دڵی ساغ و بێگەرد کام دڵەیە؟

نووسەر: 
سددیق قوتبی
وه‌رگێر: 
یاسه‌مین
دڵی ساغ و بێگەرد کام دڵەیە؟

زۆربەمان ئەگەرچی به ڕواڵەت خۆمان به دیندار و ئابووری‌نەخواز دەزانین، بەڵام ئەگەر باش ورد ببینەوە بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین ئابووریانە ژیان دەبەینە سەر و تێپەڕی دەکەین. واتا له کردەوەکان و قووڵی ژیاندا، ئێمە ئابووریخوازین نەک ئایینی.

ئاخر چۆن ڕەوایە کاتێک دەبیستین پێغەمبەری خۆشەویستمان(د.خ) فەرموویەتی: خودا له جەستە و ڕوخسار و ماڵ و سامانی ئێوە ناڕوانێت، بەڵکوو تەنیا چاو لە ناخ و دڵتان دەکا، بەڵام هاوکات تەنیا شتێکی کە کەمتر لەهەر شتێک بیری لێ دەکەینەوە، خاوێنی و پاکی دڵه؟

«إِنَّ اللَّهَ لاَ يَنْظُرُ إِلَى صُوَرِكُمْ وَأَمْوَالِكُمْ وَلَكِنْ يَنْظُرُ إِلَى قُلُوبِكُم» (موسلیم ڕیوایه‌تی کردووه‌)

لە ناخی ژیانماندا پەژارەی ئەو شتە سەرەکییەمان نییە، ئەو ناوەندیترین شتە کە مەکۆی هەموو شتێکە وە ئەوەش هەمان {دڵی پاک و بێگەردە} قوڕئان دەفەرموێت لە ژیانی دوبارەی ئەو دونیادا تەنیا و تەنیا دڵی خاوێن یانی دڵی پاک و بێگەرد بۆ حاڵی مرۆڤ قازانجی هەیە، نەک شتێکی دیکە. «یوْمَ لا ینْفَعُ مالٌ وَ لا بَنُونَ * إِلاَّ مَنْ أَتَى اللَّهَ بِقَلْبٍ سَلیمٍ» (شوعه‌ڕاء:۸۸ و۸۹)

لە ڕاستیدا حاڵ و ئەحواڵی دڵ و نیگەرانی لە گرفتەکان، بوغز و غەرەز، بێئاگایی، ئافات و ئەو نەخۆشینانە کە دڵمان داگیر دەکەن تا چ ڕادەیەک دەبنە هۆکاری سەرەتایی ژیانی ئێمە؟

لێکدانەوەی (دڵی پاک )

تەنیا دوو جار لە قوڕئانی پیرۆزدا هاتووە. جارێکیان لە دۆعایەکدایە کە حەزرەتی ئیبڕاهیم بەسەر زمانی دێنێت کە خودایە لە ڕۆژی قیامەت زەلیل و سەرشۆرم نەکەی، هەر ئەو ڕۆژە کە ماڵ و منداڵ هیچ سوودێکی نییە و تەنیا دڵی پاک یاریدەرە... «یوْمَ لا ینْفَعُ مالٌ وَ لا بَنُونَ * إِلاَّ مَنْ أَتَى اللَّهَ بِقَلْبٍ سَلیمٍ» (شعراء:۸۸ و۸۹)

لە جێگایەکی دیکە بۆ وەسفی ئیبڕاهیمە کە ئەو بە دڵێکی پاک لە حزووری خودای گەورە حازر بوو. «إِذْ جَاء رَبَّهُ بِقَلْبٍ سَلِیم» (سافات:۸۴)

بە چاو خشاندنێک له حاڵی حەزرەتی ئیبڕاهیم دوو تایبەتمەندی گرنگ بۆ دڵی ئەو دەردەکەوێ، هەمان ئەو دڵەی کە نموونەیەکی باشه بۆ پێناسەی دڵی بێگەرد و ساغ. یەکێکیان دڵ نەرمی و دەردەدار(اواە) ئەوی دیکە خێرخوازی و خۆڕاگری... «إِنَّ إِبْرَاهِيمَ لَحَلِيمٌ أَوَّاهٌ مُنِيبٌ» (هود:۷۵)؛ «إِنَّ إِبْرَاهِيمَ لَأَوَّاهٌ حَلِيمٌ» (توبه:۱۱۴)

لە دوو جێگەدا قوڕئانی پیرۆز له وەسفی ئیبڕاهیمدا دەڵێ ئەو ("اواە" و "حلیم)"ە. ڕاغیبی ئیسفەهانی لە کتێبی موفرەداتدا "حیلم" بە خۆڕاگری لە کاتی تووڕەییدا مانا دەکاتەوە و "اواە" یش بە ناسکی دڵ و دڵڕەحمی مانا دەکاتەوە.

"اواە"، دڵێکی ڕەنجاوە کە نەرمه، ناسک و دڵسۆزە. "حەلیم" کەسێکی سەبوور و خۆڕاگرە کە لەگەڵ خەڵکدا دەسازێ و ئەو دره‌نگ تووڕەبوونە‌ش تیشکێک لە خێرخوازی و خۆشەویستی مرۆڤەکانە.

حەلیم بە کەسێک دەڵێن بۆ سزادان بە پەلە نییە و ناهێڵێ ئاگری قەڵسی و تۆڵەستاندنەوە بە سەریدا زاڵ بێت.

جا ئەم دوو تایبەتمەندییه لە کەسایەتی ئیبڕاهیمدا بدۆزینەوە، لە شوێنێک ئیبڕاهیم دوعا و نزا دەکا کە خوایە هەرکەس لەسەر ئایینی منە، ئەوە لە خێڵی منە و هەر کەس ئیمانی نییه و له من سەرپێچی دەکا، ئەوە خۆت لێبووردە و میهرەبانی. «فَمَنْ تَبِعَنِي فَإِنَّهُ مِنِّي وَمَنْ عَصَانِي فَإِنَّكَ غَفُورٌ رَحِيمٌ» (ئیبڕاهیم:٣٦)

ئیبڕاهیم لە خودای گەورە داوا دەکا لەگەڵ ئەوانەش کەوا له یەکتاپەرستی سەرپێچی دەکەن بە کەرەم و ڕەحمەت لهگەڵیان مامەڵە بکات، ئەم نزایەی ئیبڕاهیم نیشانەی پاکی دڵ و دەروونیەتی، نیشان دەدا کە "اواە و حلیمە"

لە جێگایەکی دیکەی قوڕئان باس لەو کاتە دەکرێ کە چەن فریشتەیەک کەوا بۆ قەومی لووت دانرابوون، دەبنە میوانی حەزرەتی ئیبڕاهیم و مزگێنی کوڕێکی پێ دەدەن بە ناوی ئیسحاق و هەواڵی سزای قەومی لووتیشی پێ دەدەن، ئیبڕاهیم له‌گەڵیان دەکەوێتە گفتوگۆ و جەدەل، هەرچەن هەواڵی هاتنی ئیسحاقی پێدراوە. بەڵام لە بارەی قەومی لووت داوای وەدرەنگ خستنی سزا و عەزابیان دەکا. «فَلَمَّا ذَهَبَ عَنْ إِبْرَاهِيمَ الرَّوْعُ وَجَاءَتْهُ الْبُشْرَى يُجَادِلُنَا فِي قَوْمِ لُوطٍ» (هود:۷۴)

گفتوگۆ لەگەڵ فریشتەکانی سزا و عەزاب بە مەبەستی دواخستنی عەزاب له سەر قەومی لووت بەڵگەیەکە بۆ سێبووری و خۆڕاگری ئیبڕاهیم، هەر بەو شێوەی باسی کرا نەمایەکە لە خێرخوازی و مرۆڤدۆستی ئەو پێغەمبەرە(ع).

لە شوێنێکی دیکە دوای ئەوەی بە وشەگەلێکی دڵاوێن و نەرم باوکی (ئازەر) بانگهێشت دەکا بۆ یەکتاپەرستی و ئازەر پێی دەڵێ: سەنگسارت دەکەم، ئیبڕاهیم دەڵێ باوکە گیان دوعات بۆ دەکەم. «لَئِنْ لَمْ تَنْتَهِ لَأَرْجُمَنَّكَ وَاهْجُرْنِي مَلِيًّا * قَالَ سَلَامٌ عَلَيْكَ سَأَسْتَغْفِرُ لَكَ رَبِّي إِنَّهُ كَانَ بِي حَفِيًّا» (مه‌ریه‌م: ۴۶-۴۷)

ئەو نەرمی نواندن و میهرە لەگەڵ باوکێک کە خوازیاری لەناوچوونی ئەوی هەیه، نموونەیەکە لە دڵنەرمی و خۆڕاگری ئیبڕاهیم.

دڵێک کە "اواە" واتا بەسۆز و دڵۆڤانه، نەرم و نیانە و بە ئازارە و "حەلیم" واتا لەسەره‌خۆیە و دێر ڕقی هەڵدەستێ، دڵی ساغ و بێگەردە، دڵی خاوێن و پاک دڵی ئیبڕاهیمە. دڵێک کە لەگەڵ فریشتەکانی سزادان دەمەقاڵەیەتی و هاوکات لە خودای گەورەی دەیەوێ لەگەڵ ئەوانەی کە لە ئایینی خوداپەرەستی ڕوو وەردەگێڕن، میهرەبان و بەخشایشگەر بێت.

تەنیا شتێک کە لە دونیای ئاخیرەت یاریدەری ئێمەیە دڵی سالم یان دڵی پاکە و ئیبڕاهیم لە قوڕئاندا، سەرمەشق و هێمای دڵی پاک دەناسێندرێت.

قەلبی سەلیم، دڵێکی نەرم ، دڵێکی بەسۆز، دەردکێش و ڕق هەڵنەستاو و خۆڕاگرە...

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.