ئایین و واتای ژیان

مانای ژیان چییه‌؟

یەکێک لە پرسیارە تازە و جەوهەرییەکان بریتییە لە مانای ژیان؟ پرسیارێک کە لەگەڵ هاتنی مۆدێڕنەیا پەیدا دەبێ، ئەوکاتەی مرۆڤ بازنەی ئیختیاری بەرتەسک دەبێتەوە و ڕۆڵی کەم دەکرێتەوە نەک سەرداری سیاسی و کۆمەڵایەتی و... دەکرێت بەڵکوو بیریشی بۆ دەکرێتەوە و دەست بەسەر زهنیشیدا دەگیرێ، مرۆڤێک ژیانێکی بێ ڕۆڵ و کۆتایشی هیچ (مەرگ = عەدەم)بێ، ئیتر مانای ژیان لەکوێیە؟

منێک بەو هەموو تەنیاییەوە کە هەمە (تەنیای فیزیکی نا، بەڵکوو تەنیایی وجودی، ئەوه‌ی کەهەست دەکەی کەس لێت تێ ناگا، ڕێیەک وەک ڕێی مردن کە دەبێ تەنیا بیبڕی) چ شتێک هەیە مانا بداتە ژیانم؟

ئایا فەلسەفە و ئایین دەتوانن مانامان پێ بدەن؟

کامۆ وتەنی فەلسفە هیچ نەکات تەنها بتوانێ مانای ژیانمان بۆ پەیدا بکات هەموو شتی کردووە، خۆ ئەگەر نەتوانێ مانامان بۆ دروست کات هیچی نەکردووە. گەورەترین ئازار، ئازاری بێ ماناییە و سەرچاوەی هەموو دەرد و ئازارەکانی مرۆڤە. لە بازرگانی و کەسب و کاریشدا وایە، زیانت زۆرتر بوو لە قازانج، دەبێ وازی لێ بێنی. ژیانێک ئازار و زیانەکانی زۆرتر بوو لە خۆشییەکانی، دەبێ دەستبەرداری بی.

هەندێک دەڵێن ئایبن ئازارەکانی مرۆڤ کەم ناکاتەوە، بەڵکوو مرۆڤ ساز دەکەن که بەرگەی ئازارەکان بگرێت، ڕێگەکەمان بۆچاک ناکا، بەڵکوو ماشێنەکەمان بۆ قایم دەکا، ئەوەش نەک شتێکی سایکۆلۆجیبێت بەڵکوو دەستکاری وجودی مرۆڤ دەکەن و ڕازی دەکەن کە دەڵێن مانای ژیان دەبێت بەلای کەمەوە دوو شت لە ژیاندا هەبێت:

یەکەم: ئامانجی ژیان

دووەم: سوودی ژیان

ئامانج و سوودێک کە تایبەتە بە من و دنیای من، ئامانج و سوودێک کە من لە کۆی کەوندا هەمە. ڕاستە من گەردێکی بچوکم لە کۆی هەستی، بەڵام پەیوەندیم هەیە بەم بوونەوە. بەلای کەمەوە دوو تێڕوانین هەیە بۆ مانای ژیان: ئاراستەیەک پێی وایە شتێک نییە ناوی مانا بێت و ئێمە بمانەوێت پێی بگەین، بەڵکوو دەبێ مانا بهێنینە بوون ت (جعل)ی بکەین، زۆر جار مانا دەبەسترێتەوە بە کەس و شتەکانی دەورووبەرەوە، گرنگ ئەوەیە ئەوی ترێک هەبێ لەپێناویدا بمێنمەوە (هەتا ئەگەر بۆ تۆڵەسەندنەوەش بێت) کە دکتۆر فرانکڵ لە زیندانی نازییەکانەوە زۆر باس لەمە دەکا.

ئاراستەیەکی تر پێیان وایە مانا هەیە و ئەوەندەی دەوێ که ئێمە بیدۆزینەوە و کەشفی بکەین، لێرە جیهان هەر شتە بینراوەکان نییە، بەڵکوو غەیب و شەهادەیەک هەیە، حەقیقەت و سێبەرێک بوونی هەیە کە دەرکەوتەکان سێبەری حەقیقەتێکن کە هەرسێ دینە ئیبڕاهیمییەکە لەسەر ئەمەن. چونکە دینەکان پێش گریمانەیان هەیە، پێشەکی بڕوایان بە خوایەک هەیە کە خالقە، لەگەڵ ئەوەشدا بەلای کەمەوە خاوەنی سێ سیفاتی سەرەکییە کە بریتین لە زانستی ڕەها و توانای ڕەها و خێرخوازی ڕەها. لێرەوە چەمکی عیشق پەیدا دەبێ، خودایەک خاوەنی ئەم سیفاتانە بێ، مرۆڤ ئاسانە چارەنووسی خۆی پێ بسپێرێت.

ئەم تێگەیشتنە ترسە وجودییەکانی مرۆڤ ناهێڵێ و تەنیاییەکان چارە دەبن «وَنَحْنُ أَقْرَبُ إِلَيْهِ مِنْ حَبْلِ الْوَرِيدِ» «وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ» لێرە مەرگ دەبێتە دەروازەی گەڕانەوە بۆلای ئەو، لای ئەو بوین و بۆلای ئەو دەچینەوە. تەواوی داستانی نەی نامەی مەولانا باسی ئەمەیە کە ئەو (نەی)ەک بوو لە نەیستان بڕاوە، هەرچی شیوەنی هەیە بۆ گەڕانەوەیە بۆ ئەوێ، لێرەدایە پرسی لە کوێ بووم و بۆ کوێ دەچم؟ چارە دەبێ.

لەم دونیابینییەدا مرۆڤ هەست دەکا کۆی بوون لەگەڵ ئەمدا، ئەخلاقیانە مامەڵە دەکا. «فَمَن يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ...» ئەوەی ئەنجامی ئەدەی دێتەوەڕێت، ئەمە ئازاری پێنەزانی خەڵک لە وجودی ئینسان دەردەکا و مرۆڤ چالاک و پڕجوڵە ده‌کا، مانا بۆ ژیانی دروست ده‌کا.

خودای ئێرە شتێکی فیکری نییە و گرفتێکی فەلسەفی پێ چارە بکەین، ئەو هەموو چرکەیەک حازرە: «كُلَّ يَوْمٍ هُوَ فِي شَأْنٍ» کە ئەم ئەزموونە دروست بوو، ژیان مانا پەیدا ده‌کا. ئەمە نە زانستە نەئیعتیقاد، بەڵکو و ئەمە ئیمانه. لێرە بێ لەخودا هیچ شتێکی تر بوونی نییە، ئەوەی هەیە خودایە و ئەوەی تر کە دەبینرێ، جیلوەی خودایە: «أَيْنَمَا تُوَلُّوا فَثَمَّ وَجْهُ اللَّهِ ۚ» خودا دەبێتە نووری نوورەکان: «اللَّهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ».

لێرە زانست کۆکردنەوە نییە، بەڵکوو ڕووتێکردنە: «وجهت وجهي للذي فطر السماوات والأرض» بۆیە ئەگەر فەلسەفە بتوانێ پێی ڕۆشتنمان بداتێ بۆ دەستخستنی مانای ژیان ئەوە ئایین دوو باڵمان دەداتێ بۆ گەیشتن.

نووسه‌ر: ڕێکەوت عه‌بدوڵڵا

سەرچاوە: گرووپی هه‌ژان فه‌یسبووک

ده‌نگی ئێوه ناوه‌ندی ده‌نگه‌کان: 3 (1 vote)