په‌یامی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح به‌ بۆنه‌ی ٧ی پووشپه‌ڕ، ساڵڕۆژی كیمیابارانی شاری سه‌رده‌شت

په‌یامی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح به‌ بۆنه‌ی ٧ی پووشپه‌ڕ، ساڵڕۆژی كیمیابارانی شاری سه‌رده‌شت

سی و سێ ساڵ پێش یه‌کێ له‌ گه‌وره‌ترین کاره‌ساته‌کانی مێژوو ڕووی دا، تا ئه‌مڕۆ وه‌کوو ئاوێنەی عیبرەت لە پێش چاوماندا بێت.

ھەموو ساڵێ؛ حەوتی پووشپەڕ، بیرھێنه‌ری کارەساتیی پڕ ئێش و ژانی کیمیابارانی شاری سەرسنووریی سەردەشتە.

که‌سێکی له‌خۆبایی و خۆبەزلزان، ستەم پیشە و زاڵم، بە چەکی قەدەغەکراو، بە خراپترین و دڕندانەترین شێواز دەستی دایە قڕکردن و لەناوبردن و بریندارکردنی ھەزاران ھاووڵاتی و بەم جۆره‌ بوو یەکێ لە گەورەترین کارەساتەکانی دژی مرۆڤایەتی ئه‌م سه‌ده‌ بە بێده‌نگبوونی ھەواڵی ئەم ڕووداوە لە لایەن میدیاکانى لایەنگرانی مافی مرۆڤ ھاته‌ پێشێ.

ئه‌زموونی مێژوویی، سه‌لماندوویەتی که‌ ئەو ڕووداو و کاره‌ساتە تاڵانه‌ی لە چه‌شنی ئەوه‌ی کە لە 7ی پووشپەڕی ٣٣ساڵ پێش ئێستا بۆ نەتەوەیەک دێتە پێشێ، دەتوانێ ببێتە ھەوێنێک بۆ یەکگرتن و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی و به‌رزکردنه‌وه‌ی بانگی ئاشتی و جێگیرکردنی بیرۆکەی دژایەتیكردنی توندوتیژی. ھه‌ر وه‌ک چۆن ڕووداوی دڵته‌زێنی سرووشتی ده‌توانێ ببێته‌ سه‌ره‌تایێک بۆ لێکگه‌یشتن و ھاودڵی زیاتری مرۆڤه‌کان، جێگای خۆیەتی که‌ کاره‌ساتی وه‌ک کاره‌ساتی سه‌رده‌شت بۆ بەرەی داھاتووی نەتەوەی کورد کە باری زوڵمی ئەنفال و حەڵەبچەشی لەسەر شانە، ببێتە دەسپێکێک بۆ سه‌رنجی زیاتر لە مافی ڕەوای خۆیان و كه‌رامه‌تی ئینسانی و دامەزراندنی ئاشتی و په‌ره‌دان به‌ کلتووری قەبووڵکردنی یەکتر.

جێگای خۆیەتی که‌ دڵسۆزانی ئەم کۆمه‌ڵگایە، بە يارمه‌تی یه‌ک و ھاوبیری و لێکنزیکبوون، ھه‌ر یه‌ک به‌ پێی زانیاری خۆی لێکۆڵینەوەی چەند لایانە و گشتگیر بۆ توێژینەوە، دەرھێنانی بەڵگە و ناساندنی زیاتر و باشتری ئەمجۆره‌ کارەساتانە بە ئه‌نجام بگەیێنن.

ھاوڵاتییانی بەڕێزی شاری سەردەشت، ھەرچەند ئێستاش گلەیی لە کەموکورتی و گەشەنەسەندی ئەم شارە ده‌که‌ن، به‌ڵام ھیچکات ئەم شتانە نابێتە ھۆی بێ‌ئەمەگبوون و بێده‌نگی ئێوه‌ و به‌ ھەڵگرتنی باری بەرپرسایەتیی و تێکۆشانی ئەرێنی و بەجێ، داھاتوویێکی ڕوونتر پێکدێنن.

چاوەڕێ دەکرێ کە وێڕای ڕێزگرتن لە خوێنی شەھیدەکان، دەربڕینی ھاوخەمی لەگەڵ قوربانییانی ئەم کارەساتە و زيندووڕاگرتنی یادی ئەم کارەساتە، جیا لە ھەموو دەستەبەندی و سەلیقەی جۆارجۆر، دەبێ تێکۆشین تا زانیاری و تێگەیشتن لە مافی تاک و کۆمەڵایەتی پەرە بسێنێ و ئاشتی و دووری لە توندوتیژی ببێتە کلتوورێکی ڕیشەدار.

چاوەڕێ دەکرێ له ھه‌موو ئه‌و بەرپرس و دەزگایانەی کە بەم باسەوە پێوەندییان ھەیە، بازنەی ئیش و کاری بەرپرسیارییەتی خۆیان پەرە پێ بدەن و بە ھێنانەجێی ئەو بەڵێن و وەعدانەی کە دراوە و تەواوکردنی پڕۆژە ناتەواوەکان و ئاسانکاری بۆ خزمەتی باشتر بە ھاووڵاتییان، دڵسۆزي و کارامەیی زیاتر لە خۆیان بەجێ بێڵن.

ھیوادارین کە یادی کارەساتی بۆردومانی کیمیایی سەردەشت، ببێتە دارێکی بەھێز بۆ شارستانییەت و لێکگەیشتن و ڕێزگرتن لە کەرامەتی ئینسانی.

پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

٧ی پوشپەڕی١٣٩٩ی ھە تاوی