ئەخلاق و عەداڵەت و ئازادی لە دیدی ئەرستوو

نووسەر: 
چیا ئیسماعیل
ئەخلاق و عەدالەت و ئازادی لە دیدی ئەرستوو

فەیلەسووفی یوونانی سوقرات بە بنیاتنەری فەلسەفەی ئەخلاق دادەنرێت، یەکەم کەس بووە توێژینەوەی لەسەر مرۆڤ و ڕەفتارەکانی کردووە و پێی وابووە کە لە سروشتی مرۆڤایەتیدا ڕەگەزە پێویستەکانی مەزهەبی ئەخلاقی دەدۆزرێتەوە و پێویستی بە وردبینی و دەسەڵاتی باڵا نییە، باوەڕی بە بوونی عەقڵێکی خودایی هەبووە کە جیهان ئاراستە دەکات بۆ ئامانجێکی دیاریکراو، ئەویش بەدیهاتنی خێر و چاکە و پلەی کەماڵە. پێی وابووە کە قانوونی دادپەروەر لە عەقڵێکەوە دەردەچێ کە هاوتەریبە لەگەڵ سروشتی ڕاستەقینە، ئەمەش ئەو یاسایانەن کە خواوەند لە دڵی مرۆڤەکاندا وێنای کردوون و بە یاسای سروشتی ناسراون، نوسراو و دەستکری مرۆڤەکان نین.

لە دیدی ئەرستوو ئەخلاق هۆکارێکە بۆ بەدیهاتنی خێر و چاکەی گشتی بۆ تاک و کۆمەڵگە، ئەمەش خواست و ئامانجی تاکەکانە، بەڵام جوانترە ئەگەر پەیوەست بێ بە میللەتێکەوە نەک تاکێک، بۆیە دەبێ ئەخلاق لە خزمەتی سیاسەتدا بێ، ئەو یاسای سروشتی گرێداوە بە ئەخلاقەوە دەڵێ بەشێک لە یاسای سیاسی بنەڕەتەکەی سروشتییە، لەم ڕوانگەیەشەوە سێ پایەی بەخشی بەزانستی سیاسەت، ئەوانیش بریتین له‌: (بیردۆزی دەوڵەت، بیردۆزی ئەخلاق، بیردۆزی قانوون).

ئەرستوو سەبارەت بە دادپەروەری سیاسی پێی وابووە کە لەنێوان خەڵکی ئازاد و یەکسان و هاوبەش لە دەوڵەتێکدا جێبەجێ دەکرێ و خۆی دەبینێتەوە لە یاسایەکی دادپەروەر کە یاسادانەر دایدەنێت ئەویش دوو جۆرە:

دادپەروەری سروشتی: کە لە بیروبۆچونی خەڵکەوە سەرچاوەی نەگرتووە.

دادپەروەری دەستکرد(وەزعی): کە بەپێی شوێن، گۆڕانی بەسەردا دێت و لە عورفەوە سەرچاوە دەگرێت.

لێرەدا خۆمان لەبەردەم چەمکی دادپەروەری یاساییدا (العدالة القانونية) دەبینینەوە کە ئەرستوو بانگەشەی بۆ دەکرد، نەک وەک بەشێک لە فەزیلەت، بەڵکوو وەک فەزیلەت خۆی فەزیلەتێکی کۆمەڵایەتی. ئەو پێی وابوو ژیانی فەزیلەتیش پەیوەستە بە سەلامەتی سیستمی سیاسی لە وڵاتدا، سەلامەتی ئەم سیستمەش پەیوەستە بە ڕەوشتە باشەکان لە مرۆڤدا، هەربۆیە یاسای باش بەپێی ئەرستوو ئەو یاسایەیە کە ژیانی فەزیلەت فەراهەم بکات.

دیارە کە ئامانجی تاک خۆشبەختییە، بەڵام ئەو خۆشبەختیی ە نایەتەدی بە خۆشبەختی دەوڵەت نەبێ کە لە سەروو هەموو ئامانجەکانی ترەوەیە، دەوڵەتیش خۆشبەختی تاکەکانی لەخۆ دەگرێ، ئەم بۆچوونەی ئەرستوو دەرەنجامی ڕوانینی بوو بۆ ئەخلاق و جێبەجێکردنی بیردۆزەکەی کە تیایدا ئامانجی دەوڵەت چاکەی تاک و پاراستنی مافەکانیەتی و بەس.

عەداڵەت لای ئەرستوو

هێنانەدی خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤەکان، پێویستە هەر تاکێک مافی ڕەوای خۆی بەدەست بێنێ لە بەرامبەر ئەوەی کە دەیبەخشێ، یاساکانیش کە یاسادانەر دایدەنێت، پێویستە مەبەستیان جێبەجێ کردنی عەداڵەت بێ. فەرمانڕەوای پۆلێن کردووە بۆ باش و خراپ، بەڕای ئەو ئەگەر دەستوورێک مەبەستی بەرژەوەندی گشتی بێت باشە، چونکە دادپەروەری بەرهەم دێنێ و هەر دەستوورێک مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی کەسی فەرمانڕەوا بێ، ئەوا بنەماکانی خراپن و هاوشێوەیە بۆ دەسەڵاتی کەسی خاوەندار بەسەر کۆیلەکەیدا، لە کاتێکدا شار لەگەڵ ئەمەدا ناکۆکە، چونکە پێک هاتووە لە کۆمەڵێ خەڵکی ئازاد.

ئازادی لای ئەرستوو

ئەرستوو یەکەم کەس بوو ئازادی گرێ دا بە مەعریفە و ئیڕادەوە، ڕەخنەی لە بنەمای سوقڕات_ئەفلاتوون گرت کە دەڵێ بوونی زانین(مەعریفە) بەخێر و چاکە بەسە بۆ ئەنجامدانی، بەڕای سوقڕات مرۆڤ هەرچەندە فەزیلەت بزانێ و مەعریفەی پێی هەبێ، هێشتاش پێدەچێ کاری نادروست ئەنجام بدات، بۆیە ئەوەی زیاد کرد بۆ بنەماکە کە ئەنجامدانی خێر و چاکە دەوەستێتە سەر سروشتی ئیڕادەی مرۆڤ، لێرەوە پانتاییەکی دا بە پاڵنەرە دەروونییەکان کە کاریگەریان لەسەر کردار هەیە، دوور لە عەقڵ و مەعریفە. بەو پێیە بۆ ئەوەی بگەین بە ئازادی، پێویستە هەڵبژاردنێکی دروست هەبێ کە لە دەرەنجامی مەعریفەیەکی عەقڵی و ئیڕادەیەکی ئازادەوە دروست دەبێ.

ئەم دیدەی ئەرستوو لە سەدەکانی ناوەڕستدا بوو بە میراتی مەسیحی و دواتر ئیسلام و دواتر فەلسەفەی ئەورووپی نوێ. لێرەوە پێناسەی ئازادی، کردەی هەڵبژاردنە (ئیختیار) کە پشت بە عەقڵ و ئیڕادە پێکەوە دەبەستێ، ئەم پێناسەیەش بوو بە چەمکێکی بەربڵاو لەسەر ئازادی مرۆڤ لەدواتردا.

پەیوەندی قانوون و ئەخلاق

سەرەڕای بوونی زۆرێک بنەمای کۆمەڵایەتی کە ئامانجیان ڕێکخستنی ڕەفتاری تاکە لەناو کۆمەڵگەدا، بنەمای قانوون بە گرنگترینیان دادەنرێت، چونکە لەسەر واقیع بنیات دەنرێ و لەوێشەوە کردارەکان دیاری دەکا. هەرچەندە ئەم بنەمایانە نزیک دەبنەوە لە هەندێ بنەمای کۆمەڵایەتی تر وەک بنەماکانی ئەخلاق، بەڵام شارەزایانی بواری قانوون لە کۆن و نوێدا جەختیان کردۆتە سەر گرنگی جیاکردنەوەی ئەم دوو بنەمایە.

شارەزایانی قانوون پێناسەی قانوون دەکەن بە (کۆمەڵێک بنەمای یاسایی ناچارکار کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک دەخا و ڕەفتاری تاک دیاری دەکا لە کۆمەڵگەدا لەگەڵ دیاریکردنی سزا بۆ سەرپێچیکارانی لەکات و شوێنێکی دیاریکراودا). بەڵام بنەمای ئەخلاقی، کۆمەڵێ بنەمای کۆمەڵایەتی و بەهای باڵایە لە ویژدانی تاکدا جێگیرە، ئامانجی بلاوکردنەوەی خێر و چاکەیە لە نێو خەڵکدا و نەهێشتنی خراپە بە مەبەستی ڕێکخستنی کرداری تاک لە کۆمەڵگەدا لە کاتێکی دیاریکراودا.

لەم دوو پێناسەوە دەردەکەوێ کە قانوون و ئەخلاق هاوبەشن لە ڕێکخستنی ڕەفتاری تاک لە کۆمەڵگەدا لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، بەڵام لە هەندی ڕووەوە جیاوازی دەر دەکەوێ، چونکە ئەخلاق کۆمەڵێ بەهای باڵایە و دەڕوانێتە ویژدانی مرۆڤەکان و گرنگی بە نیەتیان دەدا لە کردەوەکانیاندا، بەڵام قانوون بیر لە بەهای باڵا ناکاتەوە، ئەوەندەی بایەخ بە واقیعی کۆمەڵگە دەدا و بیر لە کردەوەی مرۆڤەکان و کاریگەرییەکانی دەکاتەوە کە پێویستە چۆن بێت.

ئەم جیاوازیە لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا بڵاو بۆتەوە، دوای چاکسازی ئایینی و پەرەپێدانی فیکری و فەلسەفی کە ئەورووپا بەخۆیەوە بینی، لەو کاتەدا جیاکاری لەنێوان قانوون و ئەخلاقدا هاتە کایەوە. جیاوازییەکانیش بەم جۆرەن:

١. ئەخلاق پەیوەستە بە ویژدانی تاک و ئامانجی بەدیهێنانی ئاسوودەیی ڕۆحیە تا بگەن بە قۆناغی کامڵبوون، بۆیە بە ئەخلاق دەوترێ سیسته‌می تاک (نظام فردی)، لە کاتێکدا قانوون ئامانجی بەدیهێنانی ئاسوودەیی و سەلامەتی گشتییە بۆ گەیشتن بە سیسته‌م و زامنکردنی لەکۆمەڵگەدا، بۆیە پێی دەوترێ سیسته‌می کۆمەڵایەتی (نظام الاجتماعي).

٢. قانوون بایەخ دەدا بەکردەوەی دەرەکی مرۆڤەکان، لە کاتێکدا ئەخلاق بایەخ دەدا بە نیەت و ویستە ناوەکییەکانی مرۆڤ. ئەمەش ڕێگر نییە لەوەی قانوون هەندێ کات بایەخ بدا بە نییەت و مەبەستەکان. بۆ نموونە یاسای سزادان (قانونی جنائی) بە نیەتی ئەنجامدانی تاوانی وەرگرتووە، پێی دەوترێ (القصد الجنائي)، هەروەها (قانوونی مەدەنیش) یاسای شارستانی بە بنەمای نیەتپاکی وەرگرتووە (مبدا حسن النية) هەرچەندە وەک باسمان کرد، ئەخلاق گرنگی بە نیەت دەدا، نەک قانوون.

٣.کاتێ یاسادانەر بنەمایەکی یاسایی دادەنێ وەکوو کەسێکی ئاسایی دەڕوانێتە مرۆڤ، بەو جۆرەش دەیکاتە پێوەر، بە پێچەوانەی ئەخلاق کە بیر لە کەسی کامڵ و نمونەیی دەکاتەوە و دەیکاتە پێوەر.

٤. سزای قانوونی سزایەکی ماددی هەستپێکراوە، ئازاردانی جەستەیی یاخود دەروونی یاخود پێبژاردنی ماڵی کە دەسەڵاتی گشتی دەیسەپێنێ، بەڵام سزای ئەخلاقی سزایەکی ئەدەبییە و خۆی دەبینێتەوە لە ئازاری ویژدانی تاک یاخود تووڕەیی کۆمەڵگە یاخود دابڕان و بەکەم سەیرکردن بەبێ ئەوەی دەسەڵاتێک بیسەپێنێ.

٥. هەندێ بابەتی قانوونی بە ئەخلاقی ناژمێردرێ، بەنمونە لە قانووندا سیسته‌مێک هەیە پێی دەوترێ (التقادم) کە بە تێپەڕبوونی کاتێکی دیاریکراو پابەندییەک لەسەر کەسەکە لادەبا. نموونەش؛ قەرزدار دەتوانێ قەرزەکە نەداتەوە بە تێپەڕبوونی کاتێکی دیاریکراو بەسەر قەرزەکەدا، ئەگەر خاوەن قەرز داوای یاسای بەرزی نەکردبێتەوە، لە کاتێکدا ئەخلاق هاندەرە بۆ دانەوەی قەرز هەرچەندە کاتی زۆریش تێپەڕیبێت بەسەریدا، دەبینین قانوون هەندێک بابەت ڕێک دەخا کە ڕێک ناکەون لەگەڵ بنەماکانی ئەخلاقدا، ئەمانەش لەپێناو ڕێکخستنی ژیانی هاووه‌ڵاتی و پارێزگاریکردن لە جێگیربوونی مامەڵەکاندا.

بەڵام هەموو ئەوانەی باس کران مانای ئەوە ناگەیەنن کە قانوون و ئەخلاق پەیوەندیان بەیەکەوە نیە، بەڵکوو پەیوەندیان بەردەوامە و ئەخلاق دەتوانێ ببێتە بنەمایەک بۆ دانانی قانوون. ئەو کات تەشریعێک دەردەچێ کە ڕەفتارێکی ئەخلاقی نەشیاو لە کۆمەڵگەدا بە تاوان دادەنێ و سزای بۆ دیاری دەکا، وەکوو تاوانەکانی جوین و تەشهیر کە لە سەرەتادا تەنها عەیبێکی ئەخلاقی بوون، دواتر لەبەر نەخوازراوی و خراپی کاریگەری، یاسای بۆدانرا. لێرەدا لە بەردەم بەهایەکی ئەخلاقین کە بە تێپەربوونی کات گۆڕاوە بۆ دەقێکی قانوونی و لەبواری ئەخلاقەوە هاتۆتە بواری قانوون.

نووسه‌ر: چیا ئیسماعیل

سه‌رچاوه‌: هه‌ژان- فه‌یس بووك

ده‌نگێ نه‌دراوه