، بەڵام هۆی سەرەکی که‌مبووني ماوەی خوێندن ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەکە فەقێه‌کان پێش ئەوە بێنە حوجرە، خوێندەواریان نەبووەو لەوێشه‌وە چەخماخی خوێندنیان لێداوەو ده‌بوایە چەن ساڵ خەریکی فێربوونی ڕه‌شخوێندنی قورئان و پەڕتوکەکانی وەک گوڵستان و بوستانی سەعدی و نوسینەوە و لەبەرکردنی شێعر بونايه، بەڵام ئەمڕۆ فەقێه‌کان دیپلۆم وەرگرتن یان دوای بڕوانامەکانی زانکۆیی دێنە ناوحوجرەو پێش هاتنەناو حوجرەش لەگەڵ لە رووخوێندنەوەی قورئان و صرف و نحو، فيقە و عه‌قیدە‌دا کەمێ دانیان کوڵاوە، هەر بۆیەش لەماوەیەکی کەمدا ئەتوانن زانستە باوەکانی ئایین فێرببن.
ـ خەرج و مەخاریجی حوجره لە کوێوە دابین دەکرێ؟
ــ خەرجەکان، موسوڵمانانی خێرخواز دابینی ئەکەن. قەدیم خەرجەکان تەنها لایەنی نان و چای بەخۆوە ئەگرت کە ئەویش جەمەکان بۆنان و غەزای ئامادە و جومعەکانیش بۆ قەندو چا بە ماڵاندا دەگەڕان کە کۆکردنەوەی نان بۆ ژەمەکان پێی ئەوترا (راتبە) و قەندو چا پەیداکردنیش پێی ئەوترا (جومعانە).
هەڵبەت خەڵک ئەم کارەی فەقێیانی بەلاوە بەرەکەت بوو، هەربۆیەش باوەشیان تەواو ئاوەڵا بوو، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخ گۆڕاوەو خەڵکانی خێرخواز هاوکاری خۆیان بە داني پوڵ و پارە بە مامۆستای حوجرە دەردەبڕن و فەقێکانیش نان و چا و پێداویستەکانی تریان بەوپارە دابین دەکەن.
هەڵبەت خەڵک هەروەکوو قەدیم تەنها پێداویستەکانی نان و چایان لەبەر چاوەو هاوکاریەکانیان بەشی دابین‌کردنی ئەو کەل و پەلانەی بۆخوێندن و ئاسودەیی حاڵ و باڵی فەقێ کەڵکی لێ وەردەگیرێ ناکاو حوجرەکان لەم بارەوە ئێستاش لە ئاستێکی سەرەتایی دان و ژیانێکی هەژاری و دەروێشانەیان پێوە دیارە، ژیانی مەلاش هەر لەسەر گیرفانی خەڵکە.
لەکۆندا کە ژیانی خەڵک ژیانێکی ئاسایی و ساکارانە بوو، مەلاو خەڵک یەک ژیانیان هەبوو، هەر بۆیەش مەلا شەوو ڕۆژ لە خزمەت خەڵکدا بوو، لە شایی و شینیاندا شەریک و برابەش بوو. بەڵام ئەمڕۆ ئاستی ژیان تێهەڵچووە و تەنانەت  بانکی ناوەندی، هێڵی هەژاری بۆ هەر ماڵێکی ئێرانی زۆرتر لە چوارسەد هەزار تمەن لەمانگێ دا داناوە، جا خوایە پەنا بە تۆ ئەبێ مەلای بێ دەرەتان بەداهاتێکی کەمتر لە دووسەد هەزار تمەن لەمانگێ دا، چڵون گوزەران بکا.
بەراستی ئەمە خۆی وای کردووە کە زۆرێک لەمەلا بەتواناکان بەدوای کاری رەها یا کاری دەوڵەتی دا بڕۆن و هەر ئەوەش بەتەواوی شلەی بە چالاکی حوجرە و مزگەوتەکان داوە.
ـ ئایا حوکمەت یارمەتی مەلا و حوجرەکان ئەدا؟
ــ مەخابن! لە ووڵاتی ئێمە هیچ وەزارەتێک کاروباری فەقێ و مەلای وەخۆ نەگرتووە و هیچ مواجبێکیان بۆ نەبڕاوەتەوە و ئەو یارمەتیە ناڕەسمیانەش لە لایەن دامەزراوەیەکی وەکو (دایرەی مەلای ئەهلی سوننەت) بە هەندێ حوجرە و مەلا، دەدرێ، شتێکی بەرچاو نییە و ئەوەی پێشیان دەدرێ ناکاته‌ حەقی دوو رۆژ کاريگەری.
ـ ئەبینرێ کە بوونی مەلا و فەقێ لە مزگەوتەکانی شار و لادێ کەم ڕەنگ بووە و زۆربەی حوجرەکان پەپوویان لێ دەخوێنێ. هۆکاری ئەمە بۆچی ئەگەڕێتەوە؟ چلۆن ئەتوانین پێش بەم نەهامەتییە بگرین؟
ــ بەڵێ ئەمە دڵ تەزێنە و داهاتوویەکی لێڵی لێ دەکەوێتەوە، ئەمە چلۆن واهات، بێ گمان چەند هۆیەکی هەیە:
ئا) داهاتووی ئابوری ڕوون نییە. ئەمڕۆ خەرجەکان بایان ناگاتێ و ئەوەی دەستی بۆدەبەی بزوتە. هەم و خەمی ماڵەکان و گەنجەکان، بواری ئابوری و دابین کردنی ژیانە، بەجۆرێ کەهەر قوتابیێکی ناوەندی لەسەرەتای دەست نیشانکردنی ڕشتەکەی دا لەبیری دۆزینەوەی کارو ئیشێکدایە.
مەلاش وەکو باقی خەڵک لەهەموو بوارەکانی ژیان (تەندروستی، خوێندن، ئاسودەیی) ئەڕوانێ، خۆ حەزو ژیانی مەلاش بە ناشکوری نەبێ لەگەڵ داهاتەکەیدا پێک‌ناخۆن، هەربۆیەش گەنجەکان زات ناکەن خۆ لەو ئیش و کارە بدەن و کەسیش مناڵی خۆی هان نادا لەم بیابانەدا ببێ بە شۆڕەسوار.
ب) هۆیەکی تر ئەمەیە کە زانینی زانستە شەرعییەکان بەلامانەوە گرینگ نییە و كاتي خۆی بۆ ته‌رخان ناکەین، ئەم گوێ پێنەدانە بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵک لە خوێندنی حوجرە و مزگەوت قەراغ بگرن و مەلاکانیش ئیشیان نەمێنێ و بوونی مەلاش چی تر پێویست نەکا، جا کەوایە خەڵک نەکوڕی خۆی ئەکا بە فەقێ و نە یارمەتی فەقێ و مەلاش ئەدا.
پ) خەڵک هەست ئەکا ئەوجۆرەی پێویسته‌ زۆرێک لە مەلاکان وەڵامی پێداویستەکانی فیکری و فیقهی کۆمەڵگایان پێ نییە و لە بواری هزری و زانستیدا تووشی کەم خوێندنی بوون و ئەمە وای کردووە کە یارمەتی و دەست بەسەر داهێنانی خەڵکی بەسەره‌وە نەمێنێ.
ت) بوونی بەربەست و گوشاری سیاسی و ئەمنی بەسەر هەندێ لەمەلاو حوجرە و رێکهێنانیان، خۆی هۆکارێکی ترە بۆ لاوازبوونی حوجرە و بنکەکانی خوێندنی زانستی ئایینی.
بەڕەچاوکردنی هۆکارەکان، هاویشتنی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە لەم بارودۆخە تاڵەدا، به‌که‌ڵکه‌:
1ـ ڕونکردنەوەی خەڵک و دروستکردنی باوەڕ لەناخیانا بەوە کە شارەزایی لە زانستە ئیسلامیەکان لەسەر موسوڵمانان بەگشتی پێویست و ئەرکێکی شەرعییە و هەر موسوڵمانێ ئەبێ ئەوەندە بزانێ کە چوارچێوەی تەوحید و شیرک لەباوەڕداو هەر وەها حەڵاڵ و حەرام لێک بکاتەوە.
بەڕاستی هەست پێکردن بەم خاڵەگرینگی پێدانی، سەکۆ و پلەی تایبەتی مەلاو حوجرە پتەوتر ئەکات.
2ـ بوونی پسپۆڕی بواری زانستە شەرعییەکان (مجتهد) لەکۆمەڵگادا واجبێکی شەرعییە، جا کەوایە بۆ نەپسانەوەی ئەم تیشک و شەبەقە، لەسەر شانمانە داسه‌کنانمان نەبێ.
3ـ مەلاکان ئەبێ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زانستدا گەشە بکەن و هەوڵی ئەمە بدەن زانستی خۆیان بە ڕۆژ بکەن، تا بتوانن وەڵامدەرەوەی پێداویستەکانی فیکری و پرسیارە شەرعییەکانی کۆمەڵگا بن.
بە ڕەچاوگرتنی ئەم خاڵە، مامۆستایان هەم ئەرکی سەرشانیان بەجێ‌هێناوە و هەم دڵی خەڵکیشیان پاراو کردووە.
4ـ بڕوا بەخوا و پاڵدانە سەر ئەمە کە هەر ئەوە رۆزی و بژیو ئەدا و گرفتەکان چارەسەر ئەکات، ئەبێ لە مێشکی گەنجەکاندا تۆکمە بکرێت، چونکە زۆرێک لە خوێندەواران بە بێ ئیشی ئەمێننەوە و زۆرێکیش لە نەخوێندەواران ئەوەندە دەوڵەمەند ئەبن گیرفانیان نابا، جا کەوایە نابێ گرفتی ئابوری بکرێ بە تەنگ و چەڵەمە لەبەردەم گەنج و بنەماڵەکاندا بۆ چوونە ناوحوجرە و بوون بەفەقێ.
5ـ ئەبێ خواستی بەڕەسمی بوونی حوجرە و بڕوانامەکان و ئاسانکاری بۆ درێژە پێدان بەزانستە دینی‌یەکان لەناوەندە زانکۆییەکان لەگەڵ بەرپرسیارو کەسایەتیە باڵادەستەکانی ناو حوکمەت لەسەرەوەی هەموو خواستەکان بێت و هەوڵی ئەوە بدرێت کەخزمەت بەمزگەوت و حوجرە و قوتابخانە ئایینیەکان شێوەیەکی ڕەسمی بەکارگرتن و دامەزراندنی پێ بدرێت، هەرچەندە ئەمەش بێ عەیب نییە.
6ـ ئەبێ هەوڵێکی پێداگرانە بدرێ بۆ ئەوه‌ی موسوڵمانان یارمەتی ئابوری مەلاو حوجرە بدەن و لەم بارەیەوە ئەکرێ سەرنجیان بۆ ئەم خاڵانە ڕاکێشرێ:
ـ هەر وەکو ژیانی دونیا پێویستی بە چالاکی و دانی ماڵ و کردنەوەی زریزەی گیرفان هەیە، گەیشتنی مرۆڤ بە پەسڵان و سەرەنجامێکی خۆشیش پارەدانی ئەوێ، ئەوەندی هەیە ڕۆژی دوایی بەوەکە نەبڕاوەیە، لەسەروی دونیاوەیە.
ـ دەوڵەمەندانی موسوڵمان ئەتوانن هەندێ لەزەکاتی خۆیان تەرخان بکەن بۆ لایەنی «فی سبیل الله».
ـ  زیندووکردنەوەی سوننەتي حەسەنەو ڕەوشتی بەرزی «وقف» باشترین رێگایە بۆ پاراستن و بە هێزکردنی بنکە زانستییەکانی ئایینی.
ـ لە حاڵێکدا نەیارانی دژ بە ئیسلام بە چەندەها شێوازی ڕاگەیاندنی وەکو ڕادیۆ و تەلەفزوێن بۆ بڵاوکردنەوەی هزر و بیرە چەپ و چوێڕەکان و بەربەرەکانی دەگەڵ بیرو باوەڕی موسوڵمانان کەڵکی یان وەرگرتووە و پارەیەکی ئەستووریان بۆ ته‌رخان کردووە. لە خەودا بوونی موسوڵمانان و هەڵنەستانیان تاوانێکی ئەوەندە گەورەیە کە داپۆشینی، ناکرێت.
ـ لاوازبوون و وێکهاتنەوەی بەرەی مەلاو حوجرەکان، وای کردووە هزرە چەپ و چوێرەکان لە هەر قوژبن و خیزاوکێ سەر وەدەرنێن و کۆمەڵگاش تووشی شڵەژان و شەقڵی بەقڵی بێت و ئەمەش لێدانێکی کاریگەرە لەبەرژەوەندییە دونیایی و دواییەکانی موسوڵمانان، جاکەوایە موسوڵمانان ئەبێ گرنگی باسەکە وەخوێنن و بەرپرسیارانە دەستی هاوکاری و یارمەتی لە ناودەستی یەکتر بنێن بۆ چارەسەرکردنی بەوەختی گرفتەکان (إن شاءالله)
ـ خەڵک له‌ناکۆکی نێوان مامۆستایان لەمەڕ فەتواکان، گلەیی و گازندە دەکەن، هۆی ئەمە چییە؟ بەلای تۆوە ئەمە چڵون چارەسەر دەکرێت؟
ــ لەبارودۆخێکی وەک ئەمڕۆ جیاوازی بیروڕا کارێکی ئاساییە. ئەمڕۆ کۆمەڵێ لەمەلای سوننەتی ئێمە، بەمەزهەب و راڕەوی فیقهی زانا و شەرع زانەکانی سەربە شافیعیه‌وە نووساون و بە موو لادان لەم راڕەوە بەکارێکی بیدعەت و خوار دەزانن، لەبەرامبەر ئەمەشدا گەنجانێکی لەشەوق و بە جموجۆڵ سەریان هەڵداوە کە بە دیتنی تەنانەت حەدیسێ یا رایێکی فیقهی تازە، هەڵدەستن فەتوا ئەدەن بە بێ ئەوەی کە بنەماکانی فەتوا ڕەچاوکەن، ئەوانیش پێوەنووسان بە هەر مەزهەبێ بە کارێکی بیدعەت و دور لە شەرعی خوا دادەنێن.
لەم نێوانەدا هەندێ زانا هەن کەسەرچاوەکانی فیقهی هەڵدەسەنگێنن و بەلێکدانەوەی رای موجتەهیدانی کۆن و هاوچەرخ و بە ڕەچاوکردنی بنەماکان، فەتوا ئەدەن. ئەم شێوازە هەرچەندە لە ڕاستی نزیکترە، بەڵام بەشێوەیەکی سروشتی ئەبیتە هۆی جیاوازی فەتوا. لەبەر ئەوە گونجاوترین و لەبارترین ڕێگا بۆ دەرچوون لەم گرفتە، سازدانی شۆڕای فەتوا لە ئاستی شارستان و پارێزگاو ووڵاتدایە، تا زاناکان بە بیرکردنەوەیەکی هاوبەشی زیاتر یا بۆ لێکدانەوەی بیرو ڕا جیاوازەکان دەرفەتێکی لەباریان بۆ چارەسەری پرسیارەکانی شەرعی هەبێ.
لەم ڕوودواە فەتواکان پتر وە ڕاستی ئەگەڕێن و خەڵکیش باوەڕێکی بەهێزتریان ئەبێ. ئەبینرێ کە ئەمکارە دەستی پێ کردووە، بەڵام ئێستاش لەئاستێکی سەرەتایی دایین و وەبەرەهاتنی ئەم ئیشە هەوڵ و تێکۆشان و بەرخودانی دڵسۆز و مەلای بەتوانای ئەوێ.
ـ مامۆستا باسی خۆتمان بۆبکە، وادیارە وێڕای خوێندنی حوجرە خوێندنی زانکۆیی و کاری ئیداریشت هەیە. تکایە کورتەیەک لەچالاکی ئیداری و مەلایەتی خۆتمان بۆباس بکە.
ــ بەڵێ دوای تەواوبوون لە فەقێیایەتی ، خوێندنی قوتابخانەم کە پێشتر بەنیوەچڵی بەجێ هێشتبوو، بەشێوەیەکی ئازاد (متفرقە) درێژە پێداوە. لە ساڵی 1377ی کۆچی هەتاوی بڕوانامەی سەتحی دووی حەوزەوی (لیسانس)م لەزانکۆی (الهیات و معارف اسلامی)ی تاران وەرگرت و ساڵی 1383 توانیم بڕوانامەی ماستەر (کارشناسی ارشد) هەرلەوێ وەرگرم، ئێستاش لەقوتابخانە، وانەکانی ناوەندی و پێش زانکۆیی لەشاری پاوە لەبەشی عەرەبی دا ئەڵێمەوە و لەگەڵ ئەمەشدا لەمزگەوتی جامیعی «دوریسان» ئیمامی جومعەو جەماعەتم.
ـ مامۆستای بەڕێز وەک دوایین پرسیار فەرموو چەند ساڵە لەم مزگەوتەدا بەڕەسمی مامۆستای و ئایا هیچ ئاسەوار و نوسراوەیەکی عیلمی و فەرهەنگیت هەیە؟
ــ من هەر لەو ڕۆژەوە کە فەقێیەتیم تەواو کردووە، واتە هەرلە ساڵی 1370 تا ئیستا هەرمامۆستام و لەو ماوەیەدا چەند کاسێتێکی و وتاری هەینیم هەیە و لەبواری کتێب نووسین و وەرگێڕان و ووتنی شێعریش چالاکیم هەبووە کە هیوام وایە لە ساتێکی گونجاودا لەچاپ بدرێن و بکەونە بەردەستی خوێنەرانی ئازیز و خۆشەویست.