فەتوا: دەربارەی بەكارهێنانی وشەی (شەهید) و داوای بەزەیی بۆ ناموسوڵمان

فەتوا: دەربارەی بەكارهێنانی وشەی (شەهید) و داوای بەزەیی بۆ ناموسوڵمان

 

بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

پرسیاری زۆر كراوە دەربارەی پێدانی نازناوی (الشهادة) یان (الشهید) بە كەسێك كە بە ستەم دەكوژرێ‌ بەڵام موسوڵمان نیە، بەتایبەتی، لەدوای كوشتنی ڕاگەیەنكاری ناوازە شیرین ئەبو عاقلە.

وەڵام:

سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، دروود و سەلام لەسەر پێغەمبەرەكەی، لەسەر ماڵبات و هاوەڵە بەڕێزەكانی و لەسەر هەر كەسێكیش شوێنكەوتەی پەیامەكەیەتی، پاشان:

لەڕاستیدا ئەم مەسەلەیە قسە و باس و مشتومڕێكی زۆری لە نێوان موسوڵمانان و بانگخوازاندا ناوەتەوە، هەیانە توندگیرە، هەشیانە شلگیر و ئاسانكارە تیایدا، هۆیەكەش ئەوەیە كە زاراوەی (شەهادەت) یان شەهیدیان لە زمان و لە قوڕئانی پیرۆز و لە سوننەتی ڕاست و دروستدا وەك خۆی دەرنەهێناوە، چونكە ئەم زاراوەیە لە زمان و لە قوڕئانی پیرۆز و لە سوننەتدا مانای زۆر لەخۆ دەگرێ‌، هەروەها بە وردی نەیانڕوانیوەتە فیقهی پێوان (میزان) لەم بابەتەدا.

چونكە فیقهی (میزان) لێرەدا بریتییە لە پێوان و میزانی هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو ناموسوڵمانانەدا كە هاوڵاتی و هاوبەشمانن لە پرس و دۆزەكەماندا، بەڵكوو لەگەڵماندا دەجەنگن دژ بە داگیركار، ئەویش میزانی چاكەكردن و دادپەروەرییە بە دەقی قوڕئانی پیرۆز، ئەم چاكەیەش بە مردن نابڕێت، ئەوە چاكە لەگەڵ كردن نیە ئێمە بێین بە ناباش باسی ئەو  مردووە ناموسوڵمانە بكەین كە هاوبەشمانە لە جەنگماندا دژ بە داگیركار، یان بێین هەر بە مردنی ئیتر فەرامۆشی بكەین، (ئایا پاداشتی چاكە هەر چاكە لەگەڵكردن نیە)، پاشان چاكەكردن لەگەڵ كەسوكاریدا واتە لەگەڵ ئەو هاوڵاتیانەدا كە ناموسوڵمانن و هاوبەشیمان دەكەن كە دەبێ چاك بین لەگەڵیان و دادپەروەر بین، یەكێ‌ لەو چاكانەش ئەوەیە كە بە چاكە سەرەخۆشیان لێ بكەین، باسی مردووەكەیان وەها بكەین كە لە خێر و چاكەیەكی دنیاییدا بووە، قسەی ئێمەش بەپێی فیقهی میزان پەیوەند نیە بەوەوە كە ئایا ئەو كەسە لە بەهەشتییانە یان لە دۆزەخییانە، چونكە ئەم دووانە هەریەكەیان بەپێی میزانی خۆی مەعلوومە، بەڵكوو باسمان لە میزانی هەڵسوكەوتە لە دنیادا، ئەمە لەلایەكەوە، لە لایەنی زاراوەی (شەهید) یان (شەهادەت)یشەوە ئەوا هەردووكیان لە وشەی (شهد)ەوە هەڵگۆزراون، كە بە مانای ئامادە بوو و بەجێگەیاند دێت، دەوترێ‌: ئامادەی فڵان شایەتیدان بوو: واتە بەجێی گەیاند، شایەتی دا بۆ فڵانە كەس لەسەر فڵانە كەس واتە ئەو شایەتییەی كە لای بوو گەیاندییە جێگای خۆی، شایەتی دا بە خوای گەورە: واتە سوێندی خوارد بە ناوی ئەو زاتە، ئەو زانیارییەی لای بوو دانی پێ دانا، ئامادەی ڕەمەزان بوو، واتە ئامادە بوو و لەگەڵیدا ژیا، شایەتیدا واتە شایەتومانی خوێند، شایەتی دا واتە داوای شایەتی لێ كرا، شهادەش بە واتای بەجێگەیاندنی ئەوەی كە دەیزانێ‌، شەهیدیش: ئەو كەسەیە كە شایەتی دەدات(القاموس المحيط، لسان العرب، المعجم الوسيط، وشةى (شهد)).

بەرمەبنای ئەمەی پێشەوە ئەوا لەفزی (شهد) و هەڵگۆزراوەكانی لە ئەسڵی زماندا تایبەت نیە بەو شەهیدەوە كە لەپێناوی خوای گەورەدا دەكوژرێ‌، بەڵكوو لەفزی خودی (شهید) دەدرێ‌ بەسەر بینەر و شایەتیدەردا (شاهد)، هەروەها بەسەر كوژراویشدا لە زماندا، هەروەها لە قوڕئانی پیرۆزدا هاتووە كە (وَلَا يُضَارَّ كَاتِبٌ وَلَا شَهِيدٌ) به‌قه‌ڕه‌:٢٨٢. واتە: (بە هیچ شێوەیەك نابێت كاتب و شایەت ئازار بدرێن و سوكایەتیان پێ بكرێت).

ئێمە كاتێك لە قوڕئانی پیرۆزدا دەگەڕێین بەدوای لەفزی (شهید) و هەڵگۆزراوەكانیدا، نابینرێ‌ كە ئەو لەفزە -بە ڕەهایی- بدرێ‌ بەسەر كەسێكدا لەپێناوی خوای گەورەدا كوژرا بێت، بەڵكوو دەدرێ‌ تەنها بە مانا زمانەوانییەكانی كە پێشتر باسمان كردن، قوڕئانی پیرۆزیش وشەی كوشتن (القتل)ی بۆ كوشتن لەپێناوی خوادا بەكار دێنێ‌، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَلَا تَقُولُوا لِمَن يُقْتَلُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتٌ بَلْ أَحْيَاءٌ وَلَكِن لَّا تَشْعُرُونَ) به‌قه‌ڕه‌:١٥٤. واتە: (هەرگیز بەوانە مەڵێن كە: لەپێناوی ئایینی خوادا و دەستەبەركردنی ئازادیی بۆ ئایینەكەی خوا دەكوژرێن مردوون، بە مردوویان دامەنێن، چونكە ئەوانە لە ڕێگە و ڕێبازێكی پیرۆزدا گیانی خۆیان بەخشیوە، لەپێناوی لابردنی كۆسپەكاندا، لەپێناوی لابردنی ئاستەنگەكاندا بەنرخترین شت كە ڕۆح و گیانیانە بەخشیویانە، ئەوانە كەسانێكی نەمرن، بەڵام ئێوە هەست بەو ژیانە نوێیەیان ناكەن).

هەروەها دەفەرموێ‌: (وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِندَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ) ئالی عیمڕان:١٦٩. واتە: (هەرگیز وامەزانن و وادامەنێن كە ئەوانەی لەپێناوی ئایینی خوادا دەكوژرێن، مردوون، چونكە ئەوانە زیندوون، لە ڕزق و ڕۆزی هەمەجۆریش لای خوای پەروەردگاریان بەهرەوەرن). 

قوڕئانی پیرۆز لەفزی شایەتی دەدات (یستشهد) بە واتای كوشتنی لەپێناوی خوادا بەكار نەهێناوە، لەفزی (شەهید)یشی بە واتا زاراوەكەی ئەمڕۆی بەكار هێناوە.

هاتنی وشەی (شەهید) بە واتا شەرعییەكەی لە سوننەتدا:

لەفزی (شەهید) لە فەرموودە پیرۆزەكانی پێغەمبەردا(صلی الله علیە وسلم) بەو كەسە دراوە كە لەپێناوی خوای گەورەدا دەكوژرێ‌، بەڵام ئەویش هەر وشەی (شەهید)ی سنووردار نەكردووە لەم مانایەدا، بەڵكوو بڕیویەتی بەسەر واتا زمانەوانییەكانی تریشدا، هەروەك لە نیشانەكانی شەهید لەپێناوی خوادا بەڕوونی دیارە، موسلیم لە سەحیحەكەیدا بە ژمارە (١٩١٥) لە ئەبوو هورەیرەوە گێڕاویەتەوە كە وتوویەتی: پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: «ما تعدون الشهيد فيكم؟ قالوا: يا رسول الله، من قتل في سبيل الله فهو شهيد. قال: إن شهداء أمتي إذاً قليل. قالوا: فمن هم يا رسول الله؟ قال: (من قتل في سبيل الله فهو شهيد، ومن مات في سبيل الله فهو شهيد، ومن مات في الطاعون فهو شهيد»... واتە: «ئایا ئێوە كێ‌ بە شەهید دەزانن؟ وتیان: ئەی پێغەمبەری خوا هەر كەس لە پێناوی خوای گەورەدا بكوژرێ‌ ئەوە شەهیدە، فەرمووی: كەواتە شەهیدانی ئوممەتی من كەمن، وتیان: ئایا ئەوانە كێن ئەی پێغەمبەری خوا؟ فەرمووی: هەر كەس لەپێناوی خوای گەورەدا بكوژرێ‌ ئەوە شەهیدە، هەر كەسیش لەپێناوی خوای گەورەدا بمرێ‌ ئەوە شەهیدە، هەر كەس بە نەخۆشی تاعون بمرێ‌ ئەوە شەهیدە».

پێشەوا سيوتی هەموو جۆرەكانی شەهیدبوونی لە كتێبەكەیدا بەناوی: (أبواب السعادة في أسباب الشهادة)دا كۆ كردووەتەوە كە گەیشتوونەتە ٥٧ هۆكار، ٤٩ دانەیان بە فەرموودە و بە هۆكارەوە جێگیر بوون.

بەپێی ئەمەی پێشەوە ئەوا لێكۆڵەران لە زانایان -وەك پێشەوا نەوەوی- شەهیدەكانی دابەش كردووە بۆ سێ‌ بەش: شەهیدی دنیا و قیامەت، ئەویش ئەو كەسەیە كە لە جەنگدا دژ بە بێباوەڕان دەكوژرێ‌، ئەوە تەنها لەپێناوی خوای گەورەدا دەجەنگێ‌، شەهیدی ڕۆژی قیامەتیش بەبێ‌ حوكمە شەرعییەكانی دنیا، ئەوانیش ئەو كەسانەن كە لە فەرموودە پێشووەكاندا هاتوون، شەهیدی تەنها دنیای بێ‌ قیامەت، ئەویش ئەو كەسەیە كە (دەستكەوتی جەنگی دزیوە) یان لە ڕاكردن و پشتهەڵكردن لە جەنگدا كوژراوە.

كەواتە دانی لەفزی شەهید بەسەر هەر كەسێكدا دزی لە دەستكەوتی جەنگی كردبێ‌ یان دزی بكات یان پشت لە جەنگ هەڵبكات، بەڵگەیە لەسەر ئەوە كە دروستە ئەم لەفزە بدرێ‌ بەسەر شەهیدەكانی دنیاشدا وەك شەهیدی نیشتمان و شەهیدی پرس و دۆزێك، یان شەهیدی وشە. ((كتاب أسباب السعادة في أسباب الشهادة للسيوطي، تحقيق نجم عبد الرحمن خلف، ط١٤٠١) .

بەرمەبنای ئەمە ئەوا لەفزی شەهید لە سوننەتی پیرۆزی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم) ئەمانە دەگرێتەوە: هەر كەس لەپێناوی خوای گەورەدا لە گۆڕەپانی جەنگدا و بۆ ئایینی خوا بجەنگێ‌ و بكوژرێ‌، بۆ بەرگری لە نیشتمانەكەی، بۆ بەرگری لە نامووس و شەڕەفی و ماڵ و سامان و ڕۆحی خۆی ئەوا شەهیدە، هەروەك لە فەرموودە ڕاستەكەدا هاتووە.

فەتوا:

بە پشتبەستن بەمەی لەپێشەوە وترا و هیتریش، ئەوا ئەوەی من لەمبارەیەوە دەیبینم ئەمەی خوارەوەیە:

یەكەم: لەڕاستیدا لەفزی (الشهید) یان (الشهادة) لەفزێكە لە زمان و لە قوڕئانی پیرۆز و سوننەتی پیرۆزدا لە چەندین واتادا بەكار هاتووە كە كۆ دەكرێنەوە لە: (هەواڵدان و ئامادەبوون و شایەتیدان)، لە قوڕئانی پیرۆزدا بە مانای كوشتن (القتل) بەكار نەهاتووە، لە سوننەتیشدا بە واتایەكی فراوان هاتووە، ئەو كەسە دەگرێتەوە لەپێناوی خوادا كوژراوە، یان لە بەرگریكردن لە ڕۆحی خۆی و لە ناموسی كوژراوە، هەروەها ئەو مردوویەش دەگرێتەوە كە بە هەندێ‌ نەخۆشی و (پەتای بەربڵاوی مەترسیدار -هەروەك وترا-) دەمرێ‌ و هیتریش دەگرێتەوە.

دووەم: بەدڵنیایی كە فیقهناسە لێكۆڵەرەكان -هەروەك پێشتر وترا- شەهیدەكانیان دابەشكردووە بۆ سێ‌ جۆر، لە نێویشیاندا جۆری شەهیدەكانی دنیان.

سێیەم: لەڕاستیدا لەفزی (الشهید) یان (الشهادة) زاراوەیەكی باوەڕی نیە، بەڵكوو زاراوەیەكی زمانەوانییە، دەكرێ‌ بەپێی بەكارهێنانە زمانەوانییەكانی و بەپێی عورف بەكار بهێنرێ‌، ئێمەش هەموومان لە قوڕئانی پیرۆزدا دەخوێنینەوە كە بەكارهێنانی لەفزی (شەهید) لە سووڕەتی به‌قه‌ڕەدا بە واتای شایەتیدەر لەسەر هەق و ڕاستی بەكار هاتووە، هەروەها دەخوێنینەوە كە خوای گەورە شایەتە و خوای پاك و بێگەرد لەهەر ئوممەتێك شایەتێك دێنێ‌، تەنانەت سوننەتی پیرۆزیش وشەی (شەهید)ی تایبەت نەكردووە تەنها بەو كەسەوە كە لەپێناوی خوای گەورەدا دەكوژرێ‌، بەڵكوو ئەم مانایەی لەنێو ماناكانی تردا باس كردووە.

چوارەم: بەم پێیە ئەوا بەكارهێنانی وشەی (شەهید) یان (شەهادەت) -لە عورفماندا- دەكرێ‌ بۆ كەسێك بەكار بهێنرێ‌ كە لەپێناو نیشتمانەكەی یان هەق و ڕاستی یان لەپێناو وشەدا كوژرابێت و لە ناموسوڵمانانیشە، یان بۆ ئەو موسوڵمانانەشە كە لەپێناوی جگە لە خوادا دەكوژرێن هەر ڕێگاپێدراوە مادامێ‌ بەو كوشتنەی ویستوویەتی ببێتە شەهید و شایەت لە دنیادا، مەبەستیشی شەهیدبوون نەبووە لەپێناوی خوادا، یان بەوەی كە لە بەهەشتییانە، یان بەوەی كە لەپێناوی خوادا كوژراوە، چونكە ئەوە مەسەلەیەكی نادیار و غەیبە و جگە لە خوای گەورە كەس نایزانێ‌، هەروەها ئەو كەسانەش لە پێغەمبەران دەیزانن كە خوای گەورە ئاگاداری كردوون پێی، جارێكیان یەكێك لە هاوەڵان لە خزمەت پێغەمبەردا لە جەنگێكی دروشم و ئامانج ڕووندا دەجەنگا، كەچی پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) شایەتی ئەوەی بۆ دا كە لە دۆزەخییانە، موسلیم لە سەحیحەكەیدا بە ژمارە (١١٤) و ترمزی بە ژمارە (١٥٧٤) و ئیبن حەببان لە سەحیحەكەیدا بە ژمارە (٤٨٥٧) و ئەحمە بە ژمارە (١١٠١١) بە سەنەدی خۆیان لە عومەری كوڕی خەتتابەوە گێڕاویانەتەوە كە وتوویەتی: لە جەنگی خەیبەردا كەسانێك لە هاوەڵانی پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) هاتن و وتیان «فڵانەكەس شەهیدە» پێغەمبەری خوایش(صلی الله علیە وسلم) فەرمووی: «كلا إني رأيته في النار في بردة غلها، أو عباءة». واتە: «نەخێر وانیە، چونكە من بینیم كە لە دۆزەخ دایە بەهۆی ئەوەوە كە كراسێك یان عەبایەكی لە دەستكەوتی جەنگی دزیوە». 

لەبەرئەوە كاتێك كەسێك لەپێناو بەرگری لە نیشتمانەكەی یان كەرامەتی یان لەپێناوی خودی خۆیدا دەكوژرێ‌، ئەوا ئەو كوژراوە شەهیدی ئەو مەبەستەیە لەپێناویدا كوژراوە، جا ئەگەر كەسێك وشەی (شەهید) بەو ئیعتیبارە ببڕێ‌ بەسەریدا ئەوا نە سەرپێچی باوەڕ و نە سەرپێچی قوڕئان و سوننەتی كردووە، چونكە ئەوەی كە بەرچاوە و دیارە ئەوەیە مەبەستی بەو لەفزە ئەوە نیە ئەو شەهیدەیە كە دەچێتە بەهەشت، یان لەپێناوی خوادا شەهیدە، چونكە ئەوە مەسەلەیەكە پەیوەندی بە جیهانی غەیبەوە هەیە، ئینجا دەبێ قسەی باوەڕدار ئەو مانایە هەڵبگرێ‌ كە ڕاست و گونجاو بێت لەگەڵ باوەڕ و واقیعەكەیدا، ئەمە ڕێبازی پێشینانی چاكەخوازمان بووە، كە دەبێ ئەو گوتەیەی لە زمانی باوەڕدارەوە دەردەچێ بە واتای ڕاست و باش لێك بدرێتەوە، تەنانەت بۆ كەسێكیش كە بێباوەڕی لێ دەردەكەوێ، ئەی دەبێ‌ بۆ زانا یان موسوڵمانان بە گشتی چۆن گوتەیەك بدات بەسەریاندا.

بەڵام پێدانی لەفزی (شەهید) بە كەسی ناموسوڵمان، ئەوا هیچ بەڵگەیەك نیە ئاماژە بێ بەوە كە مەبەست پێی (لەپێناوی خوادایە و ئەو كەسە دەچێتە بەهەشت). چونكە وشەكە -هەروەك پێشتر وتمان- نە وشەیەكی باوەڕییە و نە زاراوەیەكی تایبەتە تەنها بەو مانایەوە، بەڵكوو وشەیەكی گشتگیرە -هەروەك پێشتر باس كرا- لەبەر ئەوە ئەوا لارییەك نییە- بەپێی بەڵگە شەرعییەكان لە پێدانی وشەی (شەهید) بە كەسێك كە لەپێناو دۆزێكی دادپەروەری (وەك قودس)دا یان نیشتمانەكەیدا بكوژرێ‌، ئەوكاتیش مەبەست بە شەهید، شەهیدی ڕەوای نیشتمانە، یان شەهیدی پرسێكە، یان شەهیدی بەرگرییە لە ناموس و شەڕەف و هاوشێوەیان، مەبەست پێی ئەوە نیە كە شەهیدە و دەچێتە بەهەشت، یان ئەوە لەپێناوی خوادایە، چونكە ئەوە جگە لە خوای گەورە كەسی تر نایزانێ‌.

بەڵام لە حاڵەتی ئاوەهادا باش وایە كە بوترێ‌ (شەهیدی نیشتمان) و (شەهیدی دۆزێكی ڕەوا) یان هاوشێوەیان.

زۆر بە كورتی دەڵێین كە دەربڕینی وشەی (شەهید) یان (شەهادەت) بەسەر ناموسوڵمانەكاندا لەبارێكدا كە هۆیەكی ڕەوا بێ، ڕێگاپێدراوە و دروستە، چونكە ئەوەی كە دیار و بەرچاوە مەبەست پێی شەهیدی نیشتمان یان دۆزێكی ڕەوایە، یان شەهیدی بەرگرییە لە خودی ڕۆح، مەبەست پێی ئەوەیە كە شەهیدە و لەپێناو خوادایە و دەچێتە بەهەشت، چونكە ئەوە زانستێكە لە عیلمی خوادایە.

لەبەر ئەوە دروست و ڕەوا نیە بۆ جگە لە كەسێك كە لەپێناوی خوای گەورەدا بجەنگێ‌ و بكوژرێ‌ كە شەهیدە لەپێناوی خوادا، بوترێ‌ لە شەهیدانی بەهەشتە، هەر بۆیە -باش وایە لەفزەكە مەرجدار بكرێ‌ بەو هۆیەوە كە دەدرێتە پاڵی- هەروەك پێشتر وترا.

پێنجەم: لەڕاستیدا بەكارهێنانی وشەی بەزەیی و داوای بەزەیی بۆ ناموسوڵمانەكان، ئەمیش هەر پێویستی بەوەیە بڕوانرێتە مانای ڕەحمەت و بەزەیی، واتە لەفزەكە وەك خۆی دەربهێنرێ‌ و دیار بێت، ئەوكاتیش حوكمی شەرعی لەسەر دەدرێ‌.

چونكە بەزەیی لە زماندا بریتییە لە نواندنی سۆز و چاكەكردن و پێدانی نیعمەت، بەم پێیە ڕەحمەت هەردوو دنیا و قیامەت دەگرێتەوە.  

 لە قوڕئانی پیرۆزدا دەبینین كە ڕەحمەت و هەڵگۆزراوەكانی بە سەدان جار هاتووە، ئەم ڕەحمەتەش لە دنیادا گشتگیرەو موسوڵمان و بێباوەڕیش دەگرێتەوە، بەتایبەتی بۆ كەسێك كە بە باوەڕداری بمرێ‌، هەروەها لە هەندێ‌ مەسەلەشدا گشتگیرە بۆ ئەوانەی باوەڕداریش نین، بۆ نموونە دوعای گەورەمان پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) بۆ ئەوەی خوای گەورە شەفاعەتی گەورەی لە ڕۆژی قیامەتدا پێ ببەخشێ‌، ڕەزامەندی خوای گەورەش لەسەر داواكەی هەموو خەڵكان لە مەیدانی مەحشەردا دەگرێتەوە، ئەم مەسەلەیە كۆدەنگی زانایانی لەسەرە و بێگومان بەشێكە لە بەزەیی خوایی بە بەندەكانی.

هەروەها تاقمێك لە فیقهناسان، لەنێویشیاندا پێشەوا حافزی فیقهناس بەیهەقی وادەبینن كە كردەوە چاكەكانی كەسی بێباوەڕ سودی پێ دەگەیەنێ‌ لە سوككردنی سزاكەی سەرشانی، نەك لە لێخۆشبوون لێی، ئەو بەڵگەیەش كە ئەمە دەسەلمێنێ‌ دوعای پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) بوو بە سوككردنی سزا لەسەر ئەبوتالیب، بوخاری موسلیم و هیتریش لە ڕاوییەكان گێڕاویانەتەوە كە پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: «هو -أي أبو طالب- في ضخضاخ من النار، ولولا أنا لكان في الدرك الأسفل من النار» بوخاری ڕیوایەتی كردووە. واتە: «ئەو -واتە ئەبو تالیب- تا قولاپەی لەناو گۆماوێكی ئاگردایە، ئەگەر من نەبوومایە ئەوا لە خوارترین شوێنی دۆزەخدا دەبوو».

راڤەكارنی قوڕئانی پیرۆزیش لە لێكۆڵەران لە تەفسیری ئەم فەرموودەی خوای گەورەیەدا (وَلِكُلّ دَرَجَاتٌ مِمَّا عَمِلُوا) ئه‌نعام:١٣٢... واتە: (لە قیامەتدا بۆ هەر كەسێك لە ئیمانداران و بۆ هەر كەسێك لە كافران چەندەها پلە و پایەی بەرز و نزم هەیە، بەگوێرەی كردەوەكانیان ئامادە كراوە). وتوویانە ئەوە گشتگیرە موسوڵمانان و غەیری موسوڵمانانیش دەگرێتەوە، چونكە شوێنكەوتە وەك شوێنكەوتوو نیە و سەرۆكیش وەك ڕەعیەت و ژێردەستە نیە، هەروەها ناكرێ‌ نێوان تاوانبارێكی بێباوەڕ-جەنگاوەر كە ئازاری پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) و هاوەڵانی یان باوەڕدارانی دابێت یەكسان بێت بە كەسی جگە لەو، چونكە ئەوە دوورە لە دادپەروەری خوای گەورە.

پوختەی باسەكە: زانایان جیاوازییان خستووە لە نێوان دوعاكردن بە لێخۆشبوون بۆ بێباوەڕ و نێوان دوعای بەزەییهاتنەوە پیایدا، هەموویان كۆدەنگن لەسەر قەدەغەكردنی یەكەم، لە دووەمیشیاندا ڕاجیاوازن، هەندێكیان ڕێگه‌یان داوە و ڕوونیان كردووەتەوە كە ئایەتی: (إِنَّ اللَّهَ لَا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَنْ يَشَاءُ) نیساء:٤٨. واتە: (لەڕاستیدا خوای گەورە هەرگیز خۆش نابێت لەوانەی كە شەریك و هاوەڵی بۆ بڕیار دەدەن و لەسەر ئەو بیر و باوەڕە چەوتە دەمرن، بەڵام جگە لەوە بڕیاری داوە لە گوناهانی تر خۆش ببێت بۆ هەر كەس كە بیەوێت). بەڵگەیە لەسەر جیاوازی خستن لەنێوان هاوەڵگەریی و هیتریشدا، هەروەها باسیان كردووە كە تایبەتترە لە داواكردنی دوعای ڕەها بۆ بێباوەڕ، ئەوەی كە ڕێگای پێ نادرێ‌ بریتییە لە دوعای لێخۆشبوون لەسەر تاوانی هاوەڵگەریی و بێباوەڕیی، بەڵام جگە لەوە ئەوا كۆتایی ئایەتەكە دەلالەت لەسەر ڕێگادان بەو كارە دەكا ئەگەر خوای گەورە ویستی لەسەری بێت.

بە كورتی دوعاكردن بە بەزەییهاتنەوەی گشتی كە هەموو شتێكی گرتووەتەوە ناچێتە ناو ئەو دوعایە كە لە دەقی زۆردا ڕێگری لێ كراوە.

ئایەتی پێشووش چەند پێوان و میزانێكی وردمان بۆ دادەنی ئەوانیش بریتین لەمانە:

١- میزانی هاوەڵگەریی كە بەرپا دەبێ لەسەر لێخۆش‌نەبوونی.

٢- میزانی دادپەروەریی كە بەرپا دەبێ لەسەر ئەوە كە خوای گەورە پاداشتی هەر مرۆڤێك دەداتەوە.

دەفەرموێ‌: (فَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ ، وَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ شَرًّا يَرَهُ) زه‌لزه‌له‌ ٧-٨، واتە: (جا ئەوەی بەقەدەر كەمتر لە گەردیلەیەك خێر و چاكەی ئەنجام دابێ، دەیبینێتەوە. هەروەها ئەو كەسەش كە بەقەدەر كەمتر لە گەردیلەیەك گوناهـ و خراپەی هەبێت، ئەویش بەهەمان شێوە دەیبێنێتەوە. هیچ شتێك بە پەنهانی و نهێنیدا نامێنێتەوە!!).

شەشەم: بەڵام بۆ پرسە و سەرەخۆشی لە ناموسوڵمانان و بەشداریكردنی بەخاكسپاردنی و هاوشێوەیان، ئەوا لە ڕووی بنەماوە ڕێگاپێدراوە ئەگەر بێت و سەرپێچی شەرعی تێنەكەوێ‌.

حەوتەم: زه‌روورییە كە دەبێ ڕەچاوی میزانی بەرژەوەندییە گشتییەكان و مەبەستە بەهەندگیراوەكان بكرێ‌، كە دەخوازێ‌ شتێك ڕوونەدات ببێتە مایەی زامداركردنی هەستەكان، هەروەها ئازار بگەیەنێ‌ بە یەكێتی مەقدیسییەكان لە موسوڵمانان و مەسیحییەكان.

زۆر بەداخەوە هەندێك كەس مەسەلەی كوشتنی شەهیدەی نیشتمان و وشەی هەق و ڕاستییان بەجۆرێك خستە ناو و ورووژانیان كە نە زیان دەگەیەنێ‌ و نە سوودێكی تێدایە، بەڵكوو هەر یەكگرتوویی لەتوپەت دەكا و هیچ یەكبوونێك دەستەبەر ناكا، تەنانەت دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی جۆش و خرۆشی ئەوانەی لەگەڵماندان، سۆزداریان سارد دەبێتەوە و هیچ هاندانێكی بەرەوپێشچوونی دۆزەكەی تێدا نییە، ئەمەش لە مەسەلە نەگۆڕەكان نییە، دەبا بڕوانینە سەركردەی ڕەببانی (سەلاحەددینی ئەییوبی) كە ڕەتی كردەوە وشەی خاچپەرستان بدرێ‌ بەسەر هێرشەكانی ئەورووپییەكاندا، ئەمە لە كاتێكدا كە خۆیان ئەو ناوەیان لێنابوو، بەڵكوو وتی: ئەم هێرشانە لەپێناو خاچ و مەسیحدا نین، بەڵكوو لەپێناو دەستەڵات و هەژموون دایە، هەر بۆیە ناوی نان بە هێرشەكانی فەرەنج، مێژوونووسە پێشووەكانیش بەدوایدا هەمان ناویان لێناوە.

جەنگی ئەمڕۆی ئێمە لەدژی داگیركاری زەوتكار دایە كە بەزەیی نازانێ‌، ئەمەش جەنگێكی گشتگیرە دەربارەی دۆزێكی دادپەروەر و ڕەوایە و فرەڕەهەندە، ئەمە یەكەمین دۆزی هەمووی موسوڵمانانە هاوكات دۆزی سەرەكی فەلەستینییەكان و عەڕەب و موسوڵمانان و مەسیحییەكانە، بەڵكوو دۆزێكە هەمووی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە، چونكە دۆزێكی دادپەروەر و ڕەوایە، هی هەموو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانە، چونكە كێشەی داگیركردنە، بۆیە ئەركی سەرشانی هەموومانە، توانا و وزەی هەموو لایەكی بۆ كۆ بكەینەوە و شلگیر و كەمتەرخەم نەبین لە سوودوەرگرتن لە هیچ لایەنێك.

تێگەیشتنی منیش بۆ فەرموودەی خوای گەورە: (فَإِذَا جَاءَ وَعْدُ الْآخِرَةِ لِيَسُوءُوا وُجُوهَكُمْ.....)  واتە: «جا كە نۆرەی دوایی و دووهەمی ئیمانداران هاتەوە كارێكتان پێ دەكەن كە لە ڕوخسارتاندا دیار بێت، -چونكە ئیمانداران چاك دەزانن، كە هەرچی بەڵایان بەسەر هاتووە زۆربەی بە نەخشە و پیلانی ئەوان بووە». ئەوەیە كە باس لە یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی سەركەوتن دەكات بەسەر زایۆنیزمە داگیركارەكاندا، ئەویش زەرورەتی بەرپاكردنی جەنگێكی گەورەی ڕاگەیاندنە تا تاوانەكانیان ڕوون بكرێنەوە و تا ڕوویان لەبەردەم هەمووی جیهاندا ڕەش ببێت، تا بیانووە پووچەكانیان داڕووخێن، تا تاوانەكانیان بكەونەڕوو، ئەوكاتیش هەموو دیوارە پارێزەرە ساختەكانیان دادەڕووخێن و جیهانیش پشتگیریمان لێ دەكا، ئەوكات بەویستی خوای گەورە دەچینە مزگەوتی ئەقساوە (وَلِيَدْخُلُوا الْمَسْجِدَ كَمَا دَخَلُوهُ أَوَّلَ مَرَّةٍ وَلِيُتَبِّرُوا مَا عَلَوْا تَتْبِيرًا) الإسراء7. واتە: (ئینجا ئیمانداران بەدەم سرودی (الله أكبر)ەوە دەچنە مزگەوتی (أقصی)ەوە، هەروەكو لەسەرەتاوە چوونە ناوی، ئەوسا دەستیان بەسەر هەرچییەكدا دەڕوا با درێغی نەكەن -ئەڵبەتە بەدوور لە ستەم و دەستدرێژی و كاری نادروست و نابەجێ كە لە ئیماندارانی پارێزكار ناوەشێتەوە-).

خوای گەورە تەوفیقمان بدات.

بە پێنووسی  پ. د. عەلی قەرەداغی

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان

 

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.