ڕەمەزانی هەرکەسێک هێندەی ڕوانینیەتی

نووسەر: 
دكتۆر سه‌لمان
ڕەمەزانی هەرکەسێک هێندەی ڕوانینیەتی بۆی

کارل گوستاف یۆنگ لەبارەی دەرونناسی گەشەوە  نموونەیەکی جوان دەهێنێتەوە، دەڵێ کاتێک لافاو دێت، یەک مانا نادات بۆ دانیشتوانی باڵەخانەیەکی بەرز، ئەوانەی قاتی سەرەوەی باڵەخەنەکە یان ئەوانەی بەسەر شاخێکەوەن لێی دەڕوانن، بەڵام ئەوانەی قاتی خوارەوەی باڵەخانەکەن یان ئەوانەی لەبناری شاخەکەدان دەرگیری دەبن،  ئەمە مانای وا نییە لافاو بوونی نییە، بەڵکوو بەو مانایە دێ کە گۆشەی بۆ ڕوانین دەگۆڕێت، ئەمە نهێنی ئەوەیە هیچ شتێک ناتوانرێت یەک مانای ببێ، مانا میسداقێکی ناوەکییە بۆ مرۆڤ، مانا ڕەنگ دەداتە ژیان.

مەولانای ڕۆمی لە بەیتە شیعرێکدا لەباسی ڕەمەزاندا چەمکی قوفڵ و کلیل تەوزیف دەکات، هەرچەندە تەفسیری شێعرەکەی جیاوازترە، بەڵام ئیستعارەی دوو چەمکی قوفڵ و کلیل ئافاقی ئێمە فراوان دەکات. دەکرێ ڕەمەزان بۆ هەندێکمان قوفڵ بێت، تەنها دەممان دابخات -کورد وتەنی گورگی دەم بەستراو بین- بۆ هەندێکی تریش کلیل بێت، دونیایەکی گەورەتر و فراوانتر بکاتەوە، ئەو ئیدیۆمە کوردییە لەناو سیاقێکی ڕۆحانی و ئەخلاقیدا لەدایک بووە، بۆ ئەوانەی ڕەمەزان لە گورگبوونیان ناخات، تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی پەلامار نادەن.

دەکرێت بۆ هەندێکمان ڕەمەزان تەنها خاڵیکردنی سک بێت، بۆ هەندێکیش پڕکردنی ناوەوەی مرۆڤ بێت لە گەوهەر، کێ بڕیار لەمە دەدا؟ مرۆڤ خۆی، گەورەیی ڕۆحی خۆی. ئالێرەوە لە پەنجەرەکەی یۆنگەوە بۆی دەڕوانین.

ئایا ئێمە لە کوێوە تەماشای ڕەمەزان دەکەین، لەو شوێنەوە سەختی و ناڕەحەتی و بارگرانییە وەک ئەوانەی دەرگیری لافاو بوون یان لەو شوێنەوە هەڵچون و داچون و شەپۆل و هاوار و قرمەیە کە ئەمەیان ڕوانینی چێژبەخشانەیە، ئەو ڕوانینە مەحکوومە بە ڕۆحمان، ئایا ڕوشدی ڕۆحی ڕوی داوە، ئایا چوینەتە بەشی سەرەوەی باڵەخانەی ڕۆح، ئایا خودا بووه‌تە خۆراکی ڕۆح ، تەنانەت لە جیهانی ماددە دوورتر دەکەوێتەوە، یان نەخێر، هێشتا لەناو دونیای سپه‌ینێ چێژداین، هێشتا وەکوو لە پاینی باڵەخانەکەدا دەژین، بۆیە ڕەمەزانی هەرکەسێکمان بەقەد ڕوانینمانە بۆی.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

وتە شیرینەکان، ژیان دروست دەکەن هه‌وارگه‌ی دڵان (1400/08/30)
ئامۆژگاری باوکێک بۆ کوڕەکەی... هه‌وارگه‌ی دڵان (1400/08/21)
كۆڕی هاوده‌می له‌گه‌ڵ قوڕئان له‌ ئیرانشار به‌ڕێوه‌ چوو روابط عمومی، هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1400/08/21)