ئه‌خلاق

نووسەر: 
شادان تالب
ئه‌خلاق

دیوى دووەمى مرۆڤ و بەرجەستەبووى ڕۆحى مرۆڤایەتییە، ئەو دیوەى گرنگترین مەبەستى بەدیهێنانى مرۆڤە، (جەستە و ڕەوشت) دوو لقی یەکڕەگن، بەجۆرێک هیچ جیاوازییەک لە (خەلق) بونیاندا بوونى نییە، بەڵام یەکەم دیوى بینراوى مرۆڤ و ئەویتر دیوى نەبینراوى، ئەخلاق ناسێنەرى حەقیقى مرۆڤە. هەموو ناڕوونى و چەواشەکارییەکانى ڕوخسار و ڕواڵەتى مرۆڤ ڕاست دەکاتەوە، ئەو نمایندەى بەشە شاراوەکانى مرۆڤە، زۆرێک لە عاریفان ئەم دوو بوونە (ڕۆح و ئەخلاق) بەجۆرێک تێکەڵ بەیەک دەکەن کە هیچ جیاوازییەکى بۆ ناهێڵنەوە، مامۆستا تەحسین حەمە غەریب لەم بارەوە دەڵێ: (ئەخلاق بریتیە لە ئادابەکانى مەقاماتى ڕۆح). ئەخلاق هیچ کات لەبنەماکانى شەریعەت جیا نابێتەوە، ئەوە قوڕئانە دەبێتە سەرچاوە سەرەکییە بنەڕەتییەکانى ئەخلاقى کەسی دیندارى بەئەخلاق، ئیدى ئەم کانیاوە نەبڕاوەیە تا قیامەت وشک ناکا، هەرکات ئەم کانیاوە سازگارتر بێ، مرۆڤ کامڵتر و جیهان بە سیستەمتر و ڕێکخراوتر دەبێ.

لە ڕوانگەى تیۆرییەوە بابەتى ئەخلاق بەدەیان و سەدان قوتابخانە و تیۆریاى تایبەتى هەیە و هەبووە و دەشبێ بەردەوامى هەبێ، بەڵام خودى بابەتەکە جیاواز لەهەموو پرسەکانى تر ئەگەر نەبێتە شتێکى باتنی و نەچێتە ناواخنەوە، ئەوە کاریگەرى هیچ دروست نابێت و نرخێکى نییە. بۆیە ئەوەندەى ڕەنگدانەى بابەتەکە لەخودى تاکەکان و ناخى تاکەکاندا گرنگە هێندە تیۆرییەکانى نا، بە پێى یاسا کەونیە ئیلاهییەکەش جوانترین و ناوازەترین سەرمەشقى دونیامان هەیە: «لقد کان لکم فی رسول الله ڕسوە حسنە...» ئه‌حزاب، لێرەوە تا قیامەت هەر کەس بیەوى دەستى دەگرێ و بەرەو ئەو کەنارى ئارامییە و ئەو ناخە ئاسوودەییە پڕ ئەخلاقییەى دەبا کە لە ئێستادا لەهەمووکات زیاتر مرۆڤایەتى پێویستییەتى، چونکە ئەو بەڕاستى: «إِنَکَ ڵعَلى خُلُقٍ عَڤِیمٍ»ە.

بیرمان نەچێ ئەم بابەتە بابەتێکى ئەوەندە گرنگە کە زۆرێک لە فەیلەسووفان و بیریارانى ئەو بوارە لە بابەتێکى خودییەوە دەیبەنەوە بۆ بابەتێکى گەورەى وەک پۆلێنکردنى شارستەنییەت لەسەر بنەماى ئەخلاق وەک ئەوەى فەیلەسووفى گەورەى ئەخلاق (ئەلسدیر مەک ئەنتاییر) کردى، یان زۆرێک لە کتێبە مێژوییەکان هۆکارى ڕوخانى گەورەترین شارستانى وەک ڕۆما بە پاڵنەرى ڕوخان و هەرەسهێنانى لایەنى ئەخلاقى کۆمەڵگەى ئەو کاتەى ڕۆماوە دەبەستنەوە.

مامەڵە ئەخلاقییەکان دەبێ خودى خۆمان تێپەڕێنێت و زەمینەیەک بخوڵقَینیین بۆ ئەوانیتر، پانتییەک کە تەواوى سنوورە ناوچەییەکان ببرێت، ئەو جوڵە و سرەوتە سیحراوییە بووە واى لە سوهرابی عاشق دەکا بە مرۆڤایەتى بڵێ: «با ئاوەکە لیخن نەکەین: پێدەچێ لەو خوارەوە کۆترێک ئاو بخواتەوە»، دەڵێن ڕەخنەگرێگى بەناوبانگ ڕەخنەى توند لەمە دەگرێ و دەڵێ ئەمریکا بۆمبی ئەتۆمى بەسەر فێتنامدا دەڕێژێ و مرۆڤ قڕ دەکا، تۆش نیگەرانى ئاوخواردنەوەى کۆترێکى، ئەویش زۆر بە ناسکى پێى دەڵێ: «ئەوکاتەى مرۆڤ نیگەرانى ئاوخواردنەوەى کۆترێک نابێ، چۆن نیگەرانى کوشتنى مرۆڤە، جا لە ڤیتنام بێ یان لە هەر شوێنی تر ئەوە بابەتیکى ئاساییە لاى».

ده‌نگێ نه‌دراوه