ڕێوڕەسمی بەربانگی جەماعەت لە سنە بەرێوەچوو

د. مەحموود وەیسی

ڕێوڕەسمی بەربانگی ئەندامان و لایەنگرانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح  بە ئامادەکاری لێژنەی جێبەجێکاری جەماعەت، لە سنە بەڕێوەچوو.

به پێێ هەواڵی هەواڵنێری ئیسلاح وێب، مامۆستا «مەحموود وەیسی» لە زانایان و ئەندامانی  پێشەنگی جەماعەت، لەرێوڕەسمەکەدا سەبارەت به «لێهاتوویی و مەهارەتە واتاییەکان» دوا و گوتی: ڕەمەزان مانگی زیادکردنی قورسایی و کێشه؛ بەڵام کام کێش و قورسایی؟ مەبەست کێشی لەش و جەستە نییە بەڵکوو مەبەست کێشی بەندایەتی و پاڕانەوە و واتاییبوونە. ڕەمەزان مانگی جوابکردنی نەفس و شەیتانە. لە زمانی عەڕەبیدا له نێوان دوو چەمکی «صوم» و «صیام» جیاوازی هەیە، «صوم» بە واتای خۆڕاگری و تاقەت هێنانە بەڵام «صیام» به واتای خۆڕاگری وێڕای زەخت و گوشارە.گوشارەکان لەو مانگەدا زۆتر دەبن، توونێتی و برسییەتی و تاوانەکان هەر هەموویان هێرش دێنن و کۆنتڕۆڵکڕدنی خۆمان لە هەمبەر ئەو زەخت و گوشارانە پێی دەگوترێ «صیام».

مامۆستا وەیسی لە درێژەدا گوتی: ئیمام غەزالی لە لێکدانەوەیەکدا دەڵێ پارێزگاری دوو بەشە کە بریتییە لە: دوورکەوتنەوە و گوێڕایەڵی.

ڕۆژوو سەراسەر دوورکەوتنەوە و پارێزکردنە و بێگومان لە گوێڕایەلی و فەرمانبردن دژوارتره. ئیمام غەزالی ڕای وایە ئەگەر توانای پارێزکردن و دوورکەوتنەوە لە تاوان و گوناهمان هەبێت، ڕاستەوخۆ توانای گوێڕاڵی و بەجێهێنانی فەرمانەکانی خودامان دەبێت و بەبێ دوورکەوتنەوە، پارێزگاری جێبەجێ نابێت.    

د. وەیسی هەروەها سەبارەت بە لێهاتوویی و مەهارەتە واتاییەکان گوتی: دونیای ئەمڕۆ دونیای مەهارەت و کۆکردنەوەی مەهارەتەکانه و کلید و نهێنی کۆکردنەوەی مەهارەت و لێهاتوویی دووپاتکردنەوەیە. ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بۆ ئەوەیە پارێزکردن و دوورکەوتنەوە لە لامان ببێتە مەهارەت و لێهاتوویی و تێدا شارەزا بین.کە واتە ڕەمەزان مانگی فێربوونی لێهاتوویی و بەدەستهێنانی مەهارەت و شارەزاییە. ڕۆژوو کردەوییترین شێوازی تۆبەیە کە به بەرپاکردن و زیندووڕاگرتنی مانگی ڕەمەزان دەست دەکەوێ  و لە ڕاستیدا تۆبەی نێو تۆبە و شەربەتی نێو شەربەتە و کورد وتەنی «حەجی دووبارە حەجە». ڕێوڕەسمەکانی خوێندنەوەی قورئان، بەجێهێنانی تەراویح و بەندایەتیش لەو مانگەدا هەر هەموویان وێنای بەشێک لە بەهەشتن. 

مامۆستا وەیسی ئاماژەی بە ڕەوش و حاڵ و هەوای بنەماڵە موسڵمانەکان لەو مانگەدا کرد و گوتی: هەلسوکەوتی جوان  لە بنەماڵەدا و فەراهەم هێنانی ڕەوشێک کە لەودا ڕێز و کەرامەتی تاکەکان پارێزراو بێت، لە ڕێزی وەدەستهێنانی ئەو مەهارەته واتایی و دەروونییانەیە. ڕەوشی ڕەمەزان ڕاهێنەر و پەروەرەندەیە و جێی خۆیەتی بنەماڵەکان لەو مانگەدا ڕەوشی ماڵێ وەها بگۆڕن کە لەودا گوێڕایەڵی و پەرستشی خودا حاکم و بەرقەرا بێت.

ئەو زانا ئایینییە ئاماژەی بە زیانەکانی فەزای مەجازی لەو مانگەدا کرد و ڕایگەیاند یەکێک لە مێمڵەکانی ئەو مانگە پیرۆزە، فەزای مەجازییە کە سوودێکی ئەوتۆی نییە و لەو ڕۆژانەدا جێی خۆیەتی، پێداچوونەیەکمان سەبارەت به چۆنێتی کەڵک وەرگرتن لە فەزای مەجازیدا هەبێت، چونکە پارێزکردن لەو فەزا و بەستێنەدا سەبارەت بە پارێزکردن لە دونیا و فەزای ڕاستەقینە گەلێک سەخت و ئاستەمترە و ژیری و وریاییەکی زیاتری گەرەکە.  

مامۆستا وەیسی لە درێژەی وتارەکەیدا باسەکەی هێنایە سەر پێوەندی نێوان ڕۆژووگرتن و چاکسازی هێندێک لە ڕەوشت و ئاکارەکان و گوتی:

گەورەترین خەسار و زیان بۆ تاکی موسڵمان لەخۆبایی بوون و خۆبەزلزانییە، کە وەهمی و گومانی بێ نوقسانی لە دەروون و کەماڵی ئیمانی تێدا ساز دەکات. لەخۆبایی بوون و بەکەمگرتنی خەڵکانی تر بنچینەی سەرەجەم تاوان و زیانەکانە.

شایانی باسە، سێ ساڵە کە لە شێوەی ئەو ڕێوڕەسم و بەربانگانه بەردەوام لە سنە بەڕێوە دەچێ، هەروەها بەشداری چڕوپڕی لاوان خاڵی سەرنج ڕاکێش و بەرچاوی ڕێوڕەسمەکەی ئەمساڵ بوو.  

ڕێوڕەسمی بەربانگی جەماعەت لە سنە بەرێوەچوو
ڕێوڕەسمی بەربانگی جەماعەت لە سنە بەرێوەچوو