لە دوای کۆتای هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەرکەوتنی ئەنجامی بەرایی دەنگەکان ئەوەی قسەو باسی زۆری لە سەر کراو ئەکرێ هەڵسەنگاندنە بۆ دەنگەکانی یەکگرتوو و ئەدای سەرکردایەتیەکەی  بەگشتی و بەتایبەتی لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەدا ،ئەگەرچی پێویستە لەسەرەتاوە ئەوە بڵێم کە هەندێک زۆر پەلە دەکەن لە وەرگرتنی بریار دەربارەی دەرئەنجامەکەن، چونکە هێشتا ئەنجامەکان بەفەرمی رانەگەیەنراوە و دیارنیە کە یەکگرتوو دەنگی کەمی کردوە یان نا ،بەڵام خۆ ئەگەر واشبێت و کەمیشی کردبێت، دەبێت هەڵوێستی ئێمە جیا بێت لە هەڵوێستی کەسانی تر.

 ئەم ووتانەی من بۆ کەسانێکە کە پەروەردەی قورئانی بن چونکە ئێمە کە مەرجەعمان قورئانە دەبێت بۆ هەر هەڵوێست و بریارێکمان بگەرێینەوە بۆ قورئان و بزانیین چۆنمان فێر دەکات ، ئەرنا تەرازووی پێوانەکانمان تێک دەچێت و هەڵسەنگاندنەکانیشمان نادروست دەبن و خۆشمان و کەسانی تریش توشی کێشە دەکەین و دواتر بریاری نادروست و هەنگاوی هەڵەی بەدوادا دێت.ش

لێرەوە دەڵێم وەک ئەوەی من تا ئێستا ئاگادارم و بەدواداچون دەکەم بۆ گلەیی و گازندەکانی کە روبەروی یەکگرتوو و سەرکردایتیەکەی دەکرێتەوە تەنها ئەوەیە کە دەنگی کەمی کردووە (ئەگەر وابێت)،بە مانایەکی تر تەنها پێوانە بۆ هەڵسەنگاندن کەمی و زۆری شوێنکەوتوانە، لە کاتێکدا پێوانی هەڵسەنگاندن لە پەروەردەی قورئانیدا بۆ (باشی  و خراپی و سەرکەوتن و سەرنەکەوتن)، باش بە ئەنجام گەیاندنی کارێکە کە ئیماندار پێوستە پێی هەڵسێت.

 ئەوەندەی من تێگەشتبم  یەکگروو و یەکگرتوەکان خاوەن پەیامێکن هێندەی گەیاندنی پەیامەکە بەو شێوەیەی کە پێویستە گرنگە ئەوەندە زۆرو کەمی شوێنکەوتنی خەڵکی بۆی گرنگ نیە ، چونکە شوێنکەوتن و وەرگرتنی پەیام و بەرنامەیەک چەندە پەیوەندی بە گەیاندنی پەیامەکە و هەڵگرانی پەیامەکەوە هەیە هێندە پەیوەندی بە ئامادەیی خەڵکەوە هەیە بۆ وەرگرتن و وەڵام دانەوە بۆی ،وە مەرجیش نیە وەڵام نەدانەوە بۆ بەرنامە ورێبازی پەیرەوەی بەرنامەیەک پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ئەو کەسە یان ئەو کۆمەڵە بەرنامەکە یان شێوازی کاری بەرنامەی هەڵگرانی پەیامەکەیان بەدڵ نەبێت یان بە خراپی بزانن ، بەڵکو زۆر جار لەدەست دەرچونی (پلە وپایە ،سەروەت، دروستبونی کێشە ...هتد بە شێوەیەکی کاتی) دەبن بە رێگر لە وەڵامدانەوەی خەڵک بۆ بەرنامەیەک یان رێبازی کاری کۆمەڵێك،وەك قورئان نموونەمان بۆ دەهێنێتەوە و دەفەرموێت(وَقَالُوا إِن نَّتَّبِعِ الْهُدَىٰ مَعَكَ نُتَخَطَّفْ مِنْ أَرْضِنَا أَوَلَمْ نُمَكِّن لَّهُمْ حَرَمًا آمِنًا يُجْبَىٰ إِلَيْهِ ثَمَرَاتُ كُلِّ شَيْءٍ رِّزْقًا مِّن لَّدُنَّا وَلَـٰكِنَّ أَكْثَرَهُمْ لَا يَعْلَمُونَ)القصص ٥٧ ،خۆ هۆزی قورەیش و عەرەبەکان وەک قورئان دەفەرموێ چاک دەیانزانی ئەوەی کە پێغەمبەر (د.خ) هێناویەتی رێنیشاندەرو هیدایەتە و هیدایەتیش سەرئەنجامی سەربەرزیە ،بەڵام لەوە دەترسان کە بەهۆی شوێنکەوتنیان بۆ هیدایەتەکە توشی دەرکردن ببنەوە لەکاتێکدا شوێنکەوتنی هیدایەتەکە ئەبێتە هۆی خۆشبەختی دنیا و ئاخیرەتیان،لەم روانگەیەوە ئەگەر کار و کردەوەی یەکگرتوو یەکگرتووەکان هەڵبسەگێنین .

 بە شاهێدی دۆست و دوژمن لە هەرشوێنێک  یەکگرتووەیەک هەبێت سونبولی دەستپاکی و دڵپاکی و دژە گەندەڵی  و خزمەتکاری و لێبران و خۆنەویستیە ( ئەگەرچی یەکگرتووش وەک مرۆڤ بێ بەش نیە لە کەمو کورتی )،ئەوەندەی من چاودێریم کردوە و ئاگادارم نەمبیستووە کەسێک بڵی یان ووتبێتی دەنگ بەیەکگرتوو نادەین چونکە (گەندەڵن ، دەست پیسن ،ماڵ و سەروەت و سامانی میلەت بەفیرۆ بەرن ، بێ متمانەن ...هتد)بەڵکو بەپێچەوانەوە وەصف و سەنای یەکگرتوو و یەکگرتوەکان دەکەن  و بەجێی متمانەی دەزانن بەڵام تاکە هۆکار یان سەرەکیترین هۆکار ئەوەیە کە بەرژەوەندی ناتەندروست لە(پێگە،سەروەت و سامان ..هتد)لەدەست بدەن کە ئەوەش پەیوەندی بە یەکگرتووەوە نیە بەڵکو لایەنەکانی بەرانبەرن کێشەیان بۆ دروست دەکەن لە پێناوی مانەوەی دەسەڵات و پێگەی نادروستی خۆیاندا، بۆیە وا بە پەلە و خێرایی درێژ کردنی پەنجەی تۆمەت بۆ سەرکردایەتی و تۆمەتبارکردنیان بە کەمتەرخەمی لە بەجێهێنانی ئەرکی سەرشانیان پێش بەدواداچونی وورد بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکان کارێکی نابەجێ دەبێت.

لێرەوەیە پەروەردەکراوانی قورئانی دەبێت بزانن کە چۆن رەخنە و پێشنیارەکانیان ئاراستەی سەرکردایەتی خۆیان دەکەن  و پێکەوە هەموو هێزی خۆیان دەخەنە کار بۆ دڵنیا کردنەوەی جەماوەر لەوەی هەرکات ئەمان هاتنە دەسەڵات مافی خوراوی هەموان وەردەگرنەوە، وخۆیان بەدوور دەگرن لە هەر داو و تەڵە  و پیلانێکی دوژمنان بە ئاگایی یان بێئاگایی بیانەوێ درز بخەنە نێو ریزەکانی یەکگرتووە وە، لە کۆتایدا دەڵێم ئەگەر چی رەخنە و رەخنەگرتن و چاودێری بەرپرسان ئەصڵێکی قورئانی یە وهەموو تاکێک لێی بەرپرسە، بەڵام دەبێت رەچاوی ئاداب و رێگە تەندروستەکانی بکرێت بەتایبەتی  (دڵنیابوون و بەدواداچون بۆ بابەتی رەخنەکە) و خۆ دوورگرتن لە پەلەکردن و ناوزراندن .سوپاس بۆ خوا یەکگرتوو ئێستا قوتابخانەی پێگەیاندنی مرۆڤی دەست ودڵ پاك و خزمەتکاری میللەتە ،دەنگی کەم بێت یان زۆر هەرسەرکەوتووە .