دەربارەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە

دەربارەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە

دەستەواژەی (بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە) لە سەرەتای سەدەی بیستەوە لەلایەن هەندێک پیتۆڵی ئەورووپییەوە وروژێنرا، یەکێک لەوانە: دەروونناس و بیرمەند (جۆن دیوی ١٨٥٩ - ١٩٥٢) ئەمریکی بوو، کە یەکێک بوو لە ڕابەرانی فەلسەفەی براگماتی. لەو کاتەوە ڕەخنەگرانی دەروونناسيی و کۆمەڵناسيی، وەک بەشێکی گرنگی بواری مروڤناسیی، توێژینەوەی زۆریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە و نزیک بووەتەوە لە زانستێکی سەربەخۆ.

پێناسی (بیرکردنەوە):

بیرکردنەوە بە زمانێکی ساکار: چالاکییەکی عەقڵی مرۆڤە، لە سنووری زانیارییە تۆمارکراوەکان لە زاکیرەی کەسەکەدا، بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێک. واتە بیرکردنەوە شێواز و پڕۆسەیەکی زیهنییە، کە دەبێتە دینەمۆ و سەرچاوەی کار و جووڵەی زۆربەی ئەندامەکانی مرۆڤ.

بەدەر لەوەی زانایانی دەروونناس و فەیلەسوفان وتوویانە: دروستترین وێنای پرۆسەی بیرکردنەوە ئەوەیە کە قوڕئان دەریخستووە، کە یەکێک لە هێزەکانی دەروونی مرۆڤ ئەوەیە کە ناوی ناوە (قەلب) یان (فوئاد)، ئەوە کە پڕۆسەی بیرکردنە و ئاوەزکردن و عەقڵ بەخەرجدانی لێوە دەرئەچێت، چونکە قوڕئان بە شێوەی کردار (فعل) ناوی لە عەقڵ بردووە: (یعقلون، تعقلون، عقلوه)، بۆ نموونە دەفەرموێت: «فتکون لهم قلوب لا يعقلون بها» (حه‌ج/٤٦)، ئەم ئایەتە زۆر ڕوونە لە دەرخستنی ئەو زانیارییەدا کە عەقڵ کارێکە لە کارەکانی دڵ، ئەوەی لە کوردەواریدا پێی دەگوترێ: (دڵپێدان)، (دڵی بدەرێ)، (دڵ دەدا بەقسە)، (دڵ نادا بە قسە)، کە بە عەڕەبییەکەی دەبێتە: بەستنەوە، چونکە عەقڵ لە (عقال)ە بە مانای ئەو گوریسەی کە شتی پێ دەبەسرێتەوە. (كاك ناسر سوبحانی لە دەیان شوێنی تەفسیر و وانەکانیدا بە جوانیی ئەم بابەتەی ڕوون کردووەتەوە).

دیارە بیرکردنەوە (تفکر)یش تێڕامان و وردبوونەوە، پڕۆسەیەکە دەکەوێتە پێش عەقڵ و بەستنەوە زیهنییەکە، کە پێشتر ئاماژەمان پێ کرد. قوڕئانی پیرۆز (١١) جار لە وشەی (یتفکرون)ی تێدا هاتووە، واتە بیرکردنەوە، بوارەکانی بیرکردنەوەشی دیاریی كردوون، وەك: دروستکردنی ئاسمانان و زەوی، داستان و بەسەرهاتانی مێژوو، نیشانەکانی خوا لە باران بارین و بوژاندنەوەی زەوی و بەرهەمەکانی و..هتد، کێو و ڕووبارەكان، جووتیەتی لە بوونەوەردا، بیركردنەوە لە قوڕئان، لە پەیوەندیی نێوان هاوسەران، لە خەو و..هتد.

بەهەرحاڵ، تا زانیاریی کەسێک زۆرتر بێت، پێویستە چالاکی هزریی و فیکرییەکەی زۆرتر بێت، دیارە بەمەرجی بیرکردنەوە. واتە مەرج نیە کەسی خاوەن توانای جەستەیی، توانای بیرکردنەوەشی زۆرتر بێت، بەڵکوو ڕادەی زانیاریی و ڕادەی بیرکردنەوە ناونیشان بۆ هەرکەسێک دادەنێن. کەواتە دیوێکی شاراوە و بەشێکی سەرەکیی کەسییەتی مرۆڤ لەم پانتاییە نادیارەدایە، زۆر و كەمیشی ڕێژەییە و بەستراوەتەوە بە دوو فاکتەری: (زۆر و کەمیی وردەواڵەی زانیارییەکان) و (ڕادەی خستنەکاری هزر و ئاوەز)ەوە.

کاریگەری بیرکردنەوە لەسەر تاک و کۆمەڵ:

بەپێی خوێندنەوەی مێژوو و ژیار و شارستانییەت و کۆمەڵگەکان، بیرکردنەوەی تاک بە درێژایی مێژوو لەسەر کۆمەڵگە و شارستانییەتەکان کاریگەریی بەجێ هێشتووە. لەهەر سەردەمێکدا کار لەسەر ڕادەی بیرکردنەوه‌ کرابێت، پێشکەوتن و گەشەکردن ژمارەی پێوانەیی بەدەست هێناوە. لە سەردەمی یۆنان و فەیلەسوفەکانییەوە، لە شەریعەتی (حاموڕابی)یەوە، لە بیرکردنەوەکانی فیرعەونەکان و شارستانییەتەکانی بیزەنتیی و ساسانییەکانەوە، لە شارستانێتی دێرینی چین و هیندەوە، تا سەردەمی زێڕینی ئیسلام و تا دونیای مۆدێڕن، زۆر و کەم ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێت، کە (بیرکردنەوە) بزوێنەری جەستە و خولقێنەری پێشکەوتنەکان و دەستکەوتەکان بووە.

جۆرەکانی بیرکردنەوە:

بە خوێندنەوەیەكی لۆژیكیی بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە چەندین جۆری بیرکردنەوە هەن، وەک: بیرکردنەوەی سۆزدارانە، کە پشت بە هەست و سۆزی دوور لە زانیاریی دەبەستێت، بیرکردنەوەی نەرێنی، کە ڕەشبینانە دەڕوانێتە پڕۆسەکە، بیرکردنەوەی ئەرێنی گەشبینانە، کە پێچەوانەی پێشووەکەیە، بیرکردنەوەی داهێنەرانە، کە پشت بە هەر زانیارییەکی نوێ دەبەستێت، بیرکردنەوەی گشتگیر، کە ئەوەیان نموونەییە و بەپێی پێوەر و ستانداردی زانستیی جێبەجێ دەکرێت، هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، كە ئێمە لەم بابەتەدا قسە لەم جۆرەیان دەکەین.

بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە:.

بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بریتییە لە شیکارییەکی هزرییانەی بابەتیيانە بۆ ڕاستییەکان، بۆ گەیشتنە دەرەنجامێک.

ئەوەی گرنگە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا ئەوەیە کە خاوەنەکەی بێ لایەنانە دەست بکات بە کاری توێژینەوە و شیکاریی و بڕیاری پێش وەختەوە دەست پێ نەکات.

کەواتە نابێت کاری شیکاریی تەنها بۆ وروژاندن بێت، بەڵکوو دەبێ بۆ گەیشتنە ڕاستییەک بێت، مەرجیش نییە خاوەنی بیرکردنەوە بگاتە ئامانج، بەڵام کارەکەی دەبێتە هەنگاوێک بۆ گەیشتن بە ڕاستی.

پسپۆڕانی کۆمەڵناس یەکدەنگن لەسەر ئەوەی کە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ڕێگەیەکە بۆ دەستەبەركردنی پێشکەوتنی تاک و خێزان و کۆمەڵگە و تەنانەت دامەزراوە ڕەسمییەکانی دەوڵەت، بۆیە لە سەردەمی فەیلەسوفانی یۆنانەوە، تا دونیای مۆدێڕن، هەر نەتەوە و دەوڵەتێک ئاستى بیرکردنەوەى ڕەخنەییان لە پێشەوە بووبێت، گەشەى کردووە و پێشکەوتنى زیاتر بووە.

هەندێک بە هەڵە پێناسه‌ى بیرکردنەوەى ڕەخنەگرانەیان کردووە، کە گوایە: بریتییە لە گەڕان بە دواى عەیب و ناتەواویيەکاندا. بەڵام ئەم پێناسەیە نادروستە، ڕاستتر ئەوەیە کە بڵێین: بيركردنەوەی ڕەخنەگرانە بریتییە لە گەڕان بە دواى ڕاستیدا، پڕۆسەیەکى پشکنینى هزرییە بۆ ئەگەر و نەگەرى بوونى عەیب و ناتەواویى، چونکە ئەگەر هەر لە سەرەتاوە فۆکس بخرێتە سەر عەیب و ناتەواویى، ماناى وایە خاوەن هزر و پشکنەر بڕیارى پێشوەختى هەیە و بە چاوى بۆ عەیب گەڕان کارى شیکاریى دەست پێ دەکا، كە ئەوە مەرجی بێلایه‌نبوونى لێ دەشۆرێتەوە.

بنەما سەرەکییەکانى بیرکردنەوەى ڕەخنەیى:

١ـ نەبوونى بڕیارى پێشوەخت و بێلایەنیى تەواو لە دوو ڕیانەکەدا.

٢ـ دانانى پێوەرى زانستیى بۆ وەرگرتن و ڕەتکردنەوە، پێوەرى ستانداردى هەر بوارێک بۆ خۆى.

٣ـ گەڕان بەدواى دژە تەوەرەکاندا، بۆ دەرکەوتنى قەوارەى دروستى هەر تەوەرێک لە گۆشە نیگا جیاوازەکانەوە.

٤- پشتبەستن بە لۆژیک و بیرکردنەوە و هەڵێنجان، زیاتر لە گوێزانەوەی بۆچوون و قسەی کەسانی دی.

٥- خستنە بەرچاوی تەواوی ئەگەرەکان لەهەر بابەتێکدا و لێکدانەوەی یەک بە یەکیان، چ بە جیا جیا، چ لە کەنار یەکتردا.

کەواتە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بۆ گەیشتنە بە ڕاستییەکان، بۆ داتەکاندنی هەڵە و عەیب و عارە لەسەر هەر بابەتێک، نەک عەیبدارکردن، ئەوەش لەڕێی تەتەڵەکردن و هەڵسەنگاندن و کاری بەراوردکارییەوە، بە پشتبەستن بە بەڵگە و لەبەرچاوگرتنی دژەکان و خوێندنەوەی گۆشەنیگا جیاوازەکان و خەمڵاندنی هەموو ئەگەرەکان.

هەنگاوەکانی پڕۆسەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی:

بە وردبوونەوە لە پێناسه‌ و بنەماکان و ئەو ڕوونکردنەوەیەی دامان، دەگەینە ئەو سەرەنجامە، کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ئەم هەنگاوانەی دەوێ:

١- سەرەتا بیرکردنەوە لە ئامانجی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، کە گەیشتنە بە ڕاستیی (حەقیقەت).

٢- کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو، دەربارەی ئەو بابەتەی دەکرێتە تەوەر، بەو باس و توێژینەوانەشەوە كە باس لەو تەوەرە و زانیاریی پەیوەندیدار بەو تەوەرە دەکەن.

٣- خوێندنەوە و وردبوونەوە لە تەواوی ئەگەرەکان و کاری شیکاریی دژە تەوەرەکە و ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان.

٤- لەبەرچاوگرتنی پێوەری زانستیی لە هەموو ڕەهەندە هزریی و زمانیی و مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكاندا.

٥- هەڵسەنگاندنی بێ لایەنانە بەپێی ئەو پێوەرانە، بە بەڵگەی لۆژیکی.

ئەمەش هەمووی پێویستی بە وردبینی، پەلەنەکردن، بازنەدان بەسەر قۆناغەکاندا، بابەتیی بوون، بێلایەنیی، نەبوونی دەمارگیریی، نەبوونی بڕیاری پێشوەختی هەیە.

ئەمانە چەند سەرە قەڵەمێك بوون بۆ بابەتی بیركردنەوە و بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە، دەكرێ خۆشەویستان وەك كلیكی كرانەوە بەسەر ناوەڕۆكی بابەتەكەدا لێم وەرگرن.

لەگەڵ ڕێز و سڵاوی براتان: عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز/ سلێمانی.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.