سەرگوزەشتەی خاتوو فاتیمەی كچی پێغەمبەر(د.خ)

سەرگوزەشتەی خاتوو فاتیمەی كچی پێغەمبەر(د.خ)

خاتوو فاتیمەی كچی پێغەمبەر، ئەو ئافرەتەی جگە لە پێشەوا عەلی كەس بەگۆڕەكەی نازانێت

(فاتیمە) لەجیهانی ئیسلامی و لای تەواوی مرۆڤایەتیش ناوێكی دیار و ناودارە، كچی پێغەمبەری سەردارە (صلی الله علیه وسلم). (فاتیمە كچی موحەممەدی كوڕی عەبدولڵا)یە لەبەرواری ٢٠ی جەمادی دووەمی پێنج ساڵ پێشی پێغەمبەرایەتی باوكی لەشاری مەككە لەدایك بووە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی گێڕانەوەی تریش هەیە لەبارەی بەرواری لەدایك بوونەكەی، بەتایبەتی ئەو گێڕانەوەیەی باس لەوە دەكا (فاتیمە) لەو ڕۆژە لەدایك بووە كه كاتێك باوكی بەڕێزی كەوتە نێوانی هۆزەكانی شاری مەككە لەدانانەوەی بەردە ڕەشەكە لە جێگەكەی خۆی.

(فاتیمە) كچی (خەدیجەی كچی خوەیلید)ی یەكەم هاوسەری پێغەمبەری سەردارە و بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان كچی بچووكی پێغەمبەرە.

لەكاتی گەمارۆی قورەیشییەكان بۆسەر هۆزەكەی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) خاتوو (فاتیمە) بچووك بووە، بەڵام جێگەی داخە دایكی ئەو خاتوو (خەدیجە) بەو هۆیەوە كۆچی دوایی دەكات.

لەبارەی ناونانی (فاتیمە) بەو ناوە، زۆرێك لە سەرچاوە مێژووییەكان باسیان كردووە، لەمانە (خەتیبی بەغدادی و ئیبن حەجەری هەیتەمی) لەكتێبەكەیاندا (فی الصواعق الـمحرقە) دەڵێن، (خوای گەورە خۆی ناوی لە فاتیمە ناوە).

لەبارەی (زەهرا) كەوەك نازناوێك بۆ (فاتیمە) داندراوە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ڕەنگی خاتوون سپی بووە، بۆیە نازناوی (زەهرا)ی بەسەردا بڕاوە، هەروەها دیارە كەسێكی خواپەرست و دیندار و چاكەكاریش بووە، ئەوەش بە هۆكارێكی تر داندراوە بۆ دابڕانی ناوی (زەهرا) بەسەریەوە.

لەژیانی خاتوو (فاتیمە) نازناوێكی تریش بەرگوێ‌ دەكەوێت بەناوی (فاتیمەی بەتول)، پێشەوا (نەوەوی) دەڵێت: ئەو نازناوە بەو ئافرەتانە دەدرێت كە خۆیان بۆ خواپەرستی یەكلایی دەكەنەوە و جیاوازیان هەیە لەگەڵ ئافرەتانی تر، ئەمە لەگەڵ ئەوەی چەند جۆرە نازناوێكی تر بۆ خاتوو (فاتیمە) دیاری كراوە.

پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) زۆر ڕێزی كچەكەی گرتووە، تەنانەت لەژیاننامەی سەردارماندا هاتووه‌ هەر كاتێك (فاتیمە) سەردانی باوكی بەڕێزی دەكرد، ئەو لەبەری هەڵدەسایەوە و بەپیرییەوە دەچوو، دواتر لەجێگەكەی خۆی دایدەنا و بەخێرهێنانێكی گەرمی دەكرد.

لەساڵی یەكی كۆچی خاتوو (فاتیمە) لەكاتی كۆچی موسوڵمانەكان تەمەنی ١٢ ساڵان بووە و لەگەڵ خوشەكەی (ئوم كەلسووم) و دایكی ئیمانداران هەریەكە لە خاتوونان (عائیشەی كچی ئەبووبەكر) و (سەودەی كچی زەمعە) و دایكی خاتوو (عائیشە) (ئوم ڕۆمان) و (عەبدولڵای كوڕی ئەبووبەكر) بەیاوەری هاوەڵی پێغەمبەری سەردار (زەیدی كوڕی حاریسە).

دوای دوو ساڵ لە جەنگی بەدر كە ئەو كات جەنگێكی یەكلاكەرەوە بوو له‌ نێوان موسوڵمانەكان و بێ‌ بڕواكان، خاتوو (فاتیمە) بووە هاوسەری پێشەوا (عەلی كوڕی ئەبوو تاڵیب)ی ئامۆزای پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) و لەژیانیشیدا (٤٠) فەرموودەی لەپێغەمبەرەوە ڕیوایەت كردووە.

لەگەڵ ئەوەی گێڕانەوەكان لەبارەی پێكهێنانی ژیانی هاوسەری لەنێوان خاتوو (فاتیمە) و پێشەوا (عەلی) جیاوازی هەیە، بەڵام پڕۆسەی هاوسەرگیرییەكە لەدوای جەنگی بەدر بەڕێوە چووە، پاشان خاتوو (فاتیمە) بووە دایكی هەریەكە لە (حەسەن و حوسێن و ئوم كەلسووم و زەینەب).

ڕوانینی موسوڵمانان بۆ كەسایەتی خاتوو (فاتیمە) بەسەرجەم بیروبۆچوونەكان جێگەی ڕێزە، چونكە پێغەمبەری خوا لەفەرموودەیەكدا باسی لە گەورەیی (فاتیمە) بەسەر ئافرەتانی دونیا و دواڕۆژ كردووە.

بەپێی ڕای زانایانی ئەهلی سوونە و جەماعە، خاتوو فاتیمە لەگەڵ ئه‌وه‌ی كچی پێغەمبەری خوایە و هاوسەری پێشەوا عەلییە، جێگەیەكی گرنگی تۆماركردووە لەمێژووی ئیسلامی و ڕێز و پلە و پایەی تایبەتی هەیە.

سەرچاوە مێژووییەكان لەبارەی كۆچی دواییكردنی خاتوو (فاتیمە) جیاوازیان هەیە، هەروەكوو جیاوازی لەكاتی لەدایك بوونەكەی هەبووە، بەڵام بەپێی گێڕانەوەیەك گوایە لەسەرەمەرگی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) پێكەنینی هاتووە و خاتوونیش پرسیاری دەربارەی كردووە، خۆشەویستیش فەرموویەتی، زوو چاوم پێت دەكەوێتەوە بۆیە ئەو سەرچاوانە باسیان لەوە كردووە، لەدوای كۆچی دوایی پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) بەماوەی ٤٥ ڕۆژ، لە هەندێك سەرچاوەش شەش مانگ، خاتوو (فاتیمە) كۆچی دوایی كردووە و باسیش لەوە كراوە هۆكاری كۆچی دوایی ناوبراو بە هۆكاری ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە خانووەكەیان بووە.

بەپێی گێڕانەوەكان پێشەوا (عەلی كوڕی ئەبی تاڵیب) خۆی كفنی خاتوو (فاتیمە)ی كردووە و حەوت بەرگی تێوە ئاڵاندووە و نوێژی لەسەر كردووە و بەشێوەیەكی نهێنی لە شوێنێكی نادیار ناشتوویەتی و لەكاتی ناشتنیشی تەنها خۆیی و كوڕەكانی و چەند هاوەڵێكی دیاریكراو ئامادە بوون، بۆیە تاكو ڕۆژی دوایی جگە لە پێشەوا عەلی كەسی تر دەربارەی گۆڕی خاتوو (فاتیمە) نازانێت.

سەرچاوە: گۆڤاری بەختەوەری

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کەی خەریکی خۆت دەبیت؟ هه‌وارگه‌ی دڵان (1399/12/08)