دەنگی پێی میحڕابی دڵ

ڕه‌مه‌زان و په‌روه‌رده‌ی ڕوح

«شَهْرُ رَمَضَانَ ٱلَّذِىٓ أُنزِلَ فِيهِ ٱلْقُرْءَانُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَٰتٍ مِّنَ ٱلْهُدَىٰ وَٱلْفُرْقَانِ ۚ فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ ٱلشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ ۖ وَمَن كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ ۗ يُرِيدُ ٱللَّهُ بِكُمُ ٱلْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ ٱلْعُسْرَ وَلِتُكْمِلُوا۟ ٱلْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا۟ ٱللَّهَ عَلَىٰ مَا هَدَىٰكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ» واتە: مانگی ڕه‌مه‌زان مانگێکه‌ قوڕئانی تێدا نێردراوه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ ڕێنمایی خه‌ڵک و هێندێک به‌ڵگه‌ی ڕۆشن بۆ ڕێنموونی و جیاکردنه‌وه‌ی ( دروست و نادروست)، ئینجا هه‌ر که‌سێک له‌ ئێوه‌ مانگی ڕه‌مه‌زان ببینێ با به‌ ڕۆژوو بێت و هه‌ر که‌سێک نه‌خۆش بوو یان له‌سه‌فه‌ردا بوو، با به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ قه‌زای بکاته‌وه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژێکی تردا، خوا ئاسانی ئه‌وێ بۆ ئێوه‌ و گرانی ناوێت بۆتان (قه‌زای ڕه‌مه‌زانتان له‌سه‌ر دانرا) تا مانگه‌که‌ (بگرن) به‌ ته‌واوی و به‌گه‌وره‌ ناوی خوا به‌رن له‌سه‌ر ئه‌و ڕێنموونییه‌ی که‌ کردوونی و تا سوپاسی (خوا) بکه‌ن. سووڕەتی بەقەڕە ئایەتی ١٨٥.

دەنگی پێ هاتنم سۆزەیەکە پێ پێ و هێور هێور، تەنیا دڵی بێگەرد و خاوێن و پەتی گوێ بیستی دەبێ. هێدی هێدی دێم و پێ دەخەمە ناو دارپێچانی دڵی ئەو مرۆڤانەی کە لەمێژە عەوداڵ و چاوەڕێی هاتنی من بوون، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هاتنی من ناو ماڵ و دەروونی خۆیان لەهەر چەشنە ڕەوشت و ڕەفتارێکی نەشیاوی وەک: لووتبەرزی، دووڕوویی، خۆبەزڵزانین، ئیره‌یی و... لەنێو کنج و ڕەوشت و جمگە جمگەی خۆیان ئەسترین کردووە و بە ئاوی ئیمان و خۆشەویستی ششتووە.

لەڕاستیدا ڕەمەزان؛ ئوردووگایەکی ناوازەیە بۆ بەهێزکردنی جمگە جمگەی ئەندامەکانی مرۆڤ و ئامادەبوونی ڕوح و ڕەببانی و عرووجی باوەڕدار لە حاند بارەگای پەروەرێن، چونکە پێشمەرگەکانی لە باشترین مرۆڤەکانن. ڕەمەزان قوتابخانەیەکە لەناو دڵی کۆمەڵگە، مامۆستا و وانه‌بێژی ڕەمەزان، پێغەمبەرانی خوای گەورە بوون دروود و سڵاوی خوایان لەسەر بێت، بەسەرپەڕشتی خوڵقێنەری جیهان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە قورسە. ڕەمەزان، هەلێکی زێڕینە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خۆمان، یاخود ئاشتەوایی و بەڵێنی دووبارە لەگەڵ پەروەرێن، مانگی نوێکردنەوەی پەیمانی بەندایەتی، بە جۆرێک ڕاکردنە لە ژیانی کزی و لاوازی بەرەو ژیانێکی تازە و گەیشتن بە خۆشییەکانی هەرمانی.

وانەکانی ئایەتی ئاماژە پێکراو و چەند تایبەتمەندی گرینگی میوانداری.

یەکەم: خوڵقێنەری جیهان بۆ خۆی وەک خانەخوێ ڕێز لە میوانان دەگرێ.

دووەم: ڕمەزان، وەک شوێن و کات و ساتی میوانداری دیاریکراوە. دە ڕۆژی یکەم: ڕەحمەت بۆ بەشدابووان. دە ڕۆژی دووەم: خەڵاتی لێخۆشبوون بۆ سەرجەم بەشداربووان.

سێیەم: خەڵاتی بەخشین بۆ ئامادەبووانی ناو کۆڕ.

چۆنیەتی بەرێوەبردنی کۆڕی میوانداری: شەوی قەدری پیرۆز هاوڕێ لەگەڵ دابەزین و هاتنەخوارەوەی مەلاییکەی خوا بۆ خزمەت بە میوانەکان و ڕازاندنەوەی ئەو کۆڕە، پێداویستی یەک ساڵی میوانەکان دابین دەکرێ! دابەزینی قوڕئان، هاوڕێ لەگەڵ هاتنەخوارەوەی مەلاییکە، وەرگرتنی نزا و پاڕانەوە، گەشەکردنی ڕوح، پارێز لە جەهەننەم.

خواردەمەنی میوانان لەو کۆڕەدا: سوکنایی و ئارامی ڕوح، بووژانەوە و گەشەکردنی ڕوح بۆ گەیشتن بە پەروەرێن، هەڵبەت قوڕئان وەک ڕازاوەترین خۆراکی ئەو کۆڕە دێتە ئەژمار. خوای گەوەر و بەدیهێنەر، بۆ خۆی دەبێتە خانەخوێ و پێشوازی لە مرۆڤی هەژار، نەزان، زانا و... دەکات و دەفەرموێ: «وَ إِذَا سَأَلَكَ عِبَادِى عَنِّى فَإِنِّى قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعْوَةَ ٱلدَّاعِ إِذَا دَعَانِ ۖ»

ڕەمەزان؛ مانگی میونداری خوڵقێنەری جیهانە

ڕەمەزان؛ هەموو باوەڕداران بە بانگێشتنامەی «يَٰأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ كُتِبَ عَلَيْكُمُ ٱلصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى ٱلَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ» بانگهێشت ده‌كا. لەڕاستیدا مرۆڤی باوەڕدار دەبێ بیر لەوە بکاتەوە کە: بەرلەوەی لەو کۆڕ و میواندارییە بەشدار بێ، پێویستە ڕه‌چاوی ئەو چەند خاڵە بکات.

یەکەم: خۆپارێزی لە دڕۆکردن

دووەم: خۆپارێزی لە ئیرەیی

سێهەم: خۆپارێزی لە دووزمانی و بەدکاری و...

بایەخ و گرنگی ڕەمەزان لە هاتنەخوارەوەی قوڕئانی پیرۆز دایە، کەوایە بایەخ و گەورەیی مرۆڤی باوەڕدار لە کاریگەری قوڕئان لە ڕەوشت و ڕەفتاری مرۆڤ دایە. «الذی ٲنزل فیە القرآن هدی لناس...» ئەستەمی و تووندوتیژی و تەنگی ژیان، ئەرکەکانی دین لەسەر مرۆڤ ئاسان دەکا. «لایرید بکم العسر». بەڵێ خوێنەری ئازیز و سەنگین، ئەمڕۆ لەسەر خوان و سفرەی بانگێشتی کەسێک کە خوڵقێنەری جیهانە دانیشتوویی، واتە سفرە و خوانی ئێواران، کە لێوانلێوە لە لێبووردەیی و ڕەحمەت و بەخشین و گیرابوونی دوعا و نزا و پاڕانەوە و بە جۆرێک کە خەڵاتی ئەوە بۆ میوانەکانی. تۆی باوەڕداریش بانگهێشت کراوی بۆ بەشداریکردن لە کۆری ئاهەنگگێڕانی ‌پەروەردەکردنی ڕوح، بۆیە دەبێ وەک هەلێکی زێڕین بڕوانی بۆ ئەو کات و ساتە هەستیار و هەستۆک و بەنرخ و پڕ بایەخە، چونکە تۆی بانگهێشت کردووە تا بە پێی پێویست دێران و تینوێتی و پۆشاک و جلوبەرگی بەندایەتی خۆت لە سەرچاوەی ڕەحمەت و خێر و خۆشی بچێژی و بکەیتە بەڕ.

ئێستا جێی خۆیەتی کۆمەڵێک پرسیار لە خۆمان بکەین و بڵێین: ئایا بەڕاستی بیرمان لەوە کردۆتەوە خانەخوێی ئێمە کێیە؟ ئایا بیرمان لەوە کردۆتەوە لەسەر سفرە و خوانی کێ دادەنیشین؟ ئایا بیرمان لەوە کردۆتەوە کێ پێشوازیمان لێ دەکا؟ وه‌ڵامی ئەو پرسیارانە بۆ ئێوەی ئازیز جێ دێڵـم...

پەروەرێنی بێهاوتا، لە حاند برسییەتی و توونییەتی و شەونخوونی و پێدانی دەستخۆشانە و خەڵاتێکی بێوێنە بە مـرۆڤی ڕۆژووان، بە چەند وشەیەکی جوان و دڵگیر و دڵڕفێن و دڵۆڤانی، ڕووناکی بە دڵی باوەڕدار دەبەخشێ، وەک دەفەرموێ: «وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِى عَنِّى فَإِنِّى قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعْوَةَ ٱلدَّاعِ إِذَا دَعَانِ ۖ فَلْيَسْتَجِيبُوا۟ لِى وَلْيُؤْمِنُوا۟ بِى لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ» واتە: هه‌ر ده‌مێ به‌نده‌کانی من پرسیاریان لێ کردیت ده‌رباره‌ی من، ئه‌وا بێگومان من لێیانه‌وه‌ نزیکم، گیرا ده‌که‌م نزای نزاکاران هه‌ر کاتێک هاوار و نزام لێ بکه‌ن، ده‌ی با ئه‌وانیش به‌ ده‌نگ منه‌وه‌ بێن و بڕوام پێ بهێنن و لە فەرمانی من دەرنەچن، بڕوای تەواویان بە من هەبێ و بەشکو ڕێی ڕاست بەدی بکەن). سووڕەتی بەقەڕە ئایەتی ١٨٦.

بە تێڕامان و وردبوونەوە لە حیکمەت و دڵۆڤانی پەروەرێن لە ناوەڕۆکی ئەو ئایەتە، دڵۆڤانی و دڵنەرمی و سەفا و هۆگری و هاودەمی و ئاوڕلێدانەوەیەکی سەرنجڕاکێش دەبینڕێ بەرانبەر بە مرۆڤی ڕۆژووه‌وان. دانە دانە پیتەکانی ئەو ئایەتە پڕیەتی لە دڵڕفێنی بە جۆرێک کە، هیوا و ئومێد و دڵگەرمی و ئۆقرەیی ڕوح و دەروون بە مرۆڤی باوەڕدار دەبەخشێ.

میان عاشق و معشوق رمزی است

کراما کاتبین را هم خبری نیست

بێگومان، ڕۆژوو پێوەندییه‌کی پتەو و قایم و پشتدار و تۆکمە لەنێوان مرۆڤ و خوڵقێنەری جیهان دروست دەکا، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا دڵ و دەروون و سروشتی مرۆڤ لێوڕێژ و دارماڵ دەکات لە خۆپاڕێزی و ملکەچی بۆ پەروەردگار، بە جۆرێک کە لە کاتی دیار و نادیار، پەروەرێن بە چاودێری خۆی دەبینێ. ڕۆژوو، حەز و دڵخوازی و ئەوین و دڵۆڤانی لەنێوان مرۆڤ و پەروەرێندا پێگەیاندووە و مرۆڤی دڵناسک و ئەستڕین و دڕوونپاک بارهێناوە تا بەو شێوەیە مرۆڤ لە هەموو چرکە ساتەکانی ژیانی، تام و چێژی شیرنایەتیی ئیمان بچێژێ و هەیمەنە و شکۆ و گەورەیی و پایەبەرزی و خۆپارێزی و وەرع، لە ژیانیدا دەنگ و ڕەنگ بداتەوە. هەر ئەوەش وایکردووە تا ئێستا تام و چێژی گریان و فرمێسکی ئەوین و هێزی دڵ و تەبایی و بووژانەوەی شەوانی ڕەمەزان لەناو دڵیدا لەگەڵ خۆشەویستانی خواویست هەرماوە، هێشتاش دەنگی شنەبای میحڕابی دڵ و گیانی بۆنخۆش کردووه، کەچی ئەوە ڕوون و ئاشکرایە هەموو باوەڕداران لەم بوارەدا وەک یەک نین، چونکە هێندێک کەس پابەندە بە هەموو پێوەرەکانەوە و هەشیانە کەمتەرخەمی لە هەندێکیاندا دەکات.

دیارە شوێنەواری پەروەردەی ڕوح لە چەند شتێکدا دەردەکەوێت کە گرینگترینیان: پاکێتی ڕوح و هەستکردن بە چاودێری خوایی و ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی خوا لە ڕەفتار و ڕەوشتی بۆ پتەو کردنی پەیوەندی مڕۆڤە بە پەروەردگار و بوونەوەر و دروستکراوەکانی و ئاراستەکردنی ئەو پێوەندییە و خۆشەویستکردنی موسوڵمان لای یەکتری و مامەڵەیەکی مرۆڤ دۆستانە بەگشتی لە کایەی ژیاندایه.

 

نووسەر: عەبدوڵڵا عەلیپوور

ده‌نگی ئێوه ناوه‌ندی ده‌نگه‌کان: 5 (1 vote)