ئەرکی مامۆستایانی ئایینی، کۆمەڵگاو دەسەڵات لە هەلومەرجی وەک ئەمڕۆکەدا

ئەرکی مامۆستایانی ئایینی، کۆمەڵگاو دەسەڵات لە هەلومەرجی وەک ئەمڕۆکەدا

مامۆستایانی ئایینی لە کۆمەڵگای کوردەواری‌دا بەردەوام لە بووارەکانی ئایینی، کۆمەڵایەتی و زیندوڕاگرتنی باری نەتەوایەتی و بەشەکانی‌تر دەوری بەرچاویان هەبووە. هەمیشە پێش‌ڕەو و رێ‌شاندەر بوون و هەمو کوردێکی بە ئینسافیش دان بەوە دادێنێ. جا بۆێە سەرەتا ڕووی عەرزەکانم دە مامۆستایانی بەڕێزە. چاوەڕوان دەکرێ هەر وەک جاران بتوانن ڕێ‌شاندەرو غەم‌خۆری کۆمەڵگا بن. بۆیە بە پێویستم زانی زۆر بە کورتی ئاماژە بەم چەند خاڵە بکەم:

۱ـ دەبێ دان بەوە دابێنین کە نەخۆشیی کڕۆنا مەترسێکی سامناکە و هەموو پسپۆران و پزیشکانی تەندروستی لە سەر مەترسی ئەم ڤایڕوسە کۆدەنگن و نکولی لێ ناکرێ. باس لە بڵاو بونەوەی لەڕێگەی ئامێز و تۆقە و دەست‌دانەوە یا لەمسی شتی دیکەیە، کە هەڵگری ئەم ڤیرووسەن و دەبێتە هۆی زیاتر بڵاو بونەوە. جگە لە وە، لە زۆر ڕێگای تره‌وه تەشەنە دەستێنێ. جێ خۆیەتی مامۆستایان خەڵکی هان‌دەن، لە شوێنه گشتی‌یەکان خۆ بپارێزن که مزگەوتیش یەکێک لەم شوێنانەیە. نوێژخوێنان هان بدەن لە ماڵە خۆیان بە کۆمەڵ یان بە تەنیا نوێژ بکەن؛ ئیشاڵڵا خوای گەورە عوزریان لێ وەردەگرێ و نییەتی نۆژی بە کۆمەڵیان بۆ دەنوسرێ.

۲ـ ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەهەموو لایەنەکانی‌یەوە جوانە. لە ناو دین‌دا ئەگەر عزیمەت و ئەمر و فەرمان هەیە لەولاتریش ڕوخسەت هەیە؛ بۆ وێنه کاتی سەفەر، نوێژی چوار رەکەعەتی دەبێتەوه دوو؛ تازە لە دوکاتیش دا نا، بەڵکە لەیەک کات‌دا بە کۆمەڵ(جمع) دەکرێ.

خۆ ئێمه لە زاتی شەرع شاەزاتر نیین، کە پێداگرین و بڵێین دەبێ نوێژ وەک پێشوو بکەیین. بەداخەوە لەسەر ئەم هەموو بەڵگانە، هەندێ مامۆستای ئایینی پێیان وایە ئەگەر نۆژی هەینی نەخوێندرێ و نۆژەکان لە مزگەووت بە کۆمەڵ نەکرێن، وەک ئەوەیە دین لەناو بچێ و ئیسلام ئاسەواری نەمێنێ.  وابزانم هەندەک وا بیر دەکەنەوە ئەم نوێژە ئامانج(هدف)ە. ئەمە لە حاڵێک دایە کە نوێژ ئامراز(وسیلە)ی گەیشتن بە ڕێبەرایەتی خوای بانی سەرە.

جێی خۆیەتی چاوخشاندنێک‌مان بە سەر کتێبە شەرعی‌یەکان دا هەبێ، ک بابەتەکانیان چۆن شی کردۆتەوە. هەل(رخصت)ەکان لە پەنا فەرمان(عزیمت)ەکان دا تاو و توێ دەکەن. بەڕێزان دەبێ هەم فیقهـ(فقە) و هەم بنەماکانی فیقهـ(اصول فقه) وەبەرچاو بگرین. ئەوجار بابەتەکان ژماردە بکەین.

لە بەشی مەبەستە شەرعی‌یەکان‌دا زانایانانی وەک : ئیمام "عیزّی بنی عەبدوسەلام" لە کتێبی «قواعد الأحکام فی مصالح الأنام»، ئیمام محەممەد غەززالی لە «المستصفی فی اصول الفقه» و ئەبوو ئیسحاق شاطبیّ ئەندەلۆسی لە کتێبی«الموافقات» و «الإعتصام» بە باس و خواسی مقاصیدی شەریعەت دا دەفەرموون: مەبەستەکانی شەرع  بۆ پاراستی ئەم پینج خاڵانەی خوارەوە هاتوون:

 الف): پاراستنی گیان(جسم):  تۆڵە (قصاص) بۆ پاراستی گیان واجب کراوە.

ب): پاراستنی دین: وەک بانگەواز بۆ پاراستی دین.

ج):  پاراستنی تۆرەمە (نسل): وەک حەرام بونی زینا بۆ پاراستنی تۆرەمە.

د):  پاراستنی عەقڵ: وەک حەرام بوونی مەی(خمر) بۆ پاراستنی بیرو هۆش(عقل)

ه):  پاراستنی ماڵ.:وەک سنور(حد) بۆ پاراستنی ماڵ. 

زۆرێک لە زانایان پاراستنی گیان وەپێش پاراستنی دین دەدەن. چونکە دین بۆ مرۆڤ هاتووە. دەی کاتێک گیان نەبێ دین لەکوێ دەتوانێ دەوری هەبێ.

کتێبە فیقهی‌یەکانی خۆمان لە سەر رێڕەوی(مذهب) ئیمام شافعی، دەفەرموون: بۆ وێنە: ئیمامی نەوەوی (رە) لە کتێبی منهاج الطالبین‌دا دەفەرموێ: وَلَا جُمُعَةَ عَلَى مَعْذُورٍ بِمُرَخِّصٍ فِی تَرْكِ الْجَمَاعَةِ (كنز الراغبین شرح منهاج الطالبین، جلال‌الدین المحلی، ب١، ل٢٨٢) *ئەو دەرفەت(عذر)انەی کە لە خوێندنی نوێژی هەینی ڕەخساون هەر ئەوانەش بۆ نوێژی بە کۆمەڵ(جماعت) بەر چاوەن. واتە: هەموو ئەو دەرفەتانەی کە گونجاوون و بە عوزر دانروان بۆ نەچونی نۆژی هەینی، هەر ئەمانەش هەل و روخسەتن بۆ تەرکی نوێژی بە کۆمەڵ(جماعت).

هەل و روخسەتەکان لە کتێبەکانی فیقهی شافعی بە دو بەش دابەش کراوون:

الف): ڕوخسەتی گشتی، وەک: باران. گللێرە. بەفری زۆر. رەشەبا و بای توند. تەڕو قوڕی و هتد... .

ب): تایبەتی، وەک: نەخۆشی. ترسی گیان. ترسی ماڵ، خواردنی سیر و پیواز و هتد.... (مغنی المحتاج، الشربینی، ج١، ص٤٧٣-٤٧٨). لە کۆتایی داواکارم لەو مامۆستا و نۆژ خوێنانەی کە ئاوا دڵەڕاوکەی جومعەو جەماعەتیان هەیە خۆ بەخش بچن ئەو کەسانەی گیرۆدەی ڤایرۆسی کڕۆنا بوونە... بیان شۆن کفنیان کەن و نۆژیان لە سەر بکەن و بەخاکیان بسپێرن... و یا خۆ بەخشانە بچنە خەستەخانەکان یارمەتی پەرستارەکان بدەن و هتد... .

۳ ـ مامۆستایانی ئایینی لە ئامۆژگاری‌یەکانی دینی بێ موبالات نەبن. دەتوانن لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتی‌یەکانەوە، وتار و ئامۆژگاری خۆیان پیشکەش بکەن، دەنا بۆخۆیان بڵینگۆ هەڵکەن و ڕاسپاردەکانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و پزشکی، پێشکەشی جەماوەر کەن؛ هەروەها یاریدەدەرێکی باشی راگەیاندنی دەستوراتی پزیشکی بۆ خەڵک بن

۴ـ هەل و دەرفەتێکی چاکە، چاویک بە دەر و ژووری مزگەوت‌ دا بەخشێنین و ئەوەندی کرا، کەمایەسی‌یەکان چارە پکەین.

۵ـ وورەدان بە خەڵک، کە بۆ نەخۆشی‌یەکان پشت بە خوا ببەستن، وەک خوای بانی سەر دەفەرموێ: وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ. حج ئایەتی۳.

 هەرکەس پشت بەخوا ببەستێ خوا بۆوی بەسە. وەکی چۆن کە تا ئیستا دەرمان و  دژڤیرووس و ژاربەری زۆر پەتا و ناسازیی وەک: سورێژە، مێکوتە، خورێلکە، باژەڵە، خۆرە، سێ‌بەڕۆ، تیراوێ، وەبا، خرکانه، بەڵەکی، تاعون، بیرۆ، ئاوڵە و کۆخەڕەشە دیتراوەتەوە، دەرمانی ئەو نەخۆشی‌یەش بدۆزرێتەوە.

۶ـ دانی سەدقه دە روژگاری ئاوادا بە پێی فەرمودەی خۆشەویست، بەر بە بەڵا و نەهامەتی دەرگرێ.

۷ - چاوەدێریی خەڵکی هەژار و بێ‌دەرەتان بکرێ.

۸ - لە ڕۆژی وەک ئەمڕۆکەدا کە بازاڕەکان داخراون، وەر نەگرتنی کرێ یان کەم‌وەرگرتن زۆر بەجێ‌یە. پێغەمبەری خوا (د.س) دەفەرموێ: "والله في عون العبد ما كان العبد في عون أخيه". (رواه مسلم) تا ئەوکاتەی مرۆڤ لە بیری مڕۆڤی‌تر دابێ خواش بە فریای دێ.

۹ - خوێندنی دوعا وەک ئەم دوعایە کە خۆشەویست(ص) تەوسیە دەکا: اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ الْبَرَصِ، وَالْجُنُونِ، وَالْجُذَامِ، وَمِنْ سَيِّئِ الأَسْقَامِ و قنوت لەگەڵ نۆژە واجبەکان.

۱۰ ـ هاندانی دەست‌رۆیشتووانی بە توانا بۆ ئاگاداری کارگەرەکانیان؛ لە سەر کاریان دەر نەکەن و لەو مانگە‌دا بیمەیان بۆ بدەن و هتد....

۱۱ - پاش ئەو عەرزانە، یەک مەسەلە جێی ئاماژەیە و نابێ لە بیر کرێ. 

جێی خۆیەتی هەم خەڵک و هەم دەسەڵات، ئەو هەنگاوە بە نرخەی مامۆستایانی کوردستان، بە چاوی ئەرزشیی چاوی لێ بکەن؛ کە لە کۆ کردنەوەی کۆری پرسەو سەرەخۆشیی، لە تەعتیل کردنی کاتی نوێژانی هەینی و نوێژانی جەماعەت پێش‌قەدم بوون و ژیرانە هەنگاویان هەڵێنا. بە پێچەوانەی زۆر شوێن، بۆ سڵامەتیی خەڵک، پێ‌داگری‌یان لە سەر بەرنامەکانی خۆیان نەبوو.

ئەرکی دەسەڵات

۱ـ هزینەی ئاو، برق و گازی ئەم مانگە لە خەڵکی وەر نەگرن.

۲ـ بۆ ئەوکەسانە بێ دەرەتانن و هەژار بژیوی مانگێکان بۆ دە حیساب بکرێ.

۳ـ بەپرسان لەگەل جەماوەر روک بن و بابەتی نەخۆشینەکە بۆ خەڵکی شی کەنەوە؛ هەر پزیشکەی شتێک نەفەرمێ.

 رەسانەیەک دیاریی بکرێ، مەترسی و چارەسەریی ئەو ڤیرووسە بکوترێ.

۴ـ کەل‌وپەلی پیوستی پاک و خاوێنی دابین بکرێ.

۵ـ لە سەر داخستنی شوێنە گشتێکان بێ تەعاڕوف بن.

ئەرکێ کۆمەڵگا:

۱ـ تکایە خەڵک ڕاسپاردەکانی پزیشکی و پاک و خاوێنی ڕەچاو کەن.

۲ـ نوێژ خوێنان ڕاسپاردەکانی مامۆستایان رەچاو کەن.

۳ـ  مانەوە لە ماڵێ بە هەل بزانین و بە کۆبوونەوەی زیاتر، ڕێنوێنی‌یەکان زیاتر بکەن. زۆر باسی ئەم ڤایرۆسەیان دەگەڵ منداڵان مەکەن و ڕوحیات‌یان ڕاگرن.

بەو هیوایە ڕۆژێکی ڕۆن و پڕشەنگ‌دار، لێوڕێژی ساغی و سڵامەتی، بۆ هەمولایەک بە ئاوات دەخوازین و بە خودای گەورەتان دەسپێرین.

 

سەیید موحەممەدئەمین واژی / مەهاباد/ ڕێکەوتی ۲۱/۱۲/۱۳۹۸ هەتاوی

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

دڵی شووشه‌كان مه‌شكێنن کۆمه‌ڵایه‌تی (1399/08/05)