له‌ ژیاندا بانتر له‌ به‌خته‌وه‌ری بوونی نییه

هه‌ست به‌ به‌خته‌وه‌ری، واتای ڕاسته‌قینه‌ی ژبانه

له‌ ژیاندا شتێك بانتر له‌ به‌خته‌وه‌ری بوونی نییه

لەڕاستیدا ئەمڕۆ شاڵاوی کولتوور و دابونەریتی کۆمەڵگەی ئێمە بەگشتی هۆگر و گیرۆدەی کامەرانی بووە، ئەگەر چی ئێمە بۆ دەستەبەرکردنی بەختەوەری لە کۆمەڵێک گریمانە و پاڵنەری توکمەی بەرچاوی وەک: پیشەی باش، دۆستانی دڵخواز، باڵەخانەی ڕەنگین و لەبەردڵان و کڕینی ئوتوومبێل، ماڵ و... کەڵگ وەردەگرین بۆ ژیانێکی پۆزەتیڤ، بەڵام زۆربەی ئێمە هەست بە ئاسوودەیی و ئۆقرەیی ناکەین! بەڵکوو بە پێچەوانەی ڕەزامەندی، ژیانێکی ئاڵۆز و بێ ئاکام کە پڕیەتی لە نەخۆشی خەمۆکی و خەماژۆیی تاقی دەکەینەوە. سەڕەرای خەست و بەرزبوونەوەی نەخۆشی دەروونی و خەمۆکی و نەمانی هەست و سۆزی عاتیفی و بێ هاودەمی، هاوڕێ لەگەڵ زۆربوونی ڕێژەی خۆکوژی لەو دواییانەی ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دونیادا و بە وردبوونەوە لە ئەزموونی ژیانی خەڵک بەگشتی، بە ڕوونی و ئاشکرایی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە هەڵەیەکی بەرچاو هەیە کە مرۆڤ بەگشتی هەست بە پووچەڵییه‌كی تاڵ و قووڵی ژیان دەکا! هەڵبەت بۆ تێگەیشتن لەو نەهامەتییە، پێویست بەوە ناکا مرۆڤ حەتمەن نەخۆشی خەمۆکی تاقی کاتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوو پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسی و پێوەندیدار بە نەخۆشی دەروونناسی، دۆخ یا چۆنییەتی پچڕانی پێوەندی تاک و خێزان لەگەڵ کۆمەڵگەیان هێناوەتە بەرباس و لێکۆڵینەوە، کە لەڕاستیدا جێی بایەخ و گرینگی پێدانە. دەروونناسان دەڵێن: ئاکامی ڕوو لە زیادبوونی شەپۆلی بێهیوایی کە کۆمەڵگەی ئێمەی بەگشتی تەنیوەتەوە، تەنیا نەبوونی کامەرانی و بەختەوەری نییە؛ بەڵکوو سۆنگەی ئەو کەموکورتییە شتێکی ترە، واتە؛ پڕوپووچ و بێناوەڕۆکی و پەرچی ژیانە! یا خود نەبوونی مانایەکی ڕاستەقینە لە ژیان دایە. لەڕاستیدا بە دواداچوون و شوێنکەوتن و حەوداڵی بەختەوەری، بەو شێوازەی کە کولتوور و فەرهەنگی ئێمە چەپڵەی بۆ لێ دەدا و تامەزرۆی دەبین، لەجێی خۆیدا دەتوانێ هۆکاری داڕمان و لەناوچوونی کۆمەڵگە بێت. خاتوو ئامیلی ئیسفه‌هانی لە یەکێک لە بەرهەمەکانی خۆی لەژێر ناو نیشانی (هێز واته‌: ده‌ستكه‌وتنی به‌رهه‌مهێنان له‌ دونیای هۆگری به‌خته‌وه‌ری) ئاماژەی بەو خاڵە گرینگ و بەهێزە کردووە کە، واتا و مانایەکی ڕاستەقینە بۆ ژیان زۆر پڕبایەخترە لە توێژینەوە و وەدەستهێنانی بەختەوەری بەشێوەی تاک و کەسی ئاسایی، خاتوو ئیسفەهانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێمە بە دوای ئامانجێکی هەڵە کەوتووین، چونکە دەبێ ژیانێکی واتادار و مەعنەوی، مەبەست و ئامانجی ئێمە بێت، نەک بەختەوەرییه‌كی بێناوەڕۆک. خاتوو ئیسفەهانی کۆمەڵێک پرسیاری خستوونە بەرباس کە جێی تێڕامانن، وەک: ئایا دەکرێ لە ژیاندا شتێک هاوشێوەی بەختەوەری و خۆشبەختی بوونی هەبێ؟ بەڕاستی چ جیاوازییه‌ک هەست پێ دەکەی لەنێوان ئەوە کە بەختەوەر بی یا مانایەکی واتادار و ڕاسته‌قینه بۆ ژیان بدۆزییەوە؟ هێندێک لە دەروونناسانی کۆمەڵایەتی، بەختەوەری و ئۆقرەیی ژیان لە هەستپێکردن و ئاسوودەیی و هێمنایەتی دەروون پێناسە دەکەن. ئەگەر چی مانای ڕاسته‌قینه‌ی ژیان گەلێک لەوە پڕبایەخ و گرینگترە. دەروونزانی ناودار (مارتین سلیگمه‌ن) دەڵێ: مانا و ڕاستی ژیان لە سەرقاڵبوون و پێوەندیداربوون و خزمەت بە شتێک یا خود کەسێکی تر جگە لە خۆت بەرهەم دێت، بەجێهێنان و هێنانەدی ڕەوشتێکی لەو جۆڕە، باشترین کارە کە دەکرێ بە ئاکامی بگەیەنیین. بە پێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە کەسانێک کە واتایەکی ماناداریان بۆ ژیان هەیە، نەرم و نیانترن و لە کار و چالاکی و خوێندن زۆر ئەکتیڤ و ژیانێکی ئاسایی و کاتی درێژخانەیان لەبەردەست دایه.

بۆ تێگەیشتن لەو مژارە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهات و ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ دەیان کەسایەتی و خوێندنه‌وه‌ی هەزاران ڕووپەڕی بەهێز، لە بواری زانستی دەروونناسی و فەلسەفە و...، پێنج ساڵ لە ژیانی تێچوو، کە لە ئاکامدا بەو ئەنجامە گەیشت که ژیانی واتادار، دەکرێ لە چوار بەش قسەی لەسەر بکرێت.

یەکەم: پێوەندی خزمایه‌تی و هۆگری و بەردەوامی و پەیوەستبوونی مرۆڤ بە شتێک

دووهەم: بەدوای ئامانجێکەوەبوونی مرۆڤ

سێهەم: پەروەردەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕوحی

چوارەم: گێڕانەوەی چیرۆک

 

بنەما و ژێرخانی مانای واتادار

یەکەم: پێوەندی خزمایەتی

پێوەندی خزمایەتی و دۆستایەتی لە بوونی خاڵی هاوبەشی تاک و کەسێتی پێک دێت، واتە بەجۆرێک کە تۆ بۆ کەسی بەرامبەرت ڕێز و ئەدەب و حورمەتی تایبەتت هەبێ، واتە بە هۆی شیاو و لێهاتوویی خۆت، خزم و هاوڕێ یا خود دۆستان ڕێزت بۆ دانێن، هەروەها تۆش ڕێزی ئەوان بگری. بێگومان پێوەندی و دۆستایەتی و هۆگری ڕاستەقینە لە سۆز و عاتیفە و دڵۆڤانی سەرچاوە دەگرێ. لەڕاستیدا پێوەندی و خزمایەتی و هاوڕێیەتی بنەما و کلیلی ژیانێکی واتادارە.

دووەم: ئامانجی مرۆڤ

بەرپرس و مشورخۆرێكی نەخۆشخانە دەڵێت: مەبەستی ئێمە تەنیا چارەسەرکردنی نەخۆشەکانە. زۆرێک لە دایک و بابەکان دەڵێن: ئامانج و مەبەستی ئێمە لە هەڵسوکەوت لەگەڵ مناڵەکانی خۆمان تەنیا بۆ پەروەردەکردنی ئەوانە. کلیل و چەخماخەی ئامانج لە ژیاندا لە وەگەڕخستنی هێز و لێهاتوویی و وزەی ناخ و دڵە بۆ خزمەت بە هاوچەشن و خەڵکانی تر. زۆرێک لە ئێمە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی خۆمان هەست بە ئارامی و ئوقرەیی ڕوح و حەسانەوەی دەروونمان دەکەین کە ئەوە لە جێی خۆی ئەزموونێکی بەنرخە لە ژیان. ئەمە ئەو واتایە دەگەێنێ کە کۆمەڵێک پرس و گرفتی وەک: دەسبەتاڵی، بێکاری، تەمبەڵی و دابەزینی ئاستی هاوکاری خەڵک بەتەنیا کێشە و گرفتی ئابووری نین، بەڵکوو وەک بەڵگەیەک نیشاندەری بوونی دژواری تەنگوچەڵەمەی سەر ڕێگان. پێویست بەوە ناکا مرۆڤ لە ئیش و کارکردن ئامانجی خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام بۆ زیندوومانەوە لە ژیاندا، بوونی ئامانج بە جۆرێک هێز و توانا و ورە بە مرۆڤ دەبەخشێ.

سێهەم: پەروەردەی ڕوح

تێپەڕین لە سنوورەکانی خۆیی، بە مانای پەروەردەی ڕوحی و ڕۆیشتن و گەیشتن بە ئاستی چوونە پێشترە. هێندێ کات و ساتی نایاب و دەگمەن بوونی هەیە کە مرۆڤ بەرەو قۆناغێکی پێشتر لە ڕووداوەکان و پێکهاتەکانی ڕۆژانە بەرز دەکەنەوە، بە شێوەیەک کە هەستی دەروونی تۆ پەرەدەستێنێ و گەشە دەکا و زۆرتر هەستی دەرچوون لە شوێن و کات بە مرۆڤ دەدا و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بوونی هەستی پێوەندی ڕاستەقینەت هەبێ و ملکەچی ئارەزووی هەوا و هەوەس و غەڕەبوون سەرکوت کەی. لەڕاستیدا ئەو ئیحساس و هەستە دەکرێ زۆر جار لە ڕێگەی باوەڕ و دینداری و ئیمان یا خود لە ڕێگەی نووسین، یا دیتنی کۆمەڵێک وێنە و دیمەنی هونەری و تەنانەت لە ڕێگەی ئێش و ئازار وەدی بێت. ئەزموونی ئەودیوی سروشت دەتوانێ تۆ بەرەو داڕمان و لەناوچوون ببات. لە توێژینەوەیەک داوا لە خوێندکارانی زانکۆ کراوە کە لە ماوەی یەک خولەک بڕواننە دارێکی بەرز و بڵیند. لە دوای ئەو حاڵەتە هەستی خۆبەزڵزانین و غەڕەبوون لەنێو ژیانی ئەواندا کەمتر دێتە بەرچاو، تەنانەت کاتێک دەرفەتی هاوکاریکردن و ئازادی و دەسەڵات لە دەستی ئەوان دابێ، بە جوامێر و ڕێزداری هەڵسوکەوت دەکەن.

چوارەم: گێڕانەوەی چیرۆک

کۆمەڵەک چیرۆک کە لەخۆتەوە بۆ خۆتی دەگێڕیەوە. ئافراندنی چیرۆک لە ئەزموون و بەسەرهات و ڕووداوی ژیانت کە پێشهاتوون، دەبێتە هۆکاری ئەوە کە خۆت بناسی و پێناسەیەکی جیاواز بۆ ئەزموونی ژیانت بکەی.

لەڕاستیدا ژیانی ئێمە تەنیا لەسەر بنەمای ڕووداو و پێشهاتەکان جێگر نییە. دەکرێ پێشهاتەکان بگۆڕێن، یا خود هاوسەنگی و پچڕاندن و قرتاندن لەنێوان ڕووداوەکان دروست بکەین و سەرلەنوێ چیرۆکێکی تازە دروست کەینەوە.

چاوپێکەوتن و دیمانەم لەگەڵ گەنجێک بە نێوی (ئه‌میکا) کرد کە لە تۆپی پێ تووشی نوقسانی و کەمئەندامی ببوو. ئه‌میکیا دوای نوقسانی بە خۆی وت: ژیانم لەگەڵ تۆپی پێ زۆر پاشایانە و خۆش بوو، بەڵام ئێستا بڕوانە ژیانی من! کەسانێک کە بەو شێوەیە دەڕوانە ژیان کە: "ژیانم بێ کێشە بوو، بەڵام ئێستا زۆر خراب و پڕە لە نەهامەتی" بێ ویست و حەزی خۆیان بەرەو نەخۆشی خەمۆکی دەچەمێنەوە. ئه‌میکا ماوەیەک ژیانی بەو شێوازە بوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار و دەسپێک و خاڵیکردنەوەی گرێی دڵ و چیرۆکی جیاواز، ژیانێکی نوێی دەست پێ کرد. چیرۆکی تازەی بەو شێوەیە بوو: ژیانی من بەر لە نوقسانی و کەمئەندامی بێ ئامانج و بیرکردنەوە بە دوای دڵخۆشیدا بووم، واتە بەردەوام لە بیری جێژنی لەدایکبوون و...دا بووم و دەتوانم بڵێم مرۆڤێکی لووتبەرز بووم. بەڵام کەمئەندامی و نوقسانی فێری کردم کە دەتوانم مرۆڤێکی جیاواز لە جاران بم. گونجاندن و هاوسەنگ و ئاڵوگۆڕی چیرۆک، ڕەوتی ژیانی گۆڕی. دوای وتنەوەی چیرۆکی تازە بە خۆی، دەستکی کرد بە چاودێری مناڵان و لەوە تێگەیشت کە ئامانج لە ژیان واتە: چاودێری خەڵکی بێدەرەتان و بێدەسەڵات. دەروونناس (مه‌ك ئاده‌مزا) بەو شێوازە بیرکردنەوەوه‌ دەڵێ: جێگربوون و کاریگەری چیرۆک، واتە گۆڕینی شتێک بە شتێکی باشتر. واتە لەوە تێگەیشت کە کەسانێک کە له‌ ژیانێکی واتاداردا دەژین، حەز و ئارەزووی ئەوەیان هەیە کۆمەڵێک لە ئەزموون و چیرۆکەکانی ژیانی خۆیان باس بکەن، کە بنەما و ژێرخانی ڕووداوەکانی لێبوردەیی و سۆز و خۆشەویستی بووە. ئایا چ شتێک دەبێ هۆکاری ئاڵوگۆڕی چیرۆکی ژیانیان بە چیرۆک و ڕووداوێکی تر بێ؟

هێندێک لە خەڵکی بڕێ یارمەتی دەرمانی وەردەگرن، کەچی تۆ بۆ خۆت دەتوانی ئەو ئەرکە بەجێ بێنی. تەنیا پێویستە بە ئوسڵووبێكی گونجاو، هەڵسەنگادن و پێداچوونەوەی شیاو بە تەواوی ژیانتدا بکەی. واتە، چۆن لێهاتوویی خۆت سەلماند و ئاڵوگۆڕی بەنەرخت لە ژیانی خۆت هێنایە دی، کۆمەڵێک شت بە خۆڕایی لەدەست چوون و لە ئاکامدا سەرکەوتن و گەیشتن بە کۆمەڵێک بابەتی بەنەرخ بۆت هاته‌ دی. ئەوە کارێک بوو کە ئه‌میکیا کردی. لەڕاستید مرۆڤ ناتوانێ لە یەک شەودا ئاڵگۆڕی بەسەر ژیانیدا بێنێ، ڕەنگە ئەزموونی زۆر و شارەزایی و ماندووبوونی بوێ. هەمووی ئێمە ئازار و ناڕه‌حتی زۆرمان دیوە و لەگەڵ چەرمەسەری ژیان بەربەرەکانی زۆرمان کردووە. واتە دەکرێ بە باوەش و لە ئامێزگرتنی ڕووداوە ناخهەژێن و جەرگبڕەکانی ژیانی خۆمان، تێڕوانینێکی تازە و نوێ و دەلاقەیەکی ڕوون بەرەوڕوومان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لێهاتوویی و کارجوانی خۆمان بۆ جارێکی تر بخوڵقێنین کە دەتوانین و لە دەست ئێمە دێت.

پێوەندی، ئامانج، پەروەردەی ڕوح، ئاڵوگوڕی چیرۆک: ئەوانە بنەما و ژێرخانی ژیانێکی واتادارن. خۆشبەختی دێت و ده‌ڕوا. بەڵام ئەوکاتەی کە ژیان قورس و ئەستەم دەبێ، پەنابردن بۆ ژیانێک هاریکاری و گیرۆدەیی لەو چەشنە مانا بە ژیان دەبەخشێ.

 

نووسه‌ر: ئه‌میلی ئیسفه‌هانی

وه‌رگێڕ بۆ فارسی: فه‌رخۆنده‌ سۆهرابی

وه‌رگێڕ بۆ كوردی: عه‌بدوڵڵا عه‌لیپوور

ده‌نگی ئێوه ناوه‌ندی ده‌نگه‌کان: 5 (1 vote)

.:: نوێ‌ترین ::.

دڵی شووشه‌كان مه‌شكێنن کۆمه‌ڵایه‌تی (1399/08/05)