له‌ڕه‌مه‌زان گۆڕانكاری ڕیشه‌یی ئه‌نجام بده‌

له‌ڕه‌مه‌زان گۆڕانكاری ڕیشه‌یی ئه‌نجام بده‌

مرۆڤ پێویستی به‌گۆڕانكاری ده‌روونی‌ و ئه‌خلاقی هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی كه‌ خۆی هۆكاره‌ بۆ دروستكردنی ئه‌و خراپه‌ و ئازارانه‌ی كه ڕۆژانه‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك په‌روه‌رێنه‌رمان ئاماژه‌یی پێ داوه‌ و ده‌فه‌رموێت: «أَوَلَمَّا أَصَابَتْكُمْ مُصِيبَةٌ قَدْ أَصَبْتُمْ مِثْلَيْهَا قُلْتُمْ أَنَّىٰ هَٰذَا ۖ قُلْ هُوَ مِنْ عِنْدِ أَنْفُسِكُمْ ۗ إِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ»

كه‌واته‌ گۆڕان پێویسته‌ له‌ خراپ بۆ باش، له‌ باش بۆ باشتر...هتد، توێژینه‌وه‌كانی سه‌رده‌م ده‌ریانخستووه‌ كه‌ مرۆڤ گه‌ر له‌سه‌ر ئاكارێك به‌رده‌وام بوو، له‌ماوه‌ی (سێ‌) هه‌فته‌دا، ده‌بێته‌ خوو(عاده‌ت) تیایدا، گه‌ر هه‌فته‌یه‌كی تر له‌سه‌ری ڕۆشت، ئه‌وا له‌و خووه‌وه‌ ڕۆده‌چێ‌ و به‌رده‌وام ده‌بێ له‌سه‌ری و ده‌بێته به‌كاری بنچینه‌یی. 

بۆیه‌ له‌م مانگی ڕه‌حمه‌ت و میهرو لێخۆشبوون و گۆڕانكارییه‌دا، له‌سه‌رمانه‌ كه‌ یه‌ك (كاتژمێری ڕاستی) بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ خۆمان ته‌رخان بكه‌ین‌ و بگه‌ڕێین به‌دوای (كار و خووه‌ خراپه‌كان) و (ئاكاره‌ جوان و باشه‌كان)، یه‌كه‌میان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و دووه‌میان په‌ره‌ پێ بده‌ین.

ڕه‌مه‌زان باشترین كۆمه‌ك و پشتیوانه‌، چونكه‌ هۆكاره‌كانی هاوكاری‌ و ئاسانكاری له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێ‌، هه‌ر له‌ به‌ستنه‌وه‌ی شه‌یتانه‌كان و پارێزكاری و نوور و ڕووناكی شه‌ونوێژ و پاكردنه‌وه‌ی ماڵ و دارایی‌ و كۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌كان له‌سه‌ر خێر، كه‌ مایه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی خێر و چاكه‌یه‌‌ و پاڵپشت‌ و دروستكردنی په‌رژینی پۆڵاینه‌ له‌ خراپه‌ و پشتتێكردنی.

 ڕٍه‌مه‌زان ته‌نها گۆڕانكاری له‌ ناخ و ڕۆحی خۆمان دروست ناكات، به‌ڵكوو له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنی‌ و قوڵ له‌م بواره‌دا ده‌سازێنێ‌، له‌م وه‌خته‌دا كه‌ش‌ وهه‌وای ئیمانی گۆڕانكاری به‌سه‌ر هه‌مووشت ده‌هێنێ‌، ده‌روونه‌كان توانستی گۆڕانكارییان هه‌یه‌، كۆمه‌ڵگه‌ش تواناداره‌ بۆ بزاوتن و جووڵانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌.

هه‌روه‌ك ناخ و ده‌روونه‌كان تووشی مه‌له‌ل و هیلاكی و بێزاری دێن، كۆمه‌ڵگه‌ش به‌هه‌مان جۆره‌، ئه‌ویش چاوه‌ڕێی گۆڕان و خۆتازه‌كردنه‌وه‌ و بونیاتنانه‌وه‌یه‌.

هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیش تووشی نه‌خۆشی‌ و كێشه‌‌ و ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست له‌ پڕۆسه‌ی به‌ره‌وپێشچوون و په‌ره‌پێدان، كه‌ گرنگه‌ به‌ره‌و باشتر بڕوا نه‌ك بۆ دواوه‌.

ڕه‌مه‌زان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ش سازكاری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و نه‌خۆشی‌ و ئاسته‌نگه‌كانه‌.

پێویسته‌ له‌سه‌ر شانمان مانگی به‌خششی خوایی به‌رهه‌مدار كه‌ین به‌ دروستكردنی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ كه‌ پشكدار بێت له‌ گه‌شه‌ و به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌نگاونان بۆ چوون به‌سه‌رپلیكانه‌كانی شكۆ و گه‌شه‌سه‌ندن‌ و پێشكه‌وتن. به‌ كورتی تیشك ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر ستایلی گۆڕانكاری له‌ ده‌روونی مرۆڤ له‌م مانگه‌دا:

به‌فیڕۆنه‌دانی كات‌ و پشتگوێ‌ نه‌خستنی كاره‌كان بۆ كاتێكی تر، وه‌ك ده‌زانین ته‌كنه‌لۆژیا ڕێزی بۆ كات نه‌هێشتووه‌.

پێویسته‌ پله‌ی (الاحسان) له‌ عیباده‌ت و خوداپه‌رستییه‌كاندا زیندوو ڕابگرین، ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان (د.خ) كه‌ ده‌فه‌رموێت: «أنْ تَعْبُدَ اللهَ كأنكَ تَرَاهُ، فَإِنْ لَمْ تَكُنْ تَرَاهُ فَإِنَّهُ یَراك» خوداپه‌رستی بكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی خودا ببینی، خۆ ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌و نه‌بینی، ئه‌و تۆ ده‌بینێ‌.

پاراستنی چاوه‌كان له‌ حه‌رام و قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی خودا، چونكه‌ پاراستنی سنووره‌كان (چاو) مایه‌ی ڕووناكی‌ و دره‌وشاوه‌یی و(چاوساغی)‌ و پاكی و جوانی دڵ و ده‌روونه‌.

دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ شتێ‌ هی تۆ نیه‌ و هی خه‌ڵكه‌، له‌ زانینی تۆ زه‌ره‌ر ده‌كه‌یت و له‌ نه‌زانینی قازانج، مه‌كه‌وه‌ دوای عه‌یب و نه‌نگی كه‌س، له‌ ڕه‌مه‌زاندا به‌خۆت و نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌كانی خۆته‌وه‌ سه‌رقاڵ به‌ و فڵچه‌ی پاككردنه‌وه‌ بگره‌ ده‌ستت، پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان ده‌فه‌رموێت:

(مِنْ حُسْنِ الاسْلامِ الْمَر‌ءِ تَركُهُ مَا لا یَعْنِیهِ) له‌جوانی ئیسلامه‌ كه‌ خۆتی پێ‌ ئارایش كه‌یت، ته‌رك كه‌ی و وازبێنی له‌شتی مالایعنی.

دروستكردنی ڕۆحی پێشبڕكێ‌‌ و بردنه‌وه‌ی زۆرترین خێر و باشترین پله‌ و به‌رزترین نمره‌ له‌گه‌ڵ ماڵ و منداڵا و هاوڕێ‌ و..هتد.

هه‌وڵ بده‌ له‌ هیچ كارێكی ئه‌م مانگه‌ دوا مه‌كه‌وه‌، نوێژی جه‌ماعه‌ت‌ و سوننه‌ته‌كان، قوڕئانخوێندن‌ و داوای لیخۆشبوون‌ و ده‌مت به‌یادی خودا‌ و داوێنپاكی و سه‌رجه‌م ئاكاره‌ به‌رز و شیاوه‌كانی مرۆڤایه‌تی، خوای په‌روه‌ردگار له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی قودسیدا ئاماژه‌ به‌ هه‌نگاوی خۆشه‌ویستی‌ و پله‌ی (وه‌لی) بوون ده‌دا به‌ به‌ستنه‌وه‌ی به‌ ئه‌نجامدانی سوننه‌ته‌كانی سه‌روه‌رمان: (ولا یزال عبدی یتقرب إلی بالنوافل حتی أحبه).

هه‌وڵ بده‌ خۆت بگۆڕه‌ به‌س به‌ چاك ڕازی مه‌به‌، به‌ڵكوو هه‌وڵی چاكترین بده‌، مۆڵه‌ت به‌ خۆت زۆر مه‌ده‌ و واز له‌ عه‌زیمه‌ت و ئیڕاده‌ به‌هێزی مه‌هێنه‌، دین ناسك مه‌كه‌ و په‌روه‌رده‌ سوك‌ و ئاسان مه‌كه‌. ئازا به‌، چونكه‌ ڕه‌مه‌زان مانگی به‌هێزكردنی ئیڕاده‌یه‌.

ماده‌م ڕه‌مه‌زان فرسه‌ته‌ و گه‌وره‌ترین نیعمه‌ته‌، ده‌با پشكی له‌خواترسان‌ و پارێزكاری له‌خۆماندا زیاد و پله‌دار كه‌ین و به‌ كه‌م ڕازی نه‌بین.

گۆڕانكاری له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا

پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی‌ و خێزانی، په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌وشت و ئاكاره‌ مرۆیی و ئاینییه‌كان، كه‌ پێویسته‌ بیانپارێزین، ئایینی ئیسلام زۆر هانی داوین له‌ به‌هێزكردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌، وه‌ك خوای میهره‌بان ده‌فه‌رموێت: (وأولوا الارحام بعضهم أولی ببعض).

هه‌روه‌ها ئازیزیشمان له‌ باسی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تیدا له‌ ده‌یان فه‌رمووده‌ ئاماژه‌ی به‌م لایه‌نه‌ كردووه‌، كه‌ سیله‌ی ڕه‌حم كاره‌كان له‌ خه‌وش و خراپی پاك ده‌كاته‌وه‌ و ماڵ و سامان گه‌شه‌ پێ ده‌دا و به‌ڵا و ناڕه‌حه‌تی دوور ده‌خاته‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ ئاسان ده‌كات وهتد...

په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی بێجگه‌ له‌مانه‌، ده‌یان سوودی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ناخ و هه‌ستی تاكه‌كاندا دروست ده‌كا وه‌ك، پته‌وی خێزان و هه‌ستكردن به‌ ئاسووده‌یی ده‌روون‌ و ته‌مه‌ن درێژی‌ و پێكه‌وه‌بوون. له‌ولاشه‌وه‌ له‌ پچڕاندنی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی زه‌نگی مه‌ترسیدار هه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی گوێ‌ی پێ‌ ناده‌ن و ده‌یپچڕێنن، پێغه‌مبه‌ری خوا(د.خ) ده‌فه‌رموێت: (سێ‌ كه‌س ناچنه‌ به‌هه‌شت ئیدمانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، ساحرو چاوبه‌ست، له‌گه‌ڵ پچڕێنه‌ری په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی).

 ئه‌م مانگه‌ مانگی تازه‌كردنه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌، وه‌ك ئازیز هانمان ده‌دا و ده‌فه‌رموێت: (صلوا أرحامكم ولو بالسلام).

په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی: تاك له‌ سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا زۆر سه‌رقاڵ كراوه‌، هه‌مووی به‌خۆی و كار و ماڵ و منداڵی سه‌رقاڵه‌، فریای كه‌سی تر ناكه‌وێت، زۆرترین وشه‌یه‌ك به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت (زۆر مه‌شغووڵم)ه‌، بۆ به‌هانه‌ هێنانه‌وه‌ له‌ نه‌بوونیدا.

كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ زۆری ده‌وێ‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێین له‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا خۆمان سوودمه‌ندی یه‌كه‌مین، چونكه‌ ئاسووده‌ی ده‌روون به‌مه‌ دروست‌ و به‌ده‌ست دێت، خوای گه‌وره‌ له‌ قوڕئاندا ئاماژه‌ به‌م په‌یوه‌ندییه‌ ده‌كا و ڕاسپارده‌مان ده‌كا بۆ په‌یوه‌ندی و سه‌ردان و ناسینی یه‌كتری: (یأیها الناس إنا خلقناكم من ژكر وأنپی وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا). دیاره‌ ناسین په‌یوه‌ندی‌ و به‌یه‌كه‌وه‌بوونی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، هه‌رئه‌وه‌شه‌ مایه‌ی ئارامی و ئاسووده‌یی بۆ هه‌ردوولا ده‌سته‌به‌ر ده‌كا.

به‌ده‌مه‌وه‌بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی: یه‌كێكه‌ له‌ سیما و ڕوخساره‌ گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، هاوكاری و ده‌ستگیرۆیی هه‌ژار و بێ‌ ده‌ست‌ و نه‌خۆش‌ و لێقه‌وماوان، چونكه‌ هه‌ندێ‌ له‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ته‌نها ناتوانن پێویستی ڕۆژانه‌یان جێبه‌جێ‌ بكه‌ن (ماددی‌ و ڕۆحی). گرنگیدان به‌ هه‌ژار و لێقه‌وماوی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زاندا، دره‌گایه‌كی پڕ خێر و میهری په‌روه‌ردگاره‌ بۆ به‌نده‌كانی له‌ خێر و پاداشت و نزیكی، پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ده‌فه‌رموێت: (أفضل الصدقةِ فی رمضان) یا: (من فطَّر صائماً، كان له مثلُ أجره، غیر أنه لا ینقص من أجر الصائم شیئاً"). 

به‌خشینی كۆمه‌ڵایه‌تی: باوه‌ڕداران له‌م مانگه‌دا هه‌وڵی زیاتر نزیكی و چالاكی ته‌واو ده‌ده‌ن بۆ هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی ئایینی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و مرۆیی، چونكه‌ كاره‌كانی مانگی ڕه‌مه‌زان لای خوا به‌ چه‌ندان پله‌ وه‌رگیراوه‌، هه‌ربۆیه‌ پێشبڕكێ‌ سیما و ڕوخساری جوانی ئه‌م مانگه‌ نوورانییه‌یه‌.

هه‌موو یه‌كێك پێویستی به‌ خۆبه‌خشین و خۆشه‌ویستی هه‌یه‌، چۆن خۆی به‌هێز بكا به‌ هێزی باوه‌ڕ و مه‌عریفه‌ و توانستی ژیانداری‌ و مرۆڤدۆستی بۆ ئاوه‌دانی‌ و ئاسووده‌یی‌ و په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی.

كه‌واته‌ ماده‌م مانگی ڕه‌مه‌زان مانگی گۆڕانه‌ مه‌زنه‌كانه‌ له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ژیانه‌ به‌گشتی‌ و خودی خۆمان به‌تایبه‌تی، پێویسته‌ ئاكاری په‌یوه‌ندی خۆمان له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌ و خه‌ڵكی خوا بگۆڕین له‌ خراپ بۆ باش و له‌ باش بۆ باشتر و دوور بكه‌وینه‌وه‌ له‌ خراپه‌ و ناسۆری و ئازار و تاوانه‌كان. له‌م خولی گۆڕانه‌دا، بێ‌ نیاز نه‌بین له‌م گۆڕانه‌ ڕۆحی و چاكه‌خوازی و خواویستییه‌.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

مامۆستا ئیبڕاهیم پارسا كۆچی دوایی كرد هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1401/04/27)