تاڵیبان ئەزمونێك لە دەرەوەی ماڵی ئیسلامی سیاسیەوە

تاڵیبان ئەزمونێك لە دەرەوەی ماڵی ئیسلامی سیاسیەوە

ڕەنگە ھەمووان بەو ڕاستیە ئاگادار نەبن کە بزوتنەوەی تاڵیبان، لە ڕووی مێژوویی و واقیعی و فکرییەوە، سەر بە ڕەوتی ئیسلامی، یاخود ئەوەی ناسراوە بە ئیسلامی سیاسی نیە، بەڵکو دەرھاویشتەی شکستی ئەو و لە دەرەوەی چوارچێوەو فیکری ئەوەوە سەریھەڵداوە.  

ئیسلامی سیاسی لە ئەفغانستاندا، لە چەندین پارت و ھێزی وەك: کۆمەڵەی ئیسلامی ڕەبانی و حیزبی ئیسلامی حیکمەتیاردا خۆی دەبینیەوە. کە لە ژێر کاریگەری ئەدەبیاتی کۆمەڵەی برایانی موسوڵمان و کۆمەڵەی ئیسلامی پاکستان، بە.ڕێبەرایەتی مەرحوم مەودودیدا، سەریانھەڵدابوو گەشەیان کردبوو. لە دوای کودەتای کۆمۆنستەکانی ئەفغانستان و داگیرکردنی ئەو وڵاتەش لە لایەن سوپای سوورەوە، لە ساڵی ١٩٧٩دا بڕبڕەی پشتی جیھادی ئەفغانستانیان پێکدەھێنا. سەرەنجام بە ھاوکاری شەبەنگەکانی ترو بەمیللی بوونی جیھادەکەش، توانیان سوپای داگیرکەر بکەنە دەرەوەو دەسەڵاتە پاشکۆکەشیان لە کابول بروخێنن. 

بەڵام، لە سۆنگەی: ناکۆکی نێوخۆیی، لێڵی دیدگا بۆ سیستم و جێگرەوە ئیسلامییەکەو دەوڵەتی ئیسلامی، دواکەوتوویی سیاسی و دەستێوەردانی دەرەکی، نەك ھەر نەیانتوانی ئاشتی و سەقامگیری و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ماندوو و قوربانیدەری ئەفغانستان فەراھەم بکەن، بەڵکو بەھۆی چوونە نێو شەڕێکی خوێناوی نێوخۆییەوە، ھێندەی تر باری شانیان قورستر کردو شیرازەی دۆخەکەیان لەبەریەکھەڵوەشاند. 

نائارامی و ترس و ڕاوو ڕوت و کوشت و بڕین، بوونە سیمای دیاری کۆمەڵگەی زەبرخواردووی ئەفغانستان. کوت و مت لەم ساتەوەختەوە، واتە لە ساتەوەختی شکستی ئیسلامی سیاسی و ھێزە ئیسلامییەکان لە دوای سەرکەوتن و پێگەی دەسەڵاتدا، ئەوانەی لە مردن نەترسان و دوژمنیان تێکشکان، کەچی لە پرۆسەی ژیانسازی و بیناکردنەوەو پیادەکردنی دروشمەکان و خستنەرووی جێگرەوەیەکی باشتر، شکستیان خوارد. تاڵیبان لەناو دڵی قوتابخانە دینییەکان، فیقھ و عەقیدەو سۆفیگەرایی سوننەتی پێش مۆدێرنەو پشت ئەستور بە ھەندێ بنەماو چەمك و نەریتی ئیسلامیی ڕەسەن، لە پێش ھەمووانیشەوە؛ بنەمای فەرمانکردن بە چاکەو بەرگریکرن لە خراپە، بزاڤەکەیان بە پانزە کەس و دواتر پەنجاک ەس، بە ڕێبەرایەتی زاناو کۆنە موجاھیدێك بە ناوی مەلا عومەر لە زێدی لە دایکبوونی  قەندەھار دەستپێکر. ئەم سەرەتایەش، لە سۆنگەی متمانەی خەڵکێکی زۆر بەز اناو قوتابیەکانیان، ھەراسان لە دۆخی پشێوی باڵادەست و تینو بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و ئاسایش و دەستکۆتاکردنی بەشێك لە میرەکانی جەنگ، کە ژیانیان لە خەڵك تاڵکردبوو، تا ئاستی ڕوخاندنی دەسەڵاتە شکستخواردوو فشۆڵەکەی کۆنە موجاھیدەکان و ھێزو لایەنە ئیسلامییەکان پەرەی سەند. 

سروشتی توندی تاڵیبانیش، لە دوای گەیشتن بە دەسەڵاتیان لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، کێشەی قوڵیان لەگەڵ ھەندێك چەمك و بەھاو شێوە ژیانی سەردەم، بەڵکو لەگەڵ خودی چەمکی دەوڵەتی نیشتیمانی نوێ و ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی میرنشینێکی ئیسلامی لە دەرەوەی سیستمی نێودەوڵەتیەوە، بۆ ئەو پاشخانە عەقیدەیی و فیقھی و سۆفیگەریە سوننەتیەی پێش دونیای نوێ دەگەڕێتەوە. ئەوان بێگوێدانە ئەو گۆڕانکاریەی لە دونیای نوێدا ھاتوونەتە کایەوە، ھەوڵیان دەدا فیقھە پەرە زەردەکە، ئەویش لە چوارچێوەی مەزھەبی حەنەفی و دیدگا کەلامییەکانی ماتوریدی و کەلەپوری تەقلیدیی ئیسلامیی ئەفغانستاندا، وەك خۆی و بێ ھیچ ئیجتیھادو نوێکردنەوەیەك، بەسەر خەڵکدا جێبەجێبکەن!! تەنانەت ڕادەستنەکردنی ئوسامە بن لادن و ھاوکارەکانیش بە ئەمریکاو دانانی دەسەڵاتەکەیان لەو پێناوەدا، بە پلەی یەکەم ھەر رەنگدانەوەی پێوەرو بنەماکانی ئەو فیقھە مێژووییەبوو، کە ڕێگا نادات موسوڵمان ڕادەستی کافر بکرێت.

بۆیە، بە خوێندنەوەی سەرەتاکان و جۆری سەرھەڵدان و پاشخانی ڕێبەرانی، دەتوانین بڵێین: تاڵیبان لە سەرەتاوە، ھەوڵێکی راستکردنەوەی بارودۆخەکەو ناڕەزایی دەربڕین لە ڕەوشەکەو،جۆری حوکمڕانی و،بەھاناوەچوونی خەڵکی بوو، نەك ھەوڵێکی گۆڕانخوازانە، بە ئامانجی دەسەڵاتگرتنە دەست. بەڵام، سەرکەوتنی سەروچاوەڕوانی ھەوڵە سەرەتاییەکان، باوەشکردنەوەی خەڵك و بوونی زەمینەی گۆڕانکاری، کارێکیان کرد، بە تێپەڕینی ڕۆژگار ئامانجەکان گەورەتر بن و تەماحی ڕاماڵینی دەسەڵاتدارانیان تێدا دروستببێت، بکەونە مەودای بایەخپێدانی ھەندێك لە دەزگا ھەواڵگرییەکان، بە تایبەتیش ھەواڵگری پاکستان، کە ئەفغانستان بە قوڵایی ستراتیژی وڵاتەکەی بە تایبەتیش بەرامبەر ھیند دەزانێت. ئەوەش وایکردووە، حەزبکەن ھەمیشە دەسەڵاتێکی سەراسەری بەھێزو دۆست، حوکمی ئەفغانستان بکات.

بەم جۆرە بەبێ خۆئامادەکردنێکی فیکری و سیاسی پێشوەختە و بە یارمەتی ئەو دەزگا ناوەندییانەی ھاوکاریان بوون، دەسەڵاتیان لە کابول گرتە دەست و دوای چەند ساڵێك لە چوارچێوەی جەنگی دژەتیرۆری ئەمەریکادا، وڵاتەکایان داگیرکراو دەسەڵاتیان لە دەستدا، بەڵام گیانی بەرخۆدان و ئومێد بە دواڕۆژو گەڕانەوەیان لە دەست نەداو بوونە نوێنەری کلتوری مێژوویی ڕەتکردنەوەی داگیرکاری گەلی ئەفغانستان. 

ئێستاش کاتێك دوای ٢٠ ساڵ شەڕو بەربەرەکانێ، جارێکی تر و سەر لە نوێ جڵەوی دەسەڵات لە کابول دەگرێتەوە دەست، بە سەرنجدان لە ئەزمونی ڕابردوویان، پرسیاری جۆراو جۆر دەربارەی نیاز، فۆرمی حوکمڕانی و ئاستی گۆڕان لەم ھێزەدا دەکرێن: ئایە تاڵیبان بەو ئاستە  گۆڕاوە، بەو جۆرەی لە لێدوانە بەراییەکان و ھەندێ ڕەفتاری سیاسیدا دەردەکەوێت؟ یاخود ئەوەی دەبینرێت بۆ کات بەسەربردنەو ھەمان فۆرمی پێشوو لە حوکمڕانی  بەسەر کۆمەڵدا دەسەپێنن؟ 

وەڵامدانەوەی گومان و پرسیارەکانیش، لە ڕوویەکەوە لێکھەڵوەشاندن ودیاریکردنی ناوەڕۆکی چەمکی گۆران دەخوازێت، لە لایەکی تریشەوە، کاتی پێویستە بۆ ئەوەی بزانرێت ھەڵوێستیان دەربارەی فۆرمی حکومەت و دەستورو پرسە جێی پرسیارەکان چی لێدێت و بەکردەوە چی دەبێت. بەڵام، ھەندێ پرسی زەق ھەبوون کە لە گەڕی پێشووی حوکمڕانیان بووبوونە ناونیشانی داخران و گرانھەڵکردن لەگەڵ بەھاو پێوەرە گەردونییە ئیسلامییەکان و سەردەم، لەوانەش سەختگیری بێپاساویان دەربارەی ئافرەت و مافی خوێندن و کارکردن، ھەڵوێستی ڕەق و توندیان دەربارەی ھەندێ ئازادی تاکەکەس کە تەنانەت بەشێکیان مۆدێلی دینداری ئەفغانیش سەرکوتی نەکردوون لە وێنەی ھونەرو مۆسیقای سوننەتی.

سەبارەت بە بوون و نەبوونی تاڵیبانی نوێش، پێمان وایە،  جوڵانەوەکە لە ئێستادا بە قۆناغێکی ڕاگوزەریدا تێدەپەڕێت، تاڵیبانەکەی جاران نەماوە، بەڵام بە تەواویش نەگۆڕاوە و فۆرمێکی تەواو نوێ شوێنی نەگرتۆتەوە. ڕەنگە یەکەم گۆڕانکاریش کە لە خۆیانی نیشان بدەن ئەوە بێت، بەجپێچەوانەی حوکمڕانی ڕابردوویان، لەوە تێگەیشتوون کە ئاسان نیە ھیچ سیستم و دەوڵەتێك، لە دەرەوەی سیستمی نێودەوڵەتی باو،  بتوانای سەرپێکەوتن و مانەوەی ھەبێت. لێرەشەوە ھەوڵدەدەن دان بە دەسەڵات و حکومەتەکەیاندا بنرێت و گۆشەگیر نەبن و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان دابمەزرێنن. ئەوەش لە ئاستێکدا ھەر لە خۆرایی و بێبەرامبەر نابێت، بەشێ لە داواکارییەکانیش پەیوەست دەبێت بە فۆرم و شێوازی حوکمڕانییەوە کە پێشمەرجی پاراستنی بەرژەوەندی وڵاتانە. ھەر بۆیە ڕەنگە دەربارەی ئافرەت و مافە تاکەکەسیەکان لە ھەندێ ھەڵوێستی ڕابردوویان پاشەکشە بکەن. لەگەڵ سەپاندنی باڵاپۆشیدا، کە کێشەیەکی وا لە ئەفغانستاندا پێکناھێنێت، بەحوکمی ئەوەی بنەڕەت بۆ زۆرینەی ھەرەزۆری ئافرەتی ئەو وڵاتە باڵاپۆشیە. 

گرنگیشە بزانیین، تاڵیبان سەرەڕای تۆکمەیی و یەکگرتوویان، لە ناوەوە زیاد لە نەوەیەکی تێدایەو بۆچوونیان لەسەر بەشێك لە پرسەکان جیاوازە. ھەندێك لە رێبەرە کۆنە تەقلیدییەکان، نەگۆراون و ھەروەك جاران بیر دەکەنەوە. بەڵام، بەشێکی تریان لە ھەندێ ڕووەوە گەشەیانککردوەو کراوەترن، لە لایەن ھەندێك دەوڵەتەوە مەشقیان پێکراوە، بۆ ئەوەی توانای گفتوگۆو کرانەوەیان بەسەر بەرابەردا ھەبێت. 

دەبێت ئەوەشمان لە یاد بێت تاڵیبانی دوای ٢٠٠١ جوڵانەوە پوختە تەڵەبەییەکە نەماوەو خەڵکی تریان لە کۆنە موجاھیدەکان و دەسەڵاتی پێشخۆیان تێکەڵبووە. ئەمجارەش کە دێنەوە جیاواز دێنەوە، ھاتنەوەکەیان، لەچ وارچێوەی ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکاو دڵنیاکردنەوەی چین، ڕوسیاو ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە. بەشێ لەم بیرۆکراتیە حوکمڕانییەی ئێستاش دەبێت بە جەستەی حوکمڕانیان و خەڵك و شارەزایی نوێش تێکەڵیان دەبن. بەڵام ئایا گۆرانکاری لەم ھێزەدا گەیشتۆتە ئەوەی بیرۆکەی فرەیی سیاسی و بەشداری ئەوانی دی لە حوکمڕانیدا قبوڵ بکات، لە کاتێکدا لە نێو بنەما فیکرییەکانی پێشوویدا جێگەی شتێکی لەم جۆرەیان تێدا نابێتەوە؟ دەبێت بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە، چاوەڕێی ئایندە بکەی، بەڵام کە جوڵانەوەیەك چووە ناو بازنەی سیاسییەوە وەك بنەمایەکی گشتی ملکەچ دەبێت بۆ گۆڕانکاری. تەنھا دەمێنێتەوە سەرئەوەی؛ گۆڕانەکە خێرا دەبێت یاخود ھێواش؟ بە سروشتی دەچێتە پێشەوە یاخود دوچاری شێوان و ھەڵدێر دێت؟ یاخود ھێزەکە توانای وەڵامدانەوەی ئاڵنگاریە مێژووییەکانی نامێنێت و بەرەو پوکانەوە دەچێت؟ 

ھەر چۆنێك بێت، تاڵیبان ڕەنگدانەوەی واقیعی دینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەفغانستان، نمونەیەکی مێژوویی دووبارە سەرھەڵدانەوەی کارلێکی نێوان ئیسلام و سیاسەت و واقیعە، لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا. ئەگەر  بشچێتە سەر ڕەوتی گەشەکردنی سروشتی و مێژووییەکەی خۆی، چاوەڕێ دەکرێت لە مۆدێلی ئیسلامی و عەلمانییەکانی پێشخۆی، وەڵامگۆتر بێت بە کێشەو پرسیارو پێویستیەکانی ئەو وڵاتە؟

ده‌نگی ئێوه ناوه‌ندی ده‌نگه‌کان: 5 (1 vote)

.:: نوێ‌ترین ::.

وتە شیرینەکان، ژیان دروست دەکەن هه‌وارگه‌ی دڵان (1400/08/30)
ئامۆژگاری باوکێک بۆ کوڕەکەی... هه‌وارگه‌ی دڵان (1400/08/21)
كۆڕی هاوده‌می له‌گه‌ڵ قوڕئان له‌ ئیرانشار به‌ڕێوه‌ چوو روابط عمومی، هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1400/08/21)