نابێ بە بیانووی سوننە یان ئەهلی حەق بوون سووکایەتی بەکەس بکرێت 

ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆکی ناوەندی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارێکی لە شاری کرماشان ئێرانی بە نموونەیەک لە یەکگرتوویی شیعە و سوننە لە جیهانی ئیسلام ناوبرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس: ئایەتوڵڵا ڕەفسەنجانی کە سەردانی پارێزگای کرماشانی کردووە، لە دیدارێک لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی ئەو پاریزگایە، توندڕەوی ئایینی بە گەورەترین بەڵای جیهانی ئیسلام ناوبرد.

بە ئاماژە بە دەوری گرینگی مامۆستایانی ئایینی سوننە و شیعە لە مێژووی ئیران بۆ پارێزگاری و پاراستنی ئێران، جەختی کرد ئەم توێژە هەمیشە وڵاتیان لە مەترسییەکان پاراستووە.

ئایەتوڵڵا ڕەفسەنجانی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لە پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان شیعە، سوننە و ئەهلی حەق کرد و وتی: جەماعەتی ئەهلی حەق باوەڕیی تایبەت بە خۆیان هەیە کە دەبێ پابەندی بن و ئێمە ناتوانین بە زۆر و زەخت باوەڕییەکانی خەڵک بگۆڕین.

جەختیشی کرد کە خەڵک باوەڕی و بەندیواری تایبەت بە خۆیان هەیە و ناتوانرێت بە بیانووی ئایین، سوننە بوون یان ئەهلی حەق بوون سووکایەتی بەکەس بکرێت.

سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران ئاماژەشی بە نائەمنییەکان لە ناوچە دا و ڕایگەیاند: مخابن هەندێک کەس و لایەن بەناوی ئایین و بە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی شیعەکان دەکوژن و ئەوە توندڕەوانی شیعە و سوننەن کە ناوچەیان خستۆتە مەترسییەوە.

ناوبراو بە ئاماژە بە ململانێ و ناکۆکی لە نێوان شیعە و سوننە لە جیهانی ئیسلام، ئێرانی بە نموونەیەک لە ئیئتیلافی شیعە و سوننە ناوبرد و وتی: ئەگەر ئێمەی شیعە لە ئێراندا لەسەر ناوی زۆرینە و لە ڕێگای دەسەڵاتەوە هەر کارێک بمانەوێت ئەنجامی بدەین، هاوکیشەکانمان لە ناوچەکانی دیکە کە لە کەمینەدان، خەسارەکەی دەبیننەوە.

سەرۆکی ناوەندی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی وتیشی: ئەگەر ئەزموونی ئێران لە ئیتیلافی شیعە و سوننە بەرەوەپێشەوە بڕوات، ئێران دەبێتە دەسەڵاتێکی بەهێز لە جیهاندا.

شیاوی ئاماژەیە کە ئایەتوڵڵا ڕەفسەنجانی لە دوێنێ (سێشەممە) سەفەرێکی دوو ڕۆژەی بۆ پاریزگای کرماشان دەستپیکردووە و لەگەڵ زۆربەی چین و توێژەکان و بەرپرسانی ئەو پارێزگایەدا دیدار و چاوپێکەوتنی بووە.