تەخمیسی کامیل شەریف پوور لە سەر غەزەڵێکی حەزرەتی مەحوی

تەخمیسی کامیل شەریف پوور لە سەر غەزەڵێکی حەزرەتی مەحوی

لە نێو بەندی خەزانی ئارەزووما، ڕا نەکەم چ بکەم

بە سەربەستی ،هەموو کێشەی ژیانم چا نەکەم چ بکەم

هەتا بووم بێنەوا بووم،بۆ نەوایێ وا نەکەم چ بکەم

بە نووری بادە ،کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم چ بکەم

بە شەمعێکی وەها،چاری شەوێکی وا نەکم چ بکەم

 

کشان و داکشانم ،هەر بە توولی تاڵی هەودایە

مەداری دایرەی عەشقم،بە دەوری زوڵفی تاتایە

نسێیەک بێ ئەسەر ،عومرێکە لێم دوور و تەوەللایە

لە نێو خەزنەی دڵم هەرچی هەیە،هەر داغی سەودایە

دەسا ئەم نەقدە،دەردی عەشقی پێ سەودا نەکەم چ بکەم

 

لە چاوی لێڵی من قەت ناڕەوێ،شەوگاری زوڵفی یار

لە گەڵ لێوم نەیارە تا ئەبەد،شەبباکی قوڵفی یار

لە گەڵ هەستی مەلا یەک ناکەوێ،گوڵناری زوڵفی یار

لە گەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ،زونناری زوڵفی یار

وەکوو شێخ ئیختیاری ،مەزهەبی تەرسا نەکەم چ بکەم

 

لە پێناوی ئەوا ڕۆیی،هەموو خزم و کەسم،کێ ما

لە دەستم چوو ئەوی بووم،هەر خەیاڵ و شەوگەڕی ڕێ ما

لە عومرێک گرد و کۆی ژین،چاوەکەم هەر حەسرەتێ جێما

لە ڕێی ئەو شۆخەدا،خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما

دەسا خاکی هەموو عالەم،بە سەر خۆما نەکەم چ بکەم

 

ژیانێکی لە سۆز خاڵی و چ دەورانێکی ناخۆشە

نە سەر هۆشی لە بەردایە و نە دڵ هاومەنزڵی جۆشە

لە مێژە لەم هەرێمە،باسی دڵداری فەرامۆشە

دەمێکە شاری پڕ شۆری مەحببەت،مات و خامۆشە

بە قانوونی تەجەننون،شۆڕشێ بەرپا نەکەم چ بکەم

 

دەزانم بەختی من چەندە،لە نازی چاوی بێ بەریە

ویساڵی چی،تەمەننام چرکەساتێ خەونی سێبەریە

بەدی ناکەم هومێدێ،هەر دەپاڕێمۆ لە بەر گریە

لەچاوا نم نەما بۆ گریە،نۆبەی سەجدە بەر دەریە

سیا ساڵم نەبارە،نوێژی ئیستیسقا نەکەم چ بکەم

 

کە ڕێگەم ڕووی لە تۆیە،خۆر دەشارێتۆ لە من لەمعە

تەبەڕڕایە لە من عالەم،سەراپا لەمپەر و مەنعە

هەموو زەڕڕاتی عالەم،بۆ ژنەفتی ڕازی من سەمعە

لەسەر تۆم دوژمنە دونیا،قەزییەم مانع الجمعە

کە تەرکی تۆ نەکەم،تەرکی هەموو عالەم نەکەم چ بکەم

 

هەموو ڕۆیین عەزیزان،من بەجێ ماوم ئەجەل زوو بە

نەماوە تاقەت و هێز و گوڕ و تاوم،ئەجەل زوو

بە درەنگە، چاوەڕێی ژوانێکی فەوتاوم،ئەجەل زووبە

بە جێ ماوم لە یاران،نابەجێ ماوم،ئەجەل زوو بە

بە مردن،لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم،چ بکەم

 

دڵە تاکوو هەوار و بارەگای یارت،دەبێ بجوی

لە گەڵ مەرگ و هەزاران ڕەنجی ڕێگە،سەر دەبێ بسوی

شەو و ڕۆژت گرێ دە و ڕێکەوە،کامیل نەکەی بنوی

ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا،وادەی لیقا مەحوی

هەتا قامی قیامەت،ئاھ و واوەیلا نەکەم،چ بکەم

 

تەخمیسی کامیل شەریف پوور لە سەر غەزەڵێکی حەزرەتی مەحوی ـ ئاوایی سەرا - ڕێکەوتی 99/10/4

ده‌نگێ نه‌دراوه