ئەدیبانی پێشوو لە هەوڵی بە ئیسلامیکردنی ئەدەبدا نەبوون

کۆکه‌ره‌وه‌: 
به‌شی كوردی ئیسلاحوێب
ئەدیبانی پێشوو لە هەوڵی بە ئیسلامیکردنی ئەدەبدا نەبوون

ڕەئووف محەممەد یووسف سەعید (ڕێنموون)، لە ساڵی ١٩٧١دا لەدایک بووە و جگە لە خوێندنی فەڕمی، لە لاویدا کتێبە ئایینی و ئەدەبییەکانی بە زمانی عەڕەبی و فارسی لای زانایانی ئایینی خوێندووە. بڕوانامەی دکتۆڕای زانستە ئایینییەکانی لە زانکۆی تاران وەرگرتووە. دەیان وتار و وەرگێڕانی لە گۆڤار و هەفتەنامەکانی ڕۆژهەڵاتدا بڵاو کردووەتەوە و ئێستا مامۆستای زانکۆیە لە سنە، ئەو لەم گفتوگۆیەدا باس لە پەیوەندیی ئایین و ئەدەب و كایەكانی پەیوەست بەو بوارە دەكات.

پرسیار: نێوانی ئەدەب و ئایین لە ڕابردوودا بەراورد بە ئێستا بە گشتی چۆن بووە؟

ڕەئووف ڕێنموون: لە ڕابردوودا ئەدەب و ئایین بە شێوەیەکی گشتی پێکەوە تەباتر بوون و ئەدەب لە ناوەندە ئایینییەکاندا زۆرتر بایەخی پێ دەدرا. ئەمەش چەند هۆیەکی هەبوو: ناوەندی پێگەیاندنی خوێندەواران بە گشتی و ئەدیبان بەتایبەتی لە ڕابردوودا حوجرەکان بوون و حوجرەکانیش ناوەندگەلێکی ئایینی بوون. هاوكات لە زۆربەی حوجرەکاندا کتێبگەلێکی ئەدەبیی وەک کتێبی گوڵستان و بۆستانی شێخی سەعدی دەخوێندران و هەندێک لە فەقێکان بەشەکانی تری دیوانی سەعدی و دیوانی حافز و کەلیم و…یان دەخوێند، هەموو فەقێکان لە کتێبی ״موختەسەر״دا لەگەڵ بنەماکانی زانستی ڕەوانبێژیدا ئاشنا دەبوون. دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت که ئەدیبانی ئەو کاتە لە هەوڵی بە ئیسلامیکردنی ئەدەبدا نەبوون و لەگەڵ ئەدەبدا وەک خۆی مامەڵەیان دەکرد، جگە لە هۆنراوەی فێرکاری کە لە حوجرەکاندا باو بوو. ئەویش وەک بەرهەمێکی ئەدەبی مامەڵەی لەگەڵدا نەدەکرا.

بەڵام ئایینخوازانی ئێستا زۆربەیان لە بواری ئەدەبییەوە لاوازن، هەندێکیشیان لە سەدەی بیستەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەدەب بهێننە ژێر ڕکێفی ئایینەوە کە هەوڵێکی نەزۆک بوو. بە شێوەیەکی گشتی ئەو پەنابردنە بەر زمانی ئەدەبە، بەبێ دەستتێوەردانی، کە ئەهلی تەسەوف لە ڕابردوودا بوویان، ئیسلامخوازانی هاوچەرخ تیایدا سەرکەوتوو نەبوون.

پرسیار: ئەو پانتاییەی ئایین و ئەدەب قسەی لەسەر دەكەن دواندنی ڕۆحی مرۆڤەكانە، ئایا دەبێت ئایین و ئەدەب لە ململانێدا بن لەسەر داگیركردنی ڕۆحی مرۆڤەكان یان دەشێت تەواوكەری یەك بن؟

ڕەئووف ڕێنموون: شێوازی دواندنی ڕۆحی مرۆڤەکان لە ئایین و ئەدەبدا جیاوازن؛ ئایین کاتێک ڕۆحی مرۆڤەکان دەدوێنێت زۆر جددییە و لەسەرەوە قسە دەکات، بەڵام ئەدەب وا نییە. زمانی ئەدەب ساکارتر و بەربڵاوترە، هەر بۆیە ململانێیەکی گەورە ناکەوێتە نێوان ئەدەب و ئایینەوە و زمانی ئایین، مرۆڤ لە زمانی ئەدەب و هونەر بێنیاز ناکات. لێرەدا چەند خاڵێکی گرنگ دەخەمە بەرچاو:

١ -لە کۆتایی سوڕەتی ״الشعراء״دا قوڕئان گلەیی تووند ئاڕاستەی بەشێک لە شاعیران دەکات. بەڵام هێرش ناکاتە سەر خودی شێعر. قوڕئان دەیەوێت شاعیرەکان بڕوایان بە خودا و ڕۆژی پەسڵان هەبێت و هەوڵەکانیان بۆ ڕزگاریخوازی بخەنە گەڕ، بەڵام نایەوێت ڕاستەوخۆ چوارچێوەیەک بۆ شێعر دابنێت. بۆیە قوڕئان، کە دەکرێت وەک دەقێکی ئەدەبی چاوی لێ بکرێت، نایەوێت جێگەی ئەدەب بە گشتی و شێعر بە تایبەتی بگرێتەوە و خودی قوڕئان دەفەرموێت: «وما هو بقول شاعر».

٢ -ئەو شاعیرانەی لە شێعرەکانیاندا ستایشی پێغەمبەر(د.خ) و ئیسلامیان دەکرد، شێوازی باوی شێعری ئەو سەردەمەیان نەدەگۆڕی و سەرەتا بە پەسنی خۆشەویستەکەیان دەستیان پێ دەکرد و پێغەمبەریش نەک ڕێگریی ئەو کارەی لێ نەدەکردن، بەڵکوو خەڵاتیشی دەکردن.

٣ -بەشێک لە هۆی پەنابردنی مرۆڤەکان بۆ هونەر و ئەدەب، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردنی مرۆڤەکان بە تەنیاییان لەم جیهانەدا و بەشێکی تری ڕاکردنە لە جددیبوونی ژیان و ئەو بەربەستانەی کە لە ڕێگەی مرۆڤدایە، هەرچەند بە بڕوای من ئایین هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هونەر و ئەدەبدا نییە؛ بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئایین ئەو بەشەی هەستکردن بە تەنیاییە کە هاندەری هەندێک لە مرۆڤەکانە بۆ پەنابردنە بەر هونەر و ئەدەب لاواز دەکات. هەر بۆیە بە هاتنی قوڕئان لە سەرەتای ئیسلامدا هونەر بە گشتی و ئەدەب و شێعر بەتایبەتی لاوازبوونێکی کاتی بە خۆیەوە بینی و بەڵام دواتر لە سەردەمی ئومەوی و عەبباسیدا گوڕوتینی جارانی بە زیادیشەوە تێ کەوتەوە.

٤ -لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا هەڕەشەی تووند ئاڕاستەی ئەوانە کراوە کە پەیکەر بۆ پەرستن دەتاشن و بەم هۆیەشەوە پەیکەرتاشین و وێنەکێشان لەناو موسوڵماناندا زۆر لاواز دەبێت، بەڵام لە جێگەی ئەو دوو هونەرەدا؛ خۆشنووسین و زەخرەفە سەر هەڵدەدات.

پرسیار: لە ڕابردوودا ناوەندە ئایینییەكانی كوردستان (حوجرە) شوێنی پێگەیاندنی شاعیرەكان بوون، لە ئێستادا ئەو ڕۆڵە لاواز بووە، ئەمە چ كاریگەرییەكی كردووەتە سەر پەیوەندیی ئایین و ئەدەب؟

ڕەئووف ڕێنموون: هەروەک ئاماژەم پێ دا، لە ڕابردوودا خوێندەواران هەموویان لە حوجرەوە دەستیان پێ دەکرد و حوجرەکانی کوردستان ناوەندگەلێکی ئەدەبی بوون و هەموو فەقێکان لەگەڵ بنەماکانی زانستی ڕەوانبێژی ئاشنا دەبوون، ئەمەش حەزێک و هەستێکی هاوبەشی بۆ چێژوەرگرتن لە ئەدەب (کە بە زۆری لە شێعردا خۆی دەنواند) لە نێوان بەشی هەرەزۆری خوێندەواراندا دروست دەکرد. بوونی ئەم حەز و ئەم هەستە هاوبەشە وای دەکرد ئەدەبدۆستان زۆر بە ئاسانی لە یەک تێ دەگەشتن.

لەناو توێژەکانی تری کۆمەڵگەشدا هونەر و ئەدەب بە شێوەیەکی ساکارتر خۆی لە نەخشی سەرقاڵی و جلوبەرگ و کەرەستەکاندا و هەروەها لە شێعری میللی و بەیت و گۆرانی و… تاد دا دەبینییەوە. بەڵام لە ئێستادا لقەکانی ئەدەب بەرفراوانتر بووە و سەلیقەی خوێندەوارانیش زۆر لە یەکتر جیاوازە، بۆیە ئەو چێژە هاوبەشە بەرتەسک بووەتەوە و ڕێژەی ئەو خوێندەوارانەش کە ئەدەب بەشێکی گرنگ نییە لە ژیانیان لە چاو ڕابردوودا کەمی کردووە.

تا ئێرە لاوازبوونی ڕۆڵی هونەر و ئەدەب و چێژوەرگرتنی هاوبەش پەیوەندییەکی بە ئایینەوە نییە و گشتییە. بەڵام لە ناوەندە ئایینییەکانیشدا بەداخەوە ڕۆڵی ئەدەب لاواز بووە و ئایینخوازانی ئێستا لەبەر ئەو هۆیانەی کە لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم پێ دان، ئەو پەیوەندییەی جارانیان لەگەڵ ئەدەب و هونەردا نەماوە، ئەمەش وای کردووە ئایینخوازان نەتوانن ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆحی بەردەنگەکانیاندا بدوێن و زمانی ئایین ئەو سازگارییەی جارانی نەماوە و تەنانەت بەشێک لە هۆکاری لاوازبوونی ئەخلاق لەناو ئایینخوازاندا بۆ دوورکەوتنەوە لە کتێبگەلی ئەدەبی و ئەخلاقی دەگەڕێتەوە.

پرسیار: دەبینین زانایانی ئایینی قسە لەسەر هونەر و ئەدەب دەكەن و بە پێوەرە ئایینییەكان فەتوای حەرامی و حەڵالی بەسەردا دەدەن، ئەمە تا چەند گونجاوە؟

ڕەئووف ڕێنموون: دەمەوێت سەرەتا ئاماژە بەو ڕاستییە بکەم کە زۆر جار هونەر و ئەدەب وێنەیەک لە بارودۆخێکی دەروونیی مرۆڤ دەخاتە بەرچاو کە لەوانەیە زۆر کاتی بێت، وەک چۆن وێنەگرێک وێنەی بارینی باران لە ناوچەیەکی کەمباراندا دەگرێت کە لەوانەیە ڕووداوێکی کاتی بێت و لە ساڵێکدا سێ یان چوار جار ڕوو بدات، ئایا ڕەوایە کە ڕەخنە لەو وێنەگرە بگرین و بڵێین: بۆچی وێنەی ڕووداوێکی کاتیت گرتووە؟ تەنانەت دەتوانین بڵێین جوانی و چێژی وێنەگرتن لەو وێنانە دایە کە ئەو ڕووداوە نایابانە تۆمار دەکەن.

ئەدەبیش بە گشتی و شێعر بەتایبەتی زۆر جار وێنەیەکی دەگمەن لە بارودۆخێکی کاتیی دەروونیی مرۆڤ دەخاتە بەرچاو. ئایا ڕەوایە گلەیی لە مەولەوی بکەین و بڵێین: جەنابتان کە سێ کتێبی عەقیدەی ئایینیتان نووسیوە و موریدی شێخ عوسمانی سیراجەددین بوویت و بڕوات بە ڕۆژی پەسڵان هەیە، بۆچی لە شێعرێکدا دەفەرموویت:

هەرچی دیت وە چەم شی وە سەفەردا            هەرچی موینی ها نە گوزەردا

کەس حاڵی نەبی وەهیچ نەفاما                   ئەو پەی چی ویەرد، ئێد پەی چی ئاما؟

یان بڵێین: بۆچی ئەو هەموو گلەییە لە چەرخ و ڕۆژگار دەکەیت و ئەو هەمووە باسی ساقی و مەی و مەستی و ئافرەت و ئامێرەکانی مۆسیقا و گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەن دەکەیت؟

ئەم پرسیارانە هەڵەن، چونکە ئەوە سروشتی هونەر و ئەدەب و شێعرە کە هەر لە دێرزەمانەوە هاتووە و هەروا بووە و زانایانی پێشووش نەک هەر گلەیییان لەو شێوازی دەربڕینە نەکردووە، تەنانەت خۆیشیان هەر بەو زمانە دواون و سوودیان لێ وەرگرتووە. تەنانەت ئەهلی تەسەوف بۆ وێناکردنی چێژە ڕۆحییەکەیان و ئەوینە ڕاستەقینەکەیان پەنایان بردووەتە بەر ئەوینی مەجازی و پەسنی مەی و مەستی و ئافرەت و خاڵ و خەت و چاو و گۆنا.

مامۆستا مەسعود محەممەد لە وتاری ‹سڵاوێک لە شێعری نوێ بابەتی کوردی›دا دەنووسێت: ״کە بێین و لە ڕوانگەی مەترسی و سەلامەتیی تەعبیرەوە سەیری (ئاخێوەر، ئاخاوتن) بکەین، دەبینین شێعر لە کۆنەوە ئامێرێکی سەلامەت و بێخەتەر بووە لە چاو پەخشان، هەموو ئەو قسە بێپەروا و بێپەردانەی کە ئەگەر نووسەرەکەی بیانکاتە پەخشان هەرای بۆ دەنێنەوە، لە شێعردا بە درێژایی ڕۆژگار چاوی لێ پۆشراوە و بە قسەی جوان و نەقڵ و بابەتی ئارایشت لە قەڵەم دراوە… گوێ بگرە خەیام چۆن ناوناوە دەگاتە پایەی (ئیبن ڕاوەندی) و هەر بە خواناس و حەکیمیش ناوی دەبرێ… لە کۆنی کۆنەوە هەڵبەست بە تێکڕایی یەکجار کەمتر لە قسەی عادەتی، چ جای نووسین، حسابی جددییەتی بۆ کراوە.

ئەگەر لەڕووی ئایینیشەوە سەیری بابەتەکە بکەین دەبینین کاتێک ״کەعبی کوڕی زوهەیر״ قەسیدە بەناوبانگەکەی (البردة) بۆ پێغەمبەر(د.خ) خوێندەوە، کە پێش پەسنی پێغەمبەر بە پەسنی خۆشەویستەکەی دەست پێ دەکات و لە شوێنێکیدا دەڵێت: ״لە ڕووەوە جوان و کەمەر باریکە و لە پشتەوە سمتی گۆشتن و قەڵەوە״، پێغەمبەر نەک ناوچاوی تاڵ نەکرد، بەڵکوو بوردەکەی خۆی پێ بەخشی.

بۆیە ئەوە چاوەڕوانییەکی بەجێیە لە مامۆستایانی ئایینی کە واز لەو جۆرە فەتوادانە بهێنن و چاوەڕوانیش لە هونەرمەندان و ئەدیبان دەکرێت ڕێز بۆ ئایین و دابونەریتی کۆمەڵگە دابنێن.

پرسیار: شێعری كلاسیكی كوردی بەشێكی بەرچاوی پیاهەڵدانە بە ئافرەت، لە كاتێكدا شاعیرەكان زانای ئایینی و دەرچووی ناوەندە ئایینییەكان بوون، سەرنجتان لەو بارەوە چییە؟

ڕەئووف ڕێنموون: زانایانی ئایینیی ڕابردوو زۆر باش لەم ڕاستییە تێگەیشتبوون کە ناکرێت هەمیشە ڕوویەکی جددی لە ئایین و لە ژیان بخەنە بەرچاو و ڕێگەی سەرگەرمی و هەناسەدان و گاڵتەوگەپ لە خەڵکی بگرن. بۆیە دەبینین پێغەمبەر(د.خ) بە خاتوو عایشە دەڵێت: ئایا لەو شاییەدا کە بەشداریت کرد، سەرگەرمی و خۆشیی دەربڕینی تێدا بوو؟ چونکە ئەنسار حەزیان لەو شتانەیە.

هەر بۆیە زانایانی ئایینیی جاران هەمیشە هەڵوێستێکی جددییان لەگەڵ خۆیان و کۆمەڵگەدا نەبووە و ئەهلی خۆسانسۆرکردنیش نەبوون و ئەوەی کە ناشێت زانایەکی ئایینی لە ئاخاوتنی ئاساییدا دەری بڕێت بە زمانی شێعر و ئەدەب دەریان بڕیوە و لە میانەی قسە خۆشەکانیاندا زۆر شتیان وتووە کە لە ئاخاوتنی ئاساییدا نەیانوتووە و لە شادی و شایی خەڵکدا بەشدارییان کردووە، تەنانەت هەڵپەڕیون و هەندێکیان لە کۆڕی تایبەت بە خۆیاندا گۆرانیشیان وتووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە شوێنی خۆیدا جددی بوون و بەرگرییان لە خراپە کردووە و وەک حەکیمێک مامەڵەیان لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگەدا کردووە.

بە داخەوە زانایانی ئایینیی ئەمڕۆ زۆریان لە ئەدەب و وێژە و شێعرەوە دوورن و تەنانەت هەندێکیان نازانن تاڵیی پەند و نەسیحەت لەگەڵ شیرینیی شێعر و قسەی خۆشدا تێکەڵاو بکەن، جا دەرخواردی گوێگرانی بدەن.

سازدانی: ئیدریس سیوەیلی

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی ئاژانس

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

دڵی شووشه‌كان مه‌شكێنن کۆمه‌ڵایه‌تی (1399/08/05)