ئاگر په‌لاماری دایه‌ سه‌ر دارستانه‌کانی زاگرۆس

ئاگر په‌لاماری دایه‌ سه‌ر دارستانه‌کانی زاگرۆس

به‌پێی ڕاپۆڕتی ئیسلاحوێب به‌شێک له‌ دارستانه‌کانی زاگرۆس له‌ ناوچه‌ی پاوه‌ به‌هۆی ئاگرکه‌وتنه‌وه،‌ سووتان و مه‌ودای سێ ڕۆژ ئه‌و ئاگره‌ به‌رده‌وام بوو.

ئیسلاحوێب له‌ لێدوانێک له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سوهه‌یب وه‌یسی، به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی ئه‌نجوومه‌نی ژیوای له‌ پاوه‌، ده‌ری خست که کاتژمێر دووی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 13ی جۆزه‌ردان، ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی داریان ده‌ستی پێ کرد. به‌ر له‌و ئاگره‌ کاژێر ١٢:٣٠ خوله‌ک بۆ ١ له‌ شاری پاوه‌ به‌هۆی هه‌وره‌ تریشقه‌ ئاگرێکی تر داگیرسابوو که به‌هۆی ئه‌وه‌یکه له‌ شار نزیک بوو، تیمه‌کانی ژیوای و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کان به‌ زووترین کات کوژاندیانه‌وه‌. نیو کاژێر دوای کوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌، هه‌واڵی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌کانی پشتی ئاوایی داریانیان پێ گه‌یشت.

ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ژیوای به‌ زووترین کات بۆ کوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌که‌ خۆیان گه‌یانده‌ داریان که ١٥ تا ٢٠ که‌سیان له‌ قاڵبی دوو تیم و به‌ هاوکاری ئیداره‌ی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کانی شاری پاوه‌ سه‌رقاڵی کوژاندنه‌وه‌ بوون. ئاگره‌که‌ له‌ ڕۆژی یه‌که‌م تا کاتژمێر ٢ی به‌یانی، واته‌ ١٢ کاژێری خایاند تا کوژایه‌وه‌، که هه‌ڵبه‌ت به‌ هۆی هه‌ڵکردنی بایێکی توند، کوژاندنه‌وه‌ی ئه‌سته‌متر بوو. به‌ڵام تیمه‌کانی فریاکه‌وتنی ژیوای له‌ سێ لایه‌نه‌وه‌ بۆ ئاگره‌که‌ ده‌چن و کاتژمێر ٢ی شه‌و تا ڕاده‌یێکی زۆر کۆنتڕۆڵ ده‌کرێ. کاتێک گروپی فریاکه‌وتن هه‌موویان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئاگره‌که‌ دوایی له‌ لایێکی تره‌وه‌‌ دوباره‌ سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و بۆ کاتژمێر ٧ یا ٨ی به‌یانی هه‌واڵی په‌ره‌سه‌ندنی ئاگره‌که‌ به‌ره‌و چیاکانی هه‌جیج به‌ گوێ ده‌گاته‌وه‌.

به‌ڕێز وه‌یسی له‌ درێژه‌دا وتی: له‌ کاژێر ٩ی به‌یانی، ١٢ و ٢ی نیوه‌ڕۆ سێ ده‌سته‌ له‌ تیمه‌کانی ئاگرکووژێنه‌وه‌ی ژیوای بۆ کوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌که‌ ڕه‌وانه‌ کران و کاژێر ١٢ی نیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌یارمه‌تی خه‌ڵکی ئاوایی هه‌جیج و خۆبه‌خشانی ئه‌نجوومه‌نی ژیوای، ئاگره‌که‌ کۆنتڕۆڵ کرایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ به‌شێکی تر به‌شێوازێکی به‌ربڵاوتر و به‌هێزتر ئاگر ده‌ستی پێ کرده‌وه‌ که به‌پێی قسه‌ی ئاوایی هه‌جیج ٥٠ ساڵ بوو که له‌و ناوچه‌یه‌ ئاگر نه‌که‌وتبووه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌سته‌می و سه‌خڵه‌تی شوێنه‌که‌ و هه‌ڵکردنی بای ئه‌و ناوچه‌یه‌ش که ئاگرکه‌ی خۆشتر ده‌کرد و تا شوێنێک ده‌کوژایه‌وه‌، شوێنێکی تر ده‌ستی پێ ده‌کرد و ئه‌وه‌ دۆخێکی ئه‌سته‌می بۆ تیمی ژیوای و خه‌ڵکی خۆبه‌خشی ئاواییه‌که‌ی پێک هێنابوو که ٢١ که‌سیان له‌و به‌شه‌ له‌ناو دوکه‌ڵدا ده‌که‌ونه‌ دۆخێکی دژوار و هاوکات لێژایی توندی چیاکه و بوونی گژوکیای زۆر و با و تۆفانی ئاگر، کاریان دژوار ده‌کا. دوای پێنچ کاتژمێر هه‌وڵ و تێکۆشان توانیان بۆ ناوچه‌یێکی هێمن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی که له‌ ڕۆژی چواره‌میش هه‌ر به‌و هۆکارانه ئاگره‌که‌ په‌ره‌ی ستاند و مه‌جالی کۆنتڕۆڵ بوونی ئه‌سته‌م بوو، هه‌رچه‌ند تا ڕاده‌یه‌ک به‌سه‌ریدا زاڵ بوون، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام بوو و کاتژمێر ١٠ی شه‌و تیمه‌کان به‌ره‌و ئاوایی هه‌جیج ڕاگوێزرانه‌وه‌.

به‌یانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ جارێکی تر تیمه‌کانی ئاگرکووژێنه‌وه‌ی ژیوای و خه‌ڵکی گوندی هه‌جیج به‌ره‌و ئاگره‌که‌ چوونه‌وه‌ و چوار تیمی به‌ ئاگربڕ و کۆنتڕۆڵکردن، ئاگره‌که‌یان هه‌م له‌ دیوی ئاوایی هه‌جیج و هه‌م داریان به‌ ته‌واوی کۆنتڕۆڵ کرد.

به‌پێی وته‌ی به‌ڕێز وه‌یسی هه‌رچه‌ند به‌وردی خه‌ساره‌ته‌که‌ی به‌راود نه‌کراوه‌، به‌ڵام نزیکی ٢٨٠ تا ٣٠٠ هێکتار له‌ دارستانه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ سووتان. هه‌روه‌ها ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئاژه‌ڵی جۆراوجۆری وه‌ک که‌ڵ و بزنی کێوی و... تێدایه‌ که خه‌ساره‌ت به‌ر ژیانی ئه‌وانیش که‌وتووه‌.

به‌ڕێز وه‌یسی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که ئه‌نجوومه‌نی ژیوای یه‌کێک له‌ ئۆرگانیزه‌ترین ڕێکخراوه‌کانه له‌ بواری کۆنتڕۆڵ و کووژاندنه‌وه‌ی ئاگر و به‌رده‌وام ئاماده‌ و ته‌یاره‌ و ئه‌ندامه‌کانی زۆر لێهاتوو و به‌ ئه‌زموونن و هه‌میشه ئاماده‌ن و ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ له‌ چه‌ند تیم پێکهاتووه‌ که هه‌رکامیان له‌ قۆناغه‌کانی پێویستدا ئه‌رکی خۆی به‌جێ دێنیت. ئه‌نجوومه‌نی ژیوای له‌ ساڵی ١٣٩٤ به‌ شێوازێکی فه‌رمی مۆڵه‌تنامه‌ی وه‌رگرتووه‌ و چالاکانه‌ کار ده‌کا.

ئاگر په‌لاماری دایه‌ سه‌ر دارستانه‌کانی زاگرۆس
ئاگر په‌لاماری دایه‌ سه‌ر دارستانه‌کانی زاگرۆس
ئاگر په‌لاماری دایه‌ سه‌ر دارستانه‌کانی زاگرۆس
ئاگر په‌لاماری دایه‌ سه‌ر دارستانه‌کانی زاگرۆس
ئاگر په‌لاماری دایه‌ سه‌ر دارستانه‌کانی زاگرۆس
ئاگر په‌لاماری دایه‌ سه‌ر دارستانه‌کانی زاگرۆس
ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

دڵی شووشه‌كان مه‌شكێنن کۆمه‌ڵایه‌تی (1399/08/05)