خەڵوەت!

نووسەر: 
تارا ڕزگار
خەڵوەت!

ڕۆحم تاسەی خەڵوەت دەکا.

بەرۆکم دەگرێ و ڕامدەکێشێ و بەنێو کۆڵانە تەنگ و باریک و تاریکەکانی ڕۆحمدا تاو دەدات.

دەمێک دەمگێڕێتەوە نێو تەمەنی منداڵیم و دواییش دانە دانەی خانۆچکە و کۆڵانە پێچاوپێچەکانی ڕۆحمم پێ تەی دەکا.

ھەر بە دوای دەوای ڕۆح و خەڵوەی ھەست و نەست و وجوودەوە ڕێی کتێبخانە بچووکەکەی ماڵمانم گرتە بەر.

کاتێک دیتم وا ڕۆچووم لە خوێندنەوەی کتێبی دڵخواز کە لە بێئاگایی، خۆی خزاندبووە نێو دەست و پەنجەم، ھێندێکم لێ خوێندەوە و لەنێو دەستەکانمم گوشی.

ئاخر ھەم دیاریی ئازیزێکە و ھەمدیس جواننووسێکی نووسەر.

ھەر لەگەڵ ڕاچڵەکینم لە دەنگ و زەنای دەورووبەرم بەئەگا بووم، سەیرم لێ ھات وەھا مرۆ سەفەر دەکا و خەڵوەی نێو جەلوە دەکا.

تەرکیزی من لەوێدا بوو ئادەمیزاد ھەرگیز ناتوانێ دەست بە ڕووی ڕۆحیەوە بنێت؛ گەر وایش بکات بێبەر دەبێ، لەھەر جێگایەکدا بیت، ڕۆحت ھاوڕێگەت نەبێ، نەچوونت چاکترە. دڵ و ڕۆحت مەیلیان نەبوو، ھەر بچۆ، ببیستە، بخوێنەوە و خەڵک ببینە.

وەک ئەوە وایە نە جێگایەکت دیتووە و نە ژنەوتووتە و نە دیدەنییەک لە ئارادا بووە.

جا لەزەتی ھاوڕێگابوون لەگەڵ ڕۆحت ناکرێ بێتە بەر باسان.

ھەر ئەوەندەی نەبێ بێژین وەختێ ڕۆحت ھاوڕێگەتە، چێژی دیدەنی ڕۆحنیشینان سەد ھێندەیە و بیستراوەکانیش مۆرکراوی ناو دڵ و مێشک.

ھەر ھێندە و ناتوانم شتی تر بێنمە گۆ، ئەمیش وەک ئەودوای شتەکان دەبێت بیچێژی تا تێیبگەیت!

خەڵوەتکردن چ لەگەڵ خۆت و چ دۆست پێویست بە تەنیابوون، کپبوون و شوێنی دوورەدەست ناکات، بەڵکوو لەنێو خودی خۆماندایە.

وەکوو من کە دیتم چەندین کاتژمێر تێپەڕیوە و چەندین جۆری کەس و میوان ھاتن و چوون، وەختێک دیتم ھەر لەو جێیەیش نیم کە لێی بووم! 

ده‌نگێ نه‌دراوه