کەی خەریکی خۆت دەبیت؟

کەی خەریکی خۆت دەبیت؟

بە وردبوونەوە لە ژیانی زۆربەی عاریفان ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ، ئەو ڕازەی که بووە هۆی گۆڕانی شێوازی ژیان و بیرکردنەوەیان و هەنگاونانیان بەرەو گەورەبوون، ڕازی خۆناسییە. خۆناسین خەریکبوونە بە خودی خۆت، نەک خەڵکی و ئەوانی تر. چونکە مرۆڤ خۆی خۆش دەوێت، زۆر سەرسامە بە کەسایەتی خۆی، ناتوانێت ناتەواوی و کەموکوڕییەکانی ببینێت.

وەلێ کاتێک دەیبینێت کە خودا ڕوحمی پێ بکات، وەکوو پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت: «إذا أراد الله بعبد خيرا بصره بعيوب نفسه». کاتێک ورد دەبینەوە لەو پرسیارەی شەمس لە مەولانای دەکات؟ یان ئەو پرسیارەی ئەحمەدی غەزالی لە ئەبولحامیدی غەزالی دەکات؟ یان ئەو سۆفییەی کە لە عەتاری نیشابووری دەکات؟ یان ئەو پرسیارەی لە ئیبڕاهیمی کوڕی ئەدهەم و ئەو پرسیارەی لە بوزا دەکرێت؟

کورتەی پرسیارەکە بە جیاوازی دەربڕینەوە واتای ئەوەیە کەی خەریکی خۆت دەبیت و واز لە خەڵکی دێنیت؟ کەی دەگەڕێیەوە بۆ ناوەوەی خۆت و واز لە دەریای نوح دێنیت و خەریکی دەریای ڕوح دەبیت؟!

ڕێگاکانی ناسینی عەیبە دەروونییەکان زۆرن، ڕێگای ئیمامی غەزالی لە کتێبی (کورتە و پوختەی ئیحا عولووموددین) و کتێبی(کیمیای بەختەوەری) باسی کردووە و سێ ڕێگای پێشنیاز کردووە بۆ زانینی عەیبە دەروونییەکان:

١. ڕێگای یەکەم، ڕێگای قوتابیوون و بوونی پیرێکی تەریقەت (بوونی شێخ و مامۆستا)، باشترین ڕێگای خۆناسی و خودا ناسییە، کە ئیمامی غەزالی مەتڕەحی کردووە، بەڵام ئیمام دەڵێت ئەم ڕێگایە زۆر کەم بووە.

٢. ڕێگای دووەم، ڕێگای بوونی دۆست و هاوڕێیەکی چاکە، کاتێک مرۆڤ هاوڕێیەکی باشتر لە خۆی هەبوو، هەوڵ دەدات خۆی بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی ئەو.

٣. ڕێگای سێیەم، گوێگرتن بۆ حەسوودان و دوژمنان، کە ڕێگایەکە لە نەبوونی هاوڕێی چاکدا، دەبێ گوێ بۆ نەیارەکان شل بکەین، ئەوانەی شوێن عەیب و کەموکوڕی ئێمە دەکەون، هەڵەکانمان دەدۆزنەوە.

خودای گەورە کاتێک مرۆڤی ئاشنای خۆی کرد، ئەوا ئەو مرۆڤە نەفس و دەروونی کۆنتڕۆڵ دەکا و پلە و پایەی بەرز دەبێتەوە. وەکو و چۆن مەلای گەورەی کۆیە دەڵێت: دەرگەی لەززەتم لەسەرخۆ بەست چی عیلم بوو هەموویم بەدەست خست.

ده‌نگێ نه‌دراوه