چواره‌مین كۆنگره‌ی «موحه‌ممه‌د باڵوێزی ئاشتی» به‌ڕێوه‌ چوو

چواره‌مین كۆنگره‌ی «موحه‌ممه‌د باڵوێزی ئاشتی» به‌ڕێوه‌ چوو

به‌بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(د.خ) كۆنگره‌ی «موحه‌ممه‌د باڵوێزی ئاشتی» به‌ وتاربێژی میوانانێك له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ ١٣ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠٠ به‌شێوه‌ی مه‌جازی به‌ڕێوه‌ چوو.

دكتۆر عه‌لی مه‌حیه‌ددین قه‌ره‌داغی ئه‌مینداری گشتیی یه‌كیه‌تی جیهانی زانایانی موسوڵمان وتاربێژی به‌رنامه، له‌ په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) باسی له‌ به‌رچاوترین پێناسه‌كانی پێغه‌مبه‌ری ڕه‌حمه‌ت كرد و دڵۆڤانی و دڵسۆزیی له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) هه‌ژمار كرد.

ئه‌و له‌ گرینگترین به‌شی وتاره‌كه‌یدا، ئاماژه‌ی به‌ ئامانجی جه‌زره‌تی موحه‌ممه‌د كرد كه پێكهێنانی گه‌لێكی یه‌كگرتوو بوو و نه‌ته‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ جیاوازی بۆچوون و ئایینزا، به‌ستێنێك بۆ یه‌ك بڕوایی، هاو قیبله‌یی، ئه‌خلاقی ئیسلامی و ژیاننامه‌ و سوننه‌تێكی تاك پێك دێنی و له‌ درێژه‌دا وتی شیاو نییه‌ گه‌لێك كه وه‌ك باشترینی نه‌ته‌وه‌كان ناسێندراوه‌، تووشی ناكۆكی بن.

ئه‌و له‌ به‌شێك له‌ وته‌كانیدا جیهانی ئیسلامی به‌ره‌و سوڵح و ئاشتی بانگهێشت كرد و به‌رژه‌وه‌ندی و سوودی گشتیی له‌سه‌روی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تری زانی و وتی: «سه‌باره‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی، به‌خاتری ڕه‌زامه‌ندی خوا پێكه‌وه‌ سازانو هه‌بێ».

ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ی جیهانی ئیسلام له‌ به‌شی كۆتایی وته‌كانیدا هێندێ ڕاسپارده‌ی بۆ جیهانی ئیسلام هه‌بوو و وتی كه به‌دوای ئامانجێك دابین كه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بۆی دیاری كردووین. پێغه‌مبه‌رێك كه سومبولی ڕه‌حمه‌ت و ئاشتی و خۆشه‌ویستی بۆ خه‌ڵك بوو.

له‌ به‌شێك له‌و كۆنگره‌یه‌، دكتۆر سه‌ید موسته‌فا موحه‌ققێق داماد نووسه‌ر، تێكۆشه‌ر و توێژه‌ری ئایینی وه‌ك میوانی كۆنگره‌ له‌و به‌رنامه‌ مه‌جازییه‌دا باسی له‌و بنه‌مایانه‌ كرد كه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بۆ مرۆڤایه‌تی هێناون.

ئه‌و بنه‌مای یه‌كتاپه‌ره‌ستی وه‌ك یه‌كه‌م بنه‌مای ئاشتی و سوڵح نێو برد و وتی كه یه‌كتاپه‌ره‌ستی له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامیدا واته‌ جیهان و ئینسان به‌ یه‌ك بزانین و ئه‌وه‌یكه هیچ مرۆڤێك خۆی جیا و بانتر له‌وانیتر نه‌زانێ؛ چونكه مرۆڤ وه‌ك بنه‌ماڵه‌یه‌كی تاك ناسراوه‌ و قوڕئان ئه‌و بنه‌مایه‌ی داناوه‌ تاكوو مرۆڤایه‌تی له‌ ئاشتی و ئاسووده‌ییدا ژیان به‌سه‌ر ببات.

ئه‌و مافناسه‌ له‌ درێژه‌دا باسی له‌ بنه‌ماكانی برایه‌تی، لێبوورده‌یی و وازهێنان له‌ لۆمه‌كردن كرد و ته‌واوی بنه‌مایانه‌ی وه‌ك خه‌ڵاتی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی ئاشتیخوازانه‌ی مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌ژمار كرد.

ئه‌و له‌ به‌شی كۆتایی وته‌كانیدا هێندێ ئایه‌تی سه‌باره‌ت به‌ سوڵح و ئاشتی تاوتوێ كرد و به‌ گوێره‌ی وته‌ی ئیبنی خه‌لدوون، پێغه‌مبه‌ری به‌ خاوه‌ن دوو مه‌عجیزه نێو برد، یه‌كه‌م قوڕئان و دووهه‌م ئاشتی و برایه‌تی له‌نێوان مشتومڕ و دوژمنایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی و هۆزی سه‌ره‌تای ئیسلام.

سددیق قوتبی له‌ وتاربێژانی تری ئه‌و كۆنگره‌یه‌ باسی له‌ به‌رچاوترین لایه‌نی په‌ێڕه‌وی له‌ پێغه‌مبه‌ر كرد و ئایه‌تی «وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ ‎﴿ئه‌نبياء:١٠٧﴾‏» شی كرده‌وه‌. ئه‌و توێژه‌ره‌ی بواری ئایینی، تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ ڕه‌نگ و خو خده‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) وه‌ك خویاترین نموونه‌ی خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) هه‌ژمار كرد و وتی هه‌روه‌ك كه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) وێنه‌ی باران و خۆر ڕه‌حمه‌تێكی گشتیی هه‌بووه‌، ئێمه‌ش له‌ شوێنكه‌وتنی پێغه‌مبه‌ری ئازیز به‌م چه‌شنه‌ بین و ڕه‌حمه‌تێكی به‌ربڵاو و گشتیمان هه‌بێ.

لوقمان ستووده‌ له‌ وتارێكی كورتدا، ئاماژه‌ی به‌ هه‌ستێكی كه موسوڵمانان هه‌مبه‌ر پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست(د.خ) هه‌یانه‌، كرد. ئه‌و ئاماژه‌ی به‌ هه‌ستی شانازیكردن به‌هۆی شوێنكه‌وتنی پێغه‌مبه‌ر، هه‌ستی سه‌رسامبوون له‌ ئاست به‌ره‌نجامگیری ناڕه‌وا له‌ ڕیساله‌ت و په‌یامی پێغه‌مبه‌ر، هه‌ستی تاسه‌ له‌ ڕه‌وشت و ئاكاری ناجوان كه به‌نێوی پێغه‌مبه‌ر له‌ هێندێ كه‌س ڕوو ده‌دا و هه‌ستی شه‌رمه‌زاری به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می له‌ ناساندنی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و ناساندنی په‌یام و ئامانجی پێغه‌مبه‌ر كرد.

جێی ئاماژه‌یه‌ كه له‌ به‌شه‌كانی تری ئه‌و كۆنگره، چه‌ند هۆنراوه‌ و ئاواز سه‌باره‌ت به‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان بیلال كه‌یوانی و فه‌رهاد قائێدی خوێندرانه‌وه‌.

پێشكه‌شكاری سێنی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ خاتوو ڕووناك سه‌مه‌دی بوو.‌

.:: نوێ‌ترین ::.