پێكه‌وه‌ ژیان بنه‌مای شارستانییه‌تی ئایینی

پێكه‌وه‌ ژیان بنه‌مای شارستانییه‌تی ئایینی

پێكه‌وه‌ژیان ده‌ره‌نجامێكه بۆ هۆكارێك، هۆكاری پێكه‌وه‌ ژیان بریتییه‌ له‌بوونی فره‌یی و جیاوازی له‌: «ڕه‌نگ، نه‌ژاد، زمان، زێد، ئایین و فه‌رهه‌نگ و..هتد».

خوای گه‌وره‌ له‌باره‌ی زانستی ئه‌و جیاوازییه‌وه‌ ده‌فه‌رموێ: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ» (حوجوڕات/١٣) واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتری بناسن و هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن و پێكه‌وه‌ بژین، نه‌ك یه‌كتر نه‌ناسن و دووبه‌ره‌كی و دوژمنایه‌تی یه‌كتر بكه‌ن. واته‌ ئامانج له‌ فره‌یی، بریتییه‌ له‌ پێكه‌وه‌ژیان و هاوكاریكردنی یه‌كتر، چونكه جیاوازبوون یه‌كێكه له‌ سوننه‌ت و یاساكانی خوا له‌ گه‌ردووندا، هه‌روه‌ها هه‌لومه‌رج و جیاوازی پێداویستییه‌كانی ژیانی مرۆڤ وا ده‌خوازن كه فره‌یی و جیاوازی و جۆراوجۆری هه‌بێت، ده‌شێ بڵێین خوای گه‌وره‌ مرۆڤی بۆ ئه‌م جیاوازیانه‌ دروست كردووه‌، ئه‌وه‌تا ده‌فه‌رموێ: «وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً ۖ وَلَا يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ * إِلَّا مَنْ رَحِمَ رَبُّكَ ۚ وَلِذَٰلِكَ خَلَقَهُمْ ۗ وَتَمَّتْ كَلِمَةُ رَبِّكَ لَأَمْلَأَنَّ جَهَنَّمَ مِنَ الْجِنَّةِ وَالنَّاسِ أَجْمَعِينَ» (هوود/١١٨-١١٩) چونكه مادام هه‌لومه‌رجه‌كانی ژیانی مرۆڤه‌كانیش له‌ یه‌كتری جیان و هه‌ریه‌كه‌و له‌ بوارێكدا تواناكانی ده‌دره‌وشێنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت زۆرجار وا ڕێك ده‌كه‌وێ مرۆڤ بیر ده‌كاته‌وه‌ بزانێ كۆمه‌ڵگه‌ی پێویستی به‌چی هه‌یه‌ و چ بۆشاییه‌ك له‌بواری گوزه‌ران و بازاڕدا هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌و بواره‌دا ڕه‌نجی خۆی ده‌دات، هه‌م بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی ژیانی خه‌ڵك و هه‌م بۆ دابینكردنی بژێوی و ژیانی خه‌ڵك و هه‌م بۆ دابینكردنی بژێوی و ژیانی خۆی. ئه‌مه‌ش به‌ زاراوه‌ قوڕئانییه‌كه‌ی پێی ده‌وترێت (التدافع): «وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ» (حه‌ج/٤٠) كه ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه‌ نه‌بێت و هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بن له‌ به‌هره‌ و شێوازی ژیاندا، ئه‌وا ژیان ئه‌سته‌م ده‌بێت و یاساكانی گه‌ردوون تێك ده‌چن. جیاوازبوونی ڕه‌نگه‌كان، بۆنه‌كان، تامه‌كان، سه‌رما و گه‌رما، تاریكی و ڕوونی و..هتد، هه‌موویان ئاماژه‌ن بۆ پێویستبوونی فه‌ریی له‌ هه‌موو كایه‌ و جومگه‌كانی ژیاندا.

نوێخوازی سه‌رده‌م (سه‌عید نورسی) له‌ په‌ڕاوی (داوه‌رییه‌كان)دا په‌یوه‌ندییه‌كانی گه‌لان و نه‌ته‌وه‌ و كه‌مینه‌كان ده‌چوێنێ به‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه سه‌رباز ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ به‌ش و لق و تیپ و لیوای سوپاكه‌یه‌وه‌، هه‌ر سه‌ربازێك له‌ هه‌ریه‌كێك له‌و به‌شانه‌دا ئه‌ركێكی له‌سه‌رشانه و پێویسته‌ ئه‌نجامی بدات. مرۆڤه‌كانیش به‌هه‌مان جۆرن، چه‌ندین په‌یوه‌ندی و زنجیره‌ ئه‌رك و فه‌رمانی له‌ئه‌ستۆ دایه‌ به‌رامبه‌ر به ‌چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندی و ئه‌ركانه ڕێك نه‌خرێن و دیاری نه‌كرێن و هه‌ركه‌سه‌و كار و ئه‌ركی خۆی نه‌زانێت، یان بۆی دیاری نه‌كرێت، ئه‌وا هیچ یه‌كترناسین و هاوكاری و پێكه‌وه‌ییه‌ك دروست نابێ.

جۆره‌كانی هه‌ستی جیاوازی:

گه‌شه‌كردنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی یان ئایینی یان چینایه‌تی له‌هه‌ر كه‌سێكدا یان ئه‌رێنی ده‌بێ یا نه‌رێنی. بیری ئه‌رێنی به‌ ئاراسته‌ی سۆز و میهره‌بانی ده‌ڕوا له‌گه‌ڵ هاوڕه‌زه‌كانی و بگره‌ بوونه‌وه‌رانیش، هاوكاری و یه‌كترناسین و پێكه‌وه‌ژیان و پارستنی پێگه‌ی مرۆڤ ده‌بووژێته‌وه‌ و پێش ده‌كه‌وێ.

به‌ڵام بیری نه‌رێنی له‌ ئامانجی ده‌مارگیری و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دا و ئه‌میش ده‌بێته‌ هۆكاری یه‌كترنه‌ناسین و یه‌كتر نه‌خوێندنه‌وه‌ و یه‌كتر قه‌بووڵنه‌كردن و له‌وێشه‌وه‌ سه‌رده‌كێشێ بۆ دژایه‌تیكردنی. دیاره‌ ئیسلامیش به‌توندی ئه‌مه‌ ڕه‌د ده‌كاته‌وه‌، فه‌رمان ده‌كا به‌ گه‌شه‌دان و بره‌ودان به‌ بیری ئه‌رێنی و گیانی پێكه‌وه‌یی و وه‌لاخستنی گیانی ده‌مارگیری.

پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی:

ئایینی پیرۆزی ئیسلام بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیانی له‌نێوان هه‌موو چین و توێژ و ئایینه‌ جیاوازه‌كاندا داڕشتووه‌. یاساكانی (یه‌كسانی، دادپه‌روه‌ری و ئه‌رك و ماف، هاونیشتمانیبوون)ی كردووه‌ به‌ چوارچێوه‌ و شوڕای پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنی قه‌واره‌ی كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ئاشاكرا له‌ په‌یماننامه‌ی (مه‌دینه‌)دا ده‌رده‌كه‌وێ كه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به‌ گه‌یشتنی به‌ شاری مه‌دینه، یه‌كسه‌ر ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ی كرد به‌ ڕێسای پێكه‌وه‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و ئابووری ناو ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌كه‌ی.

ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ چه‌نده‌ها نموونه‌ و ڕووداو، كه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئیسلام ئایینی هاوكاری و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌یه‌، هه‌موو هه‌وڵیشی بۆ ئه‌وه‌یه ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هاوڵاتیان به‌هێزتر بكات و كۆمه‌ڵگه،‌ یه‌كگرتوویی خۆی بپارێزێت.

گفتوگۆ وه‌ك بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیان:

له‌ قوڕئانی پیرۆز و فه‌رمووده‌كاندا چه‌ندین شێوازی زۆر باس كراون بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ناموسوڵماناندا، (به‌تایبه‌ت جوله‌كه‌ و نه‌سرانییه‌كان) و داوایان لێ ده‌كا كه له‌سه‌ر خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان كۆببنه‌وه‌: «قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ تَعَالَوْا إِلَىٰ كَلِمَةٍ سَوَاءٍ بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ»‌ (ئالی عیمڕان/٦٤) و له‌ زۆر شوێنیشدا هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌ورانه‌ ده‌دا كه ئایینه‌كانی تێكه‌وتوون، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی گفتوگۆ و لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌دا‌ ده‌بێ، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ئیسلامدا شه‌ڕی ئایینی نییه و مێژووی موسوڵمانان ئه‌وه‌ی تێدا تۆمارنه‌كراوه‌ كه سڕینه‌وه‌ یان قه‌ڵاچۆلكردنی ئایینه‌كانی تری دابێ. هه‌ر بۆیه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه خۆراواییه‌كان درووشمی (ململانێی شارستانییه‌ت)یان بره‌و پێداوه، موسوڵمانه‌كان له‌به‌رامبه‌ردا درووشمی‌ (گفتگۆی شارستاییه‌ت)یان به‌رز كرده‌وه‌. به‌درێژایی میژووی موسوڵمانان –سه‌ره‌ڕای بوونی تێبینی له‌سه‌ر شێوازه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی له‌ناو جوگرافیای جیهانی ئیسلامیدا- كه‌چی جولوكه‌ و نه‌سرانی و سه‌رجه‌م ئایینزاكانی تریش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه به‌ ئاشكرا دژایه‌تی ئیسلامیان كردووه‌ و به‌رده‌وام خاڵی جیاوازیان ورووژاندووه‌، به‌ڵام له‌ناو موسوڵماناندا له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌رمایشتی: «لهم مالنا و علیهم ما علینا» به‌ سه‌ربه‌رزی ژیاون: له‌ زۆر شوێن و كاتیشدا وا ڕێككه‌وتووه‌ جڵه‌وی ئابووری و بازرگانی و هه‌ندێك جاریش پۆستی سیاسی بگرنه‌ ده‌ست.

پێویسته‌ ئه‌هلی كتێب –به‌تایبه‌ت نه‌سرانییه‌كان- و موسوڵمانان زیاتر به‌ته‌نگ ئه‌مه‌وه‌ بێن، چونكه دوژمنی هاوبه‌ش كه هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئایینه‌كان ده‌دا، جیاوازی ناكا له‌نێوانیاندا و هه‌وڵی له‌ناوبردنی هه‌موویان ده‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تی زلهێزی سۆڤێتی شیوعی به‌درێژایی حه‌فتا ساڵ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئایینه‌كانی دا و هه‌موو پیرۆزییه‌كانیشی خستنه‌ ژێر چه‌مكه‌ی سه‌ربازییه‌كانییه‌وه‌، ئێستاش له‌ چینی ماركسیدا هه‌مان ڕه‌وشت هه‌ر به‌رده‌وامه.

به‌درێژایی هه‌زار و سێسه‌د ساڵ له‌ناو وڵاتی موسوڵماناندا ئایینه‌كانی تریش هه‌بوون، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی خۆراوا ڕووی كرده‌ جیهانی ئیسلامی و له‌ ئه‌نجامی ڕه‌نجی سه‌دان ساڵه‌یاندا خه‌لافه‌تی ئیسلامی نه‌ما و هه‌ره‌سی هێنا.

به‌ نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی موسوڵمانان ئیتر خۆراواییه‌كان هه‌وڵیان دا دیارییه‌كانی خۆیان به‌ناو گه‌له‌ موسوڵمانه‌كاندا بڵاو بكه‌نه‌وه‌ كه بریتی بوون له‌ ورووژاندنی نه‌ژادپه‌رستی، ڕه‌گه‌زپه‌رستی، ده‌مارگیری ئایینی و مه‌زهه‌بی، به‌م جۆره‌ قۆناغی ململانێی ڕاسته‌قینه‌ی نێوان پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی جیهانی ئیسلامی ده‌ستی پێ كرد. گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌مینه ئایینی و مه‌زهه‌بییانه‌ سه‌دان ساڵ ماون و كه‌میان نه‌كردووه‌ و په‌رستگا و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانیان و ته‌نانه‌ت بته‌كانیشیان ده‌ستیان بۆ نه‌بردراوه‌.

ڕۆشنبیری پێكه‌وه‌ژیان:

پێویسته بره‌و به‌ ڕۆشنبیری پێكه‌وه‌ژیان بدرێت و ڕێز له‌هه‌موو مرۆڤێك بگیرێت، ئیتر هه‌ر ئایین و زمان و ڕه‌نگ و بیرێكی هه‌یه‌. موسوڵمان ئه‌مه‌ به‌ ئه‌ركی ئایینی خۆی ده‌زانێ و هه‌رگیز لاناكاته‌وه‌ به‌لای ئه‌و زایه‌ڵه‌ نه‌گریسه‌دا كه كاری شه‌و و ڕۆژیان بووه‌ به‌ ورووژاندنی دوژمنایه‌تی و ده‌مارگیری و په‌رته‌وازه‌یی.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا زیاتر یاسا و ڕێسا جوانه‌كانی ئیسلام ڕه‌ونه‌ق و به‌هاكانیان بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌سه‌لمێنن و گه‌ش ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ موسوڵمانان ده‌بنه‌ قوربانی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ فه‌له‌ستین و بۆرما و چین و یوگسلافیای شیوعی و فیلیپین و چه‌نده‌ها شوێنیتریشدا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی موسوڵمانانیان داوه‌.

هه‌روه‌ها مامۆستا نورسی له‌ به‌رگی چواره‌می سه‌رجه‌می په‌یامه‌كانی نوور (تیشكه‌كان)دا ده‌ڵێ: «بوونی جوله‌كه‌ و نه‌سرانی له‌ناو موسوڵمانه‌كان و هه‌روه‌ها بوونی موسوڵمان له‌ناو وڵاته‌كانی ئه‌واندا به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌هیچ جۆرێك نابێ له‌ڕووی یاساوه‌ ڕێگری و گێچه‌ڵ به‌هیچ كه‌سێك بكرێ له‌سه‌ر ئایینه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر كارێكی نایاسایی ئه‌نجام نه‌دابێ».

ئێستا له‌ناو فیقهی ئیسلامیدا زاراوه‌ی (دار الاسلام) و (دار الكفر) یان (دار الحرب) خه‌ریكه بوونی نامێنێ و ده‌بێت به‌ مێژوو، چونكه مرۆڤایه‌تی تێكه‌ڵ بووه‌ و فه‌رهه‌نگ و شارستانییه‌ته‌كانیش كرانه‌وه‌ی زیاتریان به‌ڕووی یه‌كتردا دیوه‌. بۆیه‌ ئێستا له‌هه‌مووكات زیاتر مرۆڤایه‌تی پێویستی به‌ ڕه‌چاوكردن و بره‌ودان به‌ بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام هه‌یه‌، له‌پێناو پێكه‌وه‌ژیانی سه‌ربه‌رزانه و سه‌قامگیربوونی ئاسایش له‌ جیهاندا و جێبه‌جێكردنی ڕاسته‌قینه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ.

نووسه‌ر: حه‌سه‌ن حه‌مه‌ كه‌ریم

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری په‌یامی ڕاستی

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ئایین و واتای ژیان بیرو ڕا (1399/05/07)
حـەج گـەورەتریـن ئەزموونی ئیمانی حج، بانگه‌واز (1399/05/04)