ساتێک لە خزمەت قوڕئاندا، ئەو کاتانەی مرۆڤ پێویستە لەگەڵ خۆی بدوێت

ساتێک لە خزمەت قوڕئاندا، ئەو کاتانەی مرۆڤ پێویستە لەگەڵ خۆی بدوێت

لە شاری مەدینە دەنگۆیەک بڵاو بووەوە، عائیشەی کچی ئەبووبەکر و هاوسەری حەزرەت لەگەڵ "سەفوان"دا زینایان کردووە. هەموو شاری بیستی. "ئەبوو ئەییوبی ئەنساری" شەو لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دووبەدوو دانیشتوون و باسی ئەم ڕووداوە دەکەن. ئەبوو ئەییوب فەرمووی: دایکی ئەییوب بیستوتە عائیشە زینای کردووە؟ وتی: بەڵێ، بەڵام سوێند بەخوا درۆیە، ئەو زۆر لەمن پاکترە و سەفوانیش لە تۆ.

خوای گەورە ئەم گفتوگۆیەی تۆمار کرد و فەرموی: هەندێک لە ئیماندران گومانی باش بەخودی خۆیان دەبەن و دەڵێن: ئەم ڕووداوە هەڵبەستراوە و درۆیە.

ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنج بوو ئەو بەشەیەتی کە دەفەرموێ: گومانی باشیان بەخۆیان بردووە! دەبوایە بیفەرموایە: گومانی باشیان بە ئەوان برد، چونکە ڕەنگە مرۆڤ زۆربەی کات گومانی باش بەخۆی ببات. بەڵام کاتێک لە گفتوگۆی ئەبوو ئەییوب و هاوسەرە بەڕێزەکەی ورد دەبمەوە، شتێکی گرنگ دەردەکەوێ، ئەویش ئەوەیە، هەر مرۆڤێک لە ناخ و حەقیقەتی خۆیەوە دەڕوانێتە دەورووبەری. واتە ئەبوو ئەییوب یەقینی هەبوو ئەگەر ئەو مەوقیفی لەو جۆرەی بۆ هەڵبکەوێ لەگەڵ ئافرەتێکدا بێ و زیناش بکات و جگە لە خوا کەس نەیزانێت، هێشتا ئامادە نییە ئەنجامی بدات، بەهەمان شێوە هاوسەرە بەڕێزەکەشی، ئەگەر مەوقیفێکی لەو جۆرەی بۆ هەڵبکەوێ و لەگەڵ پیاوێکدا بێ، ئامادە نییە ئەو کارە بکات.

بۆیە فەرمووی گومانی باشیان بەخودی خۆیان بردووە. بۆم دەرکەوت، لەهەموو ژیانمدا ئەو گومانە خراپانەی بەرامبەر کەسانی تر هەمبووە، ڕاستییەکەی ئەمە بووە، ئەگەر مەوقیفی لەو جۆرە بۆ من هەڵبکەوێ یەک چرکە لێی ڕاناوەستم و ئەو کارە دەکەم کە گومانی خراپم لەسەر بەرامبەرکانم هەبووە.

حەزرەتی مەولانا لە فیهی مافیهییەکەیدا دەفەرموێت: ئەگەر سیفاتی خراپی کەسەکانت زوو ناسی و دەستنیشات کرد، هی ئەوەیە خۆت بەو جۆرە سیفاتانە ئاشنایت، چونکە پێشتر خۆت ئەزموونت کردووە.

هەرکاتێکیش سیفەتی باشی کەسەکانت ناسی، ئەوە هەر ئەوەیە پێشتر خۆت خاوەنی ئەو سیفاتانە بوویت و پێیان ئاشنا بویت.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.