خۆنەویستانە  هاوشێوەی نەخۆشیەكی كوشندە ،كورد جۆرێك ڤایرۆسی تێكەڵ بەخوێن بووە كە تەنها پاش مردن لە كۆڵی دەبێتەوە. لە دونیا وا باوە, میللەتان شانازی بە نەوە و رەچەڵەك و هەڵكەوتووی خۆیان بكەن، وەلێ بە پێچەوانەی جیاوازی نێوان ئاسمان و زەوی ، كورد كامە داهێنەر و زانا و هەڵكەوتووی هەیە كەوتۆتە بەربارانی بێ رەحمانەی داشكاندن و چەپۆكی بەخوێن سووربووی وێرانكاری..

راهاتووین لەسەر رەتكردنەوە و قەبوڵ نەكردنی یەكتر..

ئاخر یەكێك لە نیشانەكانی دواكەوتوویی هەر میللەتێك ئەوەیە پێزانین بۆ راستی و هەوڵ و ماندووبون و پاكی نەبێت.

نەتوانرێت درك بە هەقیقەت بكرێت و بینایی ناخ تاریك بكرێت.، نەزانرێت جیاوازی رەنگ كامەیە. كوێر دەستی چاوساغ بگرێت.

هەموو ئەو كارەساتە دەروونی و سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتیەی تاكی كورد بێ ئاگایانە بەدەستیەوە دەناڵێنێت لە دوو هۆكار سەرچاوەی گرتووە.

یەكەمیان خۆنەناسینی تاك وەك پێویست, نەگەیشتن بەهەقیقەتی خود كە وا لە زۆرینەمان دەكات خۆمان تێكەڵ بەهەموو بوارەكانی ژیان بكەین و هەق بەخۆمان بدەین هەڵسەنگاندن بۆ  نامۆترین بواری ژیانمان  بكەین.

دووەمیان خەمساردی و دەستەوەستانی دەزگا بەناو زانستی و مەعریفیەكانی كۆمەڵگای كوردی لەهەمبەر پرسە گەرمەكانی ژیان و هەڵسەنگاندنی ئەكادیمیانە كە تەنها مافی ئەوانە بۆ دورخستنەوەی خەڵك لە گریمانە و ئەگەری نابەجێ. بۆیە ئەو كەلێنە بەرفراوانە وای لە خەڵكی سادە كردووە خۆی وەكو شارەزا و ئەزموونداری هەربوارێك بزانێت كە دوور و نزیك پەیوەندی راستەقینەی پێوەنیە.

گرفتی ئێمە، تەنها لە هەڵسەنگاندنی نائەكادیمی و نابەجێ نیە،

بەڵكو وێرانكاری راستەقینە لەوەیە كە زۆرینەی هەرە زۆرمان جگە لەوەی شارەزا نین بەڵكو هەڵسەنگاندنەكانمان داروخێنەر و رەخنەی وێرانكەرن. هەموو سەرلەبەری یەكتر رەش دەكەینەوە تەنانەت ئەگەر لەسەر مانگیش گەرابینەوە.

هاوپیشەی یەكترین و یەكتریمان پێ  نەزانە. قوبوڵی یەكتر ناكەین.

سەیری هەگبەی بەتاڵ دەكەین و چاومان كراوەیە بۆ هەلەی یەكتر و زەق كردنەوەی بۆ هەمووان. رقمان لەسەركەوتنی بەرامبەرە , ساز و شادی نوشوستین.

بلیمەت و شارەزای راستەقینەش ئەو كەسەیە, كە بزانێت هیچ نازانێت. چونكە ژیان سنووری بۆ فێربوون و شارەزایی نیە و دەرگا داخراوی هەموو ئەوانەیە هەمیشە خۆیان لە لوتكەدا دەبینن.