ئاوازی مەلەکووتی بچڕن با زەوی لەگەڵ ئاسمان ئاشت بێتەوە

ئاوازی مەلەکووتی بچڕن با زەوی لەگەڵ ئاسمان ئاشت بێتەوە

کەش و هەوا و بۆشایی نێوان ئاسمان و زەوی تەڵخ و تۆزاوی و تەمومژاوی و لێڵ بووە، تەڵخ و دوکەڵاوی بووە بە بۆن و دەنگی گوناه‍ و خراپە... بە هات و هاواری فەساد و بەدڕەوشتی بە هەموو جۆرەکانیەوە.

ئاخر دوو ساڵە وەک پێویست دەنگ و سەدای (الله اکبر) و دەنگی قوڕئانخوێندن لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە وەک پێویست نەبیستراوە و بەرز نەبووەتەوە بۆ ئاسمان... بۆنی نوێژی جەماعەت و ویرد و ئەورادی دوای نوێژەکان لە مزگەوتەکانەوە وەک جاران پەخش نەبووە، دوو ساڵە دەنگی (الله اکبر) و (لبیک اللهم لبیک)ی حاجی و عەمرەکاران کەمتر و کزتر بووە...

لەبەرامبەردا دەنگ و بۆنی گوناه‍ و خراپە و خیانەت و گەندەڵی و ستەم لە مرۆڤ و باوەڕداران بەتایبەتی، زۆرتر بەرز بووەتەوە و بۆشایی ئاسمان و زەوی لێڵ کردووە... مەودای نێوان ئاسمان زەوی دوورتر و تەڵخ و تاریکتر کردووە... دەنگ و بۆنی جێکەوتی خیانەتی ڤایرۆس و ڤایرۆس خوڵقێنەکان زیاتر تەشەنەی کردووە و دەیانەوێ دەنگ و بۆنی ئاشتیخوازانی نێوان ئاسمان و زەوی کپ و کز بکەن... دەیانەوێ دەنگ و ئاوازە مەلەکوتییەکان نەبیسترێن و ڕۆحەکان نەبوژێننەوە.

سەروەختی بەئاگاهاتنەوە و ڕاچڵەکینە، ئێستە ئیدی کاتیەتی و ئەرکمانە، مەوسیم و وەرزی حەج و وتنەوەی سروودی (الله اکبر.. الله اکبر.. لا اله الا الله.. الله اکبر.. الله اکبر.. ولله الحمد.) و سروودی گیانبەخش و گیانژێنەوەی (لبیک اللهم لبیک)ە... ئەو سرود و ئاوازانەی کە دێنە سەر زارت هەست بەوە دەکەیت خواگیان لەسەر کورسی عەرش دەنگت دەبیستێ و هەر لەوێوە پێشوازیت لێ دەکا.

ڕاستە ڕێی حەج و عەمرە گیراوە و سنووردار کراوە، بەڵام خۆ ڕێی ئاسمان کراوەیە... ڕێی چوون بۆ لای خوا فراوانتر بووە... وەرن با ئەم چەن ڕۆژ و شەوەی لەپێشمانە، ناو ماڵ و مزگەوت و کۆڵان و بازاڕ و دوکان و  پارک و دەرودەشت و هەموو بۆشایی نێوان ئاسمان و زەوی پڕ و تەژی بکەین لە دەنگ و بۆن و بەرامەی میسک و عەنبەر ئاسای ئەو ئاواز و سروودە مەلەکوتییانە...  با تەنانەت تەلەفزیۆن و مۆبایلەکانیشمان ئەو سەدا و ئاوازە مەلەکوتییانەی (الله اکبر) و (لبیک اللهم لبیک)یان لێوە بەرز ببێتەوە و ببیسترێ... با کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش ڕۆژانە چەند جار ئەو ئاواز و سروودانە پەخش بکەن، با شۆفێری تەکسی و پاسەکانیش بە دەنگێکی ئارام ئەو سروودانە بۆ سەرنشینەکانیان پەخش بکەن، با وەرزێر و شوان و جوتیار و باخەوانەکایشمان بەدەم وتنەوەی ئەو سروود و ئاوازانەوە بچنە سەر کارەکانیان، با پێکەوە ئاوی ڕۆحمان بدەین و دڵە پەژموردە و سیس بووەکانمان ببوژێنینەوە.

خوایەگیان! من بەشەکەی خۆم باش دەزانم کە ئەو تۆز و تەمومژی گوناه‍ و خراپەیە مەودای نێوان من و تۆی دوورتر و تاریکتر کردووە.

ئیلاهی! ئەوەش دەزانم کە بەشێک لە سپی بوونی مووی سەر و ڕیش و ڕدێنم، بەهۆی گوناه‍ و هەڵەکان و لەتاو شەرمی پەڵە ڕەشەکانی دڵمدایە. ئەی خوای باش و میهرەبانمان! ئەی ئارامبەخشی دڵ و گیانمان! ئێمە ئەگەرچی دەزانین گوناهبار و خەتاکارین، بەڵام شانازی بەوەوە دەکەین کە بەندەی فەرمانبەردارتین، تامەزرۆی دیدار و ژوان و لیقاتین... خوایەگیان! کەی ئەو ساتە بێ منیش وەک یەکێک لە موشتاق و تامەزرۆیانت، شایستەیی و لیاقەتی ئەوەم ببێ بە پەیکێکدا نامەی نوور و لوتف و نیگای ڕەحمەت و سۆزت ڕوو لە من بکات و تۆش پێم بفەرمووی: (بەندەی ناچیزم! سەر هەڵبڕە و لەگەڵ قافڵەی نووردا ئەتۆش وەرە... بۆ زیارەتی کابە و ڕەوزە و مەدینەی مونەووەرە.)

جا ئەوکاتە بە پێڵوی چاو، دەکەومە گسکدانی بەر هەیوانی بەیت و ڕەوزە و تنۆک تنۆک بە ئەسرینی شەوقی لیقا ئاوپرژێنی (جێ پێ)ی ئیبڕاهیمی خەلیل و دایکە هاجەرەت بۆ دەکەم...

مودریک عەلی عارف، تامەزرۆ و دڵسوتاوێک بۆ زیارەتی بەیت و ڕەوزە.

تێبینی: هەموو هاوڕێ و دۆست و ئازیزانم بانگهێشت دەکەم بۆ ئەم بانگەواز و چاڵنجی (ئاوازی مەلەکوتی بچڕن). بە زۆرترین چڕین و وتنەوەی ئاواز و سروودەکانی (الله اکبر) و (لبیک اللهم لبیک) لەم چەند ڕۆژەدا.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.