ئامۆژگاری باوکێک بۆ کوڕەکەی...

ئامۆژگاری باوکێک بۆ کوڕەکەی...

وەناو خودای دڵۆڤان

کوڕی نازدارم، ئاروین گیان سڵاو

دەبینم دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر، دابڕان، دوای سەرھەڵدانی پەتای کڕۆنا، ڕووت کردۆتەوە قوتابخانە ...

گەرچی قوتابخانە شوێنێکی زۆر پیرۆزە و ناکرێ پیرۆزییەکانی بشکێنین، بەڵام ئاگاداری خۆت بە، کە؛

١) خۆت لە وەرزی مێرمناڵی دای کە خەڵکانی ھەرێمی کوردستان ناوزەدیان کردوە بە ھەرزەکاری! لەم وەرزەدا، زۆر وشیار و لەسەر ھەست نەبی، جار وایە، خۆت بە خۆت نازانی، دیاردەیەکی قیزەون بە ئامێری مناڵێکی ھاوتەمەن، خولیایەکی ناڕێک یا خۆ ئەم موبێڵەی لە دەستت دایە، ئاوسارت دەکا و خۆت و کەسایەتی خۆت و بنەماڵەت لەبیر دەکا و ئامانجت لێ تێک دەدا و بە لارێتدا دەبا...

٢) متمانەبەخۆیی، ڕاوێژ و مەشوەڕەت لەگەڵ کەسێکی نێزیک وەکوو دایک و باوک، یاخۆ خاڵۆ و مامۆ و مامۆستایەکی بەڕێز و دڵسۆزی قوتابخانە و مزگەوت و ھتد، لە زۆر قەیران و کێشەی ئەم وەرزە، ڕزگارت دەکا.

٣) لەبیرت بێ، مرۆڤ بە ئامانج و خولیاوە، زیندووە!

ھەوڵ بدە، ھێز و توانای ئینسانی خۆت بناسی و ھاوتای ئەم ناسینە، ئامانج بۆ خۆت داتاشی و ئامانجیشت، بەرز و بەھێز و پیرۆز، بەڵام بەپێی واقیع و بەرچاوڕوونی بێت.

٤) ھەوڵ بدە بازنەی دۆستایەتیت کەم بێ و بەڵام چڕ و دەوڵەمەند و شاز بێ. دۆست و ھەڤاڵی باش، زۆر جار لە خزمی نێزیکیش باشترە، بەڵام لەبیرت بێ، خزمان لەبیر نەکەی و دۆستایەتی کەسێکیش، بکەیت بەرزت کاتەوە نە بۆ بە عەرزدادان، بەڵکوو بۆ گەیاندن بە خوولیا پیرۆزەکان و ئامانجە گەورەکان و ناوەڕۆکی مرۆڤایەتی و متمانەبەخۆبوون و شازبوون...

٥) گەرچی خوێندن و خوێندنەوە، پیرۆزی بێ پانتای ھەیە و دەبێ و دەشێ خۆی بۆ تەرخان بکەیت، بەڵام بزانە، ھەر لێزانین و زانین و پسپۆڕیەک، تۆ نەگەیێنیتە، لوتکە ی بە چووک دیتنی مرۆڤ لە ھەمبەر ئافەرینەر و پاڵدەرت نەبێ بۆ "خزمەتی گشتی گەل و نیشتمان و جیھان"، بێ داھاتە! دوای وەرزی ھەر خوێندنێک، خۆت وەرد بدەوە، بزانە بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان و مڕۆڤایەتی چیت لە دەست دێن؟

ھەڵبەت ھەوڵت ئەوەبێ، ھەرچی لە دەستت ھات کە متمانەم ھەیە زۆر و شاز دەبێ، مەودای گشت لایەنە و بێ جیاوازی نیشتمان، نەتەوە، دین و مەزھەب و فیکر و ئایدولۆژیا بێت، گەرچی دەبێ ئەوەشت لەبیر بێ؛ کە پۆلێن بەندی خزمەتت لە خۆتەوە بۆ بنەماڵە، دراوسێ، خزم و ھاشاری و ھاووڵاتی و پاشان گشت مرۆڤەکان بێ و ھاوکاتیش پارێزەری ژینگەی دەوری خۆی تا گشت جیھان بە لێکگرێدراوی بیت.

٦) ھەوڵ بدە، ڕەوشتبەرز بیت و لووتبەرز نەبی! ھەستێکی گەرم و گوڕ و مێشکێکی پاراو بە خۆشەویستی و دڵێکی دڵۆڤانت بێ و چاوەکانت بە جوانیە سروشتییەکان و دیمەنە ئەرێنییەکان پڕ کەیت و گوێ بە وتار و لێدوانە باشەکانی خەڵکی شاز و لێھاتوو و دڵسۆز، بھاخنی و گەشە و نەشە لە خۆتەوە دەست پێ بکەیت.

ڕێزدار بەو و ڕێزی بەرامبەر بگرە و ھیچ کات جیاوازیەکان مەکە بێنووی لێک‌ترازان و مێشک ھەڵاوسان!

گشت سات دڵۆڤانی ئامێری ھەڵسوکەوتت لە کۆمەڵگادا بێ و مه‌خابن بۆ مشتێک خۆشی کاتی، بەھەشتێک ژیانی ئاشتەوایی بە کۆمەڵ و له‌ ناو خەڵکدابوون و بەھەشتی سازدراوی دونیا و قیامەت، قوربانی نەکەی!

گەورە بە، بە مێشک و کردار و وتار و گوتار و ھەموو چرکەساتێکیش گەورەیی خەڵک و سەروەری ئەخلاق بپارێزە.

٧) ھەر وەک دەزانی، زۆر بەداخەوە، ھەڵسەنگاندنی بێ بنەما، چاولێکەری تێکدەری ڕۆح و ڕەوان و ژیان و ژینگە، گەمە بە ھەڵەکانی خەڵکی تر و لە قاودانی عەیبەکانی یەک تر و لافاوی نووسراوەی نەشیاو و گرتە فلیم و کلیپ و دەنگی ماڵوێرانکەر و ژیان‌ڕوخێن، بەتایبەت تۆمەت‌ لێدان و بوختان ھەڵبەستن بە ئامێری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بۆتە بەشێک لە کێشەی ژیان و بێ متمانەیی و تووندئاژۆیی کردۆتە ناو ناخی پێکەوە ژیان! تکاکارم گشت کات بە ئامرازی وردبوونەوە و شیکاری و بینینی پێش چاو و پشته‌ سەر و گرتنە نەریتی ئاشتیخوازی و ئاشتەوایی، ببە بە ھێمای خەڵک ویستی و ژینگە دۆستی.

ئاشتیخواز و ئاشتی دۆست و ئاشتی ساز بە و تا بۆت دەکرێ و دەلوێ، شەڕ دامرکێنە و پەیامھێنەری شادی و خۆشی و کامەرانی بە و ھیچ کات، ھیچ کات کەس بە پێوەرەکانی خۆت ھەڵمەسەنگێنە!

 ٨) لەیادت بێ تۆ مرۆڤی و فریشتەیەک نی، ھەر بۆیەش ئەگەری ھەڵەت ھەیە، گەرچی نابێ ھەڵه‌ بێ و دەبێ وریا بی! بەڵام کە بەھەر ھۆکارێک، تووشی ھەڵەیەک بویت، پێت وانەبێ، دونیا تەواوە و عەرز لە ئاسمان دراوە و ئیتر ھیچ ڕێگای گەڕانەوە نەماوە!

خوای گەورە زۆر دڵۆڤانتر لەوەیە کە دەیناسین و باوک و دایکیشت زۆر دڵ‌ڕەحم تر لەوەن کە لە کاتی تەنگەژە، کێشە و قەیراندا، پشتت تێ بکەن و لێت بتۆرێن و پاڵپشتت نەبن!

کوڕەکەم، لە دژوارترین کاتەکانیش، خوای گەورە ببینە و بزەی بزەیی ئەو بخە سەر لێو و پاشان نیوە نیگاھێکت بە پەنای بنەماڵەوە بێ و بزانە لە ھیچ کاتدا، بێ ھیوات ناکەن و پشتت بەرنادەن!

ھیچ کات، ڕێگاچارەکان، تەنیا یەک مەبینە و مێشک ھاندە، بێ ئەژمار ڕێگای چارەسەری کێشەکان بخاتە بەرچاو. ھەروەھا، ئەوەش بزانە؛ ڕێگا بۆ تۆبە و گەڕانەوە، گرێ کوێرە مەبینە و ھەر چرکەساتێک خوا و ئێمە بۆ فریا کەوتنی خێرا لەبیر مەکە. جارێ با بەس بێ تا کاتێکی تر...

ڕەئووفی باوکت  کە پێشەنگی و گەورەیی تۆی ئاواتە

  ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ی کوردی

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.