ژیاننامه‌ی خوالێخۆشبوو مامۆستا محه‌ممه‌د ئیمامی

ژیاننامه‌ی خوالێخۆشبوو مامۆستا محه‌ممه‌د ئیمامی

مامۆستا محه‌ممه‌د ئیمامی، له‌ ساڵی ١٣٤٥ی كۆچی مانگی واته‌، ١٤ی ڕێبه‌ندانی ١٣٠٥ی كۆچی هه‌تاوی له‌ گوندی قه‌ره‌چه‌ر سه‌ر به‌ ناوچه‌ی گورگی سه‌قز له‌ بنه‌ماڵه‌یێكی ئه‌هله‌ی زانست و ئایینپه‌روه‌ر چاوی به‌دونیا هه‌ڵێنا و به‌ هه‌ڵاتنی خۆری ژیانی، زستانی تاقه‌تپڕووكێنی كوردستانی به‌ره‌و به‌هار ڕاماڵی. باوكی به‌ڕێزیان، حاجی مامۆستا خدر ئیمامی له‌ زانایان و شاعیرانی به‌نێوبانگی ناوچه بوو و دایكی به‌ڕێزیشیان، خاتوو خه‌رامان، شێره‌ژنێكی پارێزكار و له‌خواترس بوو. ته‌مه‌نی مناڵی ئه‌و له‌ گوندی قه‌به‌غلووجه‌ی سه‌ر به‌ شاری سه‌قز تێپه‌ڕ بوو و هه‌ر له‌وێوه‌ گه‌شه‌ی كرد.

ئه‌و له‌ ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیڕا لای باوكی به‌ڕێزی، وانه‌كانی سه‌ره‌تای حوجره‌یی خوێند و لای دایكی میهره‌بانی، به‌جوانی فێری قوڕئان بوو. له‌ ساڵی ١٣٢٢ی كۆچی هه‌تاوی خوێندنی فه‌قێتی لای برا گه‌وره‌كه‌ی، خوالێخۆشبوو مامۆستا مه‌لا عوبه‌یدوڵڵا ئیمامی ده‌ست پێ كرد كه له‌ گوندی قرووچای توورجان سه‌ر به‌ شاری مه‌هاباد، موسته‌عید بوو. ئه‌و له‌ ماوه‌ی ١٠ ساڵ قۆناغی فه‌قێتی، جگه له‌ بنه‌ماڵه‌ی خۆی، لای مامۆستایانی زانا و لێهاتوو و هه‌ڵكه‌وته‌ی زۆری ئه‌و ده‌م، فێری زانست و زانیاری بوو كه لێره به‌كورتی‌ ئاماژه‌ به‌ نێوی هێندێكیان ده‌كه‌ین: مه‌لا سددیق، خه‌لیفه‌ مه‌لا ڕه‌حیم هه‌وشاری، مامۆستا كامیل نه‌قشبه‌ندی، مامۆستا مه‌لا عه‌لی ڕه‌ببانی بو‌غده‌كه‌ندی، مامۆستا عه‌بدولهادی ئه‌فخه‌مزاده‌، مه‌لا ئه‌حمه‌د ئیسكی به‌غدایی، مامۆستا مه‌حموود ڕیازی، مامۆستا موسته‌فا موده‌ڕڕیس شوویی، مه‌لا قادر مودده‌ریسی ئارمه‌رده‌یی، مامۆستا شێخ عه‌بدولقادر زاهێدی ئاوباره‌یی، حاجی بابا شێخ ئیبنولكه‌ژاوه‌یی ئاڵمانه‌یی، مامۆستا عیسامه‌ددین شه‌فیعی.

مامۆستا محه‌ممه‌د ئیمامی، دوای ساڵیانێك هه‌وڵ و تێكۆشانی به‌رده‌وام به‌ حه‌ز و تاسه‌وه‌، له‌ ساڵی ١٣٣٢ لای مامۆستا حاج بابا شێخ ئیبولكه‌ژاوه‌یی، له‌ گوندی ئاڵمانه‌ سه‌ر به‌ شاری مه‌ریوان توانی ئیجازه‌نامه‌ی مه‌لایه‌تی و وانه‌گوتنه‌وه‌ وه‌رگرێت. به‌ڵام دوای ئه‌و قۆناغه‌، لای مامۆستا شێخ قادر زاهیدی، بۆ گوندی ئاوباره‌ چوو و لای ئه‌ویش ئیجازه‌نامه‌ی مه‌لایه‌تی و وانه‌گوتنه‌وه‌ی وه‌رگرت و ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو كه له‌ قوتابخانه‌ی مامۆستا شێخ عه‌بدولقادری زاهیدی ئیجازه‌نامه‌ی وه‌رگرت. مامۆستا دوای ته‌واوكردنی قۆناغه‌كانی خوێندن و هاوسه‌رگیری، به‌ره‌و سه‌نگه‌ری تێكۆشان و خزمه‌ت له‌ مینبه‌ر و میحڕاب و حوجره‌ی گوندی «كانیناو» سه‌ر به‌ شاری بانه‌ ڕۆیشت و به‌ره‌ و سه‌نگه‌رێكی تری بۆ به‌رگری و پاراستنی دین و ژیانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و دوای سێ ساڵ مانه‌وه‌ له‌و گونده‌، بۆ گوندی «سورێن» هه‌ر له‌ ناوچه‌ی بانه‌ كۆچی كرد و ماوه‌ی حه‌وت ساڵیش له‌وێ خه‌ریكی خزمه‌ت به‌ ئایین و به‌ خه‌ڵك بوو. پاشان بۆ گوندی «كه‌نده‌سووره»‌ی گه‌وركی سه‌قز ده‌ڕوات و ماوه‌ی ١٢ ساڵ له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌ و دوای ئه‌ویش بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ له‌ گوندی كونده‌ڵان ژیانی به‌سه‌ر برد و به‌رده‌وام خه‌ریكی خزمه‌ت به‌ خه‌ڵك بوو. له‌ ساڵێ ١٣٦٢ی هه‌تاوی، بۆ شاری سه‌قز ڕاگوێزرا و ماوه‌ی ٣٢ ساڵ له‌ مزگه‌وتی دارولئیحسانی ناوچه‌ی «به‌ردبڕان»ی شاری سه‌قز مایه‌وه‌ و نێوبانگی له‌ وانه‌گوتنه‌وه‌ و زانست و زانیاری له ‌هه‌موو ناوچه‌دا بڵاو بۆوه‌.

مامۆستا له‌ ته‌مه‌نی نزیك به‌ ٩٠ ساڵیدا له‌ شاری سه‌قز و له‌ ماڵی خۆی خه‌ریكی نووسین و وانه‌گوتنه‌وه‌ و ڕێنمایی و ڕینوێنی خه‌ڵك بوو و نێوبانگی مه‌رجه‌عییه‌تیی له‌ بواری زانست و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری لای دۆست و بێگانه‌ ڕۆیشتبوو. مامۆستا وێڕای ته‌مه‌نی زۆر و لاوازی كه تووشی ببوو، خۆی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی و خۆبه‌خشانه‌، وه‌ڵامگۆی پرسیار و گیروگرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی خه‌ڵك بوو.

كۆچی دوایی: مامۆستا محه‌ممه‌د ئیمامی له‌ ته‌مه‌نی ٩٤ ساڵیدا، ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ٦ی خه‌رمانانی ١٣٩٨ی هه‌تاوی له‌ شاری سه‌قز گیانی سپارد و به‌ره‌و باره‌گای خوای مه‌زن گه‌ڕایه‌وه‌، ڕۆحی شاد و جێگای به‌هه‌شتی به‌رین بێت.

پێشینه‌ی زانستی، فه‌رهه‌نگی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی حاجی مامۆستا محه‌ممه‌د ئیمامی

١- پێشینه‌ی زیاتر له‌ ٦٠ ساڵ وانه‌گوتنه‌وه‌ی به‌رده‌وام

٢- پێشینه‌ی ٦٠ ساڵ پێشنوێژی و ئیمامه‌ت له‌ پێگه‌ی مامۆستایه‌تیدا

٣- ئێجازه‌نامه‌ی مه‌لایه‌تی و وانه‌گوتنه‌وه‌ به‌ زیاتر له‌ ده‌یان كه‌س له‌ زانایانی نێودێری كوردستان داوه‌

٤- په‌ڕاوێزنووسی له‌سه‌ر زۆربه‌ی كتێبه‌كانی باوی حوجره‌كان

٥- چاپی كتێبی «شه‌ماڵ و زریان» شه‌ڕی حه‌ق و ناحه‌ق (كۆمه‌ڵێك شێعر و هۆنراوه‌ی وی و خوالێخۆشبوو مه‌لا خدری ئیمامی، باوكی به‌ڕێزیان)

٦- وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی و ته‌كووزی هێندێك شێعری كوردی و فارسی (وه‌ك وه‌رگێڕانی غه‌زه‌له‌كانی مه‌حوی بۆ سه‌ر زمانی فارسی (چشمه‌سار عشق) بژارده‌ی غه‌زه‌لی حافز، سه‌نایی و په‌روین)

٧- وه‌رگێڕانی كتێبی «شهداء الاسلام فی عصر النبوه»

٨- نووسینی بیره‌وه‌ری و ژیاننامه‌ی خۆی

٩- دیوانی شێعره‌كانی (چاپ نه‌بووه‌)

١٠- نووسینی چه‌ندین وتار به‌ زمانی كوردی و فارسی و عه‌ڕه‌بی

١١- شاره‌زایی ته‌واو به‌سه‌ر سێ زمانی كوردی، فارسی و عه‌ڕه‌بی

١٢- ده‌ركردنی هه‌زاران فتوای شه‌رعی سه‌باره‌ت به: «په‌رستشه‌كان، بازرگانی، زه‌واج و ته‌ڵاق، شه‌ڕی نێوان تاكه‌كان»

١٣- ئه‌ندامه‌تی له‌ ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان بۆ به‌رگری له‌ مافی خه‌ڵك

١٤- مه‌حكوومبوون به‌ به‌ندیخانه بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ به‌ تاوانی به‌رگری له‌ مافی خه‌ڵك كه له‌ به‌رامبه‌ر ڕژێمی دیكتاتۆڕی ئه‌وده‌م وه‌ستایه‌وه،‌ (له‌ ساڵی ١٣٣٨ تا ١٣٤١ی هه‌تاوی له‌ به‌ندیخانه‌ی قه‌زه‌لقه‌لعه‌ و قه‌سری قه‌جه‌ر له‌ تاران)

١٥- چالاكی به‌رچاو له‌ بزووتنه‌وه‌ و شۆڕشی خه‌ڵكی ئێران دژ به‌ ڕژێمی شاهه‌نشاهی

١٦- هاوكاری و چالاكی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ ئیسلامخوازه‌كانی شۆڕش له‌ سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران

١٧- چاره‌سه‌ركردنی سه‌دان گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی و شه‌رعی له‌ ناوچه‌دا

١٨- گێڕانه‌وه‌ی مێژووی دانه‌ڕێژراوی كوردستان.

 

به‌شی كوردی ئیسلاحوێب