ئاداب‌ و شێوازى دروستى ڕه‌خنه‌گرتن‌ و ئامۆژگاریى

دین نه‌سیحه‌ته‌، به‌ڵام به‌شێوازێكی جوان

یه‌كێك له‌ كاره‌ نادروسته‌كان، دیارده‌ى ڕه‌خنه‌گرتنى که‌سایه‌تی و ناوبردنى تاكه‌كه‌سه‌، له‌ په‌یج و واڵه‌ گشتییه‌كاندا، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ ئه‌خه‌مه‌ به‌رده‌ستى هاوڕێیانی بەڕێز:

یه‌كه‌م) ڕه‌خنه‌گرتن، ئامۆژگاریى، سه‌رنجدان و گله‌ییكردن، نه‌ك ته‌نها به‌ ماف ده‌زانین، به‌ڵكوو به‌ ئه‌ركێكى ئیسلامی ده‌زانین. به‌ڵام ڕه‌خنه‌ ده‌بێت بنیاتنه‌ر و ئامانجدار بێ، ئامۆژگارى ده‌بێ به‌ ئادابى خۆى بێ، سه‌رنجدان‌ و تێبینى وتن ده‌بێ له‌ كات‌ و شوێن‌ و شێوازى خۆى ده‌رنه‌چێت.

دووه‌م) ئێمه‌ ده‌بێ پابه‌ند بین به‌ ئاداب‌ و ئاكارانێك كه‌ ئیسلام فێرى كردووین، ده‌بێ ڕه‌خنه‌ و ئامۆژگاریى‌ ئه‌م مه‌رجانه‌یان تێدا بێت:

١. كه‌سى شاره‌زا له‌ بوارێك ڕه‌خنه‌ بگرێت، كه‌ تیایدا شاره‌زاتر بێت له‌ كه‌سى ڕه‌خنه‌لێگیراو.

٢. ڕه‌خنه‌ ــ ته‌نانه‌ت ئامۆژگاریش ــ ده‌بێت ته‌نها به‌ كه‌سى ڕه‌خنه‌لێگیراو بگه‌یه‌نرێت، نابێت له‌ كۆڕى گشتیى‌ و مه‌جلیسدا بێت. پێشه‌وا شافیعى فه‌رموویه‌تى: «تَعَمَّدنی بِنُصْحِكَ فی انْفِرَادِی وجَنِّبنی النصیحة في الجماعهْ فَإِنَّ النُّصْحَ بَیْنَ النَّاسِ نَوْعٌ من التوبیخِ لا أرضى استماعه ۆإنْ خَاڵفْتنِی ۆعَصَیْتَ قَوْلِی فَڵا تَجْزَعْ إذا ڵمْ تُعْطَ طاعَه» واته‌: له‌ كاتى ته‌نهاییمدا ئامۆژگاریم بكه‌، لامده‌ له‌ ئامۆژگاریكردن له‌ ناو خه‌ڵیكدا. چونكه‌ ئامۆژگاریى له‌ناو خه‌ڵكیدا جۆرێكه‌ له‌ سه‌رزه‌نشتكردن‌ و نامه‌وێ گوێم لێ بێ. خۆ ئه‌گه‌ر به‌گوێم نه‌كه‌یت‌ و قسه‌م بشكێنیت، ناڕه‌حه‌ت مه‌به‌ ئه‌گه‌ر به‌ گوێم نه‌كردیت!

٣. كه‌سى ئامۆژگار ده‌بێ خۆى ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ى تێدا بێت كه‌ به‌ به‌رامبه‌رى ده‌ڵێت، تا نه‌چێته‌ خانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌لێكراوانى: «كَبُرَ مَقْتًا عِنْدَ اللَّهِ أَنْ تَقُولُوا مَا لا تَفْعَلُونَ» (أبو أسود الدؤلی) جوانى وتووه‌ كه‌ ده‌ڵێت: «لا تَنْهَ عن خُلُقٍ وتأتِي مِپثڵه ... عارٌ علیك إذا فَعَلْتَ عظیمُ إِبدَأ بنفسك وانْهَها عن غیّها ... فإذا انتهت عنه فأنت حكیمُ»

٤. نابێ ئامۆژگارکه‌ر هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر ئامۆژگاريكراو بگۆڕێت، ئه‌گه‌ر ئامۆژگارییه‌كه‌ى قبوڵ نه‌كرد. چونكه‌ ئه‌وه‌ نیشانه‌ی دڵسۆزییه‌ و ده‌بێ بۆ جارانی تر تێیدا بێڵێته‌وه‌.

٥. ده‌بێت شێوازى ڕه‌خنه‌، یان سه‌رنج، یان ئامۆژگاریى، به‌ نه‌رمى‌ و له‌سه‌رخۆیی بێت، حیكمه‌تى تێدا بێت، دڵسۆزانه‌ بێت، ده‌مارگیریی تێدا نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئامانج ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ و ناته‌واوییه‌. هه‌ر سه‌رنجبه‌خشین‌ و ڕه‌خنه‌گرتن‌ و ئامۆژگارییه‌ك ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ى تێدا نه‌بوو، ئه‌وا گومان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر نیاز و مه‌به‌ستى ئامۆژگار و كاریگه‌ریشى نابێت. ڕه‌خنه‌گرتن‌ و ئامۆژگاریكردن بۆ كه‌سێكى دیاریكراو، وه‌ك تیرئه‌ندازى‌ و نیشانه‌گرتنه‌وه‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر نیشانه‌شكێن ته‌ركیزى له‌سه‌ر نیشانه‌ نه‌بێت‌ و چاوى له‌ملاوله‌ولا و باره‌كه‌ڵڵاى بینه‌ران بێت، نیشانه‌ ناپێكێت‌ و تیره‌كه‌ى سه‌روخوار ده‌كات. بۆیه‌ ڕه‌خنه‌گر و ئامۆژگاریش نابێ چاوى له‌ باره‌قه‌ڵڵا و چه‌پڵه‌ى ئه‌م‌وئه‌و بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ ئامانجپێكان دووری ده‌خاته‌وه‌، له‌ بۆچوونى ئیسلامیشدا پێى ده‌گوترێ ڕیابازیى‌ و مایه‌ى گوناهبارییه‌. ئامۆژگار ئه‌بێ ئامانجى دیار بێت كه‌ ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یێك و له‌ هه‌ڵه‌لادانى كه‌سێكه‌.

٦. نابێت ئامانج له‌ ده‌ربڕینى ڕه‌خنه‌ و سه‌رنج، ڕووشاندنى كه‌سایه‌تى‌ و شكاندنى كه‌سى ڕه‌خنه‌لێگیراو بێت، ئه‌وه‌ نه‌ ئامانجى ڕه‌خنه‌گر دێنێته‌ دى، نه‌ هه‌ق‌ و دادگه‌ریشى تێدایه‌، جۆرێكه‌ له‌ سته‌م‌ و ته‌جاوزى مافى به‌رامبه‌ره‌كان.

٧. له‌ بازنه‌ ئیسلامییه‌كه‌ى (ئاداب)‌ و (سلوك)دا هه‌ندێك خاڵى تریش هه‌ن كه‌ ده‌بێت ڕه‌چاو بكرێن، وه‌ك: گه‌وره‌ و بچوكى، باوك‌ و فه‌رزه‌ندى، مامۆستا و قوتابییه‌تى.. هتد. دیاره‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ڕێگرن له‌ نه‌سیحه‌ت، یان ڕه‌خنه‌، نه‌خێر؛ چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رموویه‌تى: «الدّین النصیحه‌» كه‌ لێشیان پرسیوه‌: «لِمَنْ یا رسول الله؟» فه‌رموویه‌تى: «لِلّه، ولِرسولِهِ، ولأئمة‌ِ المسلمینَ وعامّتهم». كه‌واته‌ ئامۆژگاری ئه‌ركى سه‌رشانى هه‌موو كه‌س‌ و ئاستێكه‌، به‌رامبه‌ر هه‌موو كه‌س‌ و ئاستێك، به‌ڵام به‌ مه‌رجى له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و خاڵانه‌‌ و له‌ به‌رچاوگرتنى جیاوازیى له‌ نێوان ئه‌هلى فه‌زڵ‌ و ئه‌وه‌ى ناومان نا گه‌وره‌ و بچوك، یان مامۆستا و قوتابى، كه‌ زیاتر عوڕفى ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تى ته‌حه‌ككومى تێدا ده‌كات. بۆ نموونه‌: ئامۆژگاریى قوتابییه‌ك بۆ مامۆستاكه‌ى زۆر جیاوازه‌ له‌ ئامۆژگاری قوتابییه‌ك بۆ هاوڕێیه‌كى خۆى، یان منداڵێك بۆ باوكى، یان دایكى، بۆ برا و خوشكێكى خۆى، هه‌روه‌ها له‌هه‌ر ناوه‌ندێكى ترى كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كه‌ عوڕفى گشتی دیارى ده‌كا.

سێیه‌م) بینا له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌، كه‌واته‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا واڵى گشتیى فه‌یسبووك، كه‌ناڵى گشتیى تێلێگرام، سایتى گشتیى‌ و تویته‌ر و یوتیوب‌ و ئینستاگرام‌ و ته‌واوى ڕێگاكانى فه‌زاى مه‌جازی‌ و سۆشیال میدیا، جێى ڕه‌خنه‌گرتن‌ و ئامۆژگاریكردن نین بۆ كه‌سێكى دیاریكراو، هه‌روه‌ها ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن‌ و‌ به‌رنامه‌ گشتییه‌كان، مه‌گه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تى گشتی. كه‌واته‌ تاكه‌ ڕێگه‌ى دروست، كه‌ناڵى تایبه‌ته‌، به‌ ته‌له‌فۆنى شه‌خسى، یان كورته‌نامه‌ى ته‌له‌فۆنی، يان نامه‌ى داخراوى كه‌ناڵى ئینته‌رنێتیى، یان ڕاسته‌وخۆ و دیدارى تایبه‌ت.

 

مامۆستا عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز

ده‌نگێ نه‌دراوه