په‌یامی سه‌ره‌خۆشی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی كرماشان به‌ بۆنه‌ی گیان‌له‌ده‌ستدانی سێ كه‌س له‌ چالاكوانانی ژینگه‌پارێزی پاوه‌

په‌یامی سه‌ره‌خۆشی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی كرماشان به‌ بۆنه‌ی گیان‌له‌ده‌ستدانی سێ كه‌س له‌ چا

پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی كرماشان به‌ بۆنه‌ی گیان‌له‌ده‌ستدانی سێ كه‌س له‌ چالاكوانانی ژینگه‌پارێزی پاوه‌ له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ داکوژانی ئاگری دارستانه‌كانی زاگرۆس په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ به‌م چه‌شنه‌یه‌:

إِنَّا للَّهِ وَ إِنَّا إِلَیهِ رَاجِعُونَ

جارێکی تر گیان‌به‌ختكردنی ڕۆڵه‌ ئازا و بوێره‌كانی زاگرۆس. گیان‌له‌ده‌ستدانی به‌ڕێزان موختار خه‌ندانی، یاسین كه‌ریمی و بیلال ئه‌مینی له‌ كاتی داکوژانی ئاگری ناوچه‌ پارێزراوه‌كانی بووزین و مه‌ره‌خێل، له‌ڕێی پاراستنی ژینگه و سروشتی زاگرۆس، بوو به‌ هۆی خه‌م و په‌ژاره‌ی هاووڵاتیان و ژینگه‌دۆستان و به‌تایبه‌ت ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح.

ئه‌و ڕووداوه‌ تاڵه‌ هه‌رچه‌ند زۆر دڵته‌زێن و دڵهه‌ژێنه‌، به‌ڵام شایه‌تی ڕاسته‌قینه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌قانییه‌تی ئازایه‌تی، بوێری و بیرسه‌وزی خه‌ڵكی ئه‌و نیشتمانه. جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی كرماشان، وێڕای ده‌ربڕینی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی بۆ بنه‌ماڵه‌ی کۆچکردووان، كۆمه‌ڵی ئه‌نجوومه‌نی ژیوای شاری پاوه‌ و خه‌ڵكی به‌شه‌ڕه‌فی هه‌ورامان، له‌ ده‌رگای خوای مه‌زن بۆ ئه‌و قاره‌مانه‌ نه‌به‌زانه ڕه‌حمه‌تی بێ‌پایان و بۆ بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزیان سه‌بر و خۆڕاگری و بۆ بریندارانی ئه‌و ڕووداوه‌ش سڵامه‌تی و چاكبوونه‌وه‌ی هه‌رچی زووتر داواكاره‌.

له‌ ڕێكخراوه‌ی ژینگه‌پارێزی و نووسینگه‌ و ناوه‌نده‌ پێوه‌ندیداره‌كانیش داواكاره‌ بۆ به‌رگری له‌ دووپاتبوونه‌وه‌ی ڕووداوێكی دڵته‌زین و ناخهه‌ژێنی له‌م چه‌شنه‌، به‌ دامه‌زرداندنی سیسته‌می ئاگاداركردنه‌وه‌ و كووژاندنه‌وه‌ی ئاگر له‌ دارستانه‌كان و ناوچه‌ پارێزراوه‌كان و به‌كارخستنی هێزی شاره‌زای ئاگركووژاندنه‌وه‌، دابینكردنی پێداویستی ماشێن و هێلیكۆپتێر بۆ ناردنی هێز، ده‌زگای فووده‌ری و لیباسی تایبه‌ت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگر، له‌ چالاكوانان و خۆبه‌خشان، به ‌ته‌واوه‌تی پێشتیوانی بكه‌ن تاكوو له‌ دووپاتبوونه‌وه‌ی كاره‌ساتی له‌م چه‌شنه‌ به‌رگری بكرێ و داوامان له‌ چالاكوانان و ژینگه‌دۆستانی خۆشه‌ویستیشه‌ كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی و خه‌ساره‌تی تر، له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ پێوه‌ندیداره‌كان هه‌ماهه‌نگ بن و ئامانجدارانه‌ و ته‌كووزانه هه‌نگاو بنێنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها داوامان له‌ گشت خه‌ڵكی به‌ڕێز و خۆشه‌ویستی ناوچه‌یه‌ كه بۆ پاراستن و ئاگاداری له‌ له‌وه‌ڕگه‌كان و دارستانه‌كان تێبكۆشن تاكوو زیاترله‌وه‌ شاهیدی دڵ‌به‌خه‌مبوونی هاووڵاتیانمان نه‌بین.

 

پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح

لقی پارێزگای كرماشان

٩ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٩