خوایەگیان! باش دەزانم كە هیچكەسێكی دیكە ناتوانێت ـ بەو چەشنەی كە خودی دەردەدارەكە دەیزانێ‌ ـ دەردی دڵی دەردەارێك بۆ حەكیم و چارەسازێك باس بكات، هەركەس خۆی باشتر دەزانێ‌ كە سكاڵا و نیاز و پێویستییەكانی چین و چۆن و بۆ كێ‌ باسیان بكات، فارس گوتەنی: (كس نخارد پشت من***چون ناخن انگشت من) واتە: هیچ كەسێك ناتوانێت پشتم بەو چەشنە بخورێنێ‌ كە پەنجەی دەستی خۆم دەیخورێنێ‌.

 یانی خۆم دەزانم پێویستم بە چییە و چ ئازار و كەموكورتی و ناتەواوییەكم هەیە، هەردەبێ‌ خۆشم هیممەت بكەم بۆ دەستخستنی چارەسەری دەرد و ئازار و كەموكورتییەكانم، خۆم دەزانم كە سكاڵا و نیاز و خواستەكانم بۆ لای چ چارەسازێك ببەم تا بێت بە هانامەوە و نیازم بەراوردە بكات و دەرد و برینم چارەسەر بكات، بۆیە باشترین چارەساز و پەنا و فریادڕەسێك كە هانای بۆ ببرێت، تەنها خوای میهرەبان و بەدیهێنەری جیهانیانە.

منیش وەك بەندەیەكی نیازمەند و دەردەدار و بە كۆمەڵێك دەردی دڵ و نیاز و كەموكورتی مادی و مەعنەوی و جەستەییەوە، لەگەڵ هەموو نیازمەند و دەردەدارەكاندا ڕوو دەكەمە دەرگای ڕەحمەتی ئەو خوا میهرەبانە باڵادەستە و پڕ بەدڵ دەپاڕێمەوە و دەڵێم:

ئیلاهی! كە تۆ پەنامی... كە تۆ تاكە هانامی... كە تۆ فریادڕەس و جێی هیوامی، چیم داوە لە پەنا و هانا و فریادڕەسە بێدەسەڵات و لەرزۆكەكان؟! چیم داوە لە فریادڕەسە بێدەس و بێدەسەڵاتە كاتی و درۆینەكان، لە پەنا لەرزۆك و ڕزیوەكان... لە هانا بەرژەوەندیخوازەكان؟!

پەروەردگارا! ئەرێ‌ كەی منی بەندەی موشتاقت عابیدانە هاتوومەتە دیوانت و مێوانداریت نەكردبم؟! كەی وەك بەندەیەكی نیازمەند هانام بۆ هێناویت و پەنات نەدابم؟! كەی وەك بەندەیەكی زۆر موحتاجت داوام لێ كردوویت و نیازت بەراوردە نەكردبم و خواستەكەمت بەدی نەهێنابێت؟! كەی وەك بەندەیەكی نەخۆش و بیمار، دەرد و نیازەكانمم بۆ باس كردوویت و نازت نەكێشابم و تیماری دڵی بریندارمت نەكردبێ‌؟! كەی دڵم ڕەنجاوە و لەگەڵت كەوتبمە ڕاز و نیاز و دڵنەواییت نەكردبم و دڵی شكاومت ساڕێژ نەكردبێ‌؟!

خوایەگیان! كەی لە بیابانی ژیانی دونیادا تەنها كەوتووم و هەستم بە بێكەسی و تەنیایی كردووە و دڵداریت لەگەڵ نەكردبم و دڵمت بە زیكر و یادت ئاوەدان نەكردبێتەوە؟! كەی ڕۆژێك بە دڵ لێت پاڕاومەتەوە و دڵمت ئاسودە نەكردووە؟! كەی دەم و زمانم بە یاد و زیكری ئارامبەخشت پاراو كردووە و زمانت شیرین نەكردووم؟! كەی چاوم لە ڕەحم و بەزەیی و سۆز و دەسەڵاتت بڕیوە و نیگای ڕەحمەتت لێ‌ نەگرتووم؟!

ئیلاهی! كەی هەنگاوێك بەرەو ڕووت هاتووم و سەدان هەنگاو نەهاتبیت بە پێشوازیمەوە؟! كەی بستێك لە زەوی بەرز بوومەتەوە بۆ لای دیوانت و تۆش خوایانە فەرسەخێك لە ئاسمان و لە عەرشەوە نەهاتبیتە خوارەوە بۆ ئەوەی بەرزترم بكەیتەوە؟! كەی دەستە لەرزۆكەكانمم بۆ لات بەرز كردووەتەوە و بە دەستە پڕ لە سۆزەكانت دەستمت نەگرتبێت؟! كەی دەستی خاڵیم بەرز كردۆتەوە بۆ ئاستانەی ڕەحمەت و خەزێنەی فراوانت و پڕت نەكردبێ‌ لە ناز و نیعمەتت؟! كەی پێویستم بە ڕووناكی بووە و ڕێگەمت نەكردۆتە چراخان؟! كەی شتێكی باش هەبووە بۆ ژیانم و ـ تەنانەت بەبێ‌ ئەوەی خۆم بزانم و دەركی بكەم ـ تۆ بۆمت دەستەبەر نەكردبێت؟! كەی داوای خۆشەویستی و عیشقی تۆم كردووە و وەك تاوی باران نەتباراندووە بە سەر مەزرای وشكەوەبووی دڵ و دەروونمدا؟!

دەسا خوایەگیان! ئەی میهرەبانی حەكیم و تەبیب و چارەسازی بێ‌ چوون! هەرچی بە باش دەزانی بۆ دونیا و دواڕۆژم بۆم بێنە پێش، وام لێبكە كە خۆت پێتخۆشە و دەتهەوێ‌ ئەم بەندە موحتاج و موشتاقەت بەو چەشنە بێت، بمكە بە بەندەیەكی خواناس و خواپەرست و خوادۆستی حەقیقی... ئامین... ئامین.