په‌یامی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی پارێزگای كوردستان به‌هۆی ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌ له‌ شاری حوسێن‌ئاوا

په‌یامی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی پارێزگای كوردستان به‌هۆی ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌ له‌ شاری حوسێن‌ئا

به‌دوای ته‌قینه‌وی بارهه‌ڵگرێك له‌ شاری «حوسێن‌ئاوا» كه نه‌وتی ڕه‌شی پێ بوو، پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی كوردستان په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی بڵاو كرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ به‌م چه‌شنه‌یه‌:

بسم الله الرحمن الرحیم

پارێزگای كوردستان به‌گشتیی له‌ چه‌ند ڕۆژی دواییدا، له‌ژێر كاریگه‌ریی ڕووداوی دڵته‌زێنی ته‌قینه‌وه‌ی بارهه‌ڵگرێك دابوو كه نه‌وتی ڕه‌شی پێ بوو، ڕووداوێك كه بوو به‌هۆی كوژران و برینداربوونی هێندێ له‌ هاوپارێزگاییانی خۆشه‌ویست و هه‌روه‌ها له‌ناوچوونی چه‌ند خانوو، ماشێن و ماڵ و سامانی گشتیی تر و بوو به‌هۆی خه‌م و په‌ژاره‌ی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌.

ئه‌و ڕووداوه‌ ناخهه‌ژێنه‌ له‌لایه‌ك بیره‌وه‌ری تاڵی ڕێگاوبانی تری هێناینه‌وه‌ یاد، وه‌ك وه‌رگه‌ڕانی بارهه‌ڵگرێكی كه مادده‌ی كیمیایی پێ بوو له‌ به‌نداوی قه‌شلاقی سنه‌، ڕووداوێكی هاوچه‌شنی تر له‌ مه‌ریوان، سووتانی ئوتوبوسێكی مسافیركێشی كه به‌هۆی لێكدان له‌گه‌ڵ تانكێڕێكی سووخت له‌ سنه‌ ڕووی دا، و له‌لایه‌كی تر دۆخی په‌شێوی ڕێگاوبانه‌كانی پارێزگای كوردستان زیاتر ده‌خاته‌ به‌رچاو. دۆخێكی كه پێویستیی به‌ سه‌رنجی تایبه‌تی به‌رپرسانی پارێزگای كوردستانه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كۆسپه‌ دێرینه‌یه‌ی پارێزگا.

جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی پارێزگای كوردستان، وێڕای هاوخه‌می له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانی قوڕبانیی ‌و خه‌سارتووشبووی ئه‌و ڕووداوه‌ نه‌گریس و دڵته‌زێنه‌ و داوا به‌رزی پله‌ بۆ كۆچكردووان و شیفای به‌په‌له‌ بۆ بریندارانی ئه‌و ڕووداوه‌ ناخهه‌ژێنه له‌ خوای گه‌وره‌، به‌ئه‌ركی خۆی ده‌زانێ به‌هۆی دۆخی نه‌شیاوی ڕێگاوبانه‌كانی پارێزگا و به‌رده‌وامی هاتوچۆی بارهه‌ڵگره‌كانی سوختیی له‌ ئاستی پارێزگا، به‌رپرسانی پێوه‌ندیدار له‌ مه‌ترسییه‌كانی كه به‌ هۆی هاموشۆی ئه‌و بارهه‌ڵگرانه دێنه پێش؛ ئاگادار بكاته‌وه‌. بێگومان به‌ كارناسیی بابه‌ته‌كه‌ و گرینگیدانی تایبه‌ت و به‌په‌له‌، ده‌كرێ پێش به‌ دووپاتبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ ناخهه‌ژێن و ماڵوێرانكه‌رانه له‌ ئاستی پارێزگادا بگیرێت.

پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح – لقی پارێزگای كوردستان

٢٢ی به‌فرانباری ١٤٠٠

.:: نوێ‌ترین ::.

لاوانی كورد ئۆسكاری خۆڕاگرییان به‌ده‌ست هێنا هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1401/02/28)