بەخشەر ئاسوودەیە!

نووسەر: 
هێمن عبدولقادر
بەخشەر ئاسوودەیە!

هەمیشە لەوەی کە هەتانە بیبەخشن، بەخشندەیی تەنها پەیوەست نییە بە گیرفان و پارەوە، شۆفێریکردن بە ڕەوشتەوە جۆرێکە لە بەخشندەیی، ڕێزگرتنی منداڵ و پیر و پیادە لەسەر شەقام بەخشینی سەلامەتییە بەوانی تر.

فڕێنەدانی پاشماوەی خواردن و کلێنس و توێکڵی گوڵەبەڕۆژە لە جامی ئوتومبێل و نەشکاندنی دار و درەخت و نەکوشتنی ئاژەڵ و باڵندە و قڕ نەکردنی پەلەوەر و ماسی جۆرێکە لە بەخشین!

ڕێزگرتنی مرۆڤ بۆ سروشت، بەخشینی ژیانە بەوانی تر!

ڕووی خۆش و پێکەنین بەڕووی ئەوانی تردا جۆرێکە لە بەخشندەیی!

فێرکردنی خەڵکی لەو زانست و زانیارییەی کە هەتە و نەشاردنەوەی جۆرێکە لە بەخشندەیی!

بەخشندەیی خۆ تەنها پەیوەندی نییە بە بوونی پارەوە، بەڵێ ڕاستە پارە گەدە تێر دەکا، پارە دەتوانێ هەموو ئەو ڕەمەک و غەریزە ئاژەڵیانەی کە لە مرۆڤدا هەیە تێر بکات بەڵام دڵ نا، دڵ پێویستی بە بەخشندەییە، دڵ پێویستی بەوەیە ستایش بکرێ، هەست بکات خەڵکی خۆشیان دەوێت، هاوسۆزن لەگەڵی، هەست بە ئازارەکانی دەکەن.

ڕستە بەناو بانگەکەی (ستیڤ جۆبز) دێنینەوە یادمان کە دەڵێ: ئێستا لەسەر تەختی نەخۆشخانە کەوتووم و کۆتا ساتەکانی ژیانم بەڕێ دەکەم، ئا لەم ساتەشدا بەهۆی پارەکانمەوە دەتوانم خەڵکێکی زۆر بە کرێ بگرم تەنانەت دوای مردنیشم ڕۆژانە پارەم بۆ پەیدا بکەن، بەڵام بەو هەموو پارەیەی کە هەمە، ناتوانم تەنها یەک کەس بدۆزمەوەو بە کرێی بگرم کە لە بری من ئازار بچێژێت!

ژیان هەست کردنە بە ئازاری ئەوانی تر، ئومێددانە بە نائومێدی، ڕێزگرتنە لە پەراوێزی!

ببەخشن لەوەی کە هەتانە، لە ڕێز، لە زانست، لە پێکەنین، لە خۆشەویستی، لە پارە، زەردەخەنە، لێبوردەیی، هەرگیز لە بەخشندەیی مەترسن، مرۆڤ هیچ کات لە بەخشندەیی زیان ناکات.

ئەگەر زۆرت هەبوو ناچاری ئەو کارە بکەی، چونکە زۆری بابەتێک و نەبەخشین لێی دەبێتە هۆی خراپ بوونی، ئەگەر کەمیشت هەیە هەر ناچاریت ببەخشیت، ئاوێکی کەمیش بۆ ئەوەی سەرچاوەکەی کوێر نەبێتەوە ناچارن بە جام لێی هەڵگۆزن و لێی ببەخشن، ئەم کارە هەم ناهێڵێ سەرچاوەی ڕووناکییەکە کوێر بێتەوە و هەم بەردەوام ئاوی تر دێتەوە شوێنی.

ئێمەش بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئاسوودەگی و خۆشبەختیمان کوێر نەبێتەوە و خاڵی نەبین، ناچارین دەبێ ببەخشین؛ (من لایرحم ، لایرحم) ئەوەی نەبەخشێت، نابەخشه‌رێت!

هەمیشە ببەخشن: سڵاو، خواردن، جل، پارە، ڕێز، خۆشەویستی، پێکەنین، هاوسۆزبوون، یارمەتی، ئومێد، هیوا بەوانەی کە دەیانناسن و بە وانەشی کە نایانناسن، بەوانەی کە چاکەیان لەگەڵ کردوون و بەوانەشی کە خراپەیان لەگەڵ کردوون.

(أن تقرأ السلام، وتُطعم الطعامَ، على مَن عرفتَ ومَن لم تعرف)

لە بەخشیندا هیچ شتێک کەم ناکات...!

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.