وهرگێڕانی مامۆستا ههژار بۆ قوڕئانی پیرۆز
وەناو خودا کە دەهندە و دڵۆڤانە
«فإِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا» واته:لەپاش تەنگانە فەرحانین
مامۆستا هەژار: لەبارهی ئەدەبییەوە، هیچ دەقێکی عەڕەبی، ناگاته قوڕئان!
ناسنامەی کتێب:
«قوڕئانی پیرۆز»
وهرگێڕانی مامۆستا هەژار
پەخشانگای ئێحسان
چاپ: ۱۳۷۹ هەتاوی
خەرمانانی ساڵی ۱۳۶۸ی کۆچی ـ هتاوی (۱۹۸۹ی ـ ز) بوو كه مامۆستا هەژار ـ ههزار دروود و ڕەحمەتی خودا، لەسەر گيانی پاک و ڕۆحی بەرزی ـ بڕياری دا، پاش مێژووەكەی ئەردەڵان، وەرگێڕانی قوڕئانی_پيرۆز به كوردی دەست پێ بكا. پێشتر زۆر جاران دۆستان و بەردەستانی مامۆستا، بۆ ئەو كاره گەوره و گرانه، لێی پاڕابوونەوە و ڕوویان لێ خستبوو؛ بەڵام هەموو جارێ وەڵامی ئەو بلیمەتە هەر ئەوەنده بوو: «كاكه! ئەوە گاڵته نییه». بەڵێ ڕاسته تا ئەوڕۆ، زمان و وێژەی كورد ـ له پەخشان و وەرگێڕاندا ـ هاوتای هەژار و بگرە چەند قات لەو خوارتریشی به خۆوه نەدیوه؛ بەڵام «تاها حوسەین» گوتەنی: «قوڕئان، قوڕئانە و بەس».
گەلاوێژی ساڵی ۶۹ هەڵنەهاتبوو، دوایینكاری مامۆستا دوایی هات. یانێ كەمتر له نۆ مانگ! كەسێ جارێ ههموو قوڕئانی خوێندبێ، دەزانێ كه هەر نووسینەوهی سی جزمی، ساڵێك دەبا؛ بێرە دیار وەرگێڕانەوەی؛ ئەویش چتو وەرگێڕانێک؟
خوێنەری هێژا به خوێندنەوەی تاقە دێڕێكی تێ دەگا که شتێكی ئاسایی نییه و تاقانەیەكی بەركەتی و جیاوازه. له زۆر شوێنان هەست دەكەی فریشتهکانیش چاویان له دەستی مامۆستا بووه و پا-پا لهگهڵی بوون تا بزانن پۆشەنی كوردی به بەژنی ئەم ئایەته، چۆن دەڕازێتەوه و له زۆر شوێنان بێشک دەبێ که تەنانەت خوداش ئافەرینی لێ كردووه. بەڵێ وادیاره مامۆستا، بۆ ئەم ئاخرین بەرهەمەی، له هەموو بیر و زانست و هزر و هەست و ڕۆح و گیانی، جەوهەرێكی پیرۆزی بەرهەم هێناوه و لهسەر قاقەزی ڕشتووه، تا ببێته هۆی مانەوە و هەڵدانەوەی زمانی كوردی و بهخۆداهاتنەوە و شانازی گەلی كورد. بۆیەش وای لێ بەپەله بوو، نەوەك تووشی چورتمێك بێت و كارەكەی ناتەواو بمێنێتەوه.
تایبهتمهندییەكانی ئهم وەرگێڕاوە جوانە:
۱- بیرمان بێ كه ئامانجی گەورەی مامۆستا، پەرەدان به زمان و فەرهەنگی كوردی بوو؛ به وێنەیەك كه له هەموو كارەكانیدا حەولی سهرهتای پێكهێنانی زمانێكی یەكگرتووی پەرەساندوو بوو. یەكجار له شەڕەگەڕەك و هەر خۆ بە كوردزانین و باقی كوردی ئەو وڵاته پان و بەرین و پەرژ و بڵاوه، به چاوی غەواره لێڕوانین وەڕەز بوو. لێرەشدا وێژەوانه دڵسۆزەكەمان، به وێنەیەكی زۆر بەرچاو، شوێنی ئەو ئامانجەی گرتووه و بۆی تێكۆشاوه و تێیدا خۆی ماندوو كردووه. له زۆر ئایەتان وشەی كرمانجی و هەورامی و لەكی و لوڕی هێناوه و هێندەش جوان و بهجێ لهناو ڕستەكەدا جێگیر بوون، تۆ ئێژی شوێنی هەزارساڵەی خۆیانه!
٢- ئەم كتێبه به وێنەیەكی بێوێنه، له گوتەی نامۆ پارێزراوه؛ تا ئەو ڕاده كه له سەرانسەری ئەم شەشسەد و چەن لاپهڕهیهدا، پەنجا وشەی عەڕەبی یان ڕۆژاوایی نادۆزیهوه.
٣- له قوڕئاندا وشەی وا هەن كه زۆر جاران دووپاته كراونەتەوه. مامۆستا بۆ مانای فرەیەك لەمانە، یەك بەرامبەری دانەناوە و به چەشنێكی زانایانه، له زۆربەی ئەو جێگایانه، وشەی وای بۆ دابین كردووه، كه پڕبەپڕی مەبەستی ڕستەكەیه. بەم وێنه جارێكی تر و جۆرێكی تر، هێز و توانی زمانه شیرینەكەمانی پیشان داوه. بۆ نموونه، وشەی «كافر» ـ بەپێی جێگاـ ئەم بەرانبەرانەی هەیه: «خوانەناس»، «سپڵه»، «دیندوژمن»، «خۆبەزلزان»، «لەدینلادەر»، «ناشكوریكەر»، «ئیرەییبەر»، «لەڕێ خوا لادەر»، «بێباوەڕ»، «لەدینپەژیوان»، «پێنەزان»، «حاشاكەر» و...
له مێژووی وێژهی جیهاندا، دانە دانەیەك شاكاری وا هەڵكەوتوون كه تێپەڕینی ساڵ و مانگ، له بیری نەبردوونەوه و بوونەتە هۆی مانەوە و پەرەساندنەوەی زمانهكانیان. وەك «دیوان حافظ»، «كلیات سعدی»، «فاوست گوته»، «هەژاران هوگۆ»، «كمدی الهی دانته»، «ڕۆمانەكانی شیكسپیر» و... ئێمه لەسەر ئەو باوەڕەیین كه ئەم قوڕئانه كوردییه، یەكێكه لەو شاكارانه.
- بۆچوونێکی نوێ بنووسه
- 1620 سهردان
-
نووسخهی چاپ