مامۆستا عەبدوڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، بە‌بۆنەی کۆچی دواییی شێخ موحەممەدئەمین مەردۆخی برووسکەی ماتەمینی ئاراستەی گەورەبنەماڵەی مەردۆخی کرد.


دەقی پەیامەکەی بەڕێز ئه‌مینداری گشتی بەم جۆرەیە:

«الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُم مُّصِيبَةٌ قَالُواْ إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعونَ أُولَئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِّن رَّبِّهِمْ وَرَحْمَةٌ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُهْتَدُونَ» (بقره: 156-157)


بیستنی هەواڵی کۆچی دواییی جەنابی شێخ موحەممەدئەمین مه‌ردۆخی، برای بەڕێزی مامۆستا ئیبراھیم مەردۆخی- خوا بیپارێزێ- بوو بە هۆی خەم و پەژارە. بەدڵنیایییەوە بڕوا بە قەدەری ڕەوای خودای گەورە(جل جلالە) و تەسلیمبوونی ڕەزامەندانە سەبارەت بە چارەنووسی دیاریکراوی پەروەردگاری هەموو بوونەوەر، دڵ‌ و دەروونی خزمان‌ و کەسوکار هێور دەکاتەوە‌و سەبرو خۆگرییان زیاتر دەکا.

هەموولایەکمان، درەنگ یا زوو، ئەم جیھانە بێبەقایە، بە‌جێ دێڵین و ماڵئاوایی لێ دەکەین، جا خۆش بە‌حاڵی ئەوانەی کە بە دڵێکی پڕ لە نووری ئیمان و به گوێڕایەڵی بۆ فەرمانەکانی دینی خوا، بۆ لای خۆی دەگەڕێنەوە.


بە‌ناوی خۆم و لە‌لایەن ھەموو برایان و خوشکانی بڕوادارم لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی برای ئازیزم مامۆستا شێخ ئیبراھیم مەردۆخی‌و بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەم. لە خوای میری مەزن، بۆ ئەو کۆچکردووە، ڕەحمەت و لێخۆشبوون‌و بۆ خزم و کەسوکاری، خۆگری و ئارام گرتن به‌جوانترین شێوه‌و پاداشتی بێ‌بڕانەوە داواکارم.


اِنَّا لِلّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعونَ

عەبدولڕەحمان پیرانی

 ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح