كاریگه‌رى ئافره‌تان له‌ سه‌ركه‌وتنى كۆچى پێغه‌مبه‌ر

كاریگه‌رى ئافره‌تان له‌ سه‌ركه‌وتنى كۆچى پێغه‌مبه‌ر

له‌دایكبوونى پێغه‌مبه‌ر(د.خ) مژده‌ده‌رى ڕۆژێكى ڕووناك‌ و نووراوى بوو بۆ سه‌ر زه‌وى، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌م پیاوه‌ مه‌زن‌ و ڕه‌وشتبه‌رز و ئه‌مینه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ ڕاسپێردرا كه‌ پێغه‌مبه‌رى ئاخر زه‌مانه‌، مرۆڤه‌كان ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ به‌رگى ئارامى‌ و یه‌كسانى‌ و ئازادییان پۆشى... له‌م نێوه‌نده‌شدا ژنان ماف‌ و ئازادییان هه‌روه‌ك پیاوان پێبه‌خشراوه‌ له‌ دوو جار که كۆیله‌ بوون، ڕزگاریان بوو.

ژن، له‌ سه‌رجه‌م قۆناغ‌ و ساته‌كاندا پشتیوان‌ ‌و خزمه‌تگوزارى ئایین‌ و پێغه‌مبه‌رى خوا بوو(د.خ)، هیچ هه‌نگاوێكى پێغه‌مبه‌ر نه‌بووه‌ ژن وه‌ك (هاوسه‌ر، كچ، پوور، خزم، ژنانى موسڵمان...) هاوڕێى نه‌بووبن.

جێگه‌ى خۆیه‌تى له‌م بۆنه‌ گه‌وره ‌و مه‌زنه‌ى مێژووى مرۆڤایه‌تى كه‌ ڕه‌وڕه‌وه‌ى مێژووى گۆڕى‌ و گۆڕانكارى گه‌وره‌ى دروست كرد ‌و ده‌ستوورێكى گشتگیرى لێ له‌ دایك بوو، باسى كاریگه‌ربوونى ژنان له‌ نه‌خشاندن‌ و سه‌رخستنى ئه‌و پڕۆسه‌ گه‌وره‌یه‌دا بكه‌ین، كه‌ پڕۆسه‌ى كۆچكردنى گه‌وره‌ترین مرۆڤى سه‌رزه‌وى له‌ ده‌ست زوڵم ‌و سته‌م ‌و توندوتیژى بوو، بۆ بونیادنانى ئاشتى‌ و ئارامى‌ و ئازادى‌ و یه‌كسانى‌ و برایه‌تى.

هه‌روه‌ها ئه‌م ڕۆڵبه‌خشینه‌ به‌ ژنان و ئافره‌تان له‌و كاته‌ ناسك‌ و هه‌ستیاره‌دا له‌ لایه‌ن پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ نیشانه‌ى كاریگه‌رى‌ و پێویستى ژیانه‌ به‌ بوونى ژنان له‌ سه‌رجه‌م كایه ‌و بواره‌كانى ژیاندا به‌بوارى سیاسیشه‌وه‌.

له‌ هیجره‌تدا ژنان‌ و ئافره‌تان شانبه‌شانى پیاوان خۆیان كرده‌ قوربانى، ئه‌ویش كاتێك پێغه‌مبه‌رى خوا ده‌یزانى و ده‌یبینى ئه‌زیه‌ته‌كانى قوڕه‌یش بۆ هاوه‌ڵان ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌ زیادبوون دایه‌ له‌لایه‌ك هه‌وڵى ده‌دا جێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ وه‌ك په‌نایه‌ك بۆ پاراستنیان له‌و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ و له‌لایه‌كى تره‌وه‌ بۆ گه‌یاندنى بانگه‌وازه‌كه‌ى، ئه‌وه‌بوو له‌ مه‌وسیمى زیاڕه‌تى ماڵى خودا، (یه‌سریبییه‌كان) هاتبوون بۆ زیاره‌ت، پێغه‌مبه‌ر له‌گه‌ڵیان گفتۆگۆى كرد له‌ عه‌قه‌به‌دا ‌و په‌یمانیاندا ساڵى داهاتوو بێنه‌وه‌...هتد، دواى ئه‌وه‌ ساڵى دواتر هاتنه‌وه‌ (٧٥) كه‌س بوون (٢) له‌وانه‌ ئافره‌ت بوون، له‌ عه‌قه‌به‌ى دووه‌مدا په‌یمانیان به‌ پێغه‌مبه‌ر دا به‌ پاراستنى خۆى‌ و ئایینه‌كه‌ى‌ و سه‌ر و ماڵ بكه‌نه‌ قوربانى، ئه‌و دوو شێره‌ژنه‌ (نوسه‌یبه‌ى كچى كه‌عب‌ و ئوممه مه‌نیع) بوون، كه‌ بۆ ئه‌كاته‌ له‌و په‌یمانه‌ گه‌وره ‌و مه‌ترسیداره‌، گه‌وره‌یی ژن‌ و بوونى پێگه‌ى ته‌واوى ژنان ده‌رده‌خا. په‌یمانى عه‌قه‌به‌، په‌یمانى پشتیوانى كردن‌ و خۆبه‌خت كردن بوو بۆ خوا و پێغه‌مبه‌رى خوا، ئه‌م ژنانه‌ دوو ژنى خاوه‌ن ئیڕاده ‌و ویستى سه‌ربه‌خۆ بوون، هه‌روه‌ها به‌هۆى ئه‌مانه‌وه‌ ماڵ‌ و مناڵیان باوه‌ڕیان هێنا، نوسه‌یبه‌ى شێر به‌رده‌وام چاوى له‌ ڕێگه‌ بوو بۆ هاتن‌ و قدومى پیرۆزى پێغه‌مبه‌رى خوا (د.خ).

هه‌روه‌ها ئه‌و دایكه‌ به‌ڕێزه‌ى هه‌واڵى كۆبوونه‌وه‌ى قوڕه‌یش‌ و پلانه‌ گڵاوه‌كه‌یاندا به‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و پاشان پارێزگارىكردنى ئه‌و نهێنییه‌ قورسه‌ له‌ لایه‌ن خاتوو ئه‌سما ‌و عایشه ‌و نه‌دركاندنى لاى هیچ كه‌س ته‌نانه‌ت دواى ئازاردانیشیان له‌لایه‌ن دڕنده‌ترین پیاوى قوڕه‌یشه‌وه‌، بردنى خواردن به‌و ڕێگه‌ پڕمه‌ترسییه‌ له‌لایه‌ن ئه‌سما‌وه‌ بۆ پێغه‌مبه‌ر و باوكى، كه‌ له‌و ساته‌وه‌خته‌دا پیاویش نه‌یده‌وێرا به‌و ڕێگه‌یه‌دا بڕوا، بۆیه‌ له‌لایه‌ن پێشه‌واى مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ نازناوى (ذات النطاقین)ى پێبه‌خشرا، په‌سه‌ندكردن ‌و ناسینى ڕه‌وشتى جوانى پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌لایه‌ن (ام معبد) له‌ چادره‌كه‌یدا‌ و خزمه‌تكردن وه‌سفكردنى به‌ جوانترین شێوه‌ بۆ هاوسه‌ر و پاراستنى ئه‌م نهێنییه‌ لاى خۆیان ئه‌مانه‌ و له‌ چه‌ندان نموونه‌ى تردا، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئافره‌تان بۆ ئه‌م (كۆچه‌) هه‌موو بوونى خۆیان پێشكه‌ش به‌ پێغه‌مبه‌ر و سه‌ركه‌وتنى ئه‌م ئایینه‌ كرد، به‌بێ پاشكۆیه‌تى ‌و چاوه‌ڕوانى بۆ فه‌رمانى گه‌وره‌تر... له‌ هه‌مانكاتدا پۆله‌ ژنێكى تر دلێرانه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ ماڵ‌ و حاڵى خۆیان‌ و زێدى باوباپیرانیان به‌ ئومێدى سه‌ركه‌وتنى ئایینى ئیسلام‌ و پارێزگارىكردن له‌ بیر‌وباوه‌ڕى خۆیان به‌جێهێشت، له‌و لاشه‌وه‌ چه‌ندان ژنى تر له‌ لایه‌ن كه‌‌سوكار و بنه‌ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ ڕێگریان لێكراو به‌ند كران ‌و له‌ مه‌ككه‌ هێڵرانه‌وه‌، ئوممه سه‌له‌مه‌ نموونه‌ى ژنێكى خاوه‌ن باوه‌ڕى به‌توانا بوو، ئه‌و كۆچى كردبوو بۆ حه‌به‌شه‌ و پاشان گه‌ڕابۆیه‌وه‌، له‌ كۆچى پێغه‌مبه‌ردا بۆ مه‌دینه‌ كه‌سوكارى ڕێگریان لێ كرد و نه‌یانهێشت له‌گه‌ڵ هاوسه‌ریدا بڕوات‌ و منداڵه‌كه‌شیان لێ سه‌نده‌وه‌، پاش یه‌ك ساڵ له‌ چاوه‌ڕوانى‌ و شین‌وزارى له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌ دڵى كه‌سوكار نه‌رم بوو، به‌ ته‌نها ‌و له‌گه‌ڵ سه‌لمه‌ى كچیدا كۆچیان كردوو (٥٠٠) كیلۆمه‌تریان به‌ته‌نها بڕى به‌ره‌و لاى پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و هاوسه‌ره‌كه‌ى تا دڵى ئاسووده ‌و ئارام بوو. ئه‌م سه‌ربورده‌ مێژوویه‌ بۆ پێگه‌ى ژن له‌ كۆچى پێغه‌مبه‌رى خودا ‌و هاوكاریان بۆ سه‌ركه‌وتنى پڕۆسه‌كه‌ كه‌ جێگه‌ى نرخاندن ‌و هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردنه‌ له‌چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕابردوودا ژنان‌ و ئافره‌تان كۆیله‌ى ده‌ستى پیاوان بوون، خاوه‌نى هیچ شتێكى خۆیان نه‌بوون، به‌ڵام به‌شدارى‌ و پێگه‌دان پێیان له‌ ئیسلامدا، به‌ ئازایانه‌ و دلێرانه‌ وه‌رگرت، له‌سه‌رو هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدار و گه‌وره‌كانیانه‌وه‌ ئه‌ژماردیان.

هه‌رچه‌نده‌ سته‌مى زۆریان له‌لایه‌ن ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ره‌وه‌ لێ كرابوو، به‌ڵام به‌هۆى دروستكردنى برایه‌تى‌ و یه‌كسانیان‌ و یه‌كتاپه‌رستى، ئه‌مجاره‌ بوونه‌ هاوكار و ته‌واوكارى ئه‌وان، كارى ده‌سپێكراوى ئه‌وانیان ته‌واو ده‌كرد، یان بوونه‌ سه‌ره‌تای كارى دیندارى بۆ كه‌سوكارى بنه‌ماڵه‌كه‌یان.

ژنان ئه‌و متمانه‌ى كه‌ ئه‌م ئایینه‌ پێى به‌خشین، زۆر خۆویستانه‌ ‌و هیممه‌تبه‌رزانه‌ شانیان دایه‌ ژێر و له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كاندا نه‌مرییان بۆ خۆیان تۆمار كرد. ئاماده‌یى ژنان پێویسته‌ بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ پڕۆسه‌كاندا، چونكه‌ گه‌ر ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر نه‌بێ، ئه‌وا ژیان به‌رده‌وام نابێ، پێغه‌مبه‌رێك(د.خ) بۆ گه‌وره‌ترین‌ و هه‌ستیارترین وێستگه‌كانى ژیانى بانگه‌وازه‌كه‌ى ژن به‌شدارى جددى پێ بكات كه‌ پشتیوانى له‌ لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ ده‌كرا، ئاخۆ ئێستا له‌ ڕاپه‌ڕاندنى كاره‌كاندا زیاتر پێویست به‌ ئاماده‌یى ‌و به‌شدارى ژنان نییه‌!؟

ئه‌وان ژن بوونیان نه‌كرده‌ له‌مپه‌ڕ له‌ به‌رده‌م به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى ئایین ‌و خواپه‌رستى‌ و خزمه‌تكردنى دینى خوا، به‌ڵكوو به‌شانازییه‌وه‌ به‌ ژن بوون‌ و مێینه‌ى خۆیان‌ و مرۆڤبوونیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ‌و هه‌ڵبڕینى ده‌نگى زوڵاڵى نه‌هێشتنى سته‌م‌ و به‌كه‌م سه‌یركردن ‌و داواكردنى ماف ‌و پاراستنى شوێن ‌و پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى خۆیان‌ و له‌خزمه‌تى پێغه‌مبه‌ردا ده‌ركرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌سه‌ده‌ى بیست‌ویه‌كدا، تازه‌ ڕه‌وشى ژنان به‌ره‌و خراپ ‌و خراپتر ده‌ڕوا، متمانه‌ى پێناكرێت‌ و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى زۆرجار لێ زه‌وت ده‌كرێ، به‌ناوى ئازادى‌ و یه‌كسانییه‌وه‌ هه‌رزان بازاڕى پێ ده‌كرێ ‌و تاڵانفرۆشى ده‌كرێ، له‌م ڕۆژگاره‌دا مێینه‌بوون به‌كه‌م‌ و عه‌یبه‌ سه‌یر ده‌كرێ وه‌ك پێش ئیسلام، هه‌ڵه‌ و تاوانه‌كان كێشى له‌خۆى زیادى پێده‌درێ، پێویسته‌ ژنان ‌و ئافره‌تانى دونیا بێن و ببینن ‌و ببیستین كێ ڕزگاركه‌ریانه‌، كێ خه‌مخۆر و چاره‌سازى برین ‌و ساڕێژكارى هه‌توانه‌كانیانه‌، كێیه‌ ئه‌وان له‌ژێر ساباته‌كه‌یدا مافى ته‌واویان پێ ده‌به‌خشرێ‌ و ئازادى مرۆیی‌ و یه‌كسانى‌ و دادپه‌روه‌رى.

باساڵیادى كۆچى پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بكرێته‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ كۆتاییهێنان به‌ توندوتیژى و ژنانیش چیتر خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ده‌ن له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌كان، به‌ڵكوو ئازایانه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى دروست ‌و ته‌واوى بكه‌ن ‌و هه‌روه‌ها هه‌وڵ بده‌ن وه‌ك مرۆڤ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن نه‌ك وه‌ك مێینه‌، تا بتوانن ڕۆڵ‌ و پێگه‌ى سه‌ركه‌وتن له‌ دونیا و كۆچكردن له‌ تاوان‌ و ناڕه‌حه‌تى‌ و ناسۆرى به‌ره‌و خۆشى‌ و ئاسووده‌یی ده‌روون لاى په‌روه‌رێنه‌رى خۆیان بدۆزنه‌وه‌.

نووسه‌ر: هه‌ڵاڵه‌ محه‌ممه‌د ئه‌ڵماس

ده‌نگێ نه‌دراوه