بەو ناوەوە یەک میلیۆن کەس لە عێراق مردن. گوایە ئازادی دەهاتە سووریا. تەواوی سووریا ئازاد دەبوو، بەڵام ناوی "کورد" نەدەبوو.
لە زاری وەزیرێکەوە بیستم کە ئیتر وڵات ئازاد دەبێت، کوردەکان ئازاد دەبن، بەڵام خاوەنی ستاتو نابن!
پێی مرۆڤی لێنراوە، دەستی پێکەوتووە؛ مەرگ و نەمانی بینیوە، چەندین شارستانییەت دامەزراون، جەنگ و نەهامەتی روویان داوە، بۆ ئەوەی خاکەکان ئازاد بن.
مرۆڤایەتی، خاوەنی چیرۆکێکی میلیۆنان ساڵەیە. دنیای ئێمە هەتا دێت پیرتر دەبێت. پیر دەبێت و بە نێو گێژاوێکی بێکۆتاییدا رۆدەچێت. لەسەر جیهانێکی لەم چەشنە کە خاوەنی پێشخانی شارستانییەتێکی گەورەیە، تەواوی مرۆڤەکان ئازاد بن! لە هەر نەتەوەیەک بێت، رەنگی پێستی هەرچییەک بێت، باوەڕی بە کام دین و مەزهەبەکەی هەرچییەک بێت، چ عەلەوی، چ سوننە یان شافعی، موسڵمان یان مەسیحی، جوو یان کاتۆلیک... یانیش پرۆتیستان، تەنانەت دەتوانێ بێدینیش بێت. بەڵکو سوورپێست، یان رەشپێست، سپی پێستێکی باشووری ئەفریقیا بێت، تەنانەت دەتوانێ چاوبچووکی ڤیەتنامی یان کەمئەندامێکی کۆری بێت، ئیسکیمۆ یان عەرەب... زمانەکەی هەرچییەک بێت، ئوردو، مۆغۆل یان کاتالۆن، بۆ نموونە دەتوانێ ئینگلیز بێت، رەنگە تامیل، چینی یان لاتینی، بە هەر زمانێک بێت دەتوانێ بئاخوێت، تەواوی مرۆڤەکان ئازاد بن، بەڵام تەنیا ناوی "کورد" نەبێت! ستاتوسیشی نەبێت!
سەربە هەر نەتەوەیەک بێت. ساڵیانی ساڵە، کام زوڵمی لێکرابێت، لە کام شوێن بژیت، ئاڵایەکەی هەرچییەک بێت، منداڵەکەی بە کام پاسپۆرت لەدایک بێت، چ خوێنێک بە دەمارەکانیدا بڕوات، بەڵام ئازاد بێت!

تەواوی ژیانەکان ئازاد بن
هەموو مرۆڤێک کە ناوەکەی لەبیر کراوە، خاکەکەی چۆڵ کراوە، بوونەکەی لەناو براوە، کۆچی پێکراوە، سامانەکەی تاڵان کراوە، لە شوێنی باپیرانی دەرکراوە، لە کەناری شارەکان و بن دیوارەکان دەژی، ئازاد بێت؛ گرینگ ئەوەیە ناوی "کورد" نەبێت!
پاندای دارستانە بامبۆیەکان، ورچە سپییەکانی جەمسەرەکان، کیسەڵەکانی دەریا کە ژمارەیان لە کەمبوونەوەدایە، فۆکەکان، نەهەنگەکان، هەموویان ئازاد بن! ئەو دارستانانەی هێشتا تەوریان بە خۆیانەوە نەبینیوە، ئەو دۆڵە ساردانەی خۆیان لە پێکهاتەی ژیان پاراستووە، دەشت و چیایەکان ئازاد بن؛ باڵندەکانی ئاسمان، ماسییەکانی دەریا، فیلەکان و کەرگەدەنەکان؛ تەواوی حەشەرەکان ئازاد بن، بەڵام تەنیا ناویان "کورد" نەبێت!
بەهاری عەرەبی بێت، بەهاری وۆڵ ستریت بێت؛ دابەزینە گۆڕەپانی تەحریر، داوای ئازادی بۆ لیبیا بکەین؛ شۆڕشی قەبیلەیی بەرپا بکەین؛ ئازادی بۆ سەرەتاییەکان، هەروەها بۆ عەشیرەتەکانیش... داوای مەرگ بۆ سەددام بکەین، سەری قەززافی هەڵبگرین؛ لە میسر موبارەکیش رۆیشت، ئازادی بۆ تالیبان! ئەوەی لە غەززە وەک باران دەبارێت، بۆمبی فۆسفۆر نییە، فڕۆکەکان شیرینی بەسەر منداڵەکاندا دابەش دەکەن! دەی با بنکەی بەرگریی مووشەکی دابمەزرێنین، پێکەوە ئاسایشی ئیسرائیل بپارێزین، ئەگەر پاتریۆتەکان نەبن، نابێت، هەوڵ بدەن خەڵکی ئیسرائیل ئازادتر بن و لە ئارامیدا بژین!
سێ هەزار گوند سووتێندراوە! چۆڵ کراوە و رووخێندراوە! لە سریلانکا یان کەمبوجیا نییە! لە وڵاتی منە! لە ئاناتۆلی من، مەزۆپۆتامیای من! لەو خاکەی هەزاران نەوە لەوێ ژیاوم! هەر بستێک خاک ئازاد بێت، تەنیا "کورد" نەبێت!
تەواوی وڵاتانی یەکیەتیی سۆڤییەت؛ بڵێم ئۆزبەکیستان، تورکەمەنیستان یان تاجیکستان؟ ئەرمەنیستان لەبیر نەکەم؛ قرقیزستان، قازاخستان و جۆرجیاش هەن... هەموویان ئازاد بن! لە بەردەم مافی چاری خۆنووسینی هەموو نەتەوەکان سەر دانەوێنم؛ لە بەردەم تەواوی دەوڵەتانی جیهان، ئاوازی ئازادی بخوێنم. هەموویان وڵاتانی پێشکەوتوو، هەموویان وڵاتی شارستانین؛ ئەستۆنیا، لیتۆنیا و لیتڤانیاش ئازاد بن! وڵاتی دیکەش هەن؛ مۆلداڤیا، بیلاروس و ئوکراینا... هەموویان ئازاد بن!
شۆڕشی جیاوازمان هەبێت؛ شۆڕشی قەدیفە، شۆڕشی گوڵ، شۆڕشی لالە... شۆڕشی پرتەقاڵیش لەبیر نەکەم. لە ئەنجامدا، بەبێ جیاوازی، تەواوی وڵاتان ئازاد بن!
گەورە و بچوک جیاوازیان نییە. حەشیمەتەکەی هەرچییک بێت؛ کۆنگۆ بە چوار میلیۆن حەشیمەتەوە، موریتانیا بە سی میلیۆن و سێ سەد هەزار، ئەرنەڤوت و کوەیت بە دوو میلیۆن و هەشت سەد هەزار، خەڵکی مۆغۆل بە دوو میلیۆن و حەوت سەد هەزار و لیسۆتۆ بە کەمتر لە دوو میلیۆن کەسەوە! هەموویان ئازاد بن! ئەی خەڵکی قەتەر، بەحرێن، تیمۆری رۆژهەڵات و بۆتسوانا بە کەمتر لە یەک و نیو میلیۆن حەشیمەتەوە ئازاد نەبن؟
ئەدی لوکساوبورگ بە 510 هەزار کەسەوە؟ یان ئایسلەند بە 317 هەزارەوە؟ مەگەر سام مارینۆ بە 21 هەزار حەشیمەتەوە ئازاد نییە؟
لە حەوت کیشوەردا، لە دەریا و زەریادا، جەمسەری باکوور و باشوور؛ ئەوانەی خاکیان بێبەرهەم و چۆڵە؛ چیا یان دەشتە، هەر بستێکی خاک ئازاد بێت! وڵاتانی وەک سورینام، برونوێ و مالدیڤیان بە کەمتر لە پێنج سەد هەزار کەسەوە ئازاد نەبن؟
ئازادی بێتە باکووری قوبرس! پیرۆزبایی لە تورکەکانی بولگاریستان بکەین. لەوانی قەرەباغیش... بیابانی رۆژئاوا بە 550 هەزار کەسەوە، وڵاتانی گوام و سامۆئا بە 180 هەزار کەسەوە، کالیدۆنیای نوێ بە 245 هەزارەوە، گرانادا بە 104 هەزار کەسەوە، ڤیرجین بە 108 هەزار، دوورگەکانی فاڵکلاند بە 3 هەزار و ساینت هێلان بە 4 هەزار کەسەوە ئازاد بن! تایوان، کۆسۆڤۆ، ئابهازیا و باشووری ئۆسیتیاش ئازاد بن!
کینیا چاوەڕوانی دەربازبوون لە وشکەساڵی و برسێتییە. سۆمالی دەرگا نییە، سودانیش لە نۆرەی ئازادیدایە؛ تەنانەت ئەگەر چەند پارچەش بووبێت... کێشە نییە، دیسانیش تەواوی پارچەکانی ئازاد بن! یوگوسلاڤیا کە ئێستا پارچە پارچە بووە؛ ئەمڕۆ خرڤاتیستان و رەنگە سبەی داڵماچیا؛ سربیستان و بۆسنا و هێرسێک؛ مەقدۆنیا، سلۆڤینیا، قەرەداغ و کۆسۆڤۆ... هەموویان ئازاد بن! هەروەها ستاتوسیان هەبێت، بەڵام "کورد" نەبن!

یەک میلیۆن مرۆڤ
لە کۆتاییدا چارەنووس رووی لە سنوورەکانمان کرد، ئازادی گەیشت. نۆرەی دراوسێیەکانە؛ سەردەمێک ناوی "دنیای ئازاد" بوو. دواتر بووە "هەوڵی ئازادی". ئازادی چووە خاکی تەواوی جیهان! ناوەکەی گەیشتە دەستەواژەی زۆر مۆدێرن؛ بازاڕی ئازاد، کاپیتالیزم و جیهانیبوون... ئەو ئێستا لە جەنگدایە؛ "دنیای ئازاد"، بە ناوی ئازادییەوە، "سوپای ئازاد" پێک دەهێنن و دەجەنگن. ئەو دەوڵەتانەی خوازیاری ئازادی و ئاشتین، بۆ یارمەتیی "سوپای ئازادەکان" کێبڕکێ دەکەن. هێزە هاوپەیمانەکان دەست تێکەڵ دەکەن. نەتەوەیەکگرتووەکان شەونخوونی دەکێشێت. "بەرەی دیموکراسی" بەرفراوانتر دەبێت!
بە ناوی ئازادییەوە، یەک میلیۆن کەس لە عێراق بوونە قوربانی! رۆژێک ژماردم؛ لە کۆڵانەکانی عێراقدا 127 قوربانی هەبوون! ماشەڵڵا، ئەم "دیموکراسی"یە چەندیش بە خێرایی جێگیر دەبێت. شمشێرەکەی چەندیش تیژ بێت، بڕوانن لە لیبیا سەری قەززافی چۆن پەڕاند ئەم دیموکراسییە ناودارەی ئێمە! نرخەکەی رێک سێ سەد میلیۆن دۆلار! پارەکانمان بە جانتا نارد. مەڵێن بۆ مەرگیش مەگەر وەسڵ دەنووسرێت؟ ئەو مەرگانەی لەگەڵ دیموکراسی دێن، هیچ حساب دەکرێن مەگەر. جارێک هەواڵ لە میدیاکانەوە بڵاو کرایەوە؛ فەرەنسا کە پاڵەوانی دیموکراسییە "لەسەر سەدا سی و پێنجی نەوتی لیبیا رێک کەوتووە." ئازادی چ باجێکی جوانی هەیە! ئێستا قەبیلەکان لە بیابانەکانی لیبیا دەستیان لە بەرۆکی یەکتری ناوە. کەواتە هێشتا دیموکراسی بۆ ئەو شوێنانە پێویستە... هێزە هاوپەیمانەکان زیاتر لە وانەکەیان بەردەوام دەبن!
چەندیش بە قورسییەوە دەئاخوی؛ وەزیر دەیگوت: "ستاتوس و شتی وا بە کورد نادەین". وەک ئەوەی خێر دابەش بکات جەنابی! بەڵام درێژەی پێدەدا: "ئاشتی و ئازادی دێت" بۆ وڵات...
بەڵێ، ئاشتی و ئازادی دێتە وڵات. رێک وەک ئەفغانستان و عێراق؛ رێک وەک تونس، لیبیا و میسر؛ بڕوانن رێک وەک سووریا...
وڵاتە شارستانی و دیموکراتەکانی جیهان چەندیش بەجوانی لە دەوری یەک کۆ بوونەتەوە. هۆڤەکانی سەر زەویان بە گژ کورددا کردووە. گوایە لە رێگەی جیهادەوە ئازادی دێتە سووریا. ماشەڵڵا، شێخ و ئەمیرەکان لە هەر چوار دەوریدا دەسووڕێنەوە؛ تەواوی سووریا ئازاد دەبێت، بەڵام ناوی "کورد" نابێت.