له سه‌ده‌ی بيست و يه‌كدا چۆن خه‌ڵک ده‌عوه‌ت که‌ين؟ (به‌شی دووهه‌م)
١٦. گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌يه که تا ئێسته نه‌مانتوانيوه ئيسلام بوومی که‌ينه‌وه. بوومی کردنه‌وه‌ی ئيسلام و ئيسلامی نيشتمانی، واته موسوڵمانان له‌هه‌ر جێگه و شوێنێ هه‌ن و هه‌ر نه‌ژاد و ڕه‌گه‌زێکيان هه‌يه، هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن گرفتی ئه‌و کۆمه‌ڵگايه که تێیدا ده‌ژين، چييه؟ و ئه‌و گرفت و کێشانه له چ شتێکه‌وه سهرچاوهيان گرتووه و هۆيه‌کانی سه‌ره‌کی په‌يدابوونی ئه‌و ئافه‌ت و کێشانه چين و کامانه‌ن. کاتێ ئاشنابوون به ده‌رده‌کان، به ته‌واوی هێزيانه‌وه به گه‌ڕاننه‌وه بۆ لای قوڕئان و ئيسلام و که‌ڵکوه‌رگرتن له‌و بۆچوونه ئيسلامیيانه‌ی که‌وا له‌به‌ر ده‌سياندایه و کارايی هه‌يه بۆ ده‌رمانی ئه‌و ده‌ردانه، هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه بده‌ن و به قسه و ڕه‌فتار و گوفتار و کرداريان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بن، هاوده‌ردييان بکه‌ن، له حه‌ق و مافی خوادادی ئه‌و خه‌ڵکه ديفاع بکه‌ن، زوانی فه‌رمییان بن و به زوانی ئه‌وان قسه بکه‌ن و بنووسن و دووری نه‌گرن لێيان و دڵسۆزانه ده‌رمانی دهردهکانيان پێ بڵێن و باسيان بکه‌ن و به ئه‌ندازه‌ی تواناييان هه‌وڵ بده‌ن که سته‌م لهسهريان لابه‌رن و داوای حهقيان بۆ بکه‌ن و ئاشنايان بکه‌ن به حه‌قی خۆيان و حهقيان بۆ ڕۆشن که‌نه‌وه، له‌مبارانه‌وه ئاگادار و بێداريان که‌نه‌وه و فێريان که‌ن داوای حه‌قی خۆيان بکه‌ن و بانگخوازان له پێشيانه‌وه بن. ئابه‌م شێوه ده‌توانين ئيسلام بوومی که‌ينه‌وه و بيکه‌ين به ئيسلامی نيشتمانی. چونکه هه‌ر وڵاتێ و هه‌ر جێگه و شوێنێ گرفتی تايبه‌تی خۆيی هه‌يه که له‌وانه‌يه وڵات و نيشتمانێکی تر ئه‌و گرفتانهيان نه‌بێ. بوومیکردنهوهی ئيسلام و ئيسلامی نيشتمانی، په‌نا به‌خوا مانای ئه‌وه نييه که بناغه و ئه‌ساس و بنه‌ڕه‌ته‌کانی ئيسلام بگۆڕين. وانازانم هيچ ئيماندارێ شتی وا بڵێ. ئيسلام هاتووه بۆ چاره‌سه‌ری گرفت و کێشه‌ی ئادهميزاد و له‌هه‌ر کوێ بن و هه‌ر نژاد و ڕه‌گه‌زێکيان بێ، ئه‌گه‌ر له‌م جيهانه‌دا کێشه‌ی ئينسان چاره‌سه‌ر نه‌کا، به‌ده‌ردی چی ده‌خوا؟ ده‌بێ لێره به‌که‌ڵکی بێ و بيگهيهنێ به حه‌ق و مافه ڕه‌واکانی. ئازادی کات له‌ده‌س کۆلکه خوا و شيرک و خوڕافات و درۆ و ده‌له‌سه و سته‌م. ئهمنييهتی بۆ فه‌راهه‌م کات. ڕێز و که‌رامه‌تی مسۆگه‌ر کات. ژيانێکی پڕ له خۆشی و به‌خته‌وه‌ری بۆ دروس کات و ده‌ستی سته‌م و زۆردار له‌سه‌ری لابات و کۆت و زنجير له ده‌ست و پێی بکاته‌وه. پاک و ڕاست و دروست باريان بێنێ و من واده‌زانم ئا له‌م ڕۆژگاره‌دا ئه‌م شێوه ده‌عوه‌تانه جواب ده‌ده‌نه‌وه و ده‌بێ ئه‌مه زيندوو که‌ينه‌وه و ئه‌م ڕه‌وشته بانگخوازييه سازگاره له‌گه‌ڵ که‌ش و هه‌وای ئه‌م وڵاته‌دا و ئه‌مه‌يه ئيسلامی نيشتمانی. ئه‌وه‌ش ده‌زانين که هه‌ر بانگخوازێ به‌رپرسياريه‌تی زياتری هه‌يه له‌باره‌ی خۆی و ماڵ و مناڵ و که‌س و کار و نزيکانی و هاووڵاتانیيهوه، به ته‌رتيب.
ئه‌و لێپرسراويهی که له‌باره‌ی ئه‌مانه‌وه هه‌يه‌تی، به‌و ئه‌ندازه له‌باره‌ی خه‌ڵکی تر و وڵاتانی ديکه‌وه نیيهتی و ڕووی تێ ناکا. سه‌ره‌ڕای ئهميشه، ده‌عوه‌تکردنی خه‌ڵک به زوانی خۆيان کارايی زياتره له کۆمه‌ڵگه‌دا و ڕێزدانانيشه بۆ ئايه‌ته‌کانی خوای عالهميان. چونکه هه‌ر نه‌ته‌وه‌يه‌ک پێناسه‌ی خۆی هه‌يه و پێناسه‌ی نهتهوهيش، پێناسه‌ی ئايينه، پێناسه‌ی ئايين ڕێزه له هه‌ڵبژاردنی خۆم و ئه‌و ئازادييه‌ی که خوا پێی داوم و هه‌ر وه‌کوو ڕێزه له هيدايه‌ت و لوتفی خوای گه‌وره، به‌ڵام پێناسه‌ی نهتهوهييم ته‌نيا ڕێزه له جه‌عل و خه‌لقی خوای گه‌وره! و ده‌بێ ئه‌م دوو پێناسه‌يه وه‌کوو يه‌ک ڕێزيان بۆ دانرێ. که‌وايه ئيسلامی نيشتمانی يانێ ئه‌مانه و نموونه‌يان، نه‌ک يانێ پايهکانی دين بگۆڕين.
هه‌ر وه‌کوو له‌وانه‌يه ئه‌و کۆمه‌ڵگايه و ئه‌و نيشتمانه بازێ عورف و عاده‌تی پاکيان بێ که دژايهتييهکيان له‌گه‌ڵ ئيسلام‌دا نه‌بێ، له لايه‌ن بانگخوازانه‌وه جه‌خت کرێته سه‌ری و له عوڕف و عاده‌تی خراپ و ناسالم جيا کرێنه‌وه. تهئييدی عورفی سالم و پاڵفته‌کردن و پاککردنهوهيان له مێژووی ئيسلام و ئایينه ئاسمانييه‌کان هه‌ر فره ئاشکرايه و غه‌ريب نييه و هه‌ر ئهميشه نرخدانانه بۆ عه‌قڵ و عورفی ئه‌و خه‌ڵکه. چونکه شتێ ڕوونه که عه‌قڵ و عوڕفهکان، سه‌مه‌ره‌کان و ئاسهوارهکانيان له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێک و له کۆمهڵگايهکهوه تا نيشتمان و کۆمه‌ڵگايه‌کی تر جياوازی زۆر به‌دی ده‌کرێ. که‌وايه ئه‌گه‌ر که‌سێ باسی ئيسلامی نيشتمانی کرد، مانای وانييه ڕه‌گه‌زپه‌رسته. له ڕوانگه‌ی فيکری ئيسلامه‌وه، ڕه‌گه‌زپه‌رست که‌سێکه که سته‌م له ڕه‌گه‌زێ بکا، له‌به‌ر خاتری قازانجی ڕه‌گه‌ز و چينهکهی خۆی و نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌زه‌که‌ی خۆی به‌لاوه گه‌وره‌تر بێت و هه‌ميشه هه‌وڵ بدات که ڕه‌گه‌زه‌که‌ی خۆی سه‌رخات به‌ناڕه‌وا به‌سه‌ر گه‌لانی تردا و خۆپه‌رست بێت و مافی گه‌لانی تر تاڵان کات و خۆيان له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌يه‌کی تر به ماقووڵتر بزانن و خۆيان کهنه ئاغا و کاربه‌ده‌ست و خاوه‌نی ڕه‌گه‌زه‌کانی تر. جا هه‌ر نه‌ته‌وه‌يه‌ک ئاوا بێ، ئه‌وانه‌ن ڕه‌گه‌زپه‌رستن.
١٧. گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌يه که زۆربه‌ی بانگخوازان له ئه‌مڕۆدا ناژين. به فهرمايشتی ئیبنی قه‌يیم که له‌باره‌ی موفتييهوه ده‌ڵێ: موفتی ده‌بێ چاک ئيسلام بزانێ و بناسێ و له ڕۆژگاری خۆيشيدا بژیت. له گرفت و ده‌رده‌کانی ئاگادار بێ، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ريان بۆ بدۆزێته‌وه. له کاتێکا ئه‌م مه‌رجه بۆ موفتی پێويست بێ، بۆ داعی و بانگخواز چه‌ند به‌رابه‌ر پێويسته. بهجێگهيه ئالهگرهدا به‌سه‌رهاتێ باس که‌م، ئه‌ويش ئه‌مه‌يه:
مامۆستا نووری حه‌مه‌خان که موخته‌سه‌ری بوخاری وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردي، له جڵدی چوار، لاپه‌ڕه‌ی ٢٥٨-٢٥٧ دا ده‌گێڕێته‌وه، که ئه‌مه کورتهيهکیيهتی. ده‌ڵێ: له پاش جه‌نگی جيهانی يه‌که‌مدا، کاتێ سوپای ئينگليس به‌نده‌ری به‌سره‌ی گرت، مامۆستا مه‌لا حوسێنی پيسکهندی به مامۆستاکانی شاری سلێمانی ده‌فه‌رموێ: مهلاينه زوو يان دره‌نگ ئه‌مانه ده‌گه‌نه ئێره‌ش و به‌بێگومان بۆ ساردکردنه‌وه‌ی ئێمه له دين و نيشتمان جۆره‌ها پڕوپاگه‌نده‌ی ژهراويمان له دژ ده‌که‌ن. يه‌کێ له‌و بابه‌تانه خولانه‌وه‌ی زه‌وييه به ده‌وری خۆي‌دا و چۆنيه‌تی ڕوودانی ديارده‌ی خۆرگيران و مانگگيران و زۆر ديارده‌ی تر له‌م بابه‌تانه، که له‌کتێبه‌کانی ئێمه‌دا به چه‌ند شێوه باسيان لێ کراوه. جا ئه‌گه‌ر شتێ له‌م بابه‌تانه ڕووي دا، مهپهشۆکێن و واز له‌و درۆ و ده‌له‌سانه بێنن که وان له دهقایقولئهخبار و نهزههننازێزین و ڕيوايه‌ته لاوازه‌کانی خازن و... به‌ڵکوو بڵێن له کتێبه‌کانی ئێمه‌شدا هه‌ر وا ده‌ڵێن و به دوورودرێژی باسی ئه‌مجۆره دياردانه کراوه، ئه‌م زانستانه ئێوه له ئێمه‌تان دزيوه و کردووتانه به‌هی خۆتان.
کاتێ مامۆستا مه‌لا حوسێنی پيسکهندی ئه‌م قسه جوانه و ئه‌م وه‌ڵامه دهمکوته پێشنيار ده‌کا بۆ مه‌لاکان له‌و قۆناغه، مه‌لاکان به يه‌ک ده‌نگ ده‌ڵێن: «په‌کوو له‌م حه‌لاماته‌ی!!» ئينگليز هێشتا له فاوه، مه‌لا حوسێن هه‌ر له ئێستاوه چۆته سه‌ر دينهکهی!
١٨. گرفتی ئه‌مڕۆ بێ‌کاری و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ته‌مه‌نی هاوسه‌رگيرييه، که به‌داخه‌وه هه‌ر ئه‌مه خۆی گرفتی زۆری دروس کردووه له کۆمه‌ڵگادا.
به‌ڵێ ڕاسته ئێمه ناتوانين ته‌واوی ئه‌و گيروگرفتانه چاره‌سه‌ر که‌ين. به‌ڵام باسکردنی موسوڵمانان و به ئه‌ندازه‌ی توانايی و دانانی ڕێگه‌چاره و هه‌ڵنانی موسوڵمانان بۆ ئاسانگيری بۆ دامه‌زراندنی بنه‌ماڵه، هه‌ر ئه‌مه خۆی ئه‌و خه‌ڵکه دڵخۆش ده‌که‌ن به موسوڵمانان که هاوده‌ردييان ده‌که‌ن و وان به دهميانهوه و شه‌ريکی خه‌م و خهفهتيانن و دڵسۆزيانن و ئه‌مانه و شتانی تر زۆر کۆمه‌ک ده‌کا که کۆمه‌ڵگا گوێ بگرن بۆ بانگخوازان.
١٩. گرفتی ئه‌مڕۆ خراپ که‌ڵکوه‌رگرتنه له ڕه‌سانه. به‌ڕاستی ئاسه‌وار و شوێنه‌واری خراپی کۆمه‌ڵگای گرتوه‌ته‌به‌ر و ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست ئه‌هلی خێردا نه‌هێشتووه. موسوڵمانان ده‌بێ له‌مباره‌وه هه‌وڵ بده‌ن که فه‌رهه‌نگی چاک که‌ڵکوه‌رگرتن باس که‌ن و بڵاوکه‌نه‌وه، به‌ڵام زۆر ئارام و حهکيمانه. نابێ قه‌ده‌غه کرێ و بوترێ گشتی خراپه. ڕه‌سانه وه‌کوو زوان و ده‌ست و چاو وايه. ده‌کرێ چاک که‌ڵکی لێ وهرگيرێ و ئهيشکرێ خراپ به‌کار ببڕێن. جا که‌وايه نابێ بوترێ گشتی دروست نييه، چونکه نه به گوێمان ده‌که‌ن وه نه دروسيشه بوترێ، وه‌کوو ئه‌وه وايه بوترێ به هيچ شێوه قسه مه‌که‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وانه‌يه تووشی غه‌يبه‌ت ببن!
وتنی شتی وا نه خۆت به گوێی خۆت ده‌که‌ی و نه له ماڵيشتاندا به گوێت ده‌که‌ن و نه خه‌ڵکيش گوێت بۆ ده‌گرن. ده‌بێ له‌ناو موسوڵماناندا کارناسان باسی له‌سه‌ر بکه‌ن، له‌سه‌ر چاکه و خراپييهکانی بکۆڵنه‌وه، هه‌موو لايه‌نه‌کانی ڕۆشن که‌نه‌وه. له‌م ڕووه‌وه بانگخوازان به که‌ڵکوه‌رگرتن له ڕێنوێنی کارناسه‌کان ده‌عوه‌تی خه‌ڵک بۆ شێوه‌ی ڕاست و پاکی ڕه‌سانه بکه‌ن و ده‌ليل و بهڵگهکانيشيان ڕۆشن که‌نه‌وه.
به‌ڕاستی ئاساری خراپی وه‌خت به‌فێڕۆدانه، جێگه‌ی شه‌و و ڕۆژ گۆڕينهوهيه، بهرهڵايی و بێ ئه‌خلاقی و بێ ڕهوشتيیه و... هه‌ر وه‌کوو ئاساری چاکيشی هه‌يه بۆ بانگخوازان، ئه‌مه‌ی که له چوار ديواری ماڵی خۆی تێته ده‌ره‌وه و ده‌ڕواته ناو دونيا، زۆر شتی چاک ده‌بينێ، دهبيستێ، که‌ڵک له زۆر شت و زۆر که‌س وه‌رده‌گرێ و بۆ ده‌عوه‌ت ده‌يانخاته کار. بانگخواز ده‌بێ زيندوو بن و ئاگايان له دونيا و ڕووداوه‌کان بێ. زۆر ناخۆشه داعی هه‌ميشه پرسياری ده‌نگ و باس و ئاگاداری له ڕووداوه‌کان له خه‌ڵک بکات و ئه‌وان خه‌به‌ری بۆ باس که‌ن و به ده‌می خه‌ڵکا بڕوانێ و سه‌ر بۆ ئه‌وان بله‌قێنێ. له‌مڕۆژه‌دا که‌سێ وابێ به‌که‌ڵکی ده‌عوه‌ت نايه و سه‌ره‌نجام وه‌کوو يارانی که‌هف "اصحاب الکهف" بارگه‌وبنه‌ی پێ ده‌پێچنه‌وه و ده‌چێته‌وه بۆ ناو ماڵ و چوارديوارييهکهی خۆی. بانگخواز ده‌بێ له کاری خۆي‌دا هه‌ميشه له پێشه‌وه بێ و دهسپڕ بێ له‌ناو کۆمه‌ڵگادا به که‌ره‌سه‌ی ده‌عوه‌ت، زيندوو بێ و باسی ژيانێ کات که به‌كه‌ڵکی هه‌ردوو جيهان بێ، به‌هه‌شتی ئێره بيگهيهنێ به به‌هه‌شتی پاشه‌ڕۆژ و ڕه‌زامه‌ندی خوا و هه‌ر لێره به‌هه‌شتێکی وه‌کوو به‌هه‌شتی ئاده‌م -سه‌لامی خوای لێ بێ- بۆ دروست کات. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌شی تێدا بکات، به تۆبه و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خوا بگاته‌وه، به ئارامی و خۆشبه‌ختی و سه‌عاده‌تی پێش هه‌ڵه‌که‌ی و له جايهگای که‌منه‌بێته‌وه و بڕواته‌وه جێگه‌که‌ی خۆی.
٢٠. گرفتێكی ترسێنه‌ر و تاقيکارييهکی دژوار که ئه‌مڕۆ له ڕێگه‌ی بانگخوازان و له ژياندا هه‌یه، له‌م سێ شته‌دا ده‌کرێ کۆ بکرێنه‌وه:
يه‌که‌م: سه‌روه‌ت و دارايی
دووهه‌م: فێڵ و ته‌ڵه‌که و هه‌ڵخڵه‌تاندن و چاوبهسکردن
سێهه‌م: ترساندن و هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن
بانگخواز ده‌بێ به چاوڕۆشنی و خۆگرييهوه ڕووبه‌ڕوو بێ له به‌رابه‌ری ئه‌م بهڵايانهوه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وێ به سه‌رياندا. ئه‌مشتانه هه‌ميشه وه‌کوو ماره تۆپيو ده‌خرێنه به‌ر پێی داعی، بۆ ئه‌وه‌ی پشت کاته ده‌ستووری خوا و ئيمانی لاواز که‌ن يان له ده‌ستی بدات و ئه‌م ژيانه کورت و کۆتايه هه‌ڵبژێرێ و بيترازێنن له ڕێگه‌ی ڕاست. ئاوه‌دانی دڵی وێران که‌ن و بيکهن به که‌لاوه. به فهرمايشتی دوکتۆر فه‌تحی يه‌کن، ئه‌گه‌ر دونيا و ئيمان جێگه‌يان بگۆڕنه‌وه، گرفت بۆ خاوه‌ن بڕوا دروس ده‌بێ. چونکه دونيا ئه‌وه‌يه له گيرفاندا بێ، ئيمانيش ده‌بێ له دڵا بێ. هه‌ر وه‌کوو کاک ناسر ده‌فه‌رموێ: وه‌کوو ئه‌م نموونه پاره ده‌بێ له گيرفانا بێ، نه‌ک له دڵا بێ.
ئالهگرهدا بهجێگهيه شتێ بگێڕمه‌وه: يه‌ک نه‌فه‌ر بوو له مه‌ريوان به ناوی کاک موحه‌ممه‌د و... له زه‌مانی شادا له‌سه‌ر توودهيیبوون چه‌ن ساڵێ له به‌نديخانه‌دا بوو. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا که هاتبووه ده‌ره‌وه، به براده‌رێکی ده‌ڵێ ده‌مه‌وێ سه‌رێ بده‌م له کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده و چاوم پێ بکه‌وێ، به‌ڵکه کارئاسانيم بۆ بکه‌ی له‌و باره‌وه. ئه‌و برايه زه‌مينه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی بۆ فه‌راهه‌م ده‌کا و دێت بۆ سنه. شه‌وێ له خزمه‌ت کاک ئه‌حمه‌ددا ده‌بێ. کاتێ گه‌ڕابۆوه و ئه‌و برايه‌ی چاوی پێ ده‌که‌وێ، ده‌ڵێ پێی: کاک ئه‌حمه‌دت چۆن دی و چۆن هاته پێش چاوت و ڕات چييه له باره‌يه‌وه؟
له وه‌ڵاميدا به کورتی ئه‌مه ده‌ڵێ: کاک ئه‌حمه‌د سواری دونيا بووه و زاڵه به سه‌ريا. به‌ڵام ئێمه‌ومانان دونيا سوارمان بوه‌و زاڵ بووه به‌سه‌رمانا.
٢١. گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌يه، به‌داخه‌وه بازێ له بانگخوازان کاتێ باسی شارستانييه‌تی ڕۆژاوا ده‌که‌ن، هه‌موو شته‌کان تێکه‌ڵ ده‌که‌ن بهسهريهکدا و چاک و خراپيان جيا ناکه‌نه‌وه له يه‌ک. بێ لێکۆڵينه‌وه و شه‌ل و کوێر ناپارێزن، ههرچييان به‌رده‌ست ده‌که‌وێ دایده‌پاچن. زۆر جار بيستوومانه "اکثرهم لا يعقلون" ده‌خوێننه‌وه به‌سه‌رياندا، بێ ئه‌وه‌ی بيرکهینهوه له ده‌قی ئايه‌ته‌که و په‌س و پێشی و داواکاريیهکانی و شێوه‌ی جێبه‌جێکردنی به‌سه‌ر ئه‌واندا!
عه‌قڵ و ئاوه‌ز هێزێکه که خوای گه‌وره له وجوودی ئينساندا دايناوه و گه‌وره‌ترين به‌خشراوی خوايه و داوای ئه‌وه‌ی کردووه که چاک به‌کاری ببه‌ن. جايهگای عه‌قڵ و فيکر و نه‌زه‌ر و ته‌ده‌ببور و اولوالالباب له قوڕئان‌دا به ڕۆشنی دياره و هه‌وجه‌ی به ئه‌نگوست نييه.
قوڕئان ٤٩ جار هه‌ر به له‌فزی خۆی، باسی كرده‌وه‌ی عه‌قڵ ده‌کا.
باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی قه‌لب له ١٣٢ جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی اللب، له ١٦ جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی النهی، له ٢ جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی فيکر و تهفهکكور له ١٨ جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی فقهـ، له ٢٠ جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی ته‌ده‌ببور، له ٤ جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی ئیعتیبار، وه‌کوو فاعتبروا، له ٧ جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی حيکمه‌ت، له ١٩ جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی بوڕهان، له ٨ جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی نه‌زه‌ر، زياد له ٥٠ جێگه‌دا.
ته‌نانه‌ت له بازێ جێگهداوشهی ئه‌مری بۆ به‌کار بردووه.
و هه‌ر ئه‌مه وه‌ڵامه بۆ ئه‌و کهسانيشه له‌ڕووی نائاگاهييهوه، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئيسلام رێزی بۆ عه‌قڵ دانه‌ناوه! له ئيسلام‌دا خوای گه‌وره به عه‌قڵ ده‌دۆزرێته‌وه. به عه‌قڵه ده‌زانرێ که قوڕئان هينی خوايه. ئه‌گه‌ر که‌سێ عه‌قڵی نه‌بێ، نوێژ و ڕۆژوو و زه‌کات و حه‌جی له‌سه‌ر پێويست نييه و ته‌نانه‌ت پووڵی گيرفانی پێ نادرێ، چونکه نازانێ چۆن خه‌رجی کات و له قوڕئان‌دا عه‌قڵ شانبه‌شانی وه‌حی باسی لێ کراوه، وه‌کوو له سووڕه‌تی مولكدا، ئايه‌تی ١٠ ده‌فه‌رمێ: «وَقَالُوا لَوْ كُنَّا نَسْمَعُ أَوْ نَعْقِلُ مَا كُنَّا فِي أَصْحَابِ السَّعِيرِ».
به‌داخه‌وه ئه‌م بوختانه بۆ ئيسلام به شێوه‌يه‌کی تر بازێ موسوڵمانی سه‌تحی و زاهيرگهرا به کرده‌وه ئهيدهنه پاڵ ئيسلام. بۆ نموونه له کاتی دهعوهتياندا ئه‌گه‌ر که‌سێ بڵێ: ئه‌م شته به عه‌قڵم وايه، خێرا هه‌ڵده‌چن و عه‌قڵ مه‌حکووم ده‌که‌ن و نيسبهتی بێعهقڵيش ده‌ده‌نه لای ئه‌و که‌سه هه‌ژاره! ئه‌مه وهڵاميشه بۆ ئه‌و دۆسته نائاگايانهی لای خۆمان که ئه‌مانيش به‌شێوه‌يه‌کی تر ئيسلام له مهيدان ده‌رده‌که‌ن و له‌به‌ر چاوی ده‌خه‌ن و ئه‌وه‌ش ده‌زانين که له شێوه‌ی به‌کاربردنی عه‌قڵا جياوازيیهکی زۆر له نێوانی خه‌ڵکدا به‌دی ده‌کرێ. هينی وا هه‌يه چاک به‌کاری ده‌با، که‌سی واش هه‌يه چاک به‌کاری نابا، يان بۆ چاکه به‌کاری نابا، يان بۆ بازێ شت عه‌قڵی چاک به‌کار ده‌با، به‌ڵام بۆ بازێ شتی تر چاک به‌کاری نابا. وه‌کوو که‌سێ ڕژد و به‌خێڵ و چرووک که زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بێ، به‌ڵام له برسا بمرێ. ئه‌م جياوازيیانه له دونيای ئه‌مڕۆدا و له‌ناو کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کاندا و له‌ناو شارستانيیهتهکاندا، به‌چاکی به‌دی ده‌کرێ و به چاوپێکه‌وتنی ئاسار و شوێنه‌واری به‌کاربردنی ژيری و ئاوه‌ز، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه و ئه‌وه‌ش ده‌زانين که زۆربه‌ی خه‌ڵک تووشی هه‌ڵه بوون، هه‌ريه‌ک له لايه‌نێکه‌وه.
غه‌رب به‌و گشته پێشکهوتوويی عيلم و زانينهوه له مه‌سه‌له‌ی په‌يوه‌ندی به‌رقه‌رارکردن له‌گه‌ڵ خاوه‌ن و دروسکراوی خۆيان، تووشی هه‌ڵه‌بوون به ئاشکرا و به کرده‌وه و ڕهفتاريانهوه به‌ڕوونی دياره و به‌باشی ده‌بينرێ. هه‌روه‌ها ئه‌م به‌کارنه‌بردنی ئاوه‌ز و عهقڵيشه له لايه‌نێکی تره‌وه به ئاشکرا دياره به موسوڵمانانه‌وه و پێويستی به ئاماژه نيیه. بۆ نموونه هه‌ر ئه‌و غهربهی که له لايه‌نێکه‌وه وان له هه‌ڵه‌دا، له به‌کاربردنی عه‌قڵدا جيهان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن له‌وباره‌وه و هه‌ر ئه‌وانه به هه‌زاران وه‌سيله و که‌ره‌سه‌ی ژيان و پێشکه‌وتی عيلم و زانياری و ته‌کنۆلۆژی، ده‌بينی که به‌زه‌حمه‌ت و هه‌وڵ و ته‌قالای ئه‌وان و به‌کاربردنی عه‌قڵ و ئاوهزيان له‌و زهمينهدا دونيايان ئاوه‌دان کردوه‌ته‌وه و له‌مباره‌وه گه‌وره‌ترين خزمه‌تيان کردووه به مرۆڤايه‌تی.
ئه‌مه گشتی سه‌مه‌ری عه‌قڵه، که به‌داخه‌وه موسوڵمانان له‌م زهمينهدا کۆڵهوارين و چاو له ده‌ستی ئه‌وانين و به‌ده‌ستی ئه‌وان دهڕوانين. وهلهوانهيشه له زۆر شتی تريش هه‌ر نافه‌رمانی خوا بکه‌ين و عهقڵيشمان هه‌يه و هيچ موسوڵمانێ ڕازی نييه پێی بوترێ بێعه‌قڵ.
به‌کاربردنی وشه‌ی بێعه‌قڵ له لايه‌ن بانگخوازێکه‌وه، بێ بيرکردنه‌وه بۆ شارستانييهتێ ئاوا، که ئێمه ئێسته دهسهنهخواری ئه‌وانين، جێگه‌ی داخه و گران ته‌واو ده‌بێ بۆمان و له‌وانه‌يه هه‌ر له‌و جێگه‌دا که ئه‌و بانگخوازه ئه‌و وشه به‌کار ده‌با، له‌ناو موسوڵماناندا، که‌سانێ ببن پێمان پێبکه‌نن له‌وکاته‌دا. چونکه هه‌ر ئه‌و وه‌سيله و که‌ره‌سانه‌ی ژيان که ئه‌وان دروستيان کردووه، ئه‌گه‌ر که‌ته‌لۆگ و ده‌ستووری به‌کاربردنی له‌گه‌ڵدا نه‌بێ، ناتوانين و نازانين به‌کاريان ببه‌ين.
به فهرمايشتی موحه‌ممه‌د غه‌زالی ميسری، خوا لێی خۆشبێ که ده‌فه‌رموێ، غه‌رب له به‌شی ئاوه‌دانی ئه‌م زهويهدا خه‌ليفه‌ی خوايه! به‌ڵام ئێمه ناشوکری نه‌بێ له‌هه‌ر دوو به‌شه‌که‌دا دواکهوتووين! و هه‌ر له‌م زهمينهدا ده‌فه‌رموێ: داعیيهک له هێندوستان ده‌ڵێ: خوا ئه‌و کافرانه‌ی بۆ ئێمه گه‌ردنکه‌چ کردووه که وه‌سيله و که‌ره‌سه‌ی ژيانمان بۆ دروست که‌ن و ئێمه‌ش خه‌ريکی عيبادهت ده‌بين!
ئه‌م فه‌قيره نه له ئيسلام و نه له ده‌عوه‌ت و نه له عيبادهت و نه له ژيان حاڵی نه‌بووه، بۆيه شتی‌وا ده‌ڵێ. ئه‌مه‌يش بانگخوازه! به‌داخه‌وه موسوڵمانان له‌م زهمينهدا دواکهوتووين و له کاروان جێماوين
. به فهرمايشتی دوکتۆر تاها جابرعهلوانی که ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر موسوڵمانان هيچ گيروگرفتێکيان نه‌بێ و هه‌موو زهمينهيهکيان بۆ فه‌راهه‌م بێ، ئالهئێستهوه ده‌ستبه‌کار بن، به ٣٠٠ ساڵ ناگه‌نه ئێسته‌ی غه‌رب. که‌ئه‌وان ٣٠٠ ساڵی تر پێش ده‌که‌ون و مه‌گه‌ر هه‌ر له‌دووره‌وه تهماشايان که‌ين.
به‌کاربردنی وشه‌ی بێعه‌قڵ، بێ ڕوونکردنه‌وه، ته‌پوتۆزی ده‌چێ به‌چاوی خۆشمان! با ئێمه‌ش وه‌کوو ئه‌و سێکۆلارانهی وڵاتی خۆمان نه‌که‌ين. له‌گه‌ڵ رێزم بۆيان، که زۆربه‌يان مه‌گه‌ر وێنه‌ی قوڕئانيان چاو پێکهوتبێ، ئهگينه نهخوێندوويانهتهوه، نه تهماشايان کردووه، نه ده‌يزانن و نه ئاگايان له ئيسلامه، ئابه‌م وه‌زعه‌وه به‌راوه‌ردی ئيسلام و مه‌سيحييه‌ت وه‌کوو يه‌ک ده‌که‌ن و به يه‌ک چاو تهماشايان ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ئيسلام به‌رنامه‌ی ژيانی نييه و ئيسلام و ژيان کوجا مه‌رحه‌با.
ئه‌و سکۆلارانه که به مافی ڕه‌وای خۆيان ده‌زانن به‌رنامه و ياسای ژيان دياری که‌ن، بۆ خۆيان و خه‌ڵکيش و ئه‌مکاره به بناغه‌ی ديموکراسی داده‌نێن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مکاره بۆ ئێمه به ڕه‌وا نازانن که به‌رنامه‌ی ژيان بۆ خۆمان دياری که‌ين له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئيسلام و قوڕئان. ئه‌گه‌ر ئێمه بيکه‌ين دواکهوتوويی و کۆنهپهرستييه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌نجامی بده‌ن، ڕێزدانان بۆ ڕای خه‌ڵکه. بۆ نموونه ئه‌وان له په‌ڕله‌مانی فه‌رانسه‌دا ياسای ههمجينسبازی به زۆرينه‌ی ئارا ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن و ڕهسمييهت په‌يدا ده‌کا. خوانه‌خواسته ئه‌وه ئه‌گه‌ر موسوڵمانان کاری وايان به‌ڕه‌وا بزانيايه، بۆقوکهڕهنايان گوێی دونيای که‌ڕ ده‌کرد و هه‌زاران به‌ڵگه‌يان ده‌تاشی له‌سه‌ر دواکهوتوويی ئێمه و ده‌يان بردينهوه بۆ ده‌ورانی به‌رد!
٢٢. به بۆنه‌ی نووسينی "احياء فقه الدعوه" به عه‌ڕه‌بی، سه‌رنجی ئه‌و ئازيزانهم ڕاده‌کێشم بۆ چه‌ن شتێ:
گومان نييه له‌وه‌دا که زوانی عه‌ڕه‌بی، زوانی ئيسلامه، موسوڵمانان له هه‌ر ڕه‌گه‌ز و نه‌ژادێ بن، به ڕێزه‌وه ته‌ماشای زوانی عه‌ڕه‌بی ده‌که‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که زوانی قوڕئانه و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و خزمه‌تکردنی ئه‌و زوانه، له درێژايی مێژوودا و تا ئێسته هه‌وڵيان داوه و تێکۆشاون. به هه‌زاران زانای گه‌وره له هه‌موو ڕه‌گه‌زێ، ژيان و وه‌خت و قهڵهميان له‌و پێناوه‌دا به‌کار بردووه و ئه‌و خزمه‌ته‌ی غهيره عه‌ڕه‌ب کردوويه‌تی، به‌تايبه‌تی زانايانی گه‌وره‌ی خه‌له‌ف، که‌هه‌ر هه‌موويان وه‌کوو ئهستێرهيهکی پڕشنگدار له ئاسمانی مێژووی فيکری ئيسلاميدا دهدرۆشێنهوه و هه‌ر يه‌ک لهلايهنێکهوه شوێنه‌واری پيرۆزيان هه‌يه، زانيارييه‌کانی فقهـ، تهفسير، ئوسوول، حه‌ديس، ئهدهبييات و به‌لاغه و که‌لام و باقی. به‌م بۆنه‌وه جێگه‌ی ده‌ستيان دياره و هه‌وجه‌ی به ئه‌نگوست نييه.
جا ئه‌م خزمه‌ته نه‌بڕاوانه که ئه‌م زانا گه‌ورانه کردوويانه، له‌به‌ر خاتری چاوی کاڵی عه‌ڕه‌به‌کان نه‌بووه! به‌ڵکه له‌به‌ر خاتری گه‌وره‌يی ئه‌و قوڕئانه بووه و بۆ پارێزگاری ئه‌و پهيمانه بووه که داويانه به‌و پێغه‌مبه‌ر ئازيزهی که ئه‌و قوڕئانه‌ی هێناوه بۆ هيدايه‌تی مرۆڤايه‌تی و ئه‌مه ده‌ری ده‌خا ئه‌و خه‌ڵکه چه‌نده نمهکشناس بوون و چه‌نده ئه‌و دينه به‌ڕێز بووه له‌پێش چاويان و به گه‌وره تهماشايان کردووه.
به سه‌دان زانای غهيره عه‌ڕه‌بی وا بووه، وه‌ها تواوه‌ته‌وه و تێکه‌ڵ بوو له ناو ئيسلام و قوڕئان و زوانی عهڕهبيدا، مێژووش باسی غهيره عهڕهببوونی نه‌کردووه و که‌س نازانێ له چ ڕه‌گه‌زێکه. ئه‌م شانازييه بڕاوه به شانی ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی که دڵسۆزانه له خزمه‌تی قوڕئان و ئايينی پيرۆزی ئيسلام‌دا بوون و له‌و پێناوه‌دا سه‌ريان ناوه‌ته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ش نه‌بووه که عه‌ڕه‌به‌کان پاداشی چاکهکانيان بده‌نه‌وه به خۆيان و به ڕهگهزهکهيان. به‌ڵکه به‌ته‌مای پاداشی نه‌بڕاوه‌ی خوای گه‌وره سه‌ريان ناوه‌ته‌وه و خوای گه‌وره له ڕيزی خۆشهويستانی کۆيان کاته‌و.
وه ئه‌وه‌ی که موسوڵمان بێ، به‌تايبه‌تی بيه‌وێ کارێکی چاک بکا له زه‌مينه‌ی دهعوهتا، ده‌بێ هه‌وڵ بدات به ئه‌ندازه‌ی توانایی، فێری زوانی عه‌ڕه‌بی ببێ، که زوانی ئيسلامه. بۆ ئه‌وه‌ی چاک تێبگات له قوڕئان و ئه‌و پهيامه بگهيهنێ و پێويسته ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌يانه‌وێ ته‌خه‌سوسی فێری زوانی عه‌ڕه‌بی بن و ئاگادار بن له رێزهکاریيهکانی، ده‌بێ به‌تايبه‌تی کاتی بۆ دياری که‌ن. به‌ڵام جێگه‌ی تايبه‌تی هه‌يه و بۆ گشت شوێنێ ناشێ. له‌م ڕووه‌وه چه‌ن تێبينيم هه‌يه له سه‌ری:
ا) ئه‌گه‌ر فێربوونی ته‌خه‌سوسی مه‌به‌ستتانه، ئه‌وه ناوێکی تری بۆ دياری که‌ن و ههرکهسيش ئاره‌زووی بێ دێته ناو گروپهکهتانهوه و له‌وێ که‌ڵک وه‌رده‌گرێ له به‌رنامه و نووسراوه‌کانتان.
ب) ئه‌گه‌ر ئه‌م فقهالدعوه بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌نووسن که عه‌ڕه‌بن به‌ڕه‌گه‌ز، عه‌ڕه‌بی ده‌زانن. له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆتان واده‌زانم ئه‌و که‌سانه سه‌رچاوه‌ی زۆر هه‌يه له‌به‌ر ده‌ستياندا و له جێگه‌ی تره‌وه که‌ڵک وه‌رده‌گرن و ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و کهسانهيش باسی ده‌که‌ن عه‌ڕه‌ب نين، به‌ڵام عه‌ڕه‌بی ده‌زانن، بۆ ئهمانيشه هه‌ر سه‌رچاوه هه‌يه که بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ريان. هه‌روه‌کوو له‌به‌ر ده‌ستی جه‌نابتاندا هه‌يه.
پ) ئه‌گه‌ر ده‌فه‌رموون ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ين به بيروبۆچوونی خۆمان و گه‌ڕاننه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رچاوه ڕه‌سه‌نانه‌ی ده‌عوه‌ت، بازێ گوڵچين بکه‌ين و بيخه‌ينه به‌رده‌ست خوێنه‌ران و دڵسۆزانی ده‌عوه‌ت و که‌سانێ که له‌وانه‌يه ده‌ستيان نه‌گا به‌و سه‌رچاوانه، يان کاتی بيرکردنهوهيان له‌و زهمينهدا که‌م بێ، ئهميشه هه‌ر جێگه‌ی قسه‌يه و ده‌کرێ بيری لێ بکرێته‌وه. چونکه ئهميشه ده‌کرێ بکرێ به کوردی و به کوردی بياننووسن و باسيان که‌ن.
ج) هه‌ر وه‌کوو له پێشه‌وه عه‌رزم کردن، ئه‌وه‌ی که زۆر گرنگه جێبه‌جێکردنی ئه‌و پهيامه و گهياندنيهتی به شێوه‌يه‌کی ڕێکوپێک و ئه‌وه‌ش ده‌زانين که ئێمه له‌م وڵاته‌دا ده‌ژين. خوێنه‌رانی ئێوه غهيره عه‌ڕه‌بن و له سه‌دا، ٩٩ عه‌ڕه‌بی نازانن، يان ئه‌گه‌ر بيزانن، زۆر که‌م و نيوههو ناته‌واوه و هيچ ده‌ردێ ده‌وا ناکا.
چ) احياء فقهالدعوه، هه‌ر وه‌کوو له پێشه‌وه وتم، يانێ چاک تێگه‌يشتن له‌و ده‌قه پيرۆزانه و جێبهجێکردنيان له ژيانی ڕۆژانه‌دا و بانگکردنی خه‌ڵک بۆ لای و زيندووکردنهوهی ئه‌و ئه‌خلاقه جوان و ئاکاره به‌رزانه‌ی ياران و شوێنکه‌وتووانی ئه‌وان، که هه‌ر ئه‌و تايبهتمهنديیانه بوو، بوون به هۆی ئه‌وه‌ی كه چوونه ناو دڵی خه‌ڵکه‌وه و ڕانوماييان کردن و ئه‌و ئيسلامهيان گه‌ياند به کرده‌وه.
ح) ئه‌وه‌ش ده‌زانين که ئێمه‌ی کورد له کوردستاندا بيسه‌ر و بينه‌ر و خوێنه‌رمان کوردن و بانگخوازانی ئه‌م نيشتمانه، زياتر به‌رپرسيارن له به‌رابه‌ری ئه‌مانه‌وه. چونکه ده‌يانه‌وێ په‌يامی پاکی خوا بگه‌يه‌نن به‌م گه‌له و دڵسۆزانه بانگيان که‌ن بۆ لای ئيسلام. ئێسته‌يش عيلم چاکتر ڕۆشنی کردوه‌ته‌وه که خه‌ڵک ئه‌گه‌ر به‌زوانی خۆيان قسه‌يان له‌گه‌ڵ که‌ی، زياتر هه‌ستی نزيکی ده‌که‌ن و چاکتر گوێ ده‌گرن و ئارام و هێدیترن له به‌رابه‌ری ئه‌و که‌سه‌وه که ده‌دوێ له گه‌ڵيان و باشتر دڵی بۆ ده‌که‌نه‌وه. ئه‌مه قسه‌ی من نييه، قسه‌ی عيلمه و ده‌ری ده‌خا که خوای عهليم و حه‌کيم کاره‌کانی گشتی بهجێگهيه و بێهووده نييه.
هه‌ر وه‌کوو مه‌علوومی هه‌موو لايهکه به کوردی قسه‌کردن و به کوردی نووسين، هه‌ر وه‌کوو هه‌ر زوانێکی تر پێچه‌وانه‌ی قوڕئان و ئيسلام نييه. له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه ده‌توانين قوڕئان و ئيسلام و مهفاهيمه جوانه‌کانی و ئه‌و ڕانوماييه به‌رزانه‌ی خوای گه‌وره که وان له لووتکه‌دا، بيانخه‌ينه ناو قاڵب و چوارچێوه‌ی زوانی شيرينی کورديیهوه و باسيان که‌ين بۆ گه‌لی کورد. ئه‌و کورده‌ی که جه‌عل و خه‌لقی خوايه، ئه‌و کورده‌ی که له‌گه‌ڵ ئه‌و گشته سته‌م و کوێرهوهريیهی که له درێژايی مێژوودا هاتووه به سه‌ريا و لێی کراوه له‌به‌ر کورد بوونی! په‌يوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوای خۆی نه‌بڕيوه، به شێوه‌يه‌ک که ئيسلام هه‌ر ده‌وری يه‌که‌م ده‌بينێ له ناوياندا و قسه‌ی يه‌که‌م ده‌کا.
هيچ فيکر و هيچ ئايينێ وه‌کوو ئايينی ئيسلام نه‌چووه‌ته ناخی ئه‌و گه‌له‌وه. با ئێمه‌يش وه‌کوو کوردی موسوڵمان و موسوڵمانێکی کورد، بچينه ناو ئه‌و گه‌له‌ی خۆمانه‌وه، به زوان و ئه‌ده‌بياتی خۆمان قسه‌يان له‌گه‌ڵ بکه‌ين. رێز دابنين بۆ فه‌رهه‌نگ و کولتووری ڕه‌سه‌نی ئه‌و گه‌له. با به زوانی خۆيان بانگيان که‌ين بۆ لای قوڕئان و ئيسلام. با وه‌کوو غهريبهيهک له گه‌ڵيان نهدوين. با وا قسه‌يان له‌گه‌ڵ بکه‌ين که مناڵی ئه‌و گهلهين، له‌و نيشتمانه‌دا بار هاتوين. خوای گه‌وره به ئاو و هه‌وای پاکی ئه‌و نيشتمانه، ژياندوينی و باری هانيوين. به داره‌داره‌ی دايکه کورده‌کانمان کهوتووينهته سه‌ر پێ، به ده‌نگی خۆشی لايهلايهکانيان و گۆرانيه ڕهسهنهکانيان چاومان چووه‌ته خه‌و و به دواندنی ئه‌و دايکه جهرگسووتاوانه زوانمان به‌ر بووه و کوردی فێر بووين. بۆ وابکهين که‌سێکی تر به بيرێکی نامۆ و بێگانه به‌و خه‌ڵکه و به‌م نيشتمانه، خۆی کات به داشديار و خاوهنيان، به‌ڵام ئێمه له دووره‌وه تهماشايان که‌ين. بۆچی پێمان بڵێن ئه‌م موسڵمانانه ده‌يانه‌وێ بتانکه‌ن به عه‌ڕه‌ب! به عه‌ڕه‌بی له‌گه‌ڵتان قسه ده‌که‌ن و به عه‌ڕه‌بی دينتان بۆ باس ده‌که‌ن. بۆچی پێمان بڵێن بانگخوازانی کوردستان يه‌ک له سه‌دی ئه‌وه‌ی عه‌ڕه‌بی و فارسی ده‌زانن، کوردی نازانن قسه بکه‌ن و بنووسن و ته‌نانه‌ت ناوی مناڵهکانيشيان هه‌ر ناوی عهڕهبييهو به ڕه‌چه‌ڵه‌ک عه‌ڕه‌بن و له عه‌ڕه‌بستانه‌وه هاتوون به زۆر داگيريان کردووين و ئه‌وه نييه هه‌ر به عه‌ره‌بی قسه ئه‌که‌ن و زوانيان پاک نه‌بوه‌ته‌وه و لههجهيان هه‌يه؟! ئه‌وه نيه به هيچ شێوه‌يه‌ک باسی سته‌ملێکراوی گه‌لی کورد ناکه‌ن و ديفاع ناکه‌ن له حه‌ق و مافه ڕه‌واکانتان و خۆیشيان به لێپرسراو نازانن له‌و باره‌وه و مهتقيان له خۆيان بڕيوه!
ئه‌مانه و نموونه‌ی تريش که پێمان وتراوه و ئێسته‌يش پێمان ده‌ڵێن و زۆر به‌شی ڕاست ده‌که‌ن!
سنه، عه‌لی ڕه‌حمانی
8/12/1393 هه‌تاوی
- بۆچوونێکی نوێ بنووسه
- 269 سه‌ردان
-
نووسخه‌ی چاپ