ڕای لێژنه‌ی فەتوای جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژووی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان

بسم الله الرّحمن الرّحیم
«شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَ الْفُرْقَانِ»

 

بۆچوونی لێژنه‌ی فەتوای جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژووگرتن له‌ مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان له‌ ڕۆژانێک که کۆڕۆنا له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ دایه‌

ئه‌مساڵ له‌ دۆخێکدا مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان ده‌ست پێده‌که‌ین که نه‌خۆشی کووید ١٩ی ناسراو به‌ کۆڕۆنا، زۆربه‌ی بۆنەکانی جیهانی تێک داوه‌ و مرۆڤی خستۆتە نێو دۆخێکی جیاواز له‌ ڕابردوو و ئه‌زموونی تازه‌ی له‌به‌رده‌می داناوه‌. له‌سه‌ر ئه‌و بنەمایە و به‌گوێرەی پرسیاری بیرپه‌رێشی بڕاواداران سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژووگرتن له‌ مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زانی ئه‌مساڵ که ویرووسی کۆڕۆنا، تا ئێستاش کۆنتڕۆڵ نه‌کراوه‌ و مه‌ترسی تووشبوونی هه‌ر هه‌یه‌، لێژنه‌ی فەتوای جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، دوای ڕاوێژ له‌گه‌ڵ زانایانی ئایینی و پزیشکانی پسپۆڕ و لێکدانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بابه‌ته‌که‌، به‌ پێی به‌ڵگه‌کانی بۆچوونی سه‌رچاوه‌كانی فیقهی و پزیشکی جێمتمانه، به‌تایبه‌ت به‌ڵگه‌ی ١٥ی ئاوریل who، گه‌یشته کۆمه‌ڵه‌ ئاکامێک که به‌کورتی له‌ژێره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێده‌که‌ین:

۱- پێوه‌ندی ڕۆژووگرتن له‌گه‌ڵ تووشبوون به‌ نه‌خۆشی کۆڕۆنا؛
تا ئێستا هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یەکی پزیشکی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه‌یەكی جێمتمانه له‌به‌رده‌ستدا نییه که بیسه‌لمێنێ نه‌خواردن و نه‌خواردنه‌وه‌ له‌ مه‌ودای ڕۆژدا، ببێته‌ هۆی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی کۆڕۆنا و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ ناکرێ فەتوا بدرێ که موسوڵمانان به‌گشتی، ده‌توانن ڕۆژووی ڕه‌مه‌زان نه‌گرن؛ به‌ڵام له‌هه‌ر قۆناغێکدا که ئاکامه‌کانی پزیشکی بیسه‌لمێنێ که پارێز له‌ خواردن و ‌خواردنه‌وه‌ له‌ مه‌ودای ڕۆژدا، ڕێژه‌ی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی ده‌باته سه‌ر، نه‌گرتن و قه‌زاکردنه‌وه‌ی له‌کاتێکی تردا پێویست دەبێ.

۲- ڕۆژووگرتن له‌ ڕۆژانی شاراوه‌یی و بێنیشانه‌یی کۆڕۆنادا؛
هێندێک که‌س ده‌ڵێ که ڕۆژووگرتن ده‌بێته هۆی توندبوونی نه‌خۆشی کۆڕۆنا. له‌و بواره‌وه‌ ده‌بێ بڵێین: له‌سه‌ر بۆچوونی زۆرینه‌ی پزیشکەکان، تا ئێستا لێکۆڵینەوەیه‌ک که بیسه‌لمێنێ پارێز له‌ ‌خواردن و ‌خواردنه‌وه‌ ببێته‌ هۆی توندبوونی نه‌خۆشی له‌ قۆناغی شاراوه‌یی یا بێنیشانه‌یی نه‌خۆشی له‌ تاكێكدا، ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

۳- ترس و دڵەڕاوکێ له‌ تووشبوون بە نەخۆشی کۆڕۆنا و ڕۆژووگرتن؛
به‌ پشتبه‌ستن به‌ ڕاوبۆچوونی زانایانی ئایینزاکان ده‌توانین بڵێین: ئه‌گه‌ر تاکی ڕۆژووه‌وان به‌ هۆی سه‌رچاوه‌ی عه‌قڵی و پزیشکی، دڵه‌ڕاوكێی تیاچوونی گیان و یا تووشبوون به‌ زیانی هه‌بێ و دوای سه‌ردانی پزیشک و جێبەجێکردنی ڕاسپارده‌کانی پزیشکی، ترس و دڵەڕاوکێی هه‌ر به‌رده‌وام بوو، ڕێی پێ دراوه‌ كه فه‌ڕزه‌کانی له‌ کاتێکی تری دوای ڕه‌مه‌زان به‌جێ بێنێ؛ به‌ڵام ناكرێ له‌و بواره‌وه‌‌ حوکمێکی گشتی ده‌رببڕێ و ته‌واوی موسوڵمانان له‌ ڕۆژووگرتن عافوو بکرێن، به‌ڵکوو ته‌نیا که‌سانێک ده‌توانن له‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ که‌ڵک وه‌رگرن که هۆی تایبه‌تی و ڕوونی وه‌ک نه‌خۆشییه‌کی دژوار یا دۆخێکی مه‌ترسیداری کاریان هه‌بێ.
پێشنیار ده‌کرێت که‌سانێکی که خاوه‌ن ئیشی مەترسیدارن، ئه‌گه‌ر له‌بواری تاکی بۆیان جێبەجێ ده‌بێت و به‌ هۆی پشوودانی کاری، خه‌ساره‌ت له‌ خزمه‌تگوزاری گشتی نەدرێ، ڕۆژانی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان به‌ په‌رستش و عیباده‌تی خوای گەورە سه‌رقاڵ بن و له‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ خاوێنکردنه‌وه‌ی هه‌رچی زۆرتری نه‌فس و به‌رزکردنه‌وه‌ی ڕوحی و ئیمانی خۆیان که‌ڵک وه‌رگرن.

٤- بۆنه‌کانی به‌كۆمه‌ڵی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان؛
به‌پێی ڕێساکانی ته‌ندرووستی و هه‌روه‌ها واجبی شه‌رعی له‌سه‌ر پاراستنی گیانی مرۆڤه‌کان و ته‌ندرووستی گشتی، ئەنجامی ته‌واوی بۆنه‌ و مه‌ڕاسمه‌كانی به‌كۆمه‌ڵ وه‌ك: نوێژی هه‌ینی و جه‌ماعه‌ت، ته‌ڕاویح، به‌رنامه‌كانی به‌كۆمه‌ڵی به‌ربانگان، شه‌وانی قه‌در و... تا كاتێك كه ئه‌و نه‌خۆشییه‌ به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵ نه‌كرێ، نابێ به‌ڕێوه‌ بچن و له‌سه‌ر ته‌واوی موسوڵمانان پێویسته كه فه‌ڕز و سوننه‌ته‌كانی ئایینی وه‌ك نوێژه‌ فه‌ڕزه‌كان، نوێژه‌ سوننه‌ته‌كان و خوێندنه‌وه‌ی قوڕئانی پیرۆز وێڕای بنه‌ماڵه‌یان له‌ ماڵه‌كانی خۆیاندا به‌جێ بێنن و ئه‌و ڕۆژانه وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی نه‌فس و به‌هێزكردنی بواری سۆز و پێوه‌ندی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی خۆیان ڕه‌چاو كه‌ن و وێڕای له‌به‌رچاوگرتنی مه‌ودادانانی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ ڕێی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سانی تریش بگرن.

سڵاو و ڕه‌حمه‌ت و به‌ره‌كه‌تی خوای گه‌وره‌تان لێ بێ
لێژنه‌ی فەتوای جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح
٤ی بانه‌مه‌ڕی ١٣٩٩

.:: نوێ‌ترین ::.

نەخۆشی لە چاوی دوومەوە هه‌وارگه‌ی دڵان (1399/09/02)
پێغه‌مبه‌ر(د.خ) وه‌ك نوور ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1399/08/17)