خولە پیزە (مه‌حموود محه‌ممه‌د ئه‌مین)

خولە پیزە (مه‌حموود محه‌ممه‌د ئه‌مین)

خولە پیزە (مه‌حموود محه‌ممه‌د ئه‌مین) خەڵکی گوندی (چەمیاڵە) بووە لە سنووری شارباژێر، نزیک گوندی نۆڕک و دەورووبەری وڵیاوا. وەک دەڵێن خێزانێکی هەژار و دەستکورت بوون و ژیانێکی کولەمەرگیان بەسەر بردووە و بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریک بوون. بەو جۆرەش وازیان لێ‌ نەهێناوە کە بەهۆی مردنی باوکیەوە، ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکەیانی لە ئەستۆدا بووە. کاتێک مەفرەزەی پۆلیس لە چوارتاوە دەچن بۆ گرتنی بەهۆی دواکەوتنی خزمەتی سەربازی، خۆی دەشارێتەوە لە ماڵەکەیان و دایکیشی کە ناوی پیزەیە بە قوڕئانێکەوە دەچێتە پێشوازی پۆلیسەکان و داوایان لێ‌ دەکا واز لە خولەی کوڕی بهێنن و نەیگرن بە سەرباز، چونکە کەسیان نییە بەخێویان بکات...

پۆلیسەکانیش زۆر بێ‌ڕێزی پێ‌ دەکەن و پاڵی پێوە دەنێن و قوڕئانەکەی لە دەست دەپەڕێت، کاتێک خولە پیزە ئەو بێ‌ ڕێزیە دەبینێت کە بەرامبەر بە دایکی و قوڕئانەکە کراوە، خۆی پێ‌ ناگیرێت و بەو تفەنگە کۆنەی کە هەیان بووە کە ئەوسا زۆرتر تفەنگی (ماهێڕ) و (سێ‌ تیر) و (یانزە تیر) بووە و لە شوێنی خۆحەشاردانەکەیەوە تەقە لە پۆلیسەکان دەکا و سەردەستەکەیان کە ئازاری دایکی دابوو بە ناوی (حەمە ئەمین بانی شاری) دەکوژرێت و ئەوانی تریش لە ترسا ڕادەکەن و خولە پیزەش قاچاغ دەبێ و دەچێتە شاخ و هەمیشە کۆمەڵێک خەڵکی ئازای لەگەڵ بووە کەناو بەناو کەم و زیادیان کردووە...

حوکمەتی ئەوسای عێراقیش لە ساڵانی سییەکان و چلەکاندا هەمیشە بەهێزی سەربازی و پۆلیس و جاش کە پێیان دەوترا (غیر نیزامی) لە هەوڵی لەناوبردنیدا بوون، بەڵام بەهۆی ئازایەتی و لێهاتوویی هەم پارێزگاری لەخۆی کردووە، هەم دژایەتی هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێرانی کردووە کە بە هاوکاری یەکتر هەوڵی لەناوبردنیان داوە و لە دەیان شەڕدا توانیویەتی خۆی دەرباز بکات...

لە شەڕێکی سەختدا لە شاخی بەردەبەکۆزی نزیک سورکێو تاهیری برای کە لەگەڵیدا بووە، بریندار دەبێت و بە برینداری دەیبەنە گوندی (چەمپاراو)ی ئێران نزیک گوندی (سیاگوێز) لە ناحیەی گەرمک لە ماڵێک دای دەنێن و تەداوی دەکرێت. بەڵام بەداخەوە لە لایەن خۆفرۆشێکەوە خەبەری لێ‌ دەدرێت و هێزێکی زۆری جاش و پۆلیس دەچنە چەمپاراو و دەوری ماڵەکە دەگرن و پاش گەڕان بە برینداری دەسگیری دەکەن و ئێوارە هێنرایە مەخفەری پۆلیسی گۆڵێ‌.

لەبەر درەنگی کات و لە ترسی پەلاماری خولەی برای ئەو شەوە نەبرایە پێنجوێن و لە مەخفەری گۆڵێ‌ هێڵرایەوە و پۆلیسێکی زۆر ئێشکی مەخفەرەکەیان گرتبوو. لەترسی پەلاماری خولەی برای ئەو شەوە لەلایەن خەڵکی (گۆڵێ‌)وە خواردن و جل و بەرگی زۆری بۆ برا، بەڵام ڕێگەچارە و دەسەڵاتێک نەبوو بۆ ئازادکردنی و بەداخەوە ڕۆژی دواتر برایە پێنجوێن و دواتر سلێمانی و دوای دادگاییکرانی لە لایەن دادوەر (حاکم عبدالباقی) لەبەردەم سەرای سلێمانی فەرمانی کوشتنی جێ‌بەجێ‌ کرا و لەو سنوورەدا تا ئێستاش وەک کارەساتی برینداربوون و گرتنەکەی وەک گۆرانی ماوەتەوە و دەوترێتەوە بۆ نموونە ... (تابووتی بۆ بکەن لە توڵی لاولاو تایەری تێکەن بەرەو چەمپاراو) یان (ماشێنێک هاتووە شینی قەزوانی تایەریان تێکرد بۆ سلێمانی).

خولە پیزە نەیهێشت خوێنی تایەری برای بەفیڕۆ بڕوات، جگە لەوەی کە چەندین کەسی لە پیاوانی ڕژێم کوشت، بڕیاری دا تۆڵە لەو حاکمەش بکاتەوە کە فەرمانی کوشتنی تایەری برای دەرکردبوو، بۆیە لە کاتێکدا ڕۆژێک حاکم عه‌بدولباقی بۆ دەوام لە سلێمانیەوە دەهاتە پێنجوێن، لەسەر پردەکەی ناڵبارێزی ئێستا بۆسەی بۆدادەنێ. کاتێک حاکم عه‌بدولباقی دەگاتە ئەو شوێنە تەقەی لێ‌ دەکا و لە تۆڵەی تایەری برای دا دەیکوژێت، دوای ئەوە ماوەیەکی تر بەردەوام بوو لە شاخە و شاخ و گوند بە گوند و ڕژێمی ئەوسای عێراقیش هەم هەوڵەکانی چڕتر کردبووەوە و هەم هێزەکانیشی زیاد کردبوو بە مەبەستی لەناوبردنی تا سەرەنجام لە شەڕێکی دەستەویەخەی قارەمانانەدا لە شاخی کەتوو دەکوژرێت و کۆتایی بە ژیانی دێت، بەڵام تا ئێستا ناوی لەسەر زاران و لەناو ناواندا هەر ماوە.

هەندێک کەس تا ئێستا خولە پیزە بە پیاوکوژ دادەنێن و بە چەتە و رێگری دەزانن، بەڵام خولە پیزە وەک سەدان خێزانی ئەو سەردەمە لە لایەن پیاوانی ئەوسای ڕژێمی عێراقەوە ستەمیان لێ‌ دەکرا، ئەویش یەکێک بوو لەوانەی کە ستەمی پێ‌ قه‌بووڵ نەکرا و چووە شاخ و چەکی کردە شان بۆ پارستنی خۆی، بەڵام پیاوانی ڕژێم شەو و ڕۆژ لە شاخ و ئەشکەوت و دەشت و دۆڵەکاندا بە دوایەوە بوون بۆ کوشتنی، ئەویش بۆ بەرگری لە گیانی خۆی ناچار بوو ئەوانە بکوژێ کە هەوڵی کوشتنیان دەدا، هەرگیز دژی هەژاران و زوڵملێکراوان نەبووە و نەجەنگاوە، بەڵکوو دژی زۆرداران و زاڵمان و خوێنمژان بووە تا ئەو ڕۆژەی کوژراوە. خوله پیزه له شاری سلێمانی له شاخی کەتوو له ناوچەی شارباژێر شەهید کرا.

کۆکردنەوە: عەبدوڵڵا حەمزە