بازاڕچه‌ی كۆنی مه‌هاباد ئاگری گرت

بازاڕچه‌ی كۆنی مه‌هاباد ئاگری گرت

شه‌وی هه‌ینی ٢٤ی ڕێبه‌ندانی ١٣٩٩ بازاڕچه‌ی كۆنی ئه‌سغری مه‌هاباد تووشی ئاگربه‌ربوون بوو.

به‌پێی ڕاپۆڕتی ئیسلاحوێب به‌ وته‌ی هاژه‌، ده‌ورووبه‌ری كاتژمێر ١٢ی شه‌وی ڕابردووی ٢٤ی ڕێبه‌رندان ئاگرێكی به‌ربڵاو له‌ لای ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌، به‌شی كۆنی بازاڕچه‌ی له‌خۆ گرت. شوێنێك كه بۆڕیكێشی غازی لێ نییه، هه‌رچه‌ند هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ ئێستاش له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ دایه‌ و دزه‌ی غازی بۆرییه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو نییه.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ بنكه‌ی قه‌یرانی مه‌هه‌باد هاته‌ كایه‌، مانگی سوور، هێزی چاودێری، پۆلیسی هاتوچۆ، سوپا و... هاتنه‌ یارمه‌تی ئاوربڕی مه‌هاباد و شارستانه‌كانی ده‌ورووبه‌ر.

كۆبوونه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری حه‌شیمه‌ت، قه‌ره‌باڵغی و دواكه‌وتنی ڕووخاندنی دیواره‌كانی بازاڕچه له‌ هۆكاره‌كانی به‌رچاوی كێشه‌ی كووژانه‌وه‌ی بڵێسه‌كانی ئاگر بوون.

كاتژمێر ٢:١٥ خوله‌كی به‌ره‌به‌یانی شه‌ممه‌ی ٢٥ی ڕێبه‌ندان، بڵێسه‌كانی ئاگر له‌ بازاڕچه‌ی كۆنی مه‌هاباد كووژایه‌وه‌ و هێزه‌كانی ئاگربڕی به‌رگریسازیی ناوچه‌كه‌یان ده‌ست پێ كرد. هاوكات هێزه‌كانی هێمنایه‌تی و چاودێری به‌رگریان له‌ ناوچه‌كه ‌كرد و به‌هۆی ئه‌گه‌ری ڕووخانی میچی بازاڕچه و یان ئاگركه‌وتنه‌ووه‌ی دووباره‌، پێشیان به‌ چوونه‌ژووری شارۆمه‌ندان بۆنێو بازاڕچه‌كه‌ كرد.

به‌پێی ڕاگه‌یاندنی ئاگربڕی نزیك به‌ سی له‌ سه‌دی دووكانه‌كان به‌ته‌واوه‌تی له‌و ئاگركه‌وتنه‌وه‌ودا سووتاون، به‌ڵام به‌هه‌وڵی هێزه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌ حه‌فتا له‌ سه‌دی دووكانه‌كان پارێزران، تائێستا ڕاده‌ی خه‌ساره‌ته‌كان به‌رارود یا ڕانه‌گه‌یاندراوه‌.

جه‌لال مه‌حموودزاده نوێنه‌ری پاڕڵه‌‌مانی خه‌ڵكی مه‌هاباد له‌ پاڕله‌مان داوای قه‌ره‌بووی خه‌ساره‌ته‌كانی كاسبكاران و دووكاندارانی بازاڕچه‌ی ئه‌سغه‌ری له‌ وه‌زیری وڵات كرد.

ده‌قی نامه‌كه‌ به‌م چه‌شنه‌یه‌:

به‌ڕێز دكتۆر ڕه‌حمانی فه‌زڵی

وه‌زیری به‌ڕێزی وڵات

وێڕای سڵاو و ڕێز

هه‌روه‌ك ئاگادارن له‌ كاتژمێر ١١ی شه‌وی ٢٤ی ڕێبه‌ندانی ١٣٩٩ به‌شێكی زۆر له‌ دووكانه‌كانی بازاڕچه‌ی ئه‌سغه‌ری مه‌هاباد له‌ ئاگردا سووتان و خه‌ساره‌تی ماڵی زۆری له‌ دووكانداران و كاسبكارانی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ كرد، وێڕای سپاس و پێزانین له‌ پارێزگاری به‌ڕێزی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا، هێزه‌كانی چاودێری، بنكه‌ی قه‌یران و هێزه‌كانی تێكۆشه‌ر و خزمه‌تكاری ئاگربڕی مه‌هاباد، مینادوواو، نه‌غه‌ده‌، گووگته‌په‌، خه‌لیفان و... كه هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كه‌وه‌ به‌كه‌ره‌سه‌ی ئاگربڕی پێویست له‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ ئاماده‌ بوون و پێشیان به‌ ئاگره‌ سامناك و به‌ربڵاوه‌كه‌ گرت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی پانتایی ئاگره‌كه،‌ خه‌ساره‌تێكی زۆر تووشی دووكانداران بوو، بۆیه‌ داواكارین به‌ زووترین كات فه‌رمان بده‌ن كه خه‌ساره‌تی شارۆمه‌ندان و دووكانداران به‌راورد بكرێ و یارمه‌تی بێبه‌رامبه‌ر و ئاسانكاری هه‌رزان پێشكه‌شی كاسبكاران بكرێ و بۆ قه‌ره‌بووی به‌شێك له‌ خه‌ساره‌ته‌كه‌یان به‌تایبه‌ت له‌ڕێی بوودجه‌ی سندۆقی ڕووداوه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كان له‌ ئیختیاری وه‌زاره‌تخانه‌ی پێوه‌ندیدار بهاویژرێ تاكوو قه‌ره‌بووی خه‌ساره‌ته‌كه‌یان بكرێ.

هه‌روه‌ها پێویسته به‌پێی په‌یدۆزی به‌رده‌وامی پێشوو ته‌رتیبێك بدرێ كه به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌بوونی زۆرتر بۆ به‌رگری و به‌ڕێوبه‌ری ئاگركه‌وتنی ئه‌گه‌ریی تر له‌ شاری مه‌هاباد، كه‌ره‌سه‌ی زۆرتر و باشتر له‌ ئیختیاری ڕێكخراوه‌ی ئاگربڕی مه‌هاباد بخرێ و له‌و بواره‌وه‌ فه‌رمانی خێرا و شایان بدرێ.

جه‌لال مه‌حموودزاده

نوێنه‌ری خه‌ڵكی به‌شه‌ڕه‌فی شاری مه‌هاباد

بازاڕچه‌ی كۆنی مه‌هاباد ئاگری گرت
بازاڕچه‌ی كۆنی مه‌هاباد ئاگری گرت
بازاڕچه‌ی كۆنی مه‌هاباد ئاگری گرت
بازاڕچه‌ی كۆنی مه‌هاباد ئاگری گرت
بازاڕچه‌ی كۆنی مه‌هاباد ئاگری گرت
بازاڕچه‌ی كۆنی مه‌هاباد ئاگری گرت
ده‌نگێ نه‌دراوه